كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی ریكلام لەسەر ئافرەتان

كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی ریكلام لەسەر ئافرەتان

«ناجی محمد السعیدی» خاوەنی ماستارنامە لە بواری میدیادا (2012)، لە توێژینەوەكانی كۆنی)دا ئەوە دەگێڕێتەوە كە ریكلامی بازرگانیی وێنەی ئافرەت لە بوارێكی بچووكی ژیاندا قەتیس دەكات، كە دەرخستنی جوانییەكانی جەستەو كاری نێوماڵە .
بۆیە بەردەوام گواستنەوەی ئەم وێنەیەی ئافرەت و چەند بارەكردنەوەی بە درێژایی رۆژانی ساڵ، ئەوە لە هزری ئەو دوای كۆمەڵگەدا دەچەسپێنێت كە ئافرەت تەنیا جەستەیەكە بۆ ریكلامكردن وەك لە كتێبی (الإعلان ونهایة العالم)دا هاتووە: «ریكلامكاران گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەوان زۆرترین قازانجی ماددییان لەو ریكلامانەدایە كە ئافرەت وەك جەستەو جوانیی رووكەش بەكاردەهێنن.»
زیانە كۆمەڵاتییەكانی ریكلام لەسەر توێژی ئافرەتان و ژنان:
1. پیشاندانی ئافرەت وەك كچێكی هەمیشە جوان و خاوەنی هەموو پێوەرەكانی جوانیی بەردەوام.
2.هەستكردنی ئافرەتانی ئاسایی و تەمەن ناوەڕاست و گەورەتر بە شەرم و خۆبەكەمزانین بە هۆی خۆبەراوردكردن لەگەڵ كچانی هەمیشە جوانی ریكلامەكاندا.
3. ئالوودەكردنی ئافرەتان بەو وێنە دەستكردەی جوانی كە تەنیا بە كەرەستەو ئامێری جوانكاری دروست دەكرێت.
4. سەرفكردنی سەدان دۆلار لە كڕینی كەرەستەی ماكیاژ و جوانكاری بۆ گەیشتن بە ئاستی كچانی هەمیشە جوانی ریكلامەكان.
5. ئافرەت وای لێدێت كە روخساری خۆی وەك ماسكێك تەماشا بكات و، خۆی تەنیا لە جەستەدا ببینێت و، كەلێنێك لە نێوان روخساری دەرەكی و خودی راستەقینەی خۆیدا دروست بكات.
6. ریكلام جەستەی ئافرەت دابەش دەكات بۆ پارچەی بچووك بچووكی وەك چاو و برۆ و لێو و قژ و سنگ و لاق و دەست و مەچەك و پەنجە، واشی فێردەكات كە هەر پارچەیەكی هەمیشە پێویستی بە گۆڕین و چاككردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام كۆمەڵگە رێزی لێبگرێت.
7. پشتگوێخستنی تەندروستیی راستەقینە لە ریكلامەكاندا و بایەخدان بە خواردنی خێرا و ئامادەكراو و خواردنەوە گازییەكان و جگەرە، كە زیانی گەورە بە تەندروستی دەگەیەنن.
8. هاندانی كچانی نەوجەوان بۆ پێشبڕكێی بەردەوام لەگەڵ هاوتەمەنەكانیاندا و، ترساندنیان لە ئایندە و لە پیری و لە لەدەستدانی جوانیی جەستەیان.
9. قەتیسكردنی ئافرەت لە چێشتخانە و قسەكردن لەبارەی ئامادەكردنی خواردن و خواردنەوەی نوێ و بەكارهێنانی تاید و سابوون و شامپۆی قاپشۆردنی نوێ.
10. كۆكردنەوەی ئەركی زۆر لەسەر شانی ئافرەت وەك ئەوەی كەسایەتییەكی سەركەوتوو بێت، هەمیشە رازاوە بێت، چێشتلێنەرێكی كارامە بێت، منداڵ بەخێو بكات و پاك رایان بگرێت و جلوبەرگیان بشوات، دڵی منداڵەكانی و مێردەكەی و هاوڕێكانی و كۆمەڵگە لە خۆی رازی بكات.
ئەركەكانی دەزگاكانی راگەیاندن لەبەرامبەر ئافرەتان:
لەسەر دەزگاكانی راگەیاندن و پەخشكردنی بەرهەمەكانی ریكلام پێویستە كە:
1. رەچاوكردنی ناسنامەی مرۆڤبوونی ئافرەت، نەك تەماشاكردنی تەنیا وەك جەستە.
2. دانانی پێوەر و ستانداری زانستیی گونجاو بۆ كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی ریكلام، بە مەبەستی رێزگرتن لە پێگەی ئافرەتان.
3. نەسپاردنی ریكلامكردن بۆ خواردنەوە كحوولییەكان و جگەرە بە ئافرەتی ریكلامكار.
4. دوورخستنەوەی ئافرەتی ریكلامكار لە بینینی رۆڵی ورووژێنەر و قسە و جووڵەی نەشیاو.
5. پابەندكردنی كۆمپانیاكانی ریكلام بەوەی كە ناوەڕۆكی ریكلامەكانیان بە پێوەر و رێساكانی راگەیاندن پابەند بن.
راسپاردەكان:
1. كاركردنی ئەنجومەنی باڵای خانمانی كوردستان لەسەر گێڕانەوەی پێگەی بەرزی كۆمەڵایەتیی ئافرەتان.
2. بەدواداچوونی لیژنەی ئافرەتان لە پەرلەمان بۆ یاسای ژمارە(8)ی ساڵی(2011)ی تایبەت بە توندوتیژیی خێزانی و هەوڵدان بۆ ئەژماركردنی بازرگانیكردن بە وێنەی ئافرەتەوە لە ریكلامدا، وەك جۆرێكی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان.
3. كاركردنی رێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنان و خوشكان لەسەر دۆسیەی ئافرەت لە ریكلامە بازرگانییەكاندا و كردنەوەی خولی هۆشیاری بۆ ئافرەتان لە بارەی زیانەكانی ئەم دیاردەیەوە.
4. بەدواداچوونی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ پابەندبوونی كەناڵەكان بە رێنمایی پەیوەست بەم دۆزە.
5. بەدواداچوونی سەندیكای رۆژنامەنووسان بۆ كاری گۆڤار و رۆژنامەكان لە بواری ئافرەت لە ریكلامە بازرگانییەكاندا.


Top