كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی ریكلام لەسەر پیاوان
January 29, 2019
وتار و بیروڕا
ئەگەر لە رابردوودا قۆرخكردنی مەیدانی ریكلام لەلایەن ئافرەتەوە بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ پیاوانیش هاتوونەتە، یان هێنراونەتە مەیدانەكەوە لەلایەن كۆمپانیاكانی ریكلامكردنەوە .
هۆكاری هاتن یان، هێنانی پیاوان بۆ ئەم نێوەندە زۆر هۆكاری هەیە، وەك توێژەرانی كۆمەڵایەتی ئاماژەیان بۆ كردووە، لەوانەش:
1. زیادبوونی شتومەكی تایبەت بە بواری جوانكاریی پیاوان.
2. سەرنجڕاكێشانی ئافرەتان لە رێگەی پیاوانەوە بۆ ئەو ریكلامانەی ئاراستەی خێزانەكان دەكرێن.
3. گۆڕانی دیدگای كۆمەڵگە بۆ پیاو، لە هێزو بازووەوە بۆ جوانكاری و شیكپۆشی.
4. ریكلامكردنی پیاوان بۆ شتومەكی تایبەت بە خۆیان، زیاتر پیاوانی دیكە هان دەدات بۆ كڕینی ئەو شتانە.
5. كاریگەریی كەلتووری رۆژئاوا لەسەر رۆژهەڵات بە هۆی بە یەكگەیشتنی ئەلیكترۆنییەوە.
6. دەركەوتنی قازانجەكانی ئەم كارە لە رێگەی گەشتوگوزارو ئەزموونی شوێنانی دیكەوە.
7. كردنەوەی لقەكانی خانەی جلوبەرگە ئەوروپییەكان و پەیدابوونی بریكاری ماركە رەسەنەكانی جیهان لە وڵاتی ئێمەدا.
8. تێكەڵبوونی پیاوان بە بواری بێزنس و پیشە باڵاكان و بایەخدانی پیاوان بە خۆیان لە بواری مۆدەو رێكپۆشیدا.
9. تێكەڵبوونی ناودارە هونەریی و وەرزشییەكانی جیهان بە بواری ریكلامكردن.
10. پێدانی بڕێكی زۆری پارە بە ریكلامكار بە ماندووبوونێكی كەم.
زیانە كۆمەڵاتییەكانی ریكلام لەسەر توێژی پیاوان:
1. وازهێنان لە كاری داهێنەرانەی قورس و گەڕان بە دوای قازانجی ماددی و دارایی ئاسان بەدەستهاتوو.
2. گۆڕانی هەستە مرۆییەكان و فێربوونی هەلپەرستی و لەخشتەبردنی بینەران.
3. سووڕانەوە لە بازنەی دووبارەكردنەوەی هەمان مەبەست و نەگەیشتن بە دوائامانجێك.
4. داشۆرینی كەسە ناسراوو دەركەوتووەكان لەو بەهایانەی كە ساڵانێك خۆیانیان بۆ تەرخان كردووە.
5.رووخاندنی كەسایەتیی سەربەخۆی تاك و پاڵنانی بەرەو لاساییكردنەوەی ئەوانی دی.
6. پیشاندانی پیاوی ئایدیاڵ و نموونەیی بەو پیاوەی كە بەدوای پارەدا وێڵە، هیچ ئافرەتێك رەتی ناكاتەوە، باشترین ئۆتۆمۆبێلی هەیە، لەگەڵ بانكە ناسراوەكاندا مامەڵەی هەیە، خۆشترین خواردنەوە دەخواتەوەو ناودارترین جگەرەی هەیە، ئەمانەش هۆكاری هاندانی بینەرە بۆ چوون بەرەو ئەو جیهانە وەهمییە.
7. هاندانی لاوان بۆ مانەوە لە ژیانی رەبەنیدا، لە رێگەی پیشاندانی پیاوی هاوسەردار وەك كەسێكی مەشغووڵ و خەمبار بە كێشەكانی نێوماڵەوە و پیشاندانی رەبەن وەك كەسێكی ئازادو چێژوەرگر بەبێ هیچ بەرپرسیارێتییەك.
8. پێوانەكردنی پیاو بە شتە رووكەشەكانی وەك: نیشاندانی جگەرەكێشان وەك نیشانەیەك بۆ سەربەخۆیی تاك، پانتۆڵی جینز وەك نیشانەی لاوێتی و سەرنجڕاكێشانی كچان، بەكارهێنانی بۆن وەك پەلكێشكردنی كچان بۆ نزیكبوونەوە.
9. تێگەیاندنی كوڕانی هەرزەكار بەوەی كە كاری ئافرەت بۆ نێوماڵ و منداڵ و رازیكردنی پیاوە.
10. هاندانی پیاوان بۆ زیادەمەسرەفی و كڕین لەسەر بنەمای هەبوونی توانا، نەك لەسەر بنەمای پێویستی.
11.فێركردنی بینەر كە هەموو شت لە دنیادا پارەیەو بەپارە دەتوانیت كامەرانییش بكڕیت.
12. پاڵنانی بینەرانی نەدارو هەژار بۆ پەنابردنە بەر دزی و كوشتن بۆ پەیداكردنی بەهای كاڵا ریكلام بۆ كراوەكان.
13. زیادبوونی دیاردەی خۆبەراوردكردن و ئیرەیی بردن بە دەوڵەمەندان و رق لێبوونەوەیان و تۆڵەلێكردنەوەیان.
14. زیادبوونی دیاردەی تەڵاق و جیابوونەوەی پیاوان لە هاوسەرەكانیان بەهۆی بڕواهێنانیان بە وەهمی نێو ریكلام و بەراوردكردنی حاڵی خۆیان بەوانی دی.
15. رووخاندنی مرۆڤی نموونە و پێشەنگ لە رێگەی بچووكبوونەوەی پێگەی پیاو بەهۆی نزمبوونەوەی ئاستە مەعنەوییەكانی بۆ نزمترین ئاستی خواستە ماددییەكانی جەستەی.
16. فێركردنی بینەر و راهێنانی لەسەر قفڵكردنی بیركردنەوەی داهێنەرانە، بەهۆی هەبوون و هێنانی بەردەوامی چارەسەری هاوردەكراو و ئامادە لە ریكلامەكاندا.
17. هاندانی خەڵك بۆ كۆبوونەوە لە سەنتەری شارە گەورەكانداو بەجێهێشتنی گوندەكان، چونكە ریكلامەكان رۆڵی شاری هاوردەكار گەورە دەكەن و، رۆڵی گوندی بەرهەمهێنەریش پشتگوێ دەخەن.