خەڵكی كوردستان بە دەنگەكانیان پێناسەی سەنگ و شكۆی پارتی دەكەنەوە پارتی شانی داوەتە بەر بەرپرسیاریەتییەك ویژدانی خەڵكی كوردستان ئاسوودە دەكات
April 23, 2018
وتار و بیروڕا
لەوانەیە باشترین دەستپێك بۆ خوێندنەوەی گرنگیی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق، ئەو پرسیارە بێت كە دەڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان كە رێبەرایەتی پرۆسەی ریفراندۆمی كرد، بۆچی بەشداری لەم هەڵبژاردنانە دەكات؟ یان، ئایا پارتی چ هیوایەكی بەم هەڵبژاردنە هەیە و ئایا لەو بڕوایەدایە ئەقڵیەتی حوكمڕانی لە عێراقدا گۆڕاوە، یان دوای ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟
دیارە وەڵامی زۆر سادە بۆ ئەم پرسیارانە، ئەوەیە كە: ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا نەكات، كێن ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی كورد لەسەر ئاستی عێراق دەكەن؟ ئایا بەبێ شكۆ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو لایەنانەی دژی مافە دەستوورییەكانی خەڵك و مانەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانن، باڵا دەست نابن؟ یان تەنانەت ئەو لایەنانەشی كە لە هێڵە نیشتمانییەكە لایان نەداوە و بەرگری لە مافەكانی خەڵك و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئایا بەبێ هێزی پارتی و بەبێ پارتی دەتوانن ئەو سەنگەرە بەهێزە دروست بكەن و بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن؟
ورووژاندنی ئەم پرسیارانە، تۆمەت بەخشینەوە، یان پڕوپاگەندەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن نین، بەڵكو بەبیرهێنانەوەی راستییەكی مێژوویی و پەندوەرگرتنە لە مێژوو. لە مێژووی نزیكەی 100 ساڵی رابردوودا، دوو رووداوی هاوشێوەی یەك هەیە كە ئەوانیش بریتین لە:
1- شەڕی بەردەركی سەرای سلێمانی لە 6ی ئەیلوولی 1930، ئەم شەڕە لەسەر ئەوە بەرپا بوو كە بەبێ رەزامەندیی خەڵكی كورستان، عێراق بە كوردستانیشەوە بووە ئەندامی كۆمەڵەی گەلان، ئەمەش بەو مانایەی كوردستان بە زۆر لكێنرا بە عێراقەوە.
2- ریفراندۆمی 25ی ئەیلوولی 2017، ئەم پرۆسەیەش لە ئاكامی پێشێلكردنی دەستووری عێراق و بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان هاتەئاراوە، وەڵامدانەوەیەك بوو بۆ ئەوەی چیتر قبووڵ ناكرێت بەزۆر كوردستان بە عێراقەوە بلكێندرێت، ئەمەش یان ئەوەیە (عێراق، نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەب و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەی ئەم وڵاتە بێت، یان ئەوەتا بڕیاری خۆمان دەدەین و خۆمان وڵاتی خۆمان بەڕێوە دەبەین و بونیادی دەنێینەوە).
خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم دوو رووداوە ئەوەیە، كە دەسەڵاتدارانی رژێمی پاشایەتی لە سییەكانی سەدەی رابردوو، هەروەها دەسەڵاتدارانی رژێمی شیعەگەرا لە سەدەی بیست و یەكدا، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی خواستی خەڵكی كوردستانیان دایەوە و لە هەردوو رووداوەكەشدا، پۆلێكی دیكەی رۆڵەی ئەم وڵاتە لە پێناوی سەروەریی و ئازادی كوردستاندا شەهید بوون. بەڵام لە هەردوو رووداوەكەدا خەڵكانێكی كوردزمانی نانیشتمانی هەوڵیانداوە كە خوێنی شەهیدانی كوردستان، لەبەردەم عەرشی عێراقیدا هەراج بكەن، هەروەك چۆن پیرەمێردی نەمر، سەبارەت بە (شاندی میللەت فرۆشان) هۆنراوەیەكی بەرزی نووسیوەو دەڵێت:
وەفدی كوردستان، میللەت فرۆشان
هەرزە وەكیلی شاری خامۆشان
دەسكێ لە گوڵەكەی باخچەكەی سەرا
كە بە خوێناوی میللەت ئاو درا
بیبەنە خزمەت، عەرشی عێراقی
بڵێین یار باقی، هەم سوحبەت باقی
تارای خوێنی سوور، بەرن بۆ ئەمیر
بڵێن پاش كوشتار هێشتا تۆی دڵگیر؟
دەك خەجاڵەت بن لە رووی مەحشەرا
ئێمەش خاكی غەم ئەكەین بە سەرا
خەیاڵتان خاوە، كورد نەفەوتاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە
من رەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەرئەكەوێ
لەو هۆنراوە بەرزەدا، پیرەمێرد، زۆر راشكاوانە وردەكاری ئەو خەڵكە خۆفرۆشانەی خستۆتەڕوو كە چوونە لای دەسەڵاتدارانی عێراق و پاكانەیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان كردووە، هەر بۆیە ئەگەر ئەو كات وەك ئێستا هێزێكی گەورەی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەبوایە، هەروەك چۆن لە پردێ و سحێلا و مەحموودیە لووتی هێزی داگیركەری شكاند و سەروەریی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی پاراست، ئەوا ئەو خەڵكە خۆفرۆشەی، پیرەمێرد بە «وەفدی كوردستان میللەت فرۆشان» ناویان دەبات، نەیاندەتوانی نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكەن و پاكانە لە خوێنی شەهیدانی بەردەركی سەرا و تەواوی خوێنی شەهیدەكانی كوردستان بكەن و بە داگیركەرانی كوردستان بڵێن: ببوورن هەڵە بووین، داوای سەربەخۆیی كوردستانمان كرد.
وەرگرتنی پەند و وانە لە رووداوی شەڕی بەر دەركی سەرای سلێمانی و دوای ئەوەیش هونراوەی (وەفدی میللەت فرۆشان)، قسەكانی چەند رۆژی رابردووی یوسف محەمەد سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان-مان بیردەخاتەوە، كە ئەویش گوتوویەتی: «دەبێت ریفراندۆمچییەكان دادگایی بكرێن.»
بەكارهێنانی چەمكی «ریفراندۆمچی»، بۆ پرۆسەی راپرسی كە زیاتر لە 93% خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگی بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە، سووكایەتیكردنێكی ئاشكرایە بە خوێنی هەموو شەهیدان و سەرجەم شەهیدانی شۆڕشەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەموویان لە پێناوی سەربەخۆیی و ئازادیی كوردستان گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆت بكات، كە بەتەنیا نزیكەی (50%)ی كۆی كورسییەكانی پشكی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، ئایا ئەو كورسییانە بۆ ئەو خەڵكە خۆفرۆشانە نابن كە هەر لە ناو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەوە، بێ شەرمانە سووكایەتی بە خوێنی شەهیدانی كوردستان دەكەن؟ یان ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆت بكات، ئایا ئەو خەڵكە نانیشتمانی و خۆفرۆشانەی هاوشێوەی (یوسف محەمەد) نابنە زۆرینە و بە هەمان شێوەی وەفدە میللەتە فرۆشەكەی دوای شەڕی بەردەركی سەرا، پاكانە لە مافەكانی خەڵكی كوردستان ناكەن؟
رووداوەكانی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو و هەڵوێستی میدیاكانی (گۆڕان و كۆمەڵ و یەكێتی نیشتمانی و ئێن ئاڕ تی)، رووی راستەقینەی ئەو خەڵكانەمان پیشان دەدا كە چۆن كەركووكیان تەسلیمی سوپای داگیركار كرد، دوای ئەویش بینیمان چۆن هەموو ئەو میدیایانە بوونە زوڕنای میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و لەبەرەی دوژمنەوە و بۆ بەرژەوەندی هێزەكانی حەشدی شەعبی، رووماڵی بەرەی شەڕیان لە قۆڵی (پردێ)وە دەكرد و سات بە سات هەواڵی سەركەوتنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پاشەكشەی پێشمەرگەیان بڵاو دەكردەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا نەك هەر هێزی پێشمەرگە پاشەكشەی نەكرد، بەڵكو بە دەیان هامەر و زرێپۆش و تەنانەت تانكی ئابرامزی ئەمریكییان تێكشكاند، لەدوای ئەم قۆڵەش لە رۆژانی 20-26 ئۆكتۆبەری رابردوو لە بەرەی شەڕەكانی سحێلا و مەحموودیە، بەتەواوەتی لووتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییان تێكشكاند و ئەو میدیا كوردیانەشی خۆیان كردبووە زوڕناژەنی دوژمنان، بێدەنگ كران.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان، قارەمانانە داكۆكی لەخاكی كوردستان نەكردایە و بە خوێنی رۆڵەكانی، داستانەكانی (پردێ و مەحموودیە و سحێلا)ی تۆمار نەكردایە، ئایا ئێستا قەوارەیەكی سیاسی بە ناوی (هەرێمی كوردستان ) بوونی دەبوو؟ ئایا ئێستا هەموو كوردستان، بە هاوشێوەی كەركووك داگیرنەكرابوو؟ ئایا بە هاوشێوەی بارودۆخی ئێستای كەركووك هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكیش قەدەغە نەدەكرا؟
خەڵكی كوردستان زۆر لەوە هۆشیارترە كە خەڵكانێكی خۆفرۆش و نیشتمانفرۆش، خۆڵ بكاتە چاویانەوە، هەموو لایەك ئەو راستییەی بۆ ئاشكرا بووە كە ئێستا هەموو حزب و هێزە سیاسییەكانی كوردستان، لەسایەی هێز و شكۆی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەتوانن بە ئازادی هەڵمەتی هەڵبژاردن بكەن و بە ئازادی ئاڵای كوردستان هەڵبكەن، خەڵكی كوردستان هەڵوێستی هەموو ئەو حزبە سیاسییانەی بینیوە كە ئێستا لە كەركووك بانگشەی هەڵبژاردن دەكەن و دەزانن چۆن بەدەستی هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە زەلیل كراون و تەنانەت ناتوانن بەرگری لە كەرامەتی ئەندامەكانی خۆیان بكەن و دەبێت بەپێی ئەو بەرنامەیە بجووڵێنەوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆی داناون.
جیاوازیی نێوان هەرێمی كوردستان و كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكەی كوردستان، ئەوەیە كە لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان بە هێزەوە بوونی هەیە، بۆیە خەڵكی كوردستان هەست بە سەربەرزی و شكۆ دەكەن، لە ناوچە داگیراوەكاندا، پارتی بوونی نییە، بۆیە نەك هەر خەڵكی ناوچەكە، بەڵكو ئەو حزب و هێزە سیاسییانەشی لەو ناوچانە بوونیان هەیە، زەلیل و ریسوا بوون بەدەست هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە و خۆشیان ئەم راستییانە ناشارنەوە.
كەواتە خەڵكی كوردستان دەزانێت بۆچی لەسەر سندوقەكانی دەنگدان، دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدات. هەروەها دەزانێت، ئەگەر پارتی بەهێز نەبێت، ئەوا نەك هەر تاكەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵكو حزبەكانی دیكە نەك هەر ناتوانن بەرگری لە خەڵكی كوردستان بكەن، بەڵكو وەك ئێستا لە كەركووك دەبینین، ناتوانن بەرگری لە خۆیان و بارەگاكانیشیان بكەن.