ديموكراتى له ژێر ده‌ سه‌ڵاتی میلیشیاو سه‌ ربازیدا

ديموكراتى له ژێر ده‌ سه‌ڵاتی میلیشیاو سه‌ ربازیدا
چەند رۆژێكە مەسەلەی كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ئارادایەو گوایە هەموو لایەنەكان ئامادەن بۆ كۆبوونەوەو تەنها پارتی نایەوێت ئامادە بێت و ئەمەش لە میدیای لایەنەكانی ترداو بەتایبەتی میدیای یەكێتی بە زەقی ئاماژەی پێدەكرێت و ئەو راستیەش پەردەپۆش دەكەن كە بارودۆخی كەركووك پاش 16ی ئۆكتۆبەر لە چ بارودۆخێكدایەو لەوكاتەوە كوردانی دانیشتووی شارەكەو دەورووبەری لە چ وەزعێكدایە كە ڕەنگە لە ڕاستی دوور نەبین گەر بڵێین زۆر خراپترە، ئەمڕۆ، لە دۆخی ژێر دەسەڵاتی بەعس و رژێمی پێشوو.
ئێستاو لە ڕۆژی جێبەجێكردنی پیلانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بارودۆخی ئەو شارە بە جۆرێكە كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە خراپترەو پڕۆسەی ڕاوەدوونان و عەرەباندن و زەوتكردنی ماڵ و موڵكی كورد روو لە زیادبوونە بە ئاستێك كە ئەستەمە لەلایەن هیچ نیشتمانپەروەرێكەوە قبوڵ بكرێ.

فەرموون ئەوەتا پارێزگاری ئەمڕۆ بەوەكالەت لە ڕۆژی دەستبەكاربوونیەوە خەریكی سڕینەوەی هەموو ئەو بڕیارانەیە كە ئەنجوومەنی پارێزگا كە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، هەڵدەوەشێنێتەوەو بە ئارەزووی خۆی بڕیار بۆ گێڕانەوەی هەموو ئەو عەرەبە هاوردانە دەردەكات كە بە ویستی خۆشیان و دوای قەرەبووكردنەوەیان گەڕاونەتەوە سەر شوێنەكانی خۆیان، ئەمە سەرەڕای گێڕانەوەی هەموو بڕیارەكانی ڕژێمی بەعس كە بۆ تەعریبی ئەو ناوچە كوردیانە دەری كردبوون گوایە ئەوانە هەمووی بە یاسا دەرچوون دەبێت وەك خۆی پەیڕەوی بكرێن!

ئەمڕۆ نە تەنیا سوپا حوكمی سەربازی لە كەركووك و دەورووبەری دەكات، بەڵكو دەیان میلیشای جۆراوجۆریش لەناو كەركووكدا وجوودیان هەیەو خەڵك دەگرن و ئەشكەنجەی هاووڵاتییان بەتایبەتی لایەنگرانی پارتی دەدەن و ناچاری بەجێهێشتنی زێدی باب و باپیرانی خۆیان دەكەن و خانووەكانیشیان زەوت دەكەن.

ئەم میلیشیایانە بە یارمەتی سوپای عێراقی ناهێڵن هیچ سیمایەكی كوردی بەو شارەوە دیارو نیشان بدرێت و هەمووش بیرمانە لە یەكەم ڕۆژی داگیركردنی كەركووكدا نەیانهێشت سەرۆكی پۆلیس بە كوردیش قسەی بكات.

لە بارودۆخێكی ئاوەهادا ئایا دەتوانرێ پڕۆسەی دیموكراتی لەو شارەدا لەژێر پۆستاڵی سەربازو چەكی میلیشیادا پیادە بكرێ و ئەنجوومەنی پارێزگا بتوانێت كاری ئاسایی خۆی بكات؟ بێگومان نا، بۆیە هەموو داوایەك كە ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخات تەنها بەردەوامی بە داگیركاری دەدات، چونكە بەڵگەنەویستە لە ژینگەی وادا دیموكراسی و ئازادی پیادە ناكرێت.

بۆیە ئەو لایەنانەی داوا دەكەن ئەنجوومەنی پارێزگا كارا بكرێتەوەو لیستی برایەتی بگەڕێتەوە شار با داوا لە حكوومەتی عێراقی بكەن سوپاكەی بكێشێتەوەو میلیشیاكان بگەڕێنێتەوەو هەموو دەركراوەكان بگەڕێنێتەوە ئەوسا داوا لە لیستی برایەتی بكات كە بگەڕێتەوە.
Top