خەباتی چەکداری و بەخۆداچوونەوە ! (ئیتا و فاڕک و پەکەکە- بە نموونە)

خەباتی چەکداری و بەخۆداچوونەوە !  (ئیتا و فاڕک و پەکەکە-  بە نموونە)
پێش چەند مانگێک بزووتنەوەی «ئیتا» بۆ سەربەخۆیی هەرێمی باسک لە ئیسپانیا کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێنا کە ٦٠ ساڵ بوو پەیڕەویدەکرد و، لەو ماوەیەدا، بە سەدان و هەزاران کەس کوژران و برینداربوون ؛ ئیتا خۆیی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا ئیتر خەباتی سیاسی لەپێناو ئامانجەکەیدا بکات، ئەمەش دەسکەوتێک بوو بۆ هەردوولا- دەوڵەتی ئیسپانیا و گەلی باسک...
پێش ئەویش، ساڵی پار، سەرۆکی کۆڵۆمبیا خەلاتی «نۆبلی ئاشتی»ی وەرگرت لەسەر ئەوەی توانی، شیلگێڕانە و بە زیجیرەیەکی درێژی دانوستان و گفتوگۆ، چەک بە بزووتنەوەی «فاڕک» دانێ و وڵات ڕزگار بکات لە شەڕ و پێکدادانی بێ ئامانج.
ئەم دوو ڕووداوە گرنگانە شتێکیتر نین جگە لە گەڕانەوە بۆ عەقڵ، بۆ لۆگیک و بۆ بیرکردنەوەی ساغ ؛ گەیشتنی لایەنەکان بەو ڕاستییەی کە مرۆڤایەتی چیتر توندوتیژی بە میتۆدێکی ڕەوا نازانێ بۆ بەدەسهێنانی مەرامەکان- کوشتن و قڕکردن، کاول و وێرانکردن هەرگیز ئامانجی «پیرۆز»یان لەپشت نین... مرۆڤایەتی پەیتا پەیتا ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵ، خەبات دەکات بۆ نەهێشتنی چەک وچەکداری ؛ ئەگەرچی توندوتیژی تەنیا چەکداریی نییە، جۆر و شێوازی زۆرن.
لەبەرامبەر ئەمەشدا، هەر پێش چەند مانگێک سەرۆکی ئەفغانی دەسپێشخەرییەکی لەم جۆرەی ئاڕاستەی بزووتنەوەی تالیبان کرد، کەچی تالیبان بە چەند هێڕش و تەقاندنەوەیەک وەڵامی دایەوە. تالیبانی مێشک چەقبەستوو لەوە ناچێ بەم زووانە بسەلمێنێ و «ئەجری ئاخیرە» بە ڕێککەوتنێکی سیاسی بگۆڕێتەوە، بەلای ئەمەوە ئەمە جیهاد و مەسەلەیەکی ئیلاهییە.
لە کوردستانی باکووریش پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە خەباتی چەکداریی هەڵکردووە و، بەم میتۆدە، هەموو ئەو ماوەیە قوربانیی داوە، خاک و گوند و شاریش خاپوور و وێران بووین. ڕاستە لەمەدا کورد تاقە ئەکتەر نییە، عەسکەریتاریزمی تورکیش بەهەمان ڕادە، بگرە زێتریش، لەم پێکدادانە نەک هەر تێوەگلاوە، بەڵکو ڕەنگە سوودمەندی هەرەگەورە بێت- چەک و چەکداری لەوێ پڕقازانجترین بوارە. کەچی دوای٤٠ ساڵ لە خەباتی چەکداری، جێگەی خۆیەتی و بگرە پێویستە بزاڤی کوردی لەم بەشەی کوردستان بەخۆداچوونەوەیەک بکات، چاوێک بە میتۆدی خەباتی تەقلیدیی خۆیدا بخشێنێتەوە و هەڵسەنگاندنێک بکات بۆ دەسکەوت و بۆ زیان و قوربانییەکانی؛ حسێبێکی جیددی بکات بۆ قۆناغ و بۆ کات. ئەگەر خەباتی چەکداری میتۆدێکی «کاریگەر» بووبێت بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، بۆ حەفتا و هەشتاکانیش، ئەوا بۆ نەوەدەکان و بۆ سەدەی بیست ویەک و لە هەلومەرجی جیهانگیری و پێشکەوتنی چەک و تەکنۆلۆگیادا، ئەم شێوازی خەباتە بایەخ و کاریگەریی لەدەست داوە... بەتایبەتیش لە وڵاتێکی زلهێزی عەسکەریی وەکو تورکیا کە، زیاد لەوەش، ئەندامی ناتۆیە.
ئەگەر بەراوردێک بکەین، لەو ٤٠ ساڵەی ڕابردووی پێکدادانی چەکداری لەنێوان گەریللا و سوپای تورکیادا، دەسکەوت و زیانەکانیان دەسنیشان بکەین – بێگومان زیانەکانیان پترن لە «دەسکەوتەکان»یان. ڕاستە کێشەی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستاندا چۆتە پێشەوە و ئەو پێشکەوتنە سیاسی و کولتووریانەی لەم ساڵانەی دوایی بەدەستهاتوون، بەڕادەیەکی زۆر، دەرئەنجامی ئەو خەباتە چەکدارییە بوون... بەڵام دەوڵەتیش بەهەمان جۆر، ساڵ بە ساڵ، پێشکەوتووە- ئێستاکە تورکیا لەنێو ٢٠ دەوڵەتانی هەرە گەشەسەندووی ئابووریی جیهان دایە و خاوەن گەورەترین سوپای ناتۆیە ؛ توانیویەتی لە دەرەوە خۆی بە ڕژێمێکی «دیموکرات» و بزاڤی کوردیش بە «تیرۆریزم» پێناسە بکات- لەمەشدا پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی هەیە.
پێشکەوتنەکانی کورد لە باکوور شایانی ئەوە بوون بکرێن بە بنەما بۆ بەخۆداچوونەوەیەکی بنەڕەتیانە لەڕووی ئایدیۆلۆگیا و میتۆدی خەباتیانەوە (ئەوەی ئێمە لە باشوور ساڵی ١٩٧٤ نەمانکرد!) بەشێوەیەک بگونجێن لەگەڵ هەلومەرجەکانی سەردەمی ئێستا و ڕەچاوکردنی پاشەکشەی شێوازی خەباتی چەکداری لە بەرامبەر زێدەبوون و هەڵکشانی ڕەوتی تێکۆشانی سیاسی و خەباتی مەدەنی لە سەرانسەری دنیادا کە دواهەمینیان هەڵوێستەکانی «ئیتا» و «فاڕک» بوون.
سووربوون لەسەر درێژەدان بە خەباتی چەکداری، جگەلەوەی ئاماژەیەکە بۆ زەینیەتی «ڕۆمانسیزمی» شۆڕشگێڕیی سەدەی ڕابردوو، هەروەهاش مانای حاڵی نەبوونە لە ناوەرۆکی چەمکی شۆڕش و کورتهێنانە لە داڕشتنی ستراتیجیایەکی گونجاوی سەردەمیانە بۆ گەیشتن بە ئامانج...
خەباتی چەکداری هەلومەرج و پێداویستیی خۆیی هەن و ئیمڕۆکە تەنیا بە چەکی سووک لە شاخ و کێو، دۆڵ و دارستانەکاندا بەڕێوەناچێ، بەڵکو دەبێ چەکی هاوتای بەرامبەرەکەی هەبێ- ئیمڕۆکە تانک لە پەنای شاخێکەوە، بێ ئەوەی بتبینێ، دەتپێکێ؛ فڕۆکە لە ئاسمانی حەوتەمەوە بە لەیزەر وردوخاشت دەکات، با مۆدێلێکی کۆنی چەکی دژەفڕۆکەشت هەبێ... لەلایەکیتریشەوە، هەر لە ئارادا بوونی بزاڤێکی چەکدار لە وڵاتێکدا، خۆی لە خۆیدا، بە «سووکە» پاڵپشتییەکی دەرەکی، ئەم بزاڤە، دەکرێ بە کارتی فشار بۆ سەر ئەو وڵاتە لە لایەن دەوروبەر و هێزە نەیارەکانیەوە بۆ مەرامی جۆراوجۆریان – ئێمە لە باشوور ئەزموونی ئەوەمان کردووە، ئێستاش لە باکوور، هەروەها لە سووریاش ئەمە ڕوودەدات.
نە هەر ئەوە، تەنانەت لە باشووریش، ئەو حیزبە سیاسییانەی هێزی چەکداریان ڕاگرتوون، ئەگەرچی هێزەکانیان بەڕادەیەک ڕێکخراو و بە دیسپلنن، بەڵام هەر جێگەی مەترسییە و وەکو بۆمبێک وایە، تەنیا دەسوەردانێکی «دەرەکی» ڕەنگە کارەساتی لێ بکەوێتەوە- حیزبی سیاسیی چەکدار، واتە زەینیەتی جاران هێشتا بنبڕ نەبووە.
ساڵانی ١٩٩١- ١٩٩٢ لە چەند ژمارەیەکی گۆڤاری «یەکگرتن»دا (لە دانماڕک دەردەچوو) گفتوگۆیەک هەڵبوو لەسەر شۆڕشی ئەیلول و خەباتی چەکداریی کورد- ڕا و بۆچوونی جیاواز خرانەڕوو؛ من لەم دەمەتەقێیەدا داکۆکیم کردووە لەم شۆڕشە کە لە ئاست کولتووری ئەوساکەی کورد بووە، هەروەهاش لە شێوازی خەباتە چەکدارییەکەی و پێداگیریم کردووە لەسەر ئەوەی کە ئیتر دەبێ بیر لە شێوازی خەباتیتر بکرێتەوە کە بگونجێ لەگەڵ هەلومەرجەکانی قۆناغی نوێدا*- شۆڕش و شێوازی خەباتەکەی مەسەلەیەکی تەواو کولتوورییە.
داننان بە واقیع هەرگیز نەنگیی نییە. شەڕکردن لەگەڵ لەخۆت بەهێزتر- کورد وەسفێکی جوانی بۆ هەیە!! کە نەتتوانی لە ئانکەرە و ئیستامبول هیچ بکەیت بۆ شەڕ دەخەیتە نێو ئامەدەوە؟ کە دەزانی عفرین هەر دەگیرێ بۆ چۆڵی ناکەیت؟ لەوەدەچێ «مەنبج» یش بە هەمان چارەنووس بگات. ئەوەش سەلمێندراوە کە دەوڵەتان گەلێک باکیان بەوە نییە لەسەر شاخ و لەنێو دۆڵەکاندا چ دەگوزەرێ...
داکۆکیکردن لەخۆ مافێکی ڕەوا و سروشتییە، بەڵام کورد ئیتر قۆناغی لەنێوچوونی تێپەڕاندووە و هەندێ مافیشی بەدەسهێناون- لەمەودوا دەوری سیاسەتە.
سیاسەت – واتە هزر و هۆش، واتە تێگەیاندن و پێ سەلماندن، ئەوەش ماوە و پشوودرێژی و دان بەخۆدا گرتنی گەرەکە، بەتایبەتیش لە مەسەلەیەکی وا ئاڵۆز و مێژوویی... نەفەس تەنگی و پەلەکردن هزر و هۆش دەخەنە لاوە، ئامانجیش دەشێوێنن.
نزیکەی نیو سەدە لە ئەزموون، دەبێ زەمینەیەکی دەوڵەمەند بێت بۆ سەرلەنوێ خۆ ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی ئاندیۆلۆگیا و میتۆدی خەبات- ئەگینا ڕووداوەکان تراژیدیانە هەمیشە دووبارە دەبنەوە.
کۆمەڵگای کوردی، لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ڕووەو وەرچەرخانێک بۆتەوە کە دەشێ تیایدا کولتوورێکی خەباتی نەتەوەیی هۆشمەندانەتر و سەردەمیانەتر دابێنێ...


*گۆڤاری «یەکگرتن» دانماڕک- ژمارەکانی ٩/١٩٨٩، ١١/١٩٩٠،
١٢/١٩٩٢، ١٣/١٩٩٣

Top