حكومەت و خەڵك
November 7, 2018
وتار و بیروڕا
هەرچەندە دەزگای دەسەڵات هەرگیز بایەخی نەداوە بە بەرهەم و تۆژینەوەكانی زانستانی كۆمەڵایەتی (كۆمەڵناسی، ئەنترۆپۆلۆگیا، ئێتنۆگرافیا، دەروونناسیی كۆمەڵایەتی.. كەچی هەموو ئەو بوارانەی حكومەت لێیان سەركەوتوو نەبووە ڕێك بابەتی سەرەكیی ئەم زانستانەن) و سوودی لێ وەرنەگرتوون،بەڵام بە ئەزموون دەبێ بۆی ڕووونبووبێتەوە كە لەو ماوەیەدا(٢٧ ساڵ) لە چیدا كورتیی هێناوە و ئەمجارەیان ئامانج، ئەرك و بەرنامەی كاری لەپێشینەی خۆی چۆن دادەڕێژێ .. هەروەها میكانیزمی هەنگاونانەكانی بە چ شێوەیەك دادەنێ .
ئەگەر بڕیارە دەسەڵات كۆمەڵگا و كٶمەڵ و خەڵكی بەلاوە ئامانجە، ئەوا لە هەموو ئەو ماوەی ڕابردوودا، كە نزیكەی هەر هەمان لایەن و دەسەڵات و حكوومەت بوو، دەسكەوت و داهێنانی بەرچاوی بۆ ئەمانە نەبووە؛ ئەو گۆڕانكارییانەش كە لە ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕوویانداوە ئەوەندە دەسكردی دەسەڵات نەبووین، ئەوەندەی بەرهەمی دینامیكای كۆمەڵگاكە خۆین- هەر كۆمەڵگایەكیش لەماوەی چارەگە سەدەیەكدا، كەم و زۆر، دەگۆڕێ. بەپێچەوانەوە- شكست، كورتهێنان، كەمتەرخەمی، بێ منەتی، پشتگوێخستن و چاوپۆشین، ململانێ و هێز و زۆرداری.. ئەمانە سیما ڕوون و ئاشكراكانی دەسەڵات بووین، زەق و هەستپێكراویش خۆیان نواندووە .
دەزگای دەسەڵات ئیتر لەمەودوا دەبێ ئاوڕ لە خۆی بداتەوە، پێداچوونەوە بە توخمە پێكهێنەرەكانی بكات و ئەجیندای هەرەپێویست و كاریگەری ڕابگەیەنێ؛ ئەوەش بسەلمێنێ كە ئێمە سەدەكانی ناوەڕاستمان تێپەڕاندووە و ڕووەو دنیای سەردەمین .
كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی نەبێتە تەنیا ژمارەیەك، دەبێ بەرنامەی كاری تژی بێت لە پرەنسیپ و بەهای نوێ و هەنووكەیی كە بە جێبەجێكردنیان بتوانین هەنگاوبنێین بەرەو چاخی ئێستای كۆمەڵگای مرۆڤایەتی .. لەم بەها و پرەنسیپانەش:
- كابینەیەكی خزمەتگوزار، نەك دەسەڵاتدار و بەشینەوەی ئیمتیاز؛
- سەروەركردنی یاسا و پیادەكردنی .. یاسا هەبێ تاوان و گەندەڵی نابن؛
- چاكردنی ڕەوشی پەروەردە بە دابینكردنی ژێرخان (قوتابخانەی شیاو) و مامۆستا(بەرزكردنی ئاستی بژێوییان)؛
- نەنگییەكی گەورەیە خەڵك بۆ چارەسەری ڕوو لە هەندەران بكەن، ئەمە واتە كۆمەڵگای ئێمە شایانی سەدەی ٢١نییە؛
- زیندووكردنەوەی كشتوكاڵ، هاندان و پشتیوانیكردن لە جوتیاران ...
لە پاڵ ئەمانەشدا، كە هەموویان ئەرك و ئامانجی هەنووكەیی و لەپێشینەن، زۆر گرنگە، بەڵكو پێویستە و كاتی ئەوە هاتووە كاربكرێت لەسەر كولتوور و گەلێك لە بەها كۆمەڵایەتییەكان كە تەگەرەی سەرەكی و كاریگەرن لەبەردەم هەر تەكانێكدا بۆ گۆڕان و پێشڤەچوون .
- بەلای ئێمەوە دەسەڵات بەهای باڵای هەیە- مرۆی بەرپرس دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و بەهێزە؛ ئەمەش ڕەنگیداوەتەوە لە سەرلەبەری شێوازی ژیانیدا (وەنەوشە، خانوو، باڵەخانە، مەزرەعە و حیمایە).. لەكاتێكدا بەرپرس ئەو پلەیەی بۆ خزمەتكردنی خەڵك وەرگرتووە . ئەمە هاوكێشەیەكی سەراوژێرە و دەبێ ڕاست بكرێتەوە، چونكە نامۆیە بە سەدەی بیست ویەك- مرۆی بەرپرس دەبێ خۆی بە خزمەتكار بزانێ، نەك فیرعەون...
- لەگەڵ ئەوەی هەموو كارێك پیرۆزە، كەچی بەداخەوە بەچاوی كەم تەماشای هەندێكیان دەكرێ وەكو: كۆڵبەری، پاككەرەوە، كرێكاری – زێدەكردنێكی بەرچاوی كرێ و مووچەی ئەمانە، وەكو هەنگاوی یەكەم، جۆرە بەهایەك بە كارەكانیان دەبەخشێ .
- خانەنشین، كەم ئەندام و پەككەوتە- ئەمانە كەسانی شكۆدارن، لە كۆمەڵگای هاوچەرخدا ئەوپەڕی ڕێزیان دەگیرێ و چەندین خزمەتگوزارییان بۆ دابینكراون...
ئەگەر دەزگای دەسەڵات، بەتایبەتیش كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان، ئەم خاڵانەی سەرەوە لەبەرچاو بگرێ و هەنگاویان بۆ بنێ، ئەوا هیوابەخش دەبێ لەوەی كە كۆمەڵگا و خەڵكی كردوون بە ئامانج، چاكسازی لە هەندێ بەها و توخمە كولتوورییەكان دەكات و سستەمی كۆمەڵایەتیشمان چیتر ئەوەندە مایەی توانج و شەرمەزاری نابێ- كەسایەتیی تاكەكەسانیش هەندێك دەگۆڕێ.