شكست مەخەنه ئەستۆى كۆميسيۆن

شكست مەخەنه ئەستۆى كۆميسيۆن
وا لە ڕۆژەكانی كۆتایی ژماردنی دەنگەكانین و ئەوانەی دەنـگی باشیان هێناوە باسی پاكی و بێگەردی هەڵبژاردن و دەنگدانەكە دەكەن و ئەوانەی دەنگی كەمیشیان هێناوە یان دەنگەكانیان دابەزیون، ئەوا راستەوخۆ یەخەی كۆمیسیۆن و حزبە سەركەوتووەكان دەگرن و كۆی پڕۆسەكە بە تەزویرو دەستێوەردان ناوزەد دەكەن كە لە ڕاستیدا هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە، چونكە لە تەواوی بنكەكاندا نوێنەری هەموو لایەنەكان بوونیان هەبووەو هەمووشیان چاودێرو چاویان لەسەر سندووقی دەنگدان بووە.
ڕاستە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان شەوی پێش دەنگدانەكە بڕیارێكی زۆر بەجێی دەركرد ئەویش بۆ نەهێشتنی هیچ مۆڵەتێك بۆ تەزویر، بەوەی كە هەر كەسێك ڕەگەزنامەی عێراقی هەبێت پێویستە ناسنامەی باری شارستانی لەگەڵدا بێت كە دەبوو هەموو لایەك ئەو ئیجرائاتەیان پێخۆش بووایە، چونكە بە تەواوی رێگەی لە تەزویر دەگرت و هیچ مۆڵەتێكی بۆ ساختەكاریی نەدەهێشتەوە.

هەندێك، بە بیانووی ئەوەی كە ئەم بڕیارە دەبوو زووتر بدرێت، گلەییان هەبوو یان بە بڕیارێكی نادروستیان دەزانی كە لە ڕاستیدا گەر ئەم بڕیارە دوایین شەوی هەڵبژاردن نەدرایە هیچ كاریگەرییەكی نەدەبوو و مۆڵەتی بۆ تەزویر دەڕەخساند. بەهەرحاڵ ئەم بڕیارە بۆ هەموو حزبەكان بوو، بۆیە بەتایبەتی دژی هیچ لایەنێك نەبوو و لە جەوهەردا لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی كوردستان بوو كە دەنگەكانیان نەتوانرێ دەستكاری و یاری پێبكرێ.

ئێستاكە هەندێك هۆكاری دەنگ كەمی حزبەكەیان بۆ ئەو بڕیارە دەگێڕێنەوە هیچ بنەمایەكی نییە، چونكە ئەو بڕیارە هەموو لایەكی گرتۆتەوە، بۆیە دەبوو بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوەو بۆ هۆكاری ڕاستەقینەی دەنگ كەمییان و لاوازی ڕێژەی دەنگەكانیان بگەڕێن و پاساو بۆ شكستی خۆیان نەهێننەوە.

سیاسەتی هەموو حزبەكان دوای 16ی ئۆكتۆبەر بۆ هەموو لایەك ڕوون و ئاشكرا بوو كە كێ خەمخۆرو داكۆكیكەری نیشتمانەو كێش بە پێچەوانەوەو كێش بێلایەن و بێدەنگە، بۆیە گەلەكەمان تابلۆیەكی ڕوونی لەبەردەمدا بوو، بۆیە بەو شێوەیە دەنگی داو پاداشت و سزای لایەنەكانی هەریەكەو بە ئەندازەی خۆی دا، ئیدی هیچ پێویست ناكات بڕوبیانوو بدۆزرێتەوەو ئۆباڵی شكستیان بخرێتە سەر كۆمیسیۆن.
Top