ریكلامە بازرگانییەكان: بنەماكانی، سوودەكانی، زیانەكانی
January 7, 2019
وتار و بیروڕا
پێشەكی
لەتوانادایە مرۆڤی ئەم سەردەمە بەوە بناسرێتەوە كە ئەو كەسەیە بە بازنەی ریكلام دەورە دراوە، چونكە لەماڵ بێت، یان لەسەر شەقام، لەكاربێت، یان لە پشوو، ئەوا بەردەوام گوێبیستی ریكلام دەبێت، یان دەیبینێت، لە رێگەی هۆكارەكانی راگەیاندن و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانیەوە، بۆیە زیادەڕەوی ناكەین ئەگەر بڵێین سەردەمەكەش بووە بە سەردەمی ریكلام.
ریكلام لە بنەڕەتدا هونەرێكە وەك هونەرەكانی دیكە پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەت لە كۆتایی سەدەی رابردوودا و لە سەرەتای سەدەی ئێستادا، كە جیهانی ریكلام لە رووی دیزاین و دەرهێنان و بیرۆكەوە پێشكەوتنی كاریگەری تێدا بەدی هاتووە.
چەمكی ریكلام
رەنگە ساكارترین مانا، یان پێناسە بۆ چەمكی ریكلام بریتی بێت لەوەی كە ریكلام: هۆكارێكە بۆ ناساندنی كاڵایەك، یان خزمەتگوزارییەك بە مەبەستی كڕین، یان فرۆشتن.
یان بریتییە لە: بە یەك گەیشتنی كەسێك بە زانیارییەكی پەیوەست بە كاڵایەك، یان خزمەتگوزارییەك، لە رێگەی میدیاوە، بە مەبەستی قەناعەتپێكردن بۆ كڕین، یان فرۆشتن.
یان بریتییە لە: بەهێزترین پەیامێك بۆ لاوازكردنی بەرگریی بەرامبەر.
یان بریتییە لە: خەرجكردنی كەمترین مایە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج.
سیفاتەكانی ریكلام:
أ- ریكلام پەیامێكە بۆ شوێن، یان بۆ كات یان هەردووكیان، واتە ریكلامكار بڕێك پارە دەدات لە بری ئەو (رووبەر)ەی كە لە گۆڤارێك، یان لە بڵاوكراوەیەكدا بۆی تەرخان دەكرێت، یان لە بری ئەو (كات)ەی كە دەیكڕێت لە میدیایەكی بیستراو، یان بینراودا.
ب- ریكلام پەیامێكە لە كەمترین وشە و كاتدا بۆ زۆرترین ژمارە لە خەڵك.
ج- ریكلام خێراترین هۆكاری گەیاندن بەكار دەهێنێت بۆ لەسەرخۆكاركردن لەسەر هزرو سۆزی بەرامبەر.
د- ریكلام لە دووبارەو چەندبارەبوونەوە بێزار نابێت و كۆڵ نادات.
بایەخی ریكلام:
ریكلام زۆر گرنگە بۆ هەركەسێك كە: شتێكی بۆ فرۆشتن هەبێت، یان شتێك بكڕێت، یان خزمەتگوزارییەك پێشكەش بكات، یان بیرو بۆچوونێك بخاتەڕوو.
لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بڕێكی زۆری پارە لە بواری ریكلامدا خراوەتەگەڕ بۆ نموونە:
لە ساڵی (1972)دا بڕی (23)بلیۆن دۆلار.
لە ساڵی(1980)دا بڕی (55) بلیۆن دۆلار.
لە ساڵی (2000)دا بڕی (320) بلیۆن دۆلار.
لەسەر ئاستی جیهانیشدا و هەر لە ساڵی (2000)دا بڕی (780) بلیۆن دۆلار.
بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی داتا، نازانرێت لە ساڵێكدا لە عێراق، یان لە هەرێمی كوردستاندا بڕی چەند لەپارە لە بواری ریكلامدا خەرج دەكرێت.
كێ ریكلام دەكات ؟
یەكەم: ئاژانسە سەربەخۆكانی ریكلام.
دووەم: بەشەكانی ریكلام لە كۆمپانیا گەورەكان.
سێیەم: بەشەكانی پەیوەندییە گشتییەكان لە دامەزراوە و كۆمپانیاكان.
چوارەم: رۆژنامە و گۆڤار و دەزگاكانی پەخش و بڵاوكردنەوە.
پێنجەم: نووسینگە تایبەتەكانی بواری ریكلام.
لایەنەكانی پڕۆسەی ریكلام:
یەكەم: ئاژانسە سەربەخۆكانی ریكلام و كۆمپانیا گەورەكان.
دووەم: رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامە و گۆڤار و دەزگاكانی پەخش و بڵاوكردنەوە.
ئامانجەكانی ریكلام:
یەكەم: تێركردنی ئارەزووەكانی بەكاربەر.
دووەم: بەدەستهێنانی قازانج.
سێیەم: گەیشتن بە سیستەماتیككردنی كاری ریكلام.
چوارەم: پارێزگاریكردن لە نەریتی كڕین لەلای بەكاربەر.
پێنجەم: پارێزگاریكردن لە رووبەری خۆ لە بازاڕی بازرگانیدا.
شەشەم: رێگرتن لە هاتنی ركابەری نوێ.
حەوتەم: كردنەوەی بازاڕی نوێ بە رووی بەكاربەردا.
كارەكانی ریكلام:
ریكلام وەزیفە و كاری زۆرە لەوانە:
أ – سەرنجڕاكێشانی بەكاربەر.
ب- ورووژاندنی بایەخپێدانی بەكاربەر.
جـ- دروستكردنی ئارەزووی كڕین لای بەرامبەر.
د – قەناعەتپێكردنی بەكاربەر بە كڕینی كاڵا، یان قبووڵكردنی خزمەتگوزارییەكە، یان بیروبۆچوونی نێو ریكلامەكە.
ە - رێنماییكردنی بەكاربەر بۆ ئەو شوێنەی ریكلامەكە لێی دەوێت كە بۆی بچێت بە مەبەستی كڕین.
بنەما سەرەكییەكانی ریكلام:
یەكەم: زانیاریی تەواو دەدات لەبارەی ئەو بەرهەمهێنراوەی كە ریكلامی بۆ دەكرێت.
دووەم: ناسینی ئەو بەكاربەرەی كە ریكلامەكەی ئاراستە دەكرێت.
سێیەم: باش دیزاینكردن و چاك دەرهێنانی ریكلامەكە.
چوارەم: پێویستە كاڵاكە سوودی راستەقینەی بۆ بەكاربەر هەبێت.
پێنجەم: پێویستە پەیامی ریكلامەكە جێی متمانەی بیسەران و بینەرانی بێت.
شەشەم: دووركەوتنەوەی ناوەڕۆكی ریكلامەكە لە رووشاندنی هەستی جەماوەر لە رووی ئایینی و كۆمەڵایەتییەوە.
حەوتەم: پێویستە ریكلامەكە بەرژەوەندیی عادیلانەی ریكلامكارەكەی تێدا بێتەدی لە رووی ئابوورییەوە.
هەشتەم: نابێت لە ریكلامدا ناو و وێنە و هیچ كەسێكی تێدا بێت، مەگەر پاش وەرگرتنی مۆڵەت لەو كەسە.
نۆیەم: گواستنەوەی پەیامی ریكلامەكە بۆ زۆرترین ژمارە لە جەماوەر.
دەیەم: دوورگرتنی ناوەڕۆكی ریكلام لە دژایەتیكردنی عورف و نەرێتی كۆمەڵگە.
یازدەیەم: دووركەوتنەوە لە زیانگەیاندن بە تەندروستیی مرۆڤ.
دوازدەیەم: نابێت ریكلام زیان بە گیرفان و ئابووریی هاوڵاتی و بەكاربەر بگەیەنێت.
سێزدەیەم: پابەندبوون بە راستگۆیی و دووركەوتنەوە لەدرۆ و هەڵخەڵەتاندنی بەكاربەر.
رهەەندە نێگەتیڤەكانی ریكلام:
یەكەم: زیادەڕەوی و درۆكردن و لەخشتەبردن و هەڵخەڵەتاندن لە ریكلامدا.
دووەم: گاڵتەجاڕی بە هەستی بەكاربەر بە شێوازی هاندانی سووك و بێتام.
سێیەم: پاڵنان بە بەكاربەرەوە بۆ زیادە مەسرەفی.
چوارەم: زیادكردنی نرخی كاڵاكان بەخستنەسەری تێچووی ریكلامەكان بۆ سەر نرخەكان.
پێنجەم: كاركردنی خراپ لەسەر بەها باڵاو جوانەكانی كۆمەڵگە.
شەشەم: بڵاوكردنەوەی كولتووری توندوتیژی لە ریكلامدا.
حەوتەم: ئالوودەكردنی بەكاربەر بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە بۆ گەڕان بەدوای ریكلامدا.
هەشتەم: بڵاوكردنەوەی بەها ماددییەكان و گیانی بەكاربەریی لای ئەندامانی خێزان.
نۆیەم: تێكدانی هاوسەنگی لە بودجەی خێزانەكاندا.
راسپاردەكان:
یەكەم: رێكخستن و دیاركردنی كاتەكانی بەكارهێنانی هۆكارە ئەلیكترۆنییەكان وەك ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
دووەم: رێكخستن و دیاركردنی كاتەكانی سەیركردنی كەناڵە ئاسمانییەكان.
سێیەم:
هەبوونی هەڵمەتی هۆشیاری و رێنمایی خێزانی لە بارەی مەترسییەكانی هۆكارە ئەلیكترۆنییەكان و داهێنراوە نوێیەكانی بواری تەكنۆلۆژیا.
چوارەم: هەستانی هۆكارەكانی راگەیاندن و ناوەندەكانی خوێندن و مزگەوت و كڵێساكان بە روونكردنەوەی زیانەكانی زۆرێك لە ریكلامە بازرگانییەكان.
پێنجەم: هەوڵدانی باوكان بۆ دابینكردنی گەمەی كۆمپیۆتەریی ئەوتۆ بۆ منداڵەكانیان كە خاڵی بن لە توندوتیژی و خوێنڕشتن و تایبەت بن بە گەشەپێدانی زیرەكی و دەستڕەنگینییەكانی منداڵ.
شەشەم: دەستگرتن بەپارەوە و كەمكردنەوەی زیادە مەسرەفیی خێزانی و خۆگونجاندن لەگەڵ بودجەی دیاركراو لەخێزاندا.
حەوتەم: كاركردن لەسەر دۆزینەوەی سوودە كردارییەكانی داهێنراوە ئەلیكترۆنییەكان و خۆدوورگرتن لە ئالوودەبوون بە سەیركردنی ریكلام و شۆپینگ.
هەشتەم: بەدواداچوونی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ پابەندكردنی كەناڵەكانی راگەیاندن بە ستانداردە جیهانییەكانی بواری ریكلامكردنەوە.