تێپەڕاندنی قەیرانەكان و بووژانەوەی ئابووری و هەڵكشانی جووڵەی بازاڕ بەرهەمی سیاسەت و ستراتیژیەتی نەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە
May 16, 2018
وتار و بیروڕا
لەناو ئەم قەیرانە ئابوورییە گەورەیەدا، چەندین رووداوی بەدوادا هاتن كە هێندەی دیكە قەیرانە ئابوورییەكەی گەورەتر كرد و باری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو هەڵاوسانێكی گەورە برد، ئەو رووداوانەش بریتی بوون لە:
1- دابەزینی نرخی نەوت بە شێوەیەكی هێجگار گەورە كە بۆ یەكەمین جار بوو لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە ئەو دابەزینە گەورەیە بەخۆیەوە ببینێت و نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ نزیكەی 20 دۆلار بێتە خوارەوە.
2- داگیركردنی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعش و راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و، هاتنی ئاوارەیەكی زۆری ناوچەكانی ناوچەكانی عەرەبی سوننەی عێراق و كوردی سووریا بۆ هەرێمی كوردستان.
3- هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ژینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی، بەمەش بەرەیەكی شەڕی سەربازی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش دروست بوو كە زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر بوو، هاوكات لەگەڵ هێرشی تیرۆریستانی داعشیش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر زیاتر ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كە بەپێی ئاماری رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەماوەی تەنیا دوو مانگدا هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نزیكەی دوو ملێون ئاوارە كردبوو، بەمەش رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لەماوەی دوومانگ و بە شێوەیەكی زۆر كتوپڕ بە رێژەی 30% زیادی كرد.
دیارە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 29ی نیسانی 2014 یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی گرێدا و نێچیرڤان بارزانی وەك كاندیدی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان راسپارد، راستە ئەو كات كێشەی سەرەكیی كوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا كێشەی بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان بوو لە بودجەی عێراق لەلایەن حكومەتی نوری مالیكییەوە، بەڵام هێشتا كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان متمانەی لەلایەن پەرلەمانەوە پێنەدرابوو كە موسڵ داگیركراو داعش خەلافەتی راگەیاندو شەڕێكی گەورە بەرۆكی كوردستانی گرت و ئاوارەیەكی زۆریش رووی لە هەرێمی كوردستان كرد.
دیارە فاكتەری سەرەكی كە بووە هۆكارێكی گرنگ بۆ ئەوەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوسەنگیی تێكنەچێت و بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە سەختە بكات، رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی بوو، كە لەگەڵ دەستپێكی هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی بەجێهێشت و جارێكی دیكە بە تەمەنی 70ساڵییەوە چووەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و سەركردایەتی ئەو شەڕە گەورەیەی كرد، كە بێگومان ئەو شەڕە لە سەرەتادا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕێكی تازە بوو، هێزی پێشمەرگە ئەزموونی شەڕی تیرۆریستانی نەبوو، بەڵام بە دروستكردنی هەماهەنگییەكی پتەو لە نێوان ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەدا، سەرۆك بارزانی توانی ئاراستەی شەڕەكە بەرەو سەركەوتنێكی گەورە بەرێت، ئەمەش نەك هەر لە بەرەكانی باشوری كوردستانەوە، بەڵكو بەناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و ئازادكردنەوەی كۆبانێ، ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان بەتاڵ كردەوە .
ئەم رۆڵەی سەرۆك بارزانی بۆ سەركردایەتیكردنی راستەوخۆی بەرەكانی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، بووە كۆڵەگەیەكی سەرەكی بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بتوانێت بە كارامەیی و لێهاتوویی بەشێوەیەكی ئەوتۆ كابینەی هەشتەم ئاراستە بكات كە ئیدارەی كۆی قەیران و كێشەكان بكات.
دیارە ئەزموونی نێچیرڤان بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێكی لێهاتوو بۆ كاری پێكەوەیی لەنێوان حزبە سیاسییەكان و درووستكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ هەڵسووڕاندنی كۆی دامەزراوەكانی حكومەت پێكەوە، پێشینەیەكی سەركەوتووی هەیە. نێچیرڤان بارزانی یەكەمین سەركردە و دەوڵەتمەداری كوردستانە كە توانی بۆ یەكەمین جار سەرۆكایەتی حكومەتێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بە سەركەوتوویی لە كابینەی پێنجەمدا بكات، ئەم سەركەوتنەی نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی پێنجەمدا، جیا لەوەی بووە بەردی بناخەی كاری هاوبەشی پارتی و یەكێتی و حزبەكانی دیكەش لەناو یەك حكومەتدا، لەهەمان كاتدا بووە جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانی تەواوی ناوەندەكانی جیهان و، هەرێمی كوردستان بووژانەوەیەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە بینی كە لە هەموو جیهاندا بە «عێراقەكەی دیكە» ناویان دەبرد، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە لە ساڵی 2007 زانكۆی واشنتۆن جیفرسۆن دكتۆرای فەخری بە نێچیرڤان بارزانی بەخشی و، جێگەی ئاماژە پێكردنە لە مێژووی ئەم زانكۆیەدا ئەوە یەكەمین جار بوو كە ئەو دكتۆرا فەخرییە بدرێتە كەسێك كە هاونیشتمانی ئەمریكا نەبێت.
بێگومان سەرۆكایەتیكردنی كابینەی هەشتەمی حكومەت، ئەزموونێكی قورستر بوو لە كابینەی پێنجەم بۆ نێچیرڤان بارزانی، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو جیا لەوەی كابینەی هەشتەم لە پێنج حزبی سەرەكیی ناتەبا (گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو و پارتی) پێكهاتبوو، لە هەمانكاتدا لە كابینەی پێنجەمدا هیچ كام لە قەیرانەكانی ئابووری و شەڕێكی گەورەی وەك شەڕی دژی داعش بوونی نەبوو، بەڵام ئەمجارەشیان نێچیرڤان بارزانی لە ژێر چەتری سەرۆك مسعود بارزانی، توانی بەشێوەیەك سەرۆكایەتی كابینەی هەشتەم بكات كە هێزێكی سەرسووڕهێنەری ئەوتۆ لەو پێنج حزبە ناتەبایە دروست بكات كە نەك هەر توانی ئیدارەی هەموو قەیرانەكان بكات و خەرجییەكانی شەڕێكی گەورەی جیهانی وەك شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دابین بكات، لە هەمانكاتدا وێنەیەكی بۆ كوردستانێكی فرە ئایین و نەتەوە و ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز، دروستكرد، كە هەموو جیهان كوردستان وەك نیشتمانی حوكمڕانیی باش و پێكەوەژیان و لێبووردەیی سەیر بكەن و، بە شانازییەوە گوێ لە شاندەكانی كوردستان بگرن كە پێكەوە بە یەكگرتوویی باسیان لە مافی بڕیاردانی چارەنووس دەكرد.
لێرەوە ئەگەر سەیری سەرۆكایەتیی نیچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتەمدا بكەین، دەبینین لە ماوەی 22ی حوزەیرانی 2014 هەتا سەرەتای حوزەیرانی 2015، كوردستان توانیویەتی ئەم دەستكەوتە سەرسووڕهێنەرانە بەدەست بهێنێت:
1- كابینەی هەشتەم یەكەمین حكومەت بووە لە مێژووی عێراق و كوردستاندا كە بێ بوونی بودجە كارەكانی خۆی لەناو قەیرانی شەڕ و دارایی بە سەركەوتوویی بەڕێوەبردووە.
2- لەگەڵ ئەوەی كابینەی هەشتەم، حكومەتی هەرێمێك بوو لەناو دەوڵەتێكی بەناو فیدڕاڵی و مامەڵەی حكومەتی دەوڵەتێكی سەربەخۆی لەگەڵ نەدەكرا، بەڵام لۆژیك و لێهاتوویی و دەوڵەتمەداریی نێچیرڤان بارزانی بووە هۆكاری ئەوەی نەوتی كوردستان بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا بە رێگەی بۆری هەناردەی دەرەوە بكرێت و بە كۆمپانیاكانی جیهان بفرۆشرێت، ئەم هەنگاوەش بینیمان چۆن لەلایەن بەغداوە رێگری لێدەكرا و ئاستەنگی بۆ دروست دەكرا.
3- لە ماوەی ساڵی (2014-2015) راستە دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش لە رووی چەك و مەشق و راهێنانەوە هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە، بەڵام هیچ كام لەو دەوڵەتانە بە ئەمریكاشەوە، بە یەك دۆلار بۆ مووچەی پێشمەرگە هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە، بەڵام شێوازی هەڵسووڕاندنی حكومەت لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، توانی لە ماوەی ئەو یەك ساڵەدا 10 مووچەی تەواو (بەبێ پاشەكەوت) بۆ هەموو هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی كوردستان دابین بكات، كە بەشێكی زۆری ئەم مووچەیە بە رێگەی پێدانی قەرز بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دابینكرابوو.
4- هەر لەماوەی ئەو ساڵەدا سەرۆك بارزانی داوای لە ئیدارەی ئۆباما كرد، هەتا پارتی و یەكێتی لە لیستی رەشی حكومەتی ئەمریكا دەرنەهێنرێن، سەردانی ئەمریكا ناكات، لەسەر ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی ئەمریكا پارتی و یەكێتی لە لیستی رەش دەرهێنا.
5- هەر لەماوەی ئەو ساڵەدا پەرلەمانی ئەوروپا بە فەرمی داوەتی مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەوەی لەسەر شێوازی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان باسێك پێشكەش بكات، پاشانیش پێشوازیان لە شاندی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و لەمەش زیاتر بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا سەرۆكی فەرەنسا خۆی هاتە كوردستان و دواتریش لە كۆشكی ئەلێزی پێشوازی لە شاندی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد.
6- هەر لەماوەی ئەو ساڵەدا شاندی كوردستان بەسەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی و ئەندامیەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لە لیستی یەكێتی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە لیستی یەكێتی و مستەفا سەید قادر لە لیستی گۆڕان، سەردانی (كۆشكی سپی)یان كرد و لەلایەن سەرۆك ئۆباما و جوزیف بایدن-ی جێگری سەرۆك و بەشی زۆری ستافی ئیدارەی ئۆباما كۆبوونەوە و بە راشكاوی باسیان لە زەروورەتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كردووە، بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا ئیدارەی ئەمریكا بە شاندی كوردستانیان راگەیاندووە كە ئێمە دژی سەربەخۆیی كوردستان نین، بەڵام لەكوردستان با حزبە سیاسییەكان ژوورێكی عەمەلیات بۆ ئەم پرۆسەیە دروست بكەن و نەخشە رێگە بۆ هەنگاوەكانی داهاتووتان دابڕێژن.
بەڵام مخابن گەیشتن بەم لوتكەی سەركەوتنانە لەناو ئەو هەموو قەیرانە ئابوورییە و ئەو شەڕە گەورە خوێناوییەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش ئەنجامیدا. هەوڵێكی زۆر خراپ خرایەگەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان پەكی بخرێت و كابینەی هەشتەم لە سەركەوتنەكانی رابگرن، بەڵام وێڕای ئەوەی لەدوای ئەم بەروارەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین كێشەی ناوخۆیی ترسناكی بۆ دروستكرا، هێشتا لەسەر پێی خۆی راوەستاوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی وەك نوێنەری شەرعیی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.