تەنگژەی دیموكراسی

تەنگژەی دیموكراسی
بەشی سێیەم

لە رۆژگاری ئێستادا، ئەگەر گوڕوتینێك هەبێت لە نێو سیستمی نێودەوڵەتیدا، ئەوا لە سیستمە مەزنە تاكڕەوەییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت، وەك چین و رووسیا، یا لەو كەسانەی كە هەوڵی بەدەستهێنان حوكمڕانی دەدەن لە پێناو هێنانەدی خەونی خەلافەتی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. كە سەرەڕای هەموو كێشە و لاوازییە زۆرەكانیان، هێشتا ئەم سیستمە تاكڕەوی و تۆتالیتارییە ئایینییە خاوەن تمووحانە بەرەوپێش دەچن لە كاتێكدا دیموكراسیەتەكان پاشەكشە دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدا كە دیموكراسیەتەكان كارلێك دەكەن لەگەڵ یەكدا و زیاتر و زیاتر هەست دەكەن رووبەڕووی كۆت و بەند دەبنەوە.
كەواتە نابێت جێی سەرسوڕمان بێت كە یەكێك لە كاریگەرییە لاوەكییەكانی ئەم هەلومەرجە بریتییە لە دیموكراسی و لە هەندێ حاڵەتدا داڕووخانی دیموكراسی لەو شوێنانە كە دیموكراسی زۆر لاواز و نوێ بووە. بۆی هەیە ئاڵوگۆڕە جیۆپۆلەتیكیەكانی نێو هێزە مەزنەكان، كە زۆربەی جار، نەك هەمیشە، دەرئەنجامی شەڕەكانن، كاریگەری هەبێت لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی دەوڵەتە بچووك و لاوازەكانی جیهان، پێشتریش رەوتە دیموكراسییەكان دوچاری راوەستان و پاشەكشە بوونەتەوە.
تێڕوانین لە ساڵانی نێوان هەردوو جەنگەكە، بە تایبەتی ساڵی 1920، كاتێك ژمارەی وڵاتە دیموكراسییەكان لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی زیاتر بوون، كەسانی هاوچەرخی وەك مێژوونوسی بەریتانی جەیمس بریس باوەڕی وابوو كە ئەوان شایەتحاڵی رەوتێكی سروشتین بەهۆی یاسای گشتی بەرەوپێشچوونی كۆمەڵایەتییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دیموكراسیەتە نوێیەكان لە ئەستۆنیا و لاتڤیا و لیتوانیا و پۆلەندا داكشان. هێزە مەزنە دیموكراسییەكانی ئەوروپا، فەڕەنسا و بەریتانیا، دوچاری كاریگەرییە كاولكارییەكانی شەڕ بوونەوە، لە كاتێكدا كە هێزە دیموكراتییە تەندروست و دەوڵەمەندەكە (ئەمریكا) بەرەو ئەمانی كەنارە دوورەكانی خۆی پاشەكشەی كرد، ئەم بۆشاییەش بووە هۆی هەڵكشانی مۆسۆلۆنی بەرەو دەسەڵات لە ساڵی 1922، و داڕووخانی كۆماری فایماری ئەڵمانی، و سەركەوتنی فاشیەتی ئەوروپی لەسەر ئاستێكی بەربڵاو. لە ساڵی 1936دا، دیموكراسییەتی یۆنانی داڕووخا. لە هەمان ساڵدا دیموكراسیەتی ئیسپانی لەسەر دەستی فرانكۆ كەوت. كودەتا سەربازییەكانی حكومەتە دیموكراتییەكانیان لە پورتوگال و بەڕازیل و ئۆرۆگوای و ئەرجەنتین رووخاند، دیموكراسییەتی لەرزۆكی یابان خۆی رادەستی حوكمڕانیی سەربازی كرد و دواتر شێوەیەك لە شێوەكانی فاشیەتی وەرگرت.
لە سێ كیشوەردا، دیموكراسیەتە لەزرۆكەكان رێگایان خۆشكرد بۆ هێزە سەركوتكارییەكان كە خاڵە لاوازەكانی دیموكراسی ئیستیغلال دەكەن، لە كاتێكدا دیموكراسیەتەكانی دیكە بوونە نێچیری پووكانەوەی ئابووری. هەروەها كاریگەرییەكی زیاتریش لە ئارادا بوو، سەركەوتنی بزووتنەوەیەكی فاشی لە وڵاتێكدا بووە هۆی بەهێزكردنی بزووتنەوە هاوشێوەكانی لە شوێنەكانی دیكەدا، كە هەندێ جار ئەمە بە شێوەیەكی راستەوخۆ روویدا. فاشییەكانی ئیسپانیا هاوكاریی سەربازییان لە سیستمە فاشییەكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا وەرگرت. دەرئەنجامەكەشی ئەوە بوو كە لە ساڵی 1939دا دەستكەوتە دیموكراسییەكانی چل ساڵی رابردووی لە نێوبردرا. رۆژگاری دوای جەنگی یەكەمی جیهانی نەك هەر تەنیا ئەوەی پیشاندا كە دەكرێت دەستكەوتە دیموكراسیەكان پێچەوانە بكرێنەوە، بەڵكو ئەوەی دەرخست كە هەمیشە دیموكراسی پێویستی بە سەركەوتن نییە تەنانەت لە بواری ململانێكردنی ئایدۆلۆژیاكانیشدا. لەبەر ئەوەی نەك هەر سیستمە دیموكراسیەكان كەوتن، بەڵكو بیرۆكەی دیموكراسیش میسداقیەتی لەدەستدا. هەروەك جۆن ئەی هۆبسۆن باسی دەكات، هەژمونی حەتمی دیموكراسی داكشا و خەڵكانێكی زۆر ئەو بیرۆكەیەیان رەتكردەوە كە دیموكراسی باشترین شێوەی حوكمڕانییە. بەڵام مرۆڤ، تەنیا تینووی ئازادی، سەربەخۆیی و تاكگەرایی و دانپێدانان نییە، بەڵكو تینووی ئاسوودەیی و ئاسایش و ئارامییشە، بەتایبەتی لە دۆخە دژوارەكاندا. لەوەش گرنگتر، تینووی ئەوەن ئینتیمایان بۆ شتێكی گەورەتر لە خۆیان هەبێت، كە ئەمەش خۆحكومڕانی و تاكگەرایی لەخۆدەگرێت- كە هەندێ جار سیستمە تاكڕەوییەكان هەموو ئەمانە دەستەبەر دەكەن، یاخود بەلای كەمەوە لە دیموكراسیەتەكان باشتر بەدیاندەهێنن.
لە بیست و سییەكانی سەدەی بیستدا، وا دەركەوت كە حكومەتە فاشییەكان بەهێز و بەگوڕتر و كاراتر و بە تواناتر بن لە دەستەبەركردنی ئارامی لە بارودۆخە سەختەكاندا و بانگەشەی كارایی هەستە نەتەوەیی و ئیتنی و خیڵەكییەكانیان كرد. خاڵە لاوازە زۆرەكانی نێو دیموكراسیەتی فایماری ئەڵمانی، كە پشتیوانی پێویستی هێزە مەزنە دیموكراسیەكانی بەدەست نەهێنا، و دیموكراسیەتە لەرزۆك و كورتخایەنەكانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا بوونە هۆی ئەوەی گەلان رووبەڕووی بانگەشەكانی نازییەكان و مۆسۆلۆنی و فرانكۆ ببنەوە. هەروەك ئەوەی كە خاڵی لاواز دیموكراسیەتی رووسی لە نەوەتەكاندا بووە هۆی ئەوەی پێكهێنانی حكومەتێكی سەركوتكارتر لە سایەی دەسەڵاتی پۆتیندا، ببێتە بژارەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ زۆرێك لە رووسییەكان. خەڵكی مەیلیان بۆ لای براوەكان هەیە، لە نێوان جەنگەكاندا دەوڵەتە دیموكراسیە سەرمایەدارەكان لاواز و داكشاو دەركەوتن بە بەراورد بە سیستمە فاشییە بەهێزەكان و لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتدا لەسەردەمی ستالیندا.
پێچەوانەكردنەوەی ئەم ئاراستەیە، دووەم جەنگی جیهانی و سەركەوتنێكی سەربازی دیكەی پێویست بوو لەلایەن دەوڵەتە هاوپەیمانە دیموكراسییەكانەوە (لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتدا). ئەمریكا لە رێی هێز و داگیركارییەكی درێژخایەنەوە لە ئەڵمانیای رۆژئاوا و ئیتاڵیا و یابان و نەمسا و كۆریای باشوور، دیموكراسیەتی سەپاند. لەگەڵ سەركەوتنی دیموكراسیەتەكان و كەوتنی فاشییەت-بەتایبەتی لە گۆڕەپانی شەڕدا- زۆرێك لە وڵاتەكان رێچكەی ئەویان گرتەبەر. هەر یەكە لە یۆنان و توركیا بە ئاراستەی دیموكراسیدا هەنگاویان هەڵگرت، بە هەمان شێوە بەڕازیل و ئەرجەنتین و پیرۆ و ئیكوادۆر و فەنزویلا و كۆڵۆمبیا. هەندێ لەو وڵاتە نوێیانە هاتنەئاراوە، بەچەشنی ئەوروپا خۆیان لە موستەعمەراتەكانیان رزگاركرد و حكومەتی دیموكراسییان تاقیكردەوە، دیارترین نموونە، بریتیە لە هیندستان. لە ساڵی 1950دا، ژمارەی دیموكراسیەتەكان بۆ نێوان 20-30 بەرز بۆوە و حوكمڕانیی نزیكەی لە 40%ی دانیشتووانی جیهانیان دەكرد.
ئایا ئەمە سەركەوتنی ئایدیۆلۆژیا بوو، یان سەركەوتنی چەك؟ ئایا ئەمە دەرئەنجامی بەرەوپێشچوونێكی مرۆیی حەتمی بوو، یان هەروەك سامویڵ هانتینگتۆن دەڵێت: ئەمانە «رووداوی لێكدابڕاوی مێژوویی» بوون. ئێمە مەیلی ئەوەمان هەیە باوەڕ بە یەكەمیان بكەین، بەڵام بەڵگەكان ئاماژە بەمەی دواییان دەكەن. لەبەر ئەوەی دەركەوت تەنانەت شەپۆلی گەورەكانی دیموكراسی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی قابیلی پاشەكشە نەبوون. جارێكی دیكە و لە ژێر سایەتی سیستمی سەركوتكاریدا، وڵاتانی پیرۆ و بەرازیل و ئەرجەنتین و بۆلیفیا و چیللی و ئۆرۆگوای و ئیكوادۆر و كۆریای باشوور و فیلیپین و پاكستان و ئەندەنوسیا و یۆنان پاشەكەیان كرد. لە كیشوەری ئەفریقیا، نەیجیریا، دیارترین وڵات بوو كە ماوەیەكی كەم بوو لە ئیستعمار رزگاری ببوو. لە ساڵی 1975، پتر لە سی حكومەت لە سەرتاسەری وڵاتدا لە رێی كودەتای سەربازییەوە پێكهێنران. كەسانێكی كەم باسی حەتمیەتی دیموكراسیان دەكرد لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكاندا. لە كۆتایی ساڵی 1984دا، هانیتگتۆن باوەڕی وابوو كە توانیومانە بگەینە «سنوورەكانی بەرەوپێشچوونی دیموكراسی لە جیهاندا»و ئاماژەی كرد بەوەی «دیموكراسی زۆرێك لە نەریتە رۆشنبیرییە سەرەكییەكان قبووڵ ناكات..» لەگەڵ «هێزی گەورەی حكومەتە دژ بە دیموكراسییەكان (بەتایبەتی یەكێتی سۆڤیەت)». بەڵام دوای ئەوە بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو «شەپۆلی سێیەم» هات. لە ناوەڕاست حەفتاكانەوە تاوەكو سەرەتای نەوەتەكان، ژماری دەوڵەتە دیموكراسییەكان بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر زیادی كرد و گەیشتە 120 دەوڵەت، كە ئەمەش زیاتر بوو لە نیوەی دانیشتووانی جیهان.
باشە چی سەركەوتنی درێژخایەنی پرۆسەی بە دیموكراتیكردنی سەدەی بیست لێكدەداتەوە؟ مەسەلەكە تەنیا زیادبوونی بەردەوامیی ئابووریی جیهانی و پەرۆشی گشتی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و دانپێدانان نەبوو. هەروەها گەشەی ئابووری و ئاڵوگۆڕە مرۆییەكانیش رێگر نەبوون لە شكستی دیموكراسیەت لە شەستەكان و سەرەتای حەفتاكاندا. تەنانەت لە شەپۆلی سێیەمیشدا، چەندین وڵات لە جیهاندا هەبوون بە شێوەیەكی دەوری لە نێوان دیموكراسەت و سەركوتكاریدا هەنگاویان دەنا، كە تا راددەیەك دەتوانرا پێشبینی بكرێت. ئەوەی زیاتر سەرنجڕاكێشە لە بارەی شەپۆلی سێیەمەوە، ئەوەیە كە ئەم ئاڵوگۆڕە دەورییە لە نێوان دیموكراسیەت و سەركوتكاریدا راوەستا، گەلان بەرەو قۆناغی دیموكراسی هەنگاویان هەڵگرت و لەوێدا مانەوە، بەڵام بۆچی؟
دۆخە نێودەوڵەتییەكە باشتر دەبێت
وەڵامەكە پەیوەستە بە پێكهێنانی هێز و ئایدیۆلۆژیاكانەوە لە جیهاندا. دۆخی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاستی حەفتاكانەوە بە دواوە پتر لەبار بوو بۆ دیموكراسی و زیاتر دژوار بوو بۆ حكومەتە سەركوتكارییەكان بە بەراورد بە حاڵەتەكە لە رۆژگارە كۆنەكاندا. هانتیگتۆن جەختی لەسەر گۆڕانكاری كردەوە، دوای كۆمەڵگەی ڤاتیكانی دووەم، جەختی لەسەر عەقیدەی كڵێسای كاسۆلیكی كردەوە لەبارەی سیستم و شۆڕشەوە، كە مەیلی لاوازكردنی حكومەتە سەركوتكارییەكانی هەیە لە دەوڵەتە كاسۆلیكەكاندا. لە هەمان كاتدا، سەركەوتن و كەمەندكێشی هەڵكشاوی كۆمەڵگەی ئەوروپی كاریگەری هەیە لەسەر سیاسەتە ناوخۆییەكانی دەوڵەتانی وەك پۆرتوگال و یۆنان و ئیسپانیا، كە هەوڵیاندا لە رێی ئەندامێتی لە یەكێتی ئەوروپاوە سوودی ئابووری بەدەست بهێنن و بەو پێیە هەستیان بە فشاركرد بۆ پابەندبوون بە پێوەرە دیموكراسییەكانەوە. ئەمە پێوەرانەش زیاتر و زیاتر بوونە پێوەری نێودەوڵەتی. بەڵام لە بۆشاییەوە سەرچاوەی نەگرت، یان دەرئەنجامی بەرەوپێشچوونی سروشتی نەبوو لە نێو مرۆڤەكاندا. هەروەك هانتینگتۆن باسی دەكات، «بڵاوبوونەوەی پێوەرە دیموكراسییەكان بە راددەیەكی گەورە بەندە بە پابەندبوون بە پێوەرەكانی بەهێزترین دەوڵەت لە جیهاندا..»
لە راستیدا، ئەمریكا رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی بینی بۆ ئەوەی تەقینەوەی دیموكراسی ببێتە شتێكی مومكین. ئەمەش بەهۆی ئەوەوە نەبوو كە سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریكا هەمیشە بانگەشەیان بۆ دیموكراسی دەكرد لە جیهاندا. چونكە ئەم كارەیان نەكرد و بگرە لە كاتە جیاوازەكانی سەروەختی شەڕی سارددا، بە زۆری سیاسەتەكانی ئەمریكا، پشتیوانی لە دیكتاتۆریەتەكان دەكرد، وەك بەشێك لە شەڕی دژ بە شیوعییەت، یان بەهۆی خەمساردییەوە. تەنانەت بواری دا، یان بەشداری كرد لە رووخاندنی ئەو رژێمە دیموكراسییانەی كە پێیوابوو جێی متمانە نین- حكومەتەكانی محەمەد مەسەدق لە ئێران لە ساڵی 1953، جاكوبو ئەربیز لە گواتیمالا لە ساڵی 1954، و سلفادۆر ئەلیندی لە چیللی لە ساڵی 1973. لە هەندێ كاتدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دژ بە دیموكراسی بوو. سەرۆك ریتشارد نیكسۆن پێیوابوو مەرج نییە دیموكراسی باشترین شێوەی حوكمڕانیكردنی خەڵك بێت لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریكای لاتینی. هەروەها كاتێك ئەمریكا پشتیوانیی دیموكراسیشی دەكرد، ئەوا وەك هەڵوێستێكی مەبدەئی ئەم كارەی نەدەكرد. بەڵكو زۆر هۆكاری ستراتیژی هەبوو. بەرپرسانی نێو ئیدارەی رۆناڵد رێگان باوەڕیان وابوو كە حكومەتە دیموكراتییەكان بۆی هەیە لە واقیعدا باشتر بن لە سیستمە سەركوتكارییەكان، بۆ نموونە، بۆ بەرگرتن بە یاخیبوونی شیوعییەت. بە زۆری داواكارییە مەحەلییە جەماوەرییەكان ئەمریكایان ناچار كرد بژارەیەك بگرێتەبەر كە خوازیار بوو خۆی لێ لابدات، لە نێوان پشتیوانیكردن لە دیكتاتۆریەتێك كە جەماوەری لە پشت نەبوو و رەنگە ناجێگیریش بووبێت و لە «پاڵپشتیكردنی گەلدا». رێگان پێی باشتر بوو پشتیوانی لە دیكتاتۆریەتی فردیناند ماركوس بكات لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، كە رووبەڕووی تەحەددیی ئەخلاقی پەیوەست بە «هێزی گەلی» فیلیپینەوە نەبووەوە. واتە ئەمریكا بە دەگمەن لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە بنەما دیموكراتییەكانەوە هەوڵی گۆڕینی رژێمێكی داوە. بەڵام لە ناوەڕاستی حەفتاكاندا، رەوتی گشتی لە ئەمریكا وەرچەرخانی بەخۆوە بینی بەرەو گرتنەبەری دیدگایەكی رەخنەگراتر لە ئاست دیكتاتۆریەتدا. كۆنگرێسی ئەمریكی، بە سەركردایەتیی پشتیوانكارانی مافەكانی مرۆڤ، دەستیان كرد بە راوەستاندنی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانە دەسەڵاتخوازەكان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتیان لاواز بێت. لە رێككەوتنەكانی هلسنكی لە ساڵی 1975، سەرنجدان لە پرسی مافەكانی مرۆڤ بووە هۆی تیشكخستنەسەر پرسی بەرهەڵستكاری و بەرهەڵستكارانی دیكەی دیكتاتۆریەت لە كۆتلەی رۆژهەڵاتدا. سەرۆكی ئەمریكا تەركیزی چڕكردەوە لەسەر پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لە یەكێتی سۆڤیەتدا، هەروەها لە حكومەتە راستڕەوەكان لە ئەمریكای لاتین و شوێنەكانی دیكە. دەزگا راگەیاندنە نێودەوڵەتییەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە نێویاندا دەنگی ئەمریكا و رادیوی ئەوروپای ئازاد/ لیبەرتی رادیۆ، لە پڕۆگرامەكانیاندا پتر جەختیان لەسەر دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ دەكردەوە. دوای ئەوەی ئیدارەی رێگان لەسەرەتادا هەوڵی بەدەستهێنانەوەی كارنامەی مافەكانی مرۆڤی –سەرۆك كارتەر- دا، لە كۆتاییدا بەهێزكردنی دیموكراسی كردە بەشێك لە سیاسەتە راگەیاندراوەكانی (ئەگەرچی ئەمەش بە شێوەیەكی بەردەوام نەبوو). تەنانەت دوای ئەم ماوەیەش، سیاسەتی ئەمریكا دوور بوو لەوەی سیاسەتێكی جێگیر بێت.
لەم ماوەیەدا، نەك هەر تەنیا چاوپۆشی لە زۆرێك لە دیكتاتۆریەتە هاوپەیمانەكان، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كرا، بەڵكو بە شێوەیەكی كارا پشتیوانییان لێكرا بە هۆی هاوكارییە ئابووری و سەربازییەكانی ئەمریكاوە. بەڵام كاریگەری ئاڵوگۆڕی سیاسەتی ئەمریكا، كە چووە پاڵ هەوڵەكانی ئەوروپا، كاریگەرییەكی گەورە بوو.
دوای شەپۆلی سێیەم لە ساڵی 1974دا لە پورتوگال شۆڕشی قرنفل كۆتایی بە نیچمە دیكتاتۆریەتەكە هێنا. هەروەك لاری دایمۆند ئاماژەی پێدەكات، ئەم شۆڕشە هەرگیز رووینەدا. كە ئەمریكا و دیموكراسیەتە ئەوروپییەكانیش رۆڵێكی بنەڕەتییان بینی لە دروستكردنی «وەبەرهێنانی گەورە» لە ماوەی دەیە و نیوێكدا، ئەمریكا كۆمەڵە ئامرازێكی جۆراوجۆری بەكارهێنا، لە نێویاندا دەستێوەردانی راستەوخۆی سەربازی، ئەویش بۆ هاوكاریكردنی ئاڵوگۆڕە دیموكراسیەتەكان و رێگریكردن لە دیموكراسیەتە لاوازەكانی سەرتاسەری جیهاندا. لە ساڵی 1978دا، كارتەر هەڕەشەی ئەنجامدانی كردارێكی سەربازی كرد لە دژی كۆماری دۆمینیكان، كاتێك سەرۆكی ئەوكاتە، خواكین بالاغور رەتیكردەوە دەستەبەرداری دەسەڵات بێت لە دوای دۆڕانی هەڵبژاردنەكانەوە. لە ساڵی 1983دا، داگیركردنی گرینادا لەلایەن رێگانەوە بووە هۆی گەڕاندنەوەی حكومەتی دیموكراتی دوای روودانی كودەتای سەربازی. لە ساڵی 1986دا، ئەمریكا هەڕەشەی ئەنجامدانی كرداری سەربازیكرد بۆ رێگریكردن لە ماركوس تاوەكو لە رێی بەكارهێنانی هێزەوە هەڵبژاردنەكانی هەڵنەوەشێنێتەوە. لە ساڵی 1989، سەرۆك جۆرج بۆشی باوك پەنەمای داگیركرد، بۆ هاوكاریكردن لە چەسپاندنی دیموكراسی دوای ئەوەی سەرۆكی سەربازی مانوییل نۆرییگا، بە هێز هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە.
بە درێژایی ئەم ماوەیە، ئەمریكا دەستڕۆیشتوویی خۆی بەكارهێنا بۆ رێگریكردن لە كودەتا سەربازییەكان لە هندۆراس و بۆلیفیا و سلفادۆر و پیرۆ و كۆریای باشوور. لە وڵاتانی دیكە هانی سەرۆكەكانی دا، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی سنوورە دەستوورییەكان درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان نەدەن.
هانتگتۆن مەزەندەی ئەوەی كرد كە نزیكەی لە ماوەی دەیە و نیوێكدا، پشتیوانی ئەمریكا كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی هەبوو لە چەسپاندنی دیموكراسی لە كۆماری دۆمینیكان، گرینادا، سلفادۆر، گواتیمالا، هندۆراس، ئۆرۆگوای، پیرۆ، ئیكوادۆر، پەنەما و فلیپین، فاكتەرێكی كاریگەریش بوو لە چەسپاندنی دیموكراسی لە پۆرتوگال و چیللی و پۆڵەندا و كۆریا و پۆلیفیا و تایوان.
زۆرێك لە پەرەسەندنە جیهانی و ناوخۆییەكان هاوكار بوون لە هێنانەئارای تەوژمێكی دیموكراسی لە كۆتایی حەفتاكان و هەشتاكاندا و رەنگە شەپۆلێكی دیموكراسی بوونی هەبوایە، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش كاریگەری نەبووایە. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا شەپۆلێكی گەورە و بەردەوام دەبوو؟ دیموكراسیەتە جێگیرەكانی ئەوروپا و یابان بوونە موگناتیسێكی بەهێز. بە شێوەیەكی روو لە زیاد سیستمی لیبراڵی بازاڕی ئازاد و بازرگانی ئازاد سەركەوتنیان بەدەستهێنا بەسەر ئابووریەكانی كوتلەی رۆژهەڵاتی چەقبەستوودا، بەتایبەتی لە بەرەبەیانی شۆڕشی زانیاریدا. هەروەها چالاكییە گەورەكانی ئەمریكا لە پاڵ چالاكییەكانی دیموكراسیەتە سەركەوتووەكانی دیكە، هاوكار بوون لە دروستكردنی كۆدەنگییەكی گەورەتر، ئەگەر نەڵێین كۆدەنگیەكی جیهانی، كە زیاتر هاوسۆز بوون لەگەڵ شێوەكانی حوكمڕانیی دیموكراسی و كەمتر هاوسۆز بوون لەگەڵ شێوە دەسەڵاتخوازییەكاندا.
دایمۆند و كەسانی دیكە سەرنجیاندا لە گرنگیی ئەم پێوەرە جیهانییانەی دیموكراسی كە رەنگدانەوەیان هەبوو لەسەر دامەزراوە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییە و هەرێمایەتییەكان كە پێشتر بەم شێوەیە روویان نەدابوو. ئەم پێوەرانە كاریگەریی گەورەیان هەبووە لەسەر پرۆسە سیاسییە ناوخۆییەكانی نێو وڵاتان، ئەمەش وایكرد كە سەركوتكارەكان دوچاری دژواری ببنەوە لە زاڵبوون بەسەر گەردەلوولە سیاسی و ئابوورییەكان و ئاسانكاری كرد بۆ بزووتنەوە دیموكراسییەكان كە شەرعیەت بەدەست بهێنن. بەڵام پێوەرەكانیش سنووربڕن. لە سییەكانی سەدەی رابردوودا، دەوڵەتە بوێرەكان دیكتاتۆریەتی فاشی بوون، لە پەنجاكان و شەستەكاندا، شێوە ئیشتراكییەكان باو بوون، بەڵام لە حەفتاكانەوە و تاوەكو كاتێكی نزیك، ئەمریكا و كۆمەڵێك لە هێزە دیموكراسییەكانی دیكە ئاراستەی تەوژمەكەیان دیاریكرد. ئەوان كاریانكرد، (تەنانەت هەندێ كەس دەڵێن سەپاندنیان)، لەسەر چەسپاندنی بنەما دیموكراسییەكان و ئاوێتەكردنی لە دامەزراوە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكاندا.
ئەوەی بە هەمان ئەندازە گرنگە، رۆڵی ئەمریكایە لە رێگریكردن لە پاشەكشەی ئەو دیموكراسیەتەی كە هێشتا جێگیر نەببوون. رەنگە گرنگترین رۆڵی ئەمریكا ئەوە بووبێت كە رێگریكرد لە كودەتا سەربازییەكان لە دژی دیموكراسیەتە نوێیەكان. تا راددەیەك، ئەمریكا دەستێوەردانی دەكرد لەوەدا كە دەكرا بە گەڕێكی سروشتی دابنرێت، ئەمەش رێگریكرد لەو دەوڵەتانەی كە شایستەی قۆناغی سەركوتكاری بوون تاوەكو شێوازە باوەكە نەگرنەبەر. هەروەها مەسەلەكە ئەوە نەبوو كە ئەمریكا دیموكراسیەتی هەناردە دەكرد بۆ هەموو شوێنێك. و لە زۆربەی كاتدا، رۆڵی ( الماسك فی الجاودار)ی بینی- رێگریكردن لە كەوتنی دیموكراسیەتە لاوازەكان- لە وڵاتانی وەك فلیپین و كۆڵۆمبیا و پەنەما. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شەپۆلی سێیەم بەرفراوانی و تۆكمەییەكی بێ پێشینە بەدەست بهێنێت.
لە كۆتاییدا، داڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت و لەگەڵیدا سیستمە شیوعییەكان لە ئەوروپای ناوەڕاست و ئەوروپای رۆژهەڵات و ئاڵوگۆڕیان بە دیموكراسی لێكەوتەوە. رەنگە رۆڵی ئەمریكا لە خێراكردنی رووخانی یەكێتی سۆڤیەت مایەی مشتومڕ بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە رۆڵێكی بینی، ئەویش یان لە رێی ئیحتیواكردنی ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەت لە رووی سەربازییەوە و زاڵبوون بەسەریدا لە سەر ئاستی ئابووری و تەكنەلۆژی. لە نێو جەرگەی ئەم تێكۆشانەشدا، خودی گەلانی وڵاتانی حیلفی وارسۆ بوونیان هەبوو. ئەوان ماوەیەكی زۆر بوو پەرۆش بوون بۆ رزگاركردنی دەوڵەتەكانیان لە یەكێتی سۆڤیەت، كە ئەمەش بە مانای رزگاربوون لە شیوعیەت دەهات لە هەمان كاتدا. ئەم گەلانە ویستیان بچنەپاڵ باقی ئەوروپا، كە نموونەیەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی سەرنجڕاكێشتری لە ئەمریكا خستەڕوو.
بەڵام گەلانی ئەوروپای ناوەڕاست و رۆژهەڵات بە شێوەیەكی دیموكراسییانە شێوە دیموكراسییەكانی حكومڕانییان هەڵبژارد، مەسەلەكەش تەنیا زادەی تمووحەكانی ئازادی و ئارامی نەبوو، بگرە رەنگدانەوەی خواستی ئەو گەلانە بوو بۆ ئەوەی خۆیان بخەنە ژێر چەتری پارێزگاریی ئەمنیی ئەمریكاوە. بەو پیێە، ناكرێت ستراتیژیەت و ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژییان لێكجیابكرێنەوە. ئەو دەوڵەتانەی كە ویستیان ببنە بەشێك لە ناتۆ و دواتریش یەكێتی ئەوروپا، زانیییان هیچ دەرفەتێكیان نییە بۆ ئەوەی قبووڵ بكرێن، ئەگەر رێگەی دیموكراسی نەگرنەبەر. ئەم ئاڵوگۆڕە دیموكراسییانە، كە شەپۆلی سێیەمی گۆڕی بە تسۆنامییەكی دیموكراسی، كە روودانیان پێویست نەبوو، ئەگەر جیهان بە شێوەیەكی جیاواز دابڕێژدرایە. بوونی ئەوروپای رۆژئاوا كە دیموكراسی و یەكگرتوو و گەشەكردوو بوو، بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێكی موگناتیسیی بەهێز لەسەر دراوسێ رۆژهەڵاتییەكان، ئەمەش بەهۆی كارەكانی ئەمریكاوە بوو لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی.
ئایندەی بزری ساڵی 1848
بە پێچەوانەی چارەنووسی بزووتنەوە دیموكراتییەكانی كۆتاییەكانی سەدەی بیست لەگەڵ شۆڕشە لیبڕاڵییەكاندا كە ئەوروپای گرتەوە لە ساڵی 1848. هەروەك زانراوە، «بەهاری گەلان» لە فەڕەنساوە دەستی پێكرد و كەسە لیبڕاڵییە ریفۆرمخواز و دەستوورییەكان و نەتەوەیی و نوێنەرانی چینی نا
Top