ئه نجامێكى گه شبين
May 16, 2018
وتار و بیروڕا
ئەم ئەنجامەش بە پێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوون و ڕمڵلێدانە بوون كە نەیارانی سەربەستی و سەرفرازی بانگەشەیان بۆ دەكرد، بەتایبەتی پاش ئەو گەلەكۆمەكییەی كە لە نیشتمانپەروەران كرا و بە بۆچوونی ئەمانەو نەیارانی ئەو رەوتە سەربەرزیخوازە دەبوو شكست بهێنێ و دەنگەكانی لەم هەڵبژاردنەدا زۆر كەم ببێتەوە كە خۆشبەختانە ئەنجامەكەی تەواو پێچەوانەی بۆچوونی ئەوانەوە بوو.
سیاسەتی دروست ئەوەیە كار و كردەوە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای گەلدا بێت، بێ گوێدانە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی، چونكە حزب ئالەتێكە بۆ گەیشتن بە ئامانج، هەربۆیە گەلەكەمان لەو راستییە سادەیە گەیشت كە كام حزب لە هەرێمدا هەڵگری ئاوات و هیوای خەڵكە، بۆیە ئەو دەنگە زۆرەی پێدا و لەبەرامبەریشدا بۆ جیهانی دەرەوە نیشاندرا كە كام حزب دەتوانێت متمانەی زۆرینەی خەڵكی هەرێم بەدەست بهێنێت و ببێتە دەمڕاستی دۆزەكەمان بەرامبەر خودی عێراق و وڵاتانی دەرەوە.
ئێستا كە پارتی دیموكراتی كوردستان بووەتە خاوەنی زۆرینەی دەنگەكانی هەرێمی كوردستان، داوا لە هەموو حزبە بەشداربووەكان و براوەكانی هەرێم دەكات و دان بەو راستییەدا دەنێت ، ئەویش لە سۆنگەی بڕوابوون بە دیموكراتییەوە ، كە تەنها حزبێك هەرچەندە بەهێز و بەدەسەڵاتیش بێت ناتوانێت نوێنەرایەتی هەموو خەڵك بكات، بۆیە داوا لەو حزبانە دەكات بە یەكدەنگی و یەكگرتووییەوە بچنە بەغدا و بۆ جێبەجێكردنی داخوازییە رەواكانی هەرێم یەكگرتوو بن، چونكە پەرتەوازەیی و تاكڕەوی و پەیوەندی لابەلا هیچ سوودێك بە گەلەكەمان نابەخشێ و ئەم دەرفەتەش لەدەست دەدات.
راستە ئێستا حزبە عێراقییەكان، بەتایبەتی حزبە شیعەكان، ناتەبا دیارن، بەڵام هەركاتێك كار بگاتە هەڵوێست لەسەر كورد و هەرێم، ئەوا گومانی تێدا نییە پشتی یەكتری دەگرن، وەك لەمەوپێش ئەو هەڵوێستانەمان زۆر بەتوندی بینی كە سەرەڕای ناكۆكییەكانیان، لەسەر بڕیارە نادروست و نادەستوورییەكانیان، بەرانبەر گەلەكەمان چۆن بە یەكگرتوویی دژمان وەستان كە دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵوێستەیان زۆر چاوەڕوانكراوە، ئەگەرچی ئێستا پەرتەوازەییان پێوە دیارە، بەڵام نابێت ئەو پەرتەوازە رواڵەتییە ببێتە هاندەر بۆ حزبە كوردییەكان لە بەغدا و ئێمەش یەكگرتوویی خۆمان لەدەست بدەین و بەوپێیەش ئەم هەلە لەدەست بدەین.