هەندێك لە خاڵە جیاكەرەوەكانی كورد

هەندێك لە خاڵە جیاكەرەوەكانی كورد
بۆ ئێستا و ئایندەی خۆمان زۆر گرنگە بایەخی زیاتر بە كوردۆلۆجی بدەین لە رەهەندە جیاوازەكانیەوە، چونكە كوردۆلۆجی، یان كوردناسی وەك گشت ئەو نووسراو و توێژینەوانەی پەیوەستن بە ژیانی كوردو كوردستانەوە لە بوارەكانی جوگرافیاو مێژوو زمان و شێوەزارو داب ونەریت و هونەرو بیناسازی و جلوبەرگ و سیاسەت و كۆمەڵناسی و ئابوورییەوە، جا چ لەلایەن كورد خۆیەوە، یان لەلایەن بیانییەكانەوە نووسرا بێت.
رەنگە زۆر هۆ هەبووبن بۆ دەركەوتنی كوردۆلۆجی، وەك:
هۆی ئابووری: بە هۆی دەوڵەمەندیی خاكی كوردان بە زۆربەی سەرچاوەكانی وزە و ماددە خامەكان لەلایەك و، بەهۆی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی كاڵا و بەرهەمەكانیان لە لایەكی دیكەوە، زۆرێك لە دەوڵەتانی نزیك و دوور بایەخیان بە كوردۆلۆجی داوە.
هەڵمەتە ئایینییەكان: زۆرێك لە دەوڵەتان لە دێرزەمانەوە لە پێناو بڵاوكردنەوەی ئایینی خۆیان، ویستوویانە لە بارەی كوردەوە زانیاریی وردیان هەبێت.
هۆی سەربازی و سیاسی: دەوڵەتانی وەك فارس و رۆم، سەفەوی و عوسمانی، فەرەنسا و بەریتانیا، ئەڵمانیا و رووسیا، هەر یەكەو بۆ بەرژەوەندیی خۆی خەریكی پڕۆسەی كوردناسی بووە.
قۆناغەكانی گەشەكردنی كوردۆلۆجییش دوورو درێژ بوون، بۆ نموونە :
یۆنانییەكان لە مێژووی كۆنی خۆیاندا زانیارییان لە بارەی كوردەوە كۆكردۆتەوە.
دواتر ئیتاڵییەكان، لەبەر هۆی ئاینیی و زانستیی ئیتاڵییەكان وردتر كوردستانیان ناسیوە، نووسراوەكانی گەڕیدەو گەشتكار ماركۆ پۆلۆ (1254 - 1324)ی زایینی، باسی كوردستان دەكات و، كورد بە گەلی جەنگاوەر و خەمبار ناو دەبات.
ئنجا ئەڵمانییەكان و پاشان رووسەكان، لەسەدەی هەژدەوە رووسەكان زۆرترین قسەو باسیان لەسەر كورد نووسیوەو، چەندین پەیمانگاو بەشیان لە زانكۆكاندا كردۆتەوە بۆ كوردناسی و دواتریش كۆڵۆنیاڵییەكان، بەتایبەت لە سەدەكانی نۆزدە و بیستەمدا و لەلایەن بەریتانیاو فەڕەنساوە دەیان توێژینەوەی مێژوویی و جوگرافی و دیمۆگرافییان لەبارەی كوردەوە نووسیوە، لەبەر هۆی سیاسیی زیاتر لەوەی هۆی زانستی بن. لە كۆتاییشدا هەوڵە خۆماڵییەكان، كە ساڵانیكی كەم نییە دەستیان پێكراوەو، باس و توێژینەوە زانستییەكان لە بوارە جیاجیاكانی تایبەت بە كورد و كوردستان.
یەكێك لە سوودە گەورەكانی ئەم زانستە یارمەتیدانمانە بۆ خۆناسین و زانینی زۆر خاڵی تایبەت بەكورد كە لە گەلانی دەوروبەری جودای دەكاتەوە، بۆ نموونە:
1- دیاردەی فلتەری كوردی، هەر زاراوەیەك، یان بیردۆزێك كاتێك بەفلتەری كورددا تێپەڕ دەبێت مانایەكی خۆماڵی وەردەگرێت، بۆیە زۆر وشە و زاراوە و بیروبۆچوون هەن، كاتێك دەگەنە لای كورد و بە فلتەری كوردیدا تێپەڕ دەبن، ماناو شێوازێكی نوێ وەردەگرن.
2- كورد وەك دۆستی چیا، ماناكانی ئازادی و بینینی ئەوانی دیكە و سەربەخۆبوونی لەلا چەسپاوە.
3- ژینگەی كوردو دووانەكانی بەرز – نزم، سارد – گەرم، باران – وشكە ساڵی، بیركردنەوەیەكی پۆلێنكاریی دووانەیی لەلا دروست كردووەو، زۆربەی كات كەمتر ناوەڕاست و تێكڕای شتەكان و رووداوەكان دەبینێت، بۆیە لە گوفتار و رەفتاردا یەكێك لە هەردوو سەری هەڵوێستە توندەكان هەڵدەبژێرێت.
4- كورد وێڕای ئەوەی زۆرینەی موسڵمانە، بەڵام تەواوی وردەكاریی ئایینەكانی پێشووی پشتگوێ نەخستووە، بۆیە زۆر سروت و بۆنە هەن كورد ئێستاش یادیان دەكاتەوەو، هاوبەشیی خاوەن ئایینەكانیش دەكات تیایاندا.
5- كورد لەو گەلانەیە كە لە وەرگرتنی ئیسلامیش و لە نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیشیدا، زمانی رەسەنی خۆی پاراستووەو، وەك موسڵمانی شام و باكووری ئەفریقیا زمانی خۆی نەگۆڕیوە بۆ عەرەبی.
6- كورد بە هۆی دابڕانی جوگرافییەوە، ئیماراتی جودای پێكهێناوەو، بەمەش شێوەزاری جیاواز هاتۆتەئاراوە.
7- كورد بەهۆی هەوڵدان بۆ خۆپاراستن لە دەستی دەوڵەتانی داگیركار، زۆربەی كات ئەوەی لە ناخیدایە شتێك بووەو، ئەوەی ئاشكرای كردووە، شتێكی دیكە بووە، بەمەش نیكیتین دەڵێت: كورد زۆر تێكەڵن، بەڵام مانای وانییە كە تەبان.
8- كورد ئایینی وەك عیرفانی حوببی و خۆشەویستیی خودا زیاتر لەلا مەبەستە هەتا زوهد و تەركی دنیا.
9- كورد خاوەن عەقڵێكی زۆر پرسیاركار و رەخنەگرانەیە، بۆیە تا قەناعەتی خۆی بۆ دروست نەبێت، تەسلیم بەهیچ شتێك نابێت.
10- كورد ئایین و نەتەوەی پێكەوە ویستووە، بۆیە لە دێرین زەمانەوە هەر كەسێك دژی هەستی نەتەوایەتی و زمان و كەلتووری وەستابێتەوە، قەبووڵی نەكردووە بە ناوی ئایینەوە دژایەتی بكرێت.

Top