پارتى به هێز بێت كوردستان به‌ هێز ده‌ بێت

پارتى به هێز بێت كوردستان به‌ هێز ده‌ بێت
زۆربوون ئەوانەی چاوەڕوانی ئاوابوونی خۆری پارتی دیموكراتی كوردستانیان دەكرد و دەیان ڕمڵی جۆراو جۆرییان لێدەداو نوقڵانەی كۆتایی پارتیان بە هەرێمدا پەخش دەكرد، بەڵام ئەمجارەش، سیاسەتی ڕاست و دروست و نیشتمانپەروەرانەی پارتیمان سەلماندنی كە جێی متمانەی زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستانە و ئامارە سەرەتاییەكانیش تائێستا هەر ئەوە دەسەلمێنێت كە پارتی براوەی یەكەمە و جێی بڕوای زۆرینەیە.
پارتی وەك حزبێكی خاوەن مێژوو و خەبات كە لەماوەی 72 ساڵی ڕابردوودا بەدەیان هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە، بۆتە خاوەن ئەزموونێكی زۆر لەو بوارەداو سوودی لەو مێژووەی خۆی وەرگرتووە و هەرگیز لە خەبات و تێكۆشان بۆ گەلەكەی ماندوو نەبووە و كۆڵی نەداوە و هەمیشە لەسەر هێڵێكی نیشتمانپەروەرانە ڕەوتی كردووە و پشتی لە گەلەكەی خۆی نەكردووە و بەرژەوەندی و داخوازی دانیشتوانی ڕەسەنی هەرێمەكەی كردۆتە ستراتیژ و كاری شۆڕشگێڕانەی لەپێناودا كردووە و سوور بووە لەسەر داوا ڕەواكانی و خۆی بەرامبەر دوژمنانی دۆزەكەی نەچەماندووە.

هەروەك ئەوانەش كەم نەبوون كە دوای خیانەتی شانزەی ئۆكتۆبەر چاوەڕوانی شكستی پارتییان دەكرد ئەگەرچی بەكۆتایی هاتنیش بایە بۆ خودی هەرێمی كوردستان، بەڵام سیاسەتی نیشتمانپەروەرانەو پارتی و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەموو ئەو زڕە خەونانەی پوچەڵكردەوە و جارێكی دیكە سەلماندی كە پارتی حزبی زۆرینەی خەڵكی كوردستانەو جێی متمانەی نیشتمانپەروەرانە.

ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا سەرنجی هەموو لایەكی ڕادەكێشا، زۆرێك لە حزب و قەوارەكان تەنها لەگەڵ پارتیدا كێبڕكێیان دەكرد و دەیانویست لەبەرچاوی جەماوەر بەدرۆ و بوختان و چەواشەكاری دەنگ كۆ بكەنەوە ڕكابەری پارتی بكەن، بەڵام جەماوەری كوردستان زۆر لەوان هۆشیارتربوو، چونكە ئەوەتا جارێكی دیكە سەلماندی كە پارتیمان جێی متمانەی زۆرینەیەو ئەوانەش كە بۆ دژایەتی پارتی خوڵقێنراون ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جەماوەر لەدەست دەدەن و لاواز دەبن و بچووك دەبنەوە.

ئەم هەڵبژاردنە ڕاستیەكی گەلێك گرنگی ئاشكرا كرد، ئەویش سووربوونی زۆرینەی گەلەكەمانە كە لە ڕێفراندۆمدا سەلماندنی كە زۆرینەی سەربەخۆیی خوازەو دەیەوێت گەلی كوردمان، وەك نەتەوەكانی دیكە بەمافەكانی خۆی بگات، بۆیە هەر ئەوانەن كە بەمشێوە بەرفراوانە دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا داوە، ئەمەش هەر ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ كە پارتیمان پەیڕەوی سیاسەتێكی دروست دەكات و و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەكانمان ناكات، بۆیە جەماوەر بەوشێوەیە متمانەی پێدەدات.
Top