كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی .. لەناو دەوڵەتە قووڵەكەی فەتح و سائیروندا

كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی .. لەناو دەوڵەتە قووڵەكەی فەتح و سائیروندا
دەوڵەتی قووڵ لەناو پرۆسەی سیاسیی ئێستای عێراقدا، پێناسەیەكی جیاواز لەو حاڵاتانە وەردەگرێت كە پێشتر لەناو پرۆسەی سیاسیی كۆماری توركیا و ئێستاش لەناو دەوڵەتانی رۆژئاوای دیموكراتی بۆی دەكرێت، بەڵام خاڵی هاوبەش لەنێوان هەموو ئەو پێناسە جیاوازانەی بۆ دەوڵەتی قووڵ دەكرێت، ئەوەیە: دەستەبژێرێكی سیاسیی ناسیۆنالیستی، یان مەزهەبگەرایی، یان بزنسمانە گەورەكانی كەرتی پیشەسازی و بازرگانی، یان بزنسمانەكانی كەرتی بانكی، كاراكتەرە باڵاكانی ناو حكومەت و.. هتد، ئامانجی ئەوەیان هەیە بە شێوازێك حوكمڕانی لە وڵاتدا بكرێت كە ئامانجەكانی ئەوانی تێدا بێتەدی، بەڵام ناتوانن ئەم ئامانجە بە ئاشكرا رابگەیەنن، بۆیە دەستوور و یاساكانی وڵات دەكەنە چوارچێوەیەك و لەناو ئەو چوارچێوەیەدا ئامانجەكانی خۆیان دەشارنەوە.
ئەگەر وەك نموونە سەیری حاڵەتی «دەوڵەتی قووڵ» لە توركیادا بكەین، بێگومان ئەتاتورك پاراستنی ناسیۆنالیستی توركی لە دووركەوتنەوە لە خەلافەت و لاساییكردنەوەی سیستمی سیاسیی دەوڵەتانی رۆژئاوا دەبینییەوە، بۆیە دەوڵەتی توركیای وەك دەوڵەتێكی دیموكراتی و سكۆلاری و كۆماری دەستووری پێناسە كرد، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا دوای 100ساڵ، دەوڵەتی توركیا بۆتە ئەو دەوڵەتە؟ بێگومان نەخێر، لە بنەڕەتیشدا ئەتاتورك ئامانجی ئەوە نەبووە توركیا ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراتی و سكۆلار و فرەیی، بەڵكو ئامانجی سەرەكی ئەوە بووە توركیا ببێتە دەوڵەتێك بۆ پاراستن و گەشەكردنی فیكری ناسیۆنالیستی توركی و ئەوەی دیموكراتی و فرەیی و سكۆلاریزم بێت، بوونی نەبێت، هەر بۆیە ناچار بووە، حكومەتی توركیا ئەوەی بە هەڵبژاردن دێتە دەسەڵات، بیكاتە حوكمڕانی رووكەش و حوكمڕانی راستەقینەش لەدەستی پلە باڵاكانی سوپا و هەواڵگری و ئاسایش و بكەرانی تاوانی رێكخراودا بێت.
ئەگەر سەیری حاڵەتی دەوڵەتی قووڵ لە دەوڵەتانی رۆژئاوای دیموكراتیش بكەین كە هەتا ئەم دواییەش داوای حوكمڕانیی گلۆباڵیان دەكرد، دەبینین ئامانجی دەوڵەتی قووڵ لە رۆژئاوا بەگشتی و لە ئەمریكا و بەریتانیا بەتایبەتی بۆ ئەوە بووە كە دەستەبژێرێك زیاتر سەرمایە كەڵەكە بكات، ئەوجا كەڵەكەكردنی ئەو سەرمایەیە بەهەر رێگەیەك بێت، سەبارەت بەم حاڵەتە جیرۆم كۆرسی لە كتێبەكەیدا (كوشتنی دەوڵەتی قووڵ) باس لەوە دەكات، بەشێك لە كاراكتەرە دیارەكانی حكومەتی باراك ئۆباما ئامانجیان ئەوە بوو شەڕەكان هەموو بەشێكی ئەم جیهانە بگرێتەوە بۆ ئەوەی بازرگانیی فرۆشتنی چەك بەردەوام بێت و خۆیان قازانجێكی گەورە بكەن.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا كاراكتەرەكانی ناو دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا ئامانجیان چییە و دەیانەوێت بەم دەوڵەتە قووڵە چییان دەست بكەوێت؟ ئاشكرایە كاراكتەرە سەرەكییەكانی ناو دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا، بریتین لە سەركردەی حزبە سیاسییەكانی شیعە و فەرماندەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، ئەم كاراكتەرانە نە ئامانجیان ئەوەیە عێراق بكەنە چوارچێوەیەك بۆ گەشەكردنی قەومیەی عەرەبی، نە ئامانجیشیان ئەوەیە عێراق ببێتە چوارچێوەیەك بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی بۆ ئەوەی تەنیا سەرمایە كەڵەكە بكەن.
ئاشكرایە سیاسییەكانی شیعە و حزبەكانیشیان لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو (2003-2018) هێندە سەرمایەیان كۆكردۆتەوە كە دەتوانن لەهەر شوێنێكی ئەم جیهانە بیكەنە بناخەیەك بۆ ئەوەی بازرگانی بكەن و سەرمایەی پێ كەڵەكە بكەن، بۆیە ئێستا ئەم ژێرخانە ئابووریە گەورەیەی حزبە سیاسییەكانی شیعەی عێراق بۆ ئەوە نییە كە بیكەنە سەرچاوەیەكی وەبەرهێنان بۆ بازرگانی، بەڵكو ئامانجی گەورەی ئەم سەرمایە گەورە ئابووریەی لەبەر دەستیاندایە، دەیانەوێت بیكەنە وەبەرهێنان بۆ گەشەكردن و چەسپاندنی حوكمڕانیی شیعەگەرایی كە خۆی لە چوارچێوەی (ویلایەتی فەقیهی كۆماری ئیسلامیدا) بەرجەستە دەكات.
ئەوجا ئەگەر لەم دەروازەیەوە سەیری ئەم ئامانجە بكەین و ئەو پرسیارە بكەین، ئایا كاراكتەرەكانی ناو دەوڵەتی قووڵی عێراق بە چ رێگەیەك ئەم ئامانجەیان بۆ دێتەدی، یان خۆیان بەرنامەیان بۆ داڕشتووە و لەو قەناعەتەدان بەم رێگە بۆیان دێتەدی، بێگومان زۆر باش دەزانن:
1. ئەم ئامانجەیان بە زەبری هێز و خۆسەپاندن بۆ نایەتەدی، ئەمەش بەو مانایەی هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق ناچار بكەن بە زەبری هێز حوكمڕانی شیعەگەرایی (ویلایەتی فەقیهی) قبووڵ بكەن، ئەم حاڵەتە لەسەردەمی كابینەی دووەمی د.نوری مالیكی تاقی كرایەوە و وەك بینیمان دەرهاویشتە خراپەكانی ئەوە بوو رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە سەرەتای ساڵی 2014 سەریهەڵدا و لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا موسڵی داگیركردو خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند.
2. زۆر باش دەزانن ئەگەر دەستووری عێراق وەلاوە بنێن و سەرلەنوێ دەستوورێكی دیكە بنووسنەوە و شەرعییەت بە حوكمڕانی شیعەگەرایی بدات، ئەمەشیان بۆ ناچێتەسەر و جیا لەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ پێكهاتەی كورد و سوننە پەنا بۆ رێگەچارەی دیكە دەبەن، لە هەمانكاتدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەكەوێتە ژێر گەمارۆ و سەركەوتوو نابن.
3. باش دەزانن لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ماڵی شیعە، ناتوانن راسپاردە و فەتواكانی ئایەتوڵا عەلی سیستانی پشتگوێ بخەن، ئەمەیان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق بینیمان كە چۆن مەرجەعیەت وتی (تاقیكراوە، تاقیناكرێتەوە) ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی ئاستی بەشداری لە شارەكانی عێراق 20% تێنەپەڕێنێت، ئەم قسەیەی مەرجەعیەتی نەجەف بۆ پێكهێنانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی-یش كاریگەری هەیە و ناتوانن فەرامۆشی بكەن، بۆیە ناتوانن بە عینادی مامەڵە لەگەڵ راسپاردەو فەتواكانی مەرجەعیەتی نەجەف بكەن، هەروەها دەشزانن كە مەرجەعیەتی نەجەف بڕوای بە حوكمڕانیی (ویلایەتی فەقیهی بۆ عێراق) نییە.
4. باش دەزانن ئەمریكا داكۆكی لە مانەوەی دەستووری عێراق دەكات بۆ ئەوەی ئەو دەستوورە رێگر بێت لە حوكمڕانیی راستەوخۆی (ویلایەتی فەقیهی)، بەڵام ئەمریكا داكۆكیی جددی لە سەر ئەوە ناكات كە ئەو دەستوورە چەندی جێبەجێ دەكرێت و چۆن جێبەجێ دەكرێت.
لەبەرامبەر ئەم خاڵانەی كە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم بەدیهێنانی ئامانجی كاراكتەرانی دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا، كاراكتەرەكان هەوڵیانداوە (هەموو سیاسییە باڵاكانی شیعە) كە ئەم ئامانجە لەژێر سێبەری حكومەتێكی رووكەشدا بشارنەوە و خۆیان لە سێبەردا حوكمڕانی راستەقینەی عێراق (ویلایەتی فەقیهی) بەڕێوەبەرن و هەمووشیان كۆدەنگن لەسەر ئەوەی پێویستە حوكمڕانی راستەقینە لە عێراقدا (حوكمڕانی شیعەگەرا) بێت، هەربۆیە هەوڵەكانی هەموویان لەو خاڵەدا یەكی گرتۆتەوە كە ئەم ئامانجە لەناو ئەو چوار خاڵەدا جێ بكەنەوە كە هەموو لایەك رازی دەكات:
لایەنی ئەمریكی رازییە، لەبەر ئەوەی رێكخستنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی لە عێراقدا لەبەر رۆشنایی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئایاری رابردووی عێراقە و هەروەها ئەو عورفە سیاسییەی لەدوای ساڵی 2005ەوە پەیڕەو كراوە بۆ ئەوەی سێ پۆستە سەرۆكایەتییەكەی (كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان) لە نێوان هەر سێ پێكهاتەی سەرەكیی (كورد و سوننە و شیعە) دابەش بكرێت، ئەمە كراوە و فەرامۆش نەكراوە، لەمەش زیاتر لایەنی شیعە وەك گوتاری سیاسی زۆر داكۆكی لە دەستووری عێراق دەكات. لەمەش زیاتر بە كاندیدی شیعەكان عادل عەبدولمەهدی رازییە و وەك سەركردە و سیاسییەكی میانڕۆی شیعە سەیری دەكات.
لایەنی ئێرانی كە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و سیاسەتی شیعە لە عێراقدا هەیە، بە كاندیدكرنی د.عادل عبدولمەهدی وەك كاندیدی هاوبەشی تێكڕای لایەنە شیعەكانی عێراق رازییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم كاندیدە خۆی یەكێكە لەو سیاسییانەی لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆن بووندا دۆستێكی نزیكی كۆماری ئیسلامی و سوپای پاسدارانی ئێران بووە و یەكێك بووە لە فەرماندەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەعێراق و لە پێناوی سەركەوتنی ئەم شۆڕشە خەباتی چەكداری كردووە، هەر بۆیە ئەگەر ئەم كاندیدە وەك سەرۆك وەزیرانیش هەوڵەكانی بۆ ئەوە نەبێت كە حوكمڕانیی شیعەگەرایی بچەسپێنێت، ئەوا نابێتە رێگر لە بەردەم دەوڵەتی قووڵدا.
لایەنی مەرجەعیەتی نەجەفیش لەچەند لایەكەوە هەم بە كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رازییە، هەمیش بەو شێوازەی لە پێكهێنانی كابینەكەی پیادەی كردووە، سەبارەت بە د.عادل عەبدولمەهدی، مەرجەعیەت لێی رازییە، لەبەر ئەوەی پێشتر تاقی نەكراوەتەوە و گەندەڵ بووبێت، بەڵكو چەند پۆستێكی هەبووە كە نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت و دەستی لەكار كێشاوەتەوە، هەروەها لە شێوازی پێكهێنانی كابینەكەشی رازییە لەبەر ئەوەی لەلایەن كاراكتەرانی دەوڵەتی قووڵی عێراقەوە ئەو زەمینەی بۆ رەخساوە كە كاراكتەرە تاقیكراوەكانی بەسەردا فەرز نەكەن.
لەسەر ئاستی بەشداری پێكهاتەكانی دیكەی عێراقیش، حاڵەتەكە لە نێوان كورد و سوننە دوو حاڵەتی جیاوازە، هەرچی لایەنی سوننەیە بە فەرمی بوونە بەشێك لە هەردوو هاوپەیمانی شیعە (ئیسلاح بە سەرۆكایەتی سەدر و بینا بە سەرۆكایەتی عامری)، بۆیە لایەنی سوننە پشتگیری لە حكومەتە رووكەشەكەی عەبدولمەهدی و حكومەتە سێبەرەكەی لایەنە شیعیەكان دەكات، بە مەرجێك پشكی عەرەبی سوننە لە پرۆسەی حوكمڕانیی عێراقدا پارێزراو بێت، هەرچی لایەنی كوردیشە بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، راشكاوانە پارتی دیموكراتی كوردستان كێشەی لەگەڵ ئەوە نییە عەرەبی شیعە، یان عەرەبی سوونە چ جۆرە حوكمڕانییەكیان دەوێت، بەڵكو كێشەی سەرەكیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە ئەوەی لە بەغدا حكومەت و دەسەڵاتدارە، چۆن مامەڵە لەگەڵ مافی خەڵك و جوگرافیای كوردستان دەكات، بە درێژایی زیاتر لە70 ساڵی رابردووش، پارتی كێشەی لەگەڵ هیچ حكومەتێكی پادشایی و كۆماری نەبووە، بەڵكو كێشەی لەگەڵ شێوازی مامەڵەكردنی ئەو حكومەتانە هەبووە لەگەڵ مافی خەڵك و جوگرافیای كوردستاندا، لەمەش زیاتر پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003، زۆر بە وردی دیراسەتی ئەوەی كردووە ئەگەر سیستمی فیدڕاڵی لە عێراقدا سەركەوتوو نەبێت، یان ئەگەر سیاسەتی نێودەوڵەتی رێگەی نەدا كوردستان بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاو هەڵبگرێت، ئایا دەبێت سەركردایەتی سیاسیی كوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەتی بەغدا بكات؟ ئەم دیراسەتە ورد و جددییە كە ماوەی یەك دوو ساڵ گرووپێك لە پسپۆڕ و ئەكادیمی كاریان لەسەر كردووە و پاشانیش ئەم دیراسەتەیان لە هەموو روویەكەوە لە كتێبێكدا بەناونیشانی (ئایندەی كوردستان لە عێراقدا) بە زمانی ئینگلیزی بڵاوكردۆتەوە، ئاكامی ئەم دیراسەتە گەیشتۆتە ئەوەی كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەبێت داكۆكی لەسەر مافی خەڵك و جوگرافیای كوردستان بكات، ئەوجا هەر حكومەتێك ددانی نا بە مافی خەڵك و جوگرافیای كوردستاندا، ئەوا دەكرێت كوردستان هەر بەشێك بێت لە عێراق و بەڵام سیستمی سیاسیی كوردستان و بەغدا لە یەكتری جیاواز دەبێت، سەبارەت بەم لایەنە هەتا ئێستا ئەوەی لە لایەنە شیعیەكانی عێراق دەیبینین، ئەوەیە كە رێزیان لەو داخوازییەی خەڵكی كوردستان گرتووە، كە بارزانی پێداگیری لەسەر دەكات، ئەویش بریتییە لە (شەراكەت، تەوافق و تەوازن)، ئەم داوایە لەگەڵ ئەوەی داوایەكی ئاسان نییە كە هەرسێكیان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام تێكەڵاوبوونی لایەنە سوننەكان لەگەڵ هەردوو هاوپەیمانی شیعە، كاری لایەنی كوردستانی بەتایبەتی پارتی ئاسانتر كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی شیعە بگەنە خاڵێكی هاوبەش، ئەم خاڵە هاوبەشەش بەو مانایە نییە كە پارتی پێداگریی زۆر بكات لەسەر پۆستەكانی بەغدا، بەڵكو خاڵی هاوبەش بەو مانایەی كە ئەوانیش بۆ مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بە هەنگاوی جددی بێنە پێشەوە، هەر بۆیە كە لایەنەكانی شیعە ئامادەباشییان بۆ ئەم هەنگاوهەڵگرتنە پیشان داوە، ئەوا لایەنی كوردستانیش بە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی رازییە و ئامادەیە پشتگیری بكات، بەڵام ئەم پشتگیرییەی پارتی وەك گەورەترین قەوارەی كوردی لە پەرلەمانی عێراقدا هەتا ئەو كاتەیە كە حكومەتی داهاتوو رێز لە مافی خەڵك و جوگرافیای كوردستان دەگرێت.
ئەگەر لێرەوە خاڵە ئاستەنگەكانی بەردەم كاراكتەرەكانی دەوڵەتی قووڵ و جێكردنەوەی ئەم بەرنامەیە لەسەر هەموو ئاستەكانی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەو شێوەیەی كە هەموو لایەك رازی بكات، ئەوا كاراكتەرانی دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا نەك نابنە ئاستەنگ بۆ ئەو حكومەتە رووكەشەی كە د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكات، بەڵكو بە ئاستێك پشتگیری دەكەن كە دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا بكەنە نموونەیەكی باشتر لەو نموونەی لە ماوەی 15ساڵی رابردوو وەك نموونەی دەوڵەتێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی بەڕێوە چووەو هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە عەرەبی شیعەشەوە لێی ناڕازین.
Top