كاریگەریی میدیا . . . . كاریگەریی پەراوێزخستن

كاریگەریی میدیا . . . . كاریگەریی پەراوێزخستن
بەشی شەشەم

پەراوێزخستنی میدیا (Media marginalization) یەكێكە لەو باسانەی لە دەرەنجامی كاریگەریی میدیا لە ناوەندە میدیایی و لێكۆڵینەوە میدیاییەكاندا باس دەكرێت، چونكە میدیا لە وڵاتانی پێشكەوتوو وەك خزمەتگوزاریی گشتی و هاوشان لەگەڵ خزمەتگوزارییە گشتییەكان كە دەوڵەت پێویستە بۆ هاووڵاتی دابینی بكات، ناسێنراوە، واتە دەبێت میدیای نیشتمان بگاتە هەموو كەسێك و خزمەت بە هەموو كەس بكات لە هەموو تەمەنێك، (پیر، گەنج و منداڵ)، هەموو رەگەزێك (ژن و پیاو)، هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان كە لە وڵاتدا بوونیان هەیە، هەروەها هەموو ئاستێكی كۆمەڵایەتی وەك دایك، كەیبانوو، مامۆستا،خوێندكار و...هتد. ئاستە جیاوازەكانی وەك هەژار و دەوڵەمەند، خوێندەوار و نەخوێندەوار، لادێی و شاری، ئەمانە دەبێت هەموویان زانیاریی جیاواز لە بوارە جیاوازەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، تەندروستی، ئایینی، وەرزشی و.. هتد وەربگرن، كات بەسەربردن بۆ هەموو لەم ئاستانە هەبێت، پەروەردە كە ئەركێكی سەرەكیی میدیایە بۆ هەموو ئەو ئاستانە و بۆ ئەو زانیارییە جۆراوجۆرانە هەبێت. كە ئەمانە هەبوون ئیتر هیج تاكێكی كۆمەڵگە هەست ناكات لە دەرەوەی بابەتەكانی میدیایە، فیلمێك كە بەرهەمی دێنن، چیرۆكەكانی فیلمەكە ڕەنگدانەوەی ژیانی تاكەكانە، پیری تێدایە، هەژار، دەوڵەمەندە كڵاسە جیاوازەكانی كۆمەڵگە، ئەو كات كەس هەست ناكات پەراوێزەو خۆی و كەسایەتی و پێگەی خۆی و پێداویستییەكانی لە میدیاكاندا دەدۆزێتەوە، بەڵام كاتێك مرۆڤ تەماشای بابەتیك دەكات كە بابەتەكەی جیاوازترە لە ئاستی گوزەران و پێداویستییە مەعریفییەكانی، هەست بە كەمی و نامۆبوونی تێدا دروست دەبێت. بەتایبەتی هاتنی میدیای بازرگانی كە گرنگی و بایەخی بۆ ئەو روخسارانەیە كە سەرنجڕاكێش و جوانن، مرۆڤ كاڵایە و بۆ رەواجپێدانی كاڵا و بەرهەمە بازرگانییەكان بەكاردێت، لێرەدا ئیتر ئاست و چینەكانی دبكە خۆیان وەك كەسێكی نامۆ و ناپێویست لە كۆمەڵگەدا دەبیننەوە.
ئیلیسمار پسپۆڕی بواری میدیا لە كتێبێكیدا لە ساڵی ٢٠٠٣ دەڵیت: «میدیا دەبێت ئەركی دروستكردنی دادی كۆمەڵایەتی ببینێت، لەناو كۆمەڵگەدا و جیاوازییەكان نەهێڵێت، نەك جیاوازی دروست بكات.» ئەمە جگە لەوەی كە بەردەوام میدیا و بابەتە بازرگانییەكان لە میدیاكاندا لە جەوهەری مرۆڤ كەم دەكاتەوە و مرۆڤ دەكاتە كاڵا و گرنگیدانی مرۆڤ بە تەواوەتی كورت دەكاتەوە لە: جوانیی لەشولار و روخسار و بوونی شتە ماددییەكاندا، ئیتر مرۆڤ هەست بە بەهای خۆی ناكات و لایەنی رۆحی و مەعریفی لاواز دەبێت و هەمیشە هەوڵی لاساییكردنەوەی كارەكتەرەكانی ریكلامی فیلمەكان دەدات، ئەگەریش نەیتوانی وەك ئەوان جوان بێت و خاوەنی لەشولارێكی سەرنجڕاكێشی وەك ئەوان بێت، هەستی نامۆبوون و هەست بە كەمیكردنی تێدا دروست دەبێت.
ئاسەوارەكانی:
١- هەستی خۆ بە كەم زانین و پەراوێزبوون و نامۆبوون لای تاك دروست دەبێت.
٢-دروستبوونی جیاوازی و جیاكاری و رێگری لە بەردەم دادی كۆمەڵایەتی بە هۆی ئەو هەست بە جیاوازییەی كە میدیا لە كۆمەڵگەدا دروست دەكات.
٣- كەمبوونەوەی بەها مرۆییەكان و گەڕان بەدوای شتە رووكەش و جوانكارییەكان تاوەكوو لاسایی و وینەی كارەكتەرە سەرنجڕاكێشەكانی ناو بابەتە میدیاییەكان بۆ خۆی رابكێشێت .
چارەسەر:
١-دامەزراندنی میدیایەكی نیشتمانی كە كار بۆ هەموو هاووڵاتیان بكات بە هەموو جیاوازییەكانەوە و وەك چەترێك كۆیان بكاتەوە.
٢-كاركردن بۆ بوونی بەرهەمی خۆماڵیی میدیایی كە خزمەت بە خواست و پێداویستییەكانی هاووڵاتیان بكات لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا.

Top