كاتێ دینداری دەبێتە ساختە

كاتێ دینداری دەبێتە ساختە
كاتێ شێخی ئەزهەر محەمەد عەبدە (كۆچكردووی ساڵی 1905) سەردانی ئەوروپای كرد، لەوێ بەراوردی نێوان ئەوروپا و وڵاتانی موسڵمانی كرد، بەتایبەتیش میسر، قسەیەكی بەناوبانگی كرد: «لە ئەوروپا موسڵمانی بێ ئیسلامم بینی، بەڵام لە وڵاتی خۆمان ئیسلامی بێ موسڵمانم بینی..»، ئەمە راستییەكە تەنیا ئەوەی سەردانی ئەوروپا دەكات، دەیزانێت، زۆربەی دزی و گزی و فڕتوفێڵ و بەرتیل و بازدان بەسەر یاسا لە وڵاتانی موسڵمانان روودەدەن، كەچی ئەمە لە ئەوروپادا بە كەمی دەبیندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا یاسا لێپێچینەوە لەم دیاردە نامۆیانەدا دەكات، كەواتە كەموكوڕییەكە لە ئاییندا نییە، ئایین دژی ئەم جۆرە رەفتارو سەركێشی و رەوشتە نابەجێیانەیە، بەڵام كەموكوڕییەكە لە موسڵمانانە كە بە هەڵە لە ئایین گەیشتوون.
لەسەر موسڵمان پێویستە كە لە ژیانی رۆژانەیدا هونەری مامەڵەكردن لەگەڵ دوولادا بزانێت، یكەم: هونەری مامەڵەكردن لەگەڵ خوا، دووەم: هونەری مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵك، زۆرینەی موسڵمانان هونەری مامەڵەكردن لەگەڵ خەلك نازانن، ئەوەی بە چاكی مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا نەكات، كەواتە مامەڵەیشی لەگەڵ خوادا خراپە، چونكە خوا مامەڵەی چاكی لەگەڵ خەڵكدا فەرزكردووە، پابەندبوون بە لایەك و پابەندنەبوون بە لایەكەی دیكەوە كەموكوڕییە لە تێگەیشتنی راستیی ئایین، فەلسەفەی ئیسلام جەخت دەكاتەوە لەسەر پێویستیی مامەڵەی چاك لەگەڵ هەردوو لادا، هەندێ پێیانوایە كە ئەگەر مامەڵەی لەگەڵ خوادا باش بێت، چی تێدا نییە ئەگەر مامەڵەی لەگەڵ خەڵكدا خراپ بێت، بەڵام ئەمە راست نییە، بەڵكو پێویستە مامەڵە لەگەڵ هەردوولا وەك یەك بێت، لەگەڵ جیاوازی لەنێوان هەردوو مامەڵەكردنەكەدا، یەكەمیان مامەڵەی پەرستنە، دووەمیان مامەڵەی رەفتاری خەڵكە لە باوەڕدارێكەوە بۆ برای باوەڕداری بە جیاوازیی ئایین و ئایینزا. عەلی كوڕی ئەبو تاڵیب دەڵێت: خەڵك دوو جۆرە: برایەكت لە ئایین، یان وەكو تۆ لە خەڵك.
مایەی خەمە كە كۆمەڵگەكانمان بەدەست ئەو دیاردە مەترسیدارەوە دەناڵێنن، ئەویش جیاكارییە لەنێوان ئەو دوو مامەڵەیە، كەم كەس هەیە هەردوو مامەڵە ئەنجام بدات، واتا كۆكردنەوەی نێوان دینداریی راست و نێوان رەوشتی باشدا. پێغەمبەر(دخ) لە هەموو كەسێك زیاتر لەخواترس بووە، لە هەمان كاتدا لە هەموو خەڵك زیاتر خاوەن رەوشتێكی بەرز و مامەڵەی چاك بووە لەگەڵ خەڵكدا، ئەمەیە راستیی ئیسلام، كەچی لە كۆمەڵگەكانمان بە پێچەوانەوەیەو مزگەوتەكان تژین لە نوێژكەران و ریزی یەكەمیش لەخواترسی لێیە، هەروەها میحرابی مزگەوتەكان بانگخوێنی تێدایە، هۆڵەكانیش جمەیان دێت لە ئاوازدانەرو ئاهەنگێڕان بە بۆنە ئاینییەكان، هاوكات خوێن لەبەر قوربانییەكاندا دەڕژێت، ئەمە سەرباری كەعبە كە بەردەوام حاجی و عومرەكارانی لێیە، ئەگەر پێیان بڵێم ئەمانە بۆچی؟ وەڵامەكیان ئەوەیە كە بۆ خوای پەروەردگارە، كاتێكیش لە مزگەوت دەردەچێت، یان لە حەج و عومرە دەگەڕێتەوە، ئەوا مرۆڤێكی دیكەیە جیاواز لەوەی پێشوو، كەواتە ئەوەیە مرۆڤی رەوشت خراپ.
رەنگە باشترین نموونە كە باسی لێوە بكەین، دیاردەی بڵاوبوونەوەی درۆ بێت لەنێوان خەڵكدا، تەنانەت گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە ناچێتە عەقڵەوە، ئەوەی نامۆیە لەم دیاردەیەدا ئەوەیە كە ئەمە لە سەردەمی زانایانی پێشووشدا هەبووە، سەعید قەتتان دەڵێت: گوێم لە باوكم بوو دەیگوت: درۆم لە كەسێكدا نەدەبینی، بەقەد ئەوەی كە زۆرتر لە خێرخوازانمدا دەبینی. یەحیا كوڕی موعینیش دەڵێت: زیاتر درۆم لە بەغدا بینی. لەوانەیە هەندێ كەس لەو رەفتارە نەخوازراوە راهاتبێت، بەشێوەیەك كە ناتوانێت دەستبەرداری بێت، بەڵكو رەنگە چێژیشی لێ وەربگرێت. ئەسمەعی دەڵێت: بە ئیعرابییەكم گوت: چی وات لێ دەكات درۆ بكەیت، لە وەڵامدا گوتی: ئەگەر تامی بكەیت لەبیری ناكەیت!
لێرەدا پرسیارێك دێتەئاراوە، كامە جۆر باشترینیانە، ئایا لەگەڵ پەرستارێكی بێ رەوشت بم، یان بێدینێكی رەوشتبەرز؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە ئەم بەراورد و جیاكارییە رەنگە بەپێی لایەنە مەبەستدارەكە قبووڵ بكرێت، لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا باشیی مرۆڤی بێدینی خاوەن رەوشتی باش بەسەر پەرستاری لەخواترسی خاوەن رەوشتی خراپ دەردەكەوێت، چونكە یەكەمیان لەهەموو بارێكدا مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا دەكات، ئەوەی دووەمیان مامەڵە لەگەڵ خوادا دەكات، لەنێوان خۆی و خواكەیدا باشە، بێ ئەوەی لەگەڵ خەڵكدا باش بێت، لەگەڵ ئەوەیشی كە دینداریی راستەقینە ئەوەیە كە لەنێوان خۆت و خەڵكدا باش بیت، تاكو ببێتە دەستپێكێك بۆ چاكسازیی نێوان خۆت و خوا، پاشان دینداری شتێكی شەخسیی نهێنییە و نابێت بۆ خەڵك دیاربێت، چونكە خوا كاری نهێنی خۆشدەوێت كە بۆ ئەو پاك و بێگەرد بێت، بەڵام رەوشتی باش بۆ خەڵكە، بۆیە پێویستە بۆ خەڵك دەركەوێت، بە شێوەیەك گوزارشت لە راستیی دەروونی پاكی مرۆڤایەتی بكات، كە رق بەرامبەر كەس هەڵناگرێت، لەبەر ئەوە دینداری و رەوشت دوو تای تەرازوویەكن، ناكرێت تەرازوو داپەروەرو ساخ و دروست بێت، ئەگەر هەردوو تا یەكسان نەبن، كاتێكیش سەرنج لە دیندارێكی رەوشتخراپ دەدەین، واتا ئەو كەسە لەناخەوە هاوسەنگ نییە، بە لێكدانەوەیەكی دیكە پشێویی دەروونی هەیە، هەرچەند دینداریی مرۆڤ بەهێزتر بێت، ئەوا دەبێ ئاستی رەوشتباشیی بەرزتر بێت، چونكە كاتێك لایەنە دیندارییەكەی بەهێزتر بێت بێ بەرزیی لایەنی رەوشت، ئەو مرۆڤە دەبێتە كەسێكی چەقاوەسووی رووگرژی دڵڕەق و دووزمان كە لە رووی مامەڵەی نێو كۆمەڵگە پەسندكراو نییە. سەیرە هەندێ دیندار دیندارییان لە دیاردە و شێوەو جۆری دیاریكراودا كۆكردۆتەوە، كە هەموویان پێچەوانەی دینداریی دروستە، كاتێكیش مرۆڤ خاوەن رەوشتی بەرز بێت و دیندار نەبێت، یان بڵێین مرۆڤێكی بێدینی دووڕوو و خاوەن رەوشتی بەرز بێت، ئەو مرۆڤە بە دووزمان و سەرلێشیێواو دادەنرێت لای خوای پەروەردگار. ئەمە تەنیا كێشەی خۆیەتی لەگەڵ خوای خۆیدا، رۆژی دوایی لەسەر یاخیبوون و سەركێشییەكەی لێپیچینەوەی لەگەڵدا دەكات، ئێمە مافمان نییە لێی بپرسینەوە، لە رووی كۆمەڵایەتی و مامەڵەی رۆژانە لای خەڵك پەسندكراوە، رەنگە بێدین بێت، بەڵام دەستڕۆیشتوو و قسەخۆش و نەرمونیان بێت، ئەمەش رێگە لەوە ناگرێت كە خەڵك خۆشیان نەوێت، لەبەر رەوشتە بەرزەكەی، سۆفیگەری گەورە یەحیا كوڕی مەعاز رازی دەڵێت: دڵی دەستڕۆیشتووان پڕی خۆشەویستییە هەتا ئەگەر بێدینیش بن، دڵی پیسكەكان پڕە لە رق و كینە هەتا ئەگەر باوەڕداریش بن، ئەوەی پەیوەستە بە بێدینی و بەدڕەوشتیی كەسێكەوە ئەوا بۆ خۆیەتی و لەنێوان خۆی و خوایدایە، ئەمەش بەو مانایە نییە كە ئێمە بە داناییەوە ئامۆژگاری بكەین، بەڵام ئێمە قسە لەسەر فەلسەفەی مامەڵەكردن دەكەین لەگەڵ ئەو چەشنە كەسە جیاوازانە.

Top