ئایا بارزانی دەستبەرداری ریفراندۆم بووە؟

ئایا بارزانی دەستبەرداری ریفراندۆم بووە؟

دوای ئەوەی بارزانی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشكرد، بێژەرێك لە یەكێك لە كەناڵەكانی عەرەبی پرسیاری لێكردم: بۆچی بارزانی دیار نییە؟ ئایا لە رووی سیاسییەوە كۆتایی هاتووە؟ منیش پێیم گوت: ئەو پیاوە بزر نەبووە، بەڵكو دەیەوێ پشوو بدات، دوای ئەوەی گەورەترین دەستكەوتی هێنایەدی لەوەتەی سەد ساڵە لە مێژووی گەلی كوردستان ئەویش ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، سەرباری ئەو هەموو تەحەددییە گەورانەو ئەو ئاستەنگە ناهەموارانە، ئەو جارێكی دیكە بەهێزتر لە جاران دەگەڕێتەوە. بەڵی ئەوەی گوتم، هاتەدی، دوای ئەوەی كە پارتەكەی گەورەترین سەركەوتنی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەو هەموو ساختەكاری و ستەمەی دەرحەق دەنگەكانی چەند ناوچەیەكی كوردستان كرا، بەڵێ لەسەر ئاستی عێراق لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی 2018ی پەرلەمان یەكەم بوو، لە هەمان كاتدا لە هەڵبژاردنەكانی ئەو دواییەی پەرلەمانی كوردستانیش هەر یەكەم بوو، كە توانی 45 كورسیی پەرلەمانی بهێنێت، لێرەوە لاوازیی شرۆڤەكانی هەندێ قین لەدڵ بەدەركەوت، كاتێ دەیانگوت: بارزانی لە رووی سیاسییەوە كۆتایی هاتووە.
سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ بەغدا پشتشكێن بوو بۆ ئەو سیاسەتوانانەی كە شەو و رۆژ بۆ شێواندنی وێنەو لاوازكردنی پێگەی بەڕێزیان كاریان دەكرد، زیاتر لە چوار ساڵ حزبە كوردستانییە ئۆپۆزسیۆنەكان بەتایبەتیش پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان جگە لە هەندێكیان، خۆیان وەك نوێنەری راستەقینەی گەلی كوردستان پیشاندەدا، گوایە بارزانی رقی لە بەغدایە و نایەوێت دیالۆگ لەگەڵ بەغدادا بكات، بەڵكو دەیەوێت یەكێتیی نیشتمانیی وڵات لێكبترازێنێت، بۆیە دژی ریفراندۆمی میللی وەستانەوە، زیاتر لە كەسانی دیكە داوای یەكێتیی عێراقیان دەكرد، ئەمانە هەمووی تەنیا بۆ ئەوەی قەناعەت بە بەغدا بهێنن كە بارزانی لە دەرەوەی گەمە سیاسییەكەیەو هیچ جێگەیەكی لە عێراقی یەكگرتوودا نییە، ئەوان دەیانەویست دوو ئامانج بێننەدی، یەكەمیان دەستكەوتی حزبی و شەخسی، دووەمیان پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی رۆڵی سیاسیی بارزانی، هەتا هەندێكیان دەیانگوت: بارزانی ئەو قورساییە سیاسییەی نەماوە كە پێش ریفراندۆم هەیبوو، بۆیە بۆ یەكەم جار بەغدا بوو بە حەجێكی سیاسیی حزبە نایارەكان، تەنانەت بۆ هەندێ لەوانەی لە حكومەتیشدا بوون، ئەوان پێشوازییان لە هەندێ سەركردەی بەغدا دەكرد، تەنیا بۆ ئیستیفزازكردنی هەولێر و گۆڕینی سلێمانی بۆ قیبلەیەكی سیاسی تا شوێنی هەولێر بگرێتەوە، بۆیە لە میدیای عەرەبیدا دەستیانكرد بە هەڵمەتێكی ناڕەوا دژ بە هەولێر و چەندین تۆمەتیان خستەپاڵ، دواترینیان كە گوایە سەرچاوەی تیرۆرە، لەمیانی ئەزموونی خۆم لە میدیای عەرەبیدا، ئەوەی پێوەی نیگەران بووم لە هەندێ پەرلەمانتاری نایار (ئۆپۆزسیۆن)ی كوردستان زیاتر لە پەرلەمانتارانی دیكە، ئەوان هەر خەریكی شێواندنی وێنەی هەولێر و پارتی دیموكراتی كوردستان و كەسایەتیی بارزانی بوون، هەمیشە پێم دەگوتن، با لە میدیای عەرەبیدا باسی كێشەكانی كوردستان نەكەین، ئەو كێشانە نەگوازینەوە بەغدا، چیتان هەیە بیڵێن، رەخنە بگرن، بەڵام نەك لە میدیای عەرەبی، بەڵام بێ سوود بوو، مەرامی ئەوان دیار بوو، كە لەكەداركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بە رابەرایەتیی سەرۆك، هەروەها وا خۆیان بناسێنن كە ئەلتەرناتیڤی داهاتوون، ئەوە هەمووی بۆ ئەوە بوو كە بەغدا خوێندنەوەیەكی دیكە بكاتەوە بۆ چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ هەولێردا، با راستییەك بۆ خواو مێژوو بڵێم: سەركردەكانی بەغدا متمانەیان پێ نەدەكردن، بەڵكو چاوەڕوانی گەڕانەوەی پەیوەندییەكانیان دەكرد لە نێوان بارزانی و هەندێ لە سەركردەكانی بەغدا، بەتایبەتیش لەنێوان مالیكی و بارزانی، شەرەفێكی گەورەش بوو بۆ من كە یەكێك بووم لەوانەی هەوڵی زۆریان دا بۆ چاككردنەوەی ئەو پەیوەندییە، بە قەناعەتی رەهای خۆم و بەو ئەزموونەی لە بەغدا هەمبوو، كە تاكە چارەسەری چاككردنەوەی پەیوەندیی نێوان بەغداو هەولێر بریتییە لە چاككردنەوەی پەیوەندیی نێوان گەورە سەركردەكان، ئەوانەی قورسایی سیاسی و مێژوویی و كۆمەڵایەتییان هەیە، كاتێكیش ئەمە لەنێوانیان دێتە ئاراوە، ئەوكات كاریگەریی سەركردە بچووكەكان یان لەوان كەمتر لە رووی سیاسییەوە بەسەر گۆڕینی رێڕەوەكەوە نامێنێت.
زۆر قسەی زیاد گوترا دەربارەی سەردانەكەی ئەم دواییەی بارزانی بۆ بەغدا، دەبینین شرۆڤەگەلێكی زۆر هاتنەئاراوە، لە هەموویان بەهێزتر لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و كوردستان گوایە بارزانی سەردانی بەغدای كرد، چونكە دەستبەرداری ریفراندۆم بووە، لە راستیدا وا نییە، لەبەر چەند هۆیەك: بارزانی ریفراندۆمی بۆ ئەوە نەكرد، تاكو راستەوخۆ دوای ئەوە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانی رابگەیەنێت، بەڵكو تاكو گەل ئازاد بێت لە گوزارشتكردن لە راو ئیرادەو ئارەزووی خۆی وەك هەموو گەلانی جیهان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، ئەمە یەكیان، دووەمیان: ریفراندۆم دەستوورییە و بەشێكە لە ئازادیی رادەربڕین كە لە دەستووری عێراقدا هاتووە، سێیەم: ئەم ریفراندۆمە لە دەسەڵاتی بارزانی-دا نییە هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵكو مافی گەلە، ئەم مافە بەدەست گەلە، كە بارزانی تاكێكی ئەو گەلەیە، نامەوێت وتارەكەم درێژ بكەمەوە دەربارەی ریفراندۆم، چونكە زۆر وتارم لەسەر نووسیوە، بارزانی سەردانی بەغدای كرد تا پێیان بڵێت: برایان هەڵەگەلێكی زۆر لە پرۆسەی سیاسی روویاندا، زۆرجار ئاگادارم كردنەوە، بەڵام كەس گوێی لێ نەگرتین، ئەمڕۆش هاتووم چونكە هەست دەكەم دەرفەت هەیە بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی، ئێمە هەموومان لە یەك كەشتیداین، دەبێ پێكەوە كاربكەین تاكو بگەینە كەناری ئارام، ئەگەرنا كەشتییەكەمان نقوم دەبێت، بەتایبەتیش گۆڕانكاریگەلێكی تازەی سیاسی و جیۆسیاسیی لەناكاو و تەحەددیی ناوخۆ و دەرەكی لەگۆڕێیە، لێگەڕێن با چاكی بكەینەوە، باشترینیشیان پشتیوانیكردنە لە حكومەتەكەی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، ئەو خەباتگێڕێكی دێرینە و دەتوانێت لەم چوار ساڵەدا وڵات بەرەو رێگەی راست بەرێت، بە مەرجێك هەموومان پشتگیری بكەین، بۆیە ئەم سەردانە مێژوویی و سەركەوتووە، چونكە لاپەڕەیەكی تازەی لە پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر كردەوە، هەموو سەركردەكانی بەغدا خۆشحاڵییان بەم سەردانە دەربڕی، چۆن نا، كە ئەو ئەندازیارو دامەزرێنەری پرۆسەی سیاسییە، هەروەك بەڕێز سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی گوتی، چونكە لەوەتەی زیاتر لە چوار ساڵە سیاسەتوان و پەرلەمانتارە نەیارەكان و هەندێ لەوانەی لەناو حكومەتی كوردستاندا بوون، شەو و ڕۆژ كاریان دەكرد تا ببنە جێگرەوەی شەرعیی بارزانی لە بەغدا، بەڵام بارزانی لە ماوەیەكی كەمدا توانی بۆ گەلی كوردستان و عێراقییەكان بیسەلمێنێت كە ئەو نوێنەری شەرعی و راستەقینەی گەلی كوردستانە، بۆیە لە بەغدا وەك پێشوازیكردن لە سەركردەیەكی نەتەوەو سەرۆكێكی گەل و دۆستێكی ئازیزو خەباتگێڕێكی دێرین لە كاروانی خەبات و ئازادی پێشوازییان لێ كرد، بۆیە لێرەدا هەموو هەوڵەكانی ئەو حزبە نەیارانەی كوردستان شكستیان هێنا، هەوڵەكانیان لە دژایەتیكردنی بارزانی و لاوازكردنی پێگەی ئەو لە بەغدا پووچەڵ بووەوە، ئەوەش دەركەوت كە پێشتر ئاماژەم پێكرد كە سەركردەكانی بەغدا بڕوایان بەو حزبە نەیارانە نەكرد، لە دیدارو گفتوگۆكانم لەگەڵیاندا ئەمەم بۆ روون بووەوە، با ئەوە روون بێت كە بارزانی هەرگیز دەستبەرداری ریفراندۆم نەبووەو نابێت، چۆن دەستبەرداری دەبێت كە گەل ئەنجامی داوەو بە رۆژێكی مێژوویی داناوە، با بۆ هەموو لایەكیش ئاشكرا بێت كە كەس لە بەغدا باسی بابەتی ریفراندۆمی نەكرد، نەك لەبەر ئەوەی هەڵوەشاوەتەوە، بەڵكو لەبەر ئەوەی كەس دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی نییە، ئەوەی گەل بڕیاری بدات، تەنیا خودی گەل هەڵیدەوەشێنێتەوە، تەنانەت هەموو تەركیزیان كردە سەر بەدیهێنانی ئایندەیەكی گەش بۆ گەلی عێراق بە هەموو پێكهاتەو ئایین و تایفەكانیەوە.
رەنگە یەكێك بپرسێت: ئەم بایەخدان و كێبڕكێ لەسەر پۆستەكانی بەغدا بەتایبەتیش سەرۆكایەتیی كۆمار بۆچی، ئایا ئەمە ناكۆك نییە لەگەڵ خواستی ئەو كەسەی كە سەربەخۆیی گەرەكە؟ لە راستیدا ئەم پرسیارە زۆر لۆژیكییە، وەڵامەكەشی ئاسانە، كاتێ پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا لاواز بێت، كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر ئاڵۆزتر دەبن، كاتێكیش بەهێز دەبێت، چارەسەریان ئاسانتر دەبێت، كاتێ سەرۆكایەتیی كۆمارمان دایە یەكێتیی نیشمانی، بەتایبەتیش لەسەردەمی فوئاد مەعسوم، دەركمان بەوە كرد كە ئەم بڕیارە چەند قورس و گەورە بوو، ئەو پیاوە لە ناخۆشترین بارودۆخدا جووڵەی نەكرد، بەتایبەتیش لەهەمبەر ئەو بڕیارە ستەمكارانەی بەغدا دەرحەق بە كوردستان كە دوای ریفراندۆم دەریكردن، تەنانەت بێدەنگ بوو و ریفراندۆمیشی رەتكردەوە، بۆیە گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە ئەگەر بمانەوێت یارمەتیی گەلی كوردستان بدەین و لەو قەیرانە سەختە رزگاری بكەین، ئەوا پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێز بێت، تاكو بەشداربێت لە داڕشتن و دەركردنی بڕیار، بۆیە بارزانی، فوئاد حوسێنی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار كاندید كرد، ئەمەش مافی خۆمان و شایستەی هەڵبژاردنمانە، لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێككەوتین كە بەرهەم ساڵح لە سەرۆكایەتی بكشێتەوە، بەڵام لە دواچركەدا رێككەوتنەكەیان، هەروەك پیشەیانە، پێشێل كرد. پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح نەكرد، كاتێكیش بارزانی سەردانی بەغدای كرد، لە نەخشەی كاریدا نەبوو بەرهەم ببینێت، بۆیە سەفەری كرد، تا ئیحراج نەبێت، كەسیش وا بیرنەكاتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان شكستی هێناوە لەبەر ئەوەی كاندیدكراوەكەی سەرنەكەوت، چونكە حزب بە پێوەری سەركەوتن، یان شكست ناڕوانێتە پۆستەكان، بۆ گەلی كوردستانیش روون بووەوە كە پیاوێكی وەك بەرهەم ساڵح لە رووی سیاسییەوە شكستی هێنا، لە یەكێتیی چووە دەرەوەو حزبێكی دروستكرد، دواتر لە هەڵبژاردنەكاندا شكستێكی گەورەی خوارد، پێیوابوو چەندین كورسی دێنێت تا ببێتە سەرۆك كۆمار، دواتر وازی لە حزب و لایەنگرانی هێناو گەڕایەوە نێو حزبە كۆنەكەی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك كۆمار، لە هەمان كاتدا دەركەوت كە حزبە كوردییەكان، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا ململانێ لەپێناو پۆستەكاندا دەكەن، نەك لەبەر بەرژەوەندیی گەلی كوردستان، بەڵێ رەنگە هەندێ لە بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان تێوەگلابن لە گەندەڵی و پەرۆشیی پۆستەكان، بەڵام من لێرەدا باسی فەلسەفەی پارتی دەكەم لە بەغدا، ئەم فەلسەفەیە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لە خەبات و ململانێدایە.
سەردانەكەی ئەم دواییەی بارزانی بۆ قسەكردن نەبوو لەسەر پۆستەكان، هەرچەندە بە دیدی من ئاساییە، چونكە پۆستەكان رێگەن بۆ بەدیهێنانی داخوازییەكان، ئەم سەردانە بۆ گەیاندنی پەیامێكی دیار بوو بەوەی كە پرۆسەی سیاسی پێویستی بە راستكردنەوە هەیە، نرخی پۆست چییە ئەگەر پرۆسەی سیاسی لار بوو، قسەكردنەكە پێویستە تایبەت بێت بە پرۆسەی سیاسی و گفتوگۆی بنیادنەرانەو پێكەوەژیانی برایانەو بنیادنانی دامەزراوەكان و دەوڵەتی مەدەنی و دیموكراسی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ و كەمایەتییەكان.
دواتر باس لە پۆستەكان دەكرێت بۆ بەدیهێنانی داخوازییەكان، بۆیە باسی پۆستەكانمان كرد، تا داخوازییەكانی گەلی كوردستان بێنینەدی، كەسانی دیكە جگە لە ئێمە ناتوانن، بەڵكو ئەوان بەرژەوەندییەكانی حزبی و شەخسی دێننەدی.
سەبارەت بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، پێموایە كە بەڕێزیان پیاوێكی گونجاوە بۆ ئەم قۆناخە كە ئەم كابینەیە بەڕێوەببات، چونكە شارەزایی سیاسی و ئەزموونێكی دوورودرێژی هەیەو پەیوەندیی باشیشی هەیە لە ناوەەو دەرەوەدا و لە واقیعی دۆخی سیاسیی عێراق دەگات، ئاگاداری بارودۆخی كوردستانیشە، تا ئەو دەمەی كە ئەم وتارەم نووسیوە كابینەكەی پێكنەهێناوەو هەشت وەزارەت بە بۆشی ماونەتەوە، هەرچەندە كابینەكەی بۆ چواردە وەزیر متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، كابینەكە نیسابی یاسایی تێپەڕاند، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ هەوڵی چەپەڵ لەلایەن چەند پەرلەمانتارێك هەیە، بۆ سەندنەوەی متمانە لە چەند وەزیرێك بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر، بۆیە كابینەكەی عەبدوالمەهدی كەموكورتی دەبێت، ئەویش بەهۆی ناكۆكیی قووڵی نێوان كوتلە سیاسییەكان دەربارەی ئەو وەزارەتانەی كە ماون، بەتایبەتیش ناوخۆو بەرگری، یەكەمیان پشكی شیعەیە، كوتلەی سائرون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر (فالح فەیاز) رەتدەكاتەوە وەك كاندیدی كوتلەی بینا بۆ وەزارەتی ناوخۆ، چونكە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبییە، چۆن دەكرێ ناوخۆ بدرێتە یەكێك كە سەرۆكی حەشدی شەعبی بێت، بە كورتی لە پڕۆژەی سەدردا ئەوەیە كە حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە، بەڵام پۆستی بەرگری لە پشكی سوننەیە، ناكۆكیی سوننەش دیارە لە شتی گەورەو بچووكدا، ئەو پۆستە زۆر دواكەوت و یەكلاییش نەبۆوە، لەبەر سەفقەیەكی بازرگانی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری هەیە، بەوەی كە كێ زیاتر دەدات، هەندێ زانیاری دزەیان كردووە كە نرخەكەی گەیشتۆتە پەنجا ملیۆن دۆلار، زۆربەی ئەو گرێبەستانەش لە دەرەوەی وڵات دەكرێن بە تایبەتیش لە ئوردن و لوبنان، بۆیە مەسەلەی كڕین و فرۆشتنی پۆستەكان لە عێراق گەورەترین ئابڕووچوونە لە جیهاندا، ئەگەر ئەم ناكۆكییە سیاسییە قووڵانە دەربارەی ئەو وەزارەتانەی ماون هەر وا بەردەوام بن، ئەوا دەست لە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بشۆ، ئەو پیاوەش بە وەرگرتنی هەڵوێستی خێرا ناسراوە، نامەی دەست لەكار كێشانەوەكەی بەردەوام لە گیرفانیدایە، لێرەوە گرنگیی سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا بەدیاریكراوی لەم كاتەدا دەردەكەوێت، چونكە بەڕێزیان پێیانوایە كە ئەمە دوا دەرفەتە بۆ عێراق تاكو لە رووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە هەستێتەوە سەر پێی خۆی، لە بواری دیپلۆماسیشەوە باشتر بێت، هاوكات بڕیاری كۆتاییش بدات سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە دۆسێی ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەولێر، بۆیە پشتیوانیی تەواوی بۆ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دووپات كردەوە، چونكە پشتگیریی نەكردنی لەم قۆناخە ناسكەی مێژووی عێراق كابینەكەی ئەو شكست پێ دێنێت، گەندەڵكارانیش خۆیان مەڵاس داوە تاكو بكەوێت و شكست بهێنێت، چونكە نایانەوێت حكومەت خزمەتی هاووڵاتیان بكات، بەڵكو لە خزمەتی گەندەڵكاراندا بێت، ئەوا پازدە ساڵە گەندەڵكاران كۆنتڕۆڵی بڕیارو سامانی ئەم وڵاتەیان كردووە، مافی گەلیشە دژی ئەو گەندەڵكارانە راپەڕێت، من لەو قەناعەتەشدام كە عێراق راپەڕینێكی سەرتاسەری بەخۆیەوە دەبینێت ئەگەر هەر ئەو گەندەڵكارانە وڵات بەڕێوەبەرن، چارەنووسی وڵاتیش بەرەوە نادیار دەچێت، دەوڵەتیش هەرەس دێنێت. ئەوكاتە كەس نەڵێت كە كورد هۆكاری ئەو راپەڕین و پاشاگەردانییەیە، ئەوەی لە بەسرە روویدا، زۆر دوور نییە، كاتێ گەندەڵكار و تایفەگەرو ئایدیۆلۆجیخوازانی ئایینی دەست بەسەر بڕیارەكان و سامانی ئەو وڵاتەدا بگرن، ئەوا گەلی كوردستان ئامادە نابیت لەگەڵ ئەم جۆرە دەوڵەتە بژیێت، لێرەوە گرنگیی ریفراندۆم وەك قۆناخێكی بنەڕەتیی سەرەكی بەرەو سەربەخۆیی دێتەپێشەوە، ئەگەر سیاسەتوانانی پێكناكۆك نەتوانن ئەم وڵاتە لە مەترسییەكانی دادێ رزگار بكەن.

Top