كۆتاییهێنان بە گەندەڵیی سیاسی فاكتەرێكی گرنگە بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی
October 18, 2018
وتار و بیروڕا
ئەو ژینگەیەی گەندەڵیی سیاسی دروستی دەكات، ئەركی سەرەكیی حزبی سیاسی وەك دامەزراوەیەكی مەدەنی دەگۆڕێت بۆ ئەركێكی دیكە كە ئەویش تێكدانی پرۆسە سیاسییەكەیە، كە پرۆسە سیاسییەكەش نەیتوانی بە شێوەیەكی تەندروست كاری خۆی بكات، ئەوا حزبی باش و خراپ لێك جیاناكرێتەوە و نازانرێت كام حزب هۆكاری سەرەكییە بۆ تێكدانی پرۆسەكەو كام حزب هەوڵدەدات پرۆسە سیاسییەكە راست بكاتەوە، هەر بۆیە كە ژینگەی گەندەڵیی سیاسی دروست دەبێت بە ئاسانی ئەم گەندەڵییە ریشەكێش ناكرێت، هەتا دەرهاویشتە خراپەكانی ئەم پەتایە نەتەوە دوچاری كارەساتێكی گەورە دەكات، بۆیە لەم حاڵەتەدا نەتەوە بیر لەوە دەكاتەوە بە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان سنوورێك بۆ ململانێی حزبی نابەرپرسیار دابنێت و متمانە بداتەوە بەو حزبە سیاسییەی كە لە قۆناخە سەختەكاندا و لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی خۆی لە تەواوی حزبە سیاسییەكان جیاكردۆتەوە، ئەم متمانەدانەی خەڵك بەو حزبە، ئەوا ئەو حزبە دەخاتە بەردەم قوناخێكی ئەزموونی بۆ ئەوەی بەجۆرێك پرۆسەی حوكمڕانی راست بكاتەوە كە كۆتایی بە نەهامەتییەكانی نەتەوە بهێنێت.
لە توركیادا هیچ حزبێكی سیاسی نییە كە پاشگری ئیسلامی پێوە بێت، بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردووە دەنگدەری توركی زیاتر دەنگیان بە حزبە ئیسلامییەكان دەدا و لە حزبە عەلمانییەكان و نەتەوەپەرستەكانی توركیا دوور دەكەوتنەوە، بەڵام ئەم متمانەپێدانە هەتا هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2002 كە تیایدا ئاكپارتی سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا یەكلا نەبووەوە، دوای ئەوەی ئاكپارتی بووە حزبی حاكم، گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە كۆی پرۆسەی سیاسیی توركیادا دروست بوو، ئەم گۆڕانكارییە بەرهەمی فیكری ئەحمەد داود ئۆغلۆ بوو كە توانی لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی (سفر) كێشە پرۆسەی حوكمڕانی لە توركیا راست بكاتەوە و توركیا لە دەوڵەتێكی فەوزای سیاسی و ناسەقامگیری حوكمڕانییەوە بگۆڕێ بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو دەوڵەتێكی دەوڵەمەندی هاوچەرخ.
لەگەڵ قۆناخی سەقامگیریی حوكمڕانی و گەشەسەندنی ئابووری لە سایەی حوكمڕانیی ئاك پارتیدا (كە تا ئێستاش هەر حزبی حاكمە) تەنیا 10ساڵی یەكەمی دەكرێت وەك حوكمڕانییەكی سەركەوتوو و باش لە قەڵەم بدرێت، هەر بۆیە لە هەڵبژاردنەكانی 2015 دەنگدەری توركی سزای ئاكپارتی دا و دەنگەكانی هاتنەخوارەوە، بەمەش ئاكپارتی جارێكی دیكە پێویستی بەوە بوو كە حكومەتێكی هاوپەیمانی دروست بكات، بەڵام نەیتوانی حكومەت پێكبهێنێت و خەریكە تەنیا لە ماوەی دوومانگدا توركیا بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەوزای سیاسی و ناسەقامگیری حوكمڕانی، بۆیە كاتێك بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە درایەوە، دەنگدەری توركی جارێكی دیكە دەنگەكانی دایەوە بە ئاكپارتی و نەیانهێشت پرۆسەی سیاسیی توركیا بگەڕێتەوە نێو ململانێی نابەرپرسیارانەی حزبە سیاسییەكان، هەتا ئەوكاتەشی كە لە تەموزی 2015 هەوڵی كودەتا درا بەسەر حكومەتەكەی ئاكپارتیدا، خەڵكی توركیا خۆیان رژانە سەر شەقامەكان و رێگەیان نەدا كودەتاچییەكان سەركەوتوو بن. ئەم پشتگیرییەی خەڵكی توركیا بۆ ئاكپارتی بەو مانایە نییە كە 50+1ی خەڵكی توركیا دەنگیان بە ئاكپارتی داوە، بێگومان بەوجۆرە نییە، بەڵام خەڵكی توركیا بە رێژەیەكی بەرزتر دەنگیان داوە بە ئاكپارتی لەچاو حزبەكانی دیكەدا، پاشان بەدابەشكردنەوەی دەنگی ئەو حزبانەی ئاستەنگی 10% تێناپەڕێنن، رێژەی كورسییەكانی ئاكپارتی لە پەرلەماندا دەچێتە سەرووی 50+1.
پەتای گەندەڵیی سیاسی و كاریگەری لەسەر كۆی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگە، پەیوەندی بە كۆمەڵگەی پێشكەوتوو و دواكەوتووەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە رەفتاری نابەرپرسیارانەی حزبە سیاسییەكانەوە هەیە، لەمبارەوە ئەگەر سەیری قەیرانی گەورەی ئابووریی یۆنان بكەین، دەبین یۆنان تەنیا دەوڵەتە لە زۆنی یۆرۆدا دوچاری ئەم قەیرانە گەورەیە بۆتەوە و هۆكاری سەرەكیی ئەم قەیرانەش هیچ پەیوەندیەكی بەو هەڵاوسانە ئابوورییە گەورەیەوە نییە كە ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپای گرتۆتەوە، بەڵكو هۆكاری سەرەكیی قەیرانی ئابووریی یۆنان، پەیوەندی بە شێوازی مامەڵەی هاوپەیمانیی چەپەكان و هاوپەیمانیی راستەكانەوە هەیە كە لە دوای ساڵی 1975ـەوە نەیانتوانیوە بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە ململانێی حزبیی خۆیان بكەن و گەندەڵییەكی گەورەی سیاسییان لەو وڵاتە دروست كردووە.
ئەم پەتایە لەدوای ساڵی 2005ـەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای گرتەوە، لەبەر ئەوەی هەردوو حزبی (كۆماری و دیموكراتی) بەشێوەیەكی نابەرپرسیارانە ململانێی یەكتریان دەكرد، ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی گەندەڵییەكی گەورەی سیاسی لە ئەمریكا دروست بێت و، ئەمریكا كە خۆی بە سۆپەرپاوەری جیهان دادەنا، بەرنامەی بۆ حوكمڕانیی گلۆباڵی دادەڕشت، گەیشتە ئەو ئاستەی كە تەنیا یەك كێشەی جیهانی پێ چارەسەر نەكرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆش نەتوانێت داهاتی ساڵانەی تاك گۆڕانكاری بەسەردا بێنێت، هەر بۆیە دەنگدەری ئەمریكا لە هەڵبژاردنی 2016 بە جۆرێك لە سیاسەتی هەردوو حزبەكە نائومێد بوون و دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ دا، راستە ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان بوو، بەڵام ترەمپ سیاسەتی هەردوو حزب كۆماری و دیموكراتی رەتكردەوە.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ سەر ئاكامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان، دەبینین دەنگدەری كوردستان لە تەواوی ئەو حزبە سیاسییانەی كوردستان نائومێد بووە كە بوونە هۆكاری ئەو فەوزا سیاسییەی كە لە كوردستاندا بوونی هەیە، لەبەرامبەردا متمانەیەكی گەورەیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان داوە كە دروشمی سەرەكیی لەم هەڵبژاردنەدا «كوردستانێكی بەهێز و كۆتاییهێنان بە فەوزای سیاسی» بووە، رێژەی ئەو دەنگانەشی كە بە پارتی دراون، لەو ئاستەدان كە بتوانرێت سنوورێك بۆ فەوزای سیاسی، یان ناسەقامگیریی سیاسی لە كوردستاندا دابنرێت.
پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستان لەدوای یەكەمین هەڵبژاردنی ساڵی 1992، بە هۆی ململانێی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی، مۆدێلی (50-50)ی هێنایەئاراوە، ئەم مۆدێلە خراپە هەر لەسەرەتاوە ئاراستەی حوكمڕانی لە كوردستاندا بەرەو ئاقارێكی خراپ برد و كاتێك هەوڵدرا بە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان ئەم پرۆسەیە راست بكرێتەوە، بارودۆخەكە خراپتر بوو، شەڕی ناوخۆی لە ساڵی 1994 بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە حوكمڕانیی خراپی (50 بە 50) تا هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی 30ی ئەیلوولی رابردوو، دەرفەتێكی ئەوتۆی دروست نەكرد كە پارتی بتوانێت هەنگاوی جددی بۆ راستكردنەوەی حوكمڕانی هەڵبگرێت.
ئەگەر بۆ ئێستای سیاسەت و ستراتیژیەتی پارتی بۆ شێوازی حوكمڕانی لە عێراقدا، رایەڵەیەك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی سیاسەت و ستراتیژیەتی پارتی بۆ حوكمڕانیی كوردستانی پێ بخوێنینەوە، دیارە وەك خەڵكانی شارەزا و نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئاماژەی پێدەكەن، شەخسی بارزانی و مەكتەبی سیاسیی پارتیش هێندەی جەخت لە بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق و رێزگرتنی لە دەستوور و دانانی سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی دەكەنەوە، هێندە جەخت لەسەر ئەوە ناكەنەوە پارتی چەند پۆستی وەزارەت لە بەغدا وەردەگرێت.
ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر تێڕوانین و ستراتیژیەتی پارتی بۆ حوكمڕانیی عێراق، جەختكردنەوە بێت لەسەر راستكردنەوە و گۆڕینی ئەقڵییەتی حوكمڕانی لە عێراقدا، ئەوا لە كوردستانیشدا ئەم تێڕوانین و ستراتیژە زیاتر جەختی لەسەر دەكرێتەوە و ئەوەی لای پارتی گرنگ دەبێت، ئەوەیە كە چۆن پرۆسەی حوكمڕانی راستدەكرێتەوە و حكومەت بە چ میكانیزمێك بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ دەكات و سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی چۆن دەبێت، ئەوجا هەر لایەنێكی سیاسی بەشێك بێت لە هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت، یان هەر لایەنێك ئۆپۆزیسیۆنێكی تەندروست هەڵبژیرێت، پێكەوە كار بۆ سەرخستنی ئەو بەرنامەیە دەكەن و گەندەڵی و فەوزای سیاسی كۆتایی دێت و قۆناخی حوكمڕانییەكی باش دەست پێدەكات، كە گەلی كوردستان دەمێكە شایستەی ئەو حوكمڕانییە باشەیە، بەڵام فەوزا و گەندەڵیی سیاسی رێگری لە بونیادنانی كردووە.