پێشەنگی پارتی لە هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدا
May 15, 2018
وتار و بیروڕا
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بە هۆی بەكارهێنانی ئامێرێكی تازەی ئەلكترۆنی بۆ دەنگدان پرۆسەی دەنگدانە هێجگار لەسەر خۆ بەرێوە چوو و لە هەندێك لە شارەكانی كوردستانیش بەهۆی تیكچوونی ئەو ئامێرە تازەیەوە بۆ چەند كاتژمێرێك پرۆسەكە دواكەوت. بەڵام وێرای ئەوەش لە بەشێكی زۆری شارەكانی عێراق و ، هەروەها لەبەشێكی شارەكانی كوردستان هەر لە گەرمیانەوە تا سلێمانی و راپەرین، ئاستی بەشداری هاوڵاتیان وەك پێویست نەبوو و بنكەكانی دەنگدان قەرەبالغی هاوڵاتیانی بەسەرەوە نەدەبینرا.
بەڵام ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا جێگەی دڵخۆشی بوو ، ئەوە بوو ، لەو ناوچانەی كە دەكرێت پێیان بڵێن ناوچەی دەنگدەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لە حاجی ئۆمەرانەوە تا دەگاتە سوران و مێرگەسور و هەریر و شەقڵاوەو هەولێر و ئاكرێ و بەردەرەش و دهۆك و زاخۆ ، رێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەكەدا بەبەراورد بە ناوچەكانی دیكەی كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراق زۆر بەرزتر بوو.
ئاشكرایە ریژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن ئاماژەیەكی گرنگە بۆ خوێندنەوەی ژینگەی سیاسی هەر وڵات و شار و ناوچەیەك، هەر بۆیەشە چاودێرانی نێودەوڵەتی كە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن لە وڵاتانی جیا جیای جیهان دەكەن، بایەخێكی زێدە گرنگ بەرێژەی بەشداری هەڵبژاردنەكە دەدەن و لەسەر ئاستی بەشداری هاوڵاتیان هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ پرۆسەكە دەكەن.
لێرەوە ئەگەر ئاستی بەشداری هاوڵاتیان بكەینە پێوەر بۆ خویندنەوەی ژینگەی سیاسی عێراق بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی ، ئەوا ئاشكرایە ئاستی بەشداری هاوڵاتیان بە كەمتر لە ریژەی 30% لە شارێكی وەك بەغدا كە پایتەختی عێراقە و نزیكەی 10-12 ملێۆن كەسی لە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی عێراقی تێدا دەژی، تۆماركراوە، ئەمەش ئەوەمان پیشان دەدا كە ژینگەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا تاچەند لەلایەن خەڵكی عێراقەوە بێ متمانەیە و ئەمە ئاماژەیەكی خراپیشە بۆ ئەوەی كە حكومەتی داهاتووی عێراق لەو ژینگە سیاسیە بێزراوەدا دروست دەكرێت و هەر حكومەتێكیش لە ژینگەیەكی سیاسی بێزراو رەتكراوە لەلایەن خەڵكەوە دروست بكرێت، ئەوا حكومەتێكی سەقامگیر نابێت و ئایندەی وڵاتەكەش ئومێدی باشی لێ ناكرێت.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش، ئەوا ئاستی بەشداری هەڵبژاردن زۆر راستگۆیانە دوو ژینگەی سیاسی لەیەكتری جیاكردۆتەوە، ژینگەی یەكەمیان كە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە هاوڵاتیان بەرێژەی نزیكەی 70% دەنگیان بە پارتی دیموكراتی دیموكراتی كوردستانداوە و، سنوری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و ناوچە كوردستانیەكانی دەشتی نەینەوا دەگرێتەوە، لەم ناوچانەدا و بەپێی ئەو ئامارانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڵاوی كردۆتەوە ، رێژەی بەشداری هاوڵاتیان لەو جوگرافیایەدا لە نێوان 60-90% ، ئەوا ئەم ریژەیە رەنگدانەوەی ئەو ژینگە سیاسیە ئارام و سەقامگیریە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دروستی كردووەو لەگەڵ ئەوەی بەپێی ئاكامی بەراییەكانی سندوقەكانی هەڵبژاردن پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی رەهای دەنگی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك و ناوچە كوردستانیەكانی دەشتی نەینەوای هێناوە، بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسی ئاكامی هەڵبژاردنەكەی رەتنەكردۆتەوە و هیچ گرژی و ئاڵۆزیەكیش لە ناوچانە روویان نەداوە .
بەڵام لەبەرامبەردا ئەگەر سەیری سنوری هەردوو پارێزگای كەركوك و سلێمانی بكەین كە تیایدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەرووی هێزی سەربازیەوە تیدا باڵادەستە، ئەوا ئامارەكانی كۆمسێۆنی هەڵبژاردەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ریژەی هەڵبژاردن لەو دوو پارێزگایە لە نێوان 40-65% بووە و ، لەگەڵ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بانگێشەی ئەوە دەكات كە زۆرینەی رەهای ئەو دوو پارێزگایە دەنگیان بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوە، بەڵام هەر لەگەڵ راگەیاندنی ئاكامە بەراییەكانی سندوقەكانی دەنگدان ، كۆی لایەنە سیاسیە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن ( گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، هاوپەیمانی دیموكراتی، نەوەی نوێ، پارتی ) ئاكامی هەڵبژاردنەكە رەتدەكەنەوە و داوای ئەوە دەكەن سەرلەنوی دەنگی هەموو سندوقەكانی ئەو دوو پارێزگایە بەدەست هەژمار بكرێتەوە، لەمەش خراپتر هەموو لایەك باردۆخی شەوی شەمە لەسەر یەكشەمەی رابردووی بینی كە چۆن ئاژاوە و شەڕ لە سلێمانی روویداوە و مەترسی كەوتە سەر كۆی بارەگای حزبە سیاسیەكان لەو دەڤەرە . ئەمەش مانای ئەوەیە كە كەمی ئاستی رێژەی هەڵبژاردنی هاوڵاتیان لەو دەڤەرەو بانگێشەی یەكێتی كە دەڵێت زۆرینەی رەهای ئەو دوو پارێزگایە دەنگیان پێداوە، ئاكامەكەی ئەو پاشاگەردانی و شەرو ئاژاوەیە كە دوای هەژماركردنی دەنگەكان لەو ناوچانە دروست بوون و هەموولایەك ئەو ئاكامە بەراییانە رەتدەكەنەوە و قبوڵی ناكەن، هەروەها پیشاندانی داین كە راستە لەرووی هێزی سەربازیەوە یەكێتی لەو ناوچانە باڵادەستە بەڵام لەرووی جەماوەرییەوە باڵادەست نیە و ئەو دەنگانەی بەدەست هاتوون دەنگی ساختەن و دەنگی راستەقینەی هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە نین.
ئەگەر لەم روانگەیەوە كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق و كوردستان بخوێنینەوە و مەزندەكان بەو ئاراستەیە بخەنە روو ، بەوەی ئایا ئاراستەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و كوردستان بەرەو كام ئاراستە دەروات؟ ئەوا ئاكامی بەرایی دەنگدان و ریژەی بەشداری هاوڵاتیان ئەوە دەخەنە روو كە تەنیا ناوچەیەك بەرەو سەقامگیری سیاسی و حكومرانی هەنگاو هەڵبگرێت تەنیا ئەو ناوچانە دەبن كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان دەنگی بە پارتی دیموكراتی كوردستان داوە و، ئەمەش دەبێتە سەرمایەیەكی گەورەی سیاسی و مەعنەوی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئاستی پێگە و شكۆی جەماوەری و سیاسی خۆی لە كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق و پرۆسەی سیاسی كوردستاندا رۆڵی خۆی بگێرێت و هەوڵەكانی بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق باشتر چڕبكاتەوە و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش پرۆسەی سیاسی بەو شێوە ریكبخاتەوە كە ژێرخانی حكومرانیەكی باش و سەركەتوو بونیادبنرێتەوە.
ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق بە تەنیا ئەوە نەبووە ، چەند نوێنەری خۆی دەنرێتە پەرلەمانی عێراق؟ یان چەند كورسی زیاتر لە لایەنەكانی دیكەی كوردستان بەدەست دەهێنێت؟ ، بە پێچەوانەوە ئامانجی پارتی لەم هەڵبژاردنە بە پلەی یەكەم ئەوەبوو كە سەنگ وپێگەی جەماوەری پارتی پیشانی دۆست و نەیار و تەنانەت دوژمنەكانی كوردستان بدات و بەراشكاوانە پێیان بڵێت : خواست و داوای زۆرینەی رەهای خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە دەسەڵاتدارانی عێراق بزانن لەگەڵ چ لایەنێك وەك نوێنەری راستەقینەی كوردستان دانوستاندن لەسەر ئایندەی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات، هەروەها پیشانی بدات بەوەی ئایا زۆرینەی گەلی كوردستان چ لایەن و هاوپەیمانیەك لە نوێنەری خۆی دەزانێت؟
پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی پێش كردنەوەی ناوەندەكانی دەنگدان لە خۆی دڵنیابوو كە زۆررینەی خەڵكی كوردستان دەنگ بە پارتی دەدەن، بەڵام دیسان بە پێچەوانەی بانگێشەی هەڵبژاردنی كۆی لایەنە سیاسیەكان كوردستان، یەكێك لە دروشمە گرنگەكانی بانگێشەی هەڵبژاردنی ئەوەبوو كە دەبێت هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بە یەكدەنگی و بەیەكهەڵوێستی بچنە بەغدا و پێكەوە وەك نوێنەرانی هەرێمی كوردستان داكۆكی لە مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
ئێستاش كە ئاكامە بەراییەكانی هەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەكەن كە لیستی پارتی نوێنەری زۆرینەی خەڵكی كوردستانە، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامانجی ئەوە نیە تەنیا لیستی پارتی نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات و ، لەدوای كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان لاپەرەیەكی تازەی هەڵداوەتەوە و دەخوازێت ئەم سەركەوتنەی لیستی پارتی ببێتە سەركەوتنی تێكرای لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و ببێتە بنەمایەك بۆ دووبارە رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و دروستكردنی یەكریزیەكی پتەو بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە لە پەرلەمانی عێراقدا بەرگری لەمافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.