هێرشە ئاسمانی و موشەكیەكانی ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا بۆ سەر سوریا باجی مانەوەی رژێمی ئەسەد.. پیشانی رووسیا و ئێران دەدات
April 15, 2018
وتار و بیروڕا
جیاوازی هێرشە ئاسمانی و موشەكیەكانی نیسانی 2018، لەگەڵ هێرشە موشەكیەكەی نیسانی 2017 ، ئەوەیە كەساڵی پار ، دۆناڵد ترەمپ بەبێ گەرانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ، هەروەها بەبێ گەرانەوە بۆ كۆبوونەوەی چڕ و پڕ لەگەڵ كۆشكی سپی ، فەرمانی موشەك بارانكردنی فرۆكەخانەی شوعەیراتی دەركرد وەك سزادانێكی رژێمی سوریا لەسەر كیمابارانكردنی شاری ( خان شیخون) ،ئەمەش مانای ئەوەیە هێرشی موشەكی ساڵی پاری ئەمریكا، هێرشێكی تاكلایەنەی سەرۆكی ئەمریكا بووە و هیچ پشتیوانیەكی نێودەوڵەتی لە پشت نەبووە، بەڵام هێرشەكەی شەوی رابردووی بۆ سەر سوریا، لەگەڵ ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهۆی بەكارهێنانی ڤیتۆی رووسیاوە، نەیتوانی چەترێكی شەرعیەتی نیودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی دروست بكات، بەڵام ئەمجارەیان ئەمریكا لەدەرەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش توانی لە ژێر چەتری هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی( ناتۆ) و بە هاوبەشی لەگەڵ ( فەرەنسا و بەریتانیا) هێرشێكی سێ قۆڵی بۆ سەر سوریا ئەنجامبدەن و ، دوای ئەنجامدانی هێرشەكەش تەواوی دەوڵەتانی ئەندامی ( ناتۆ) بە توركیاشەوە پێشوازیان لەو هێرشە كرد و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش، بە تایبەتی سعودیە پشێوازی لیكراوە.
لێرەوە ئەگەر بڕیاری بەرپەرچدانەوەی رژێمی ئەسەد لەلایەن ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنساوە، لە بازنە سەربازییەكەی بێنێنە دەرەوە و ، وەك بڕیارێكی سیاسی و ستراتیژی ناتۆ و هاوپەیمانەكانی رۆژئاوا، خوێندنەوەی بۆ بكەین، ئەوا راشكاوانە دەگەینە ئەو ئاكامەی ئەو هاوپەیمانیەی چەند رۆژی رابردوو بۆ هێرشكردنە سەر رژیمی ئەسەد دروست بوو، پێشتر و لە ئاداری ئەمساڵدا لە دژی بەكارهێنانی گازی ژەهراوی نۆڤۆچۆك (Novichok) لەلایەن رووسیاوە بۆ كوشتنی سیرگی سكریبالی كۆنە جاسووسی دووسەرە و یولیای كچی لە بەریتانیا، دروستبووە و بەیەكجار زیاتر لە 20 دەوڵەت دبلۆماتەكانی رووسیایان لە وڵاتەكەی خۆیان دەركرد و ، دبلۆماتەكانی خۆشیان لە موسكۆ كشاندەوە.
قسەكردن لەسەر بایەخ و گرنگی دروستكردنی هاوپەیمانی لەنێوان دەوڵەتانی رۆژئاوا و ناتۆ بۆ بەرپەرچدانەوەی رووسیا، بە وەرچەرخانێكی گەورە و گرنگ و ستراتیژی لە دووبارە خۆ رێكخستنەوەی دەوڵەتانی رۆژئاوا و ناتۆ دادەنرێت ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەدوای ئەوەی رووسیا لە ساڵی 2014 بەزەبری هێز، كریمای لە ئۆكرانیا كردەوە و لكاندنی بەرووسیاوە ، گەورەترین كێشەی رۆژئاوا ( یەكێتی ئەورپا و ناتۆ) ئەوەبوو كە نەیاندەتوانی هاوپەیمانیەكی نیودەوڵەتی بە هاوشێوەی ئەو هاوپەیمانیە نێودەوڵەتیەی لە ساڵی 1990 دژی سەدام حوسێن لە دوای داگیركردنی كوەێت ، دروست بكەن، هەروەها دەوڵەتانی ( ناتۆ و یەكێتی ئەورپا)ش نەیاندەتوانی هاوپەیمانیەكی ئەتڵەسی دروست بكەن بۆ ئەوەی بەزەبری هێز رووسیا لە كریما بكشێنەوە، لەبەر ئەوەی دروستكردنی هاوپەیمانیەكی رۆژئاوایی دژی رووسیا مەترسی هەڵایسانی شەڕی سێهەمی جیهانی لێدەكرا كە هیچ كەسێك نەیدەتوانی مەزندە ئاكامی كاولكاری ئەو شەڕە بكات، بەمەش بەكردەیی ئەوەی پێی دەگوترا ( سیستمی نوێی جیهان) یان ئەوەی رۆژئاوا پێی دەگووت ( سیستمی لیبرالی جیهانی) كۆتایی هات، دیارە وەك ئەنتۆنی گرامشیش گووتەیەتی ( سیستمە كۆنەكە دەمرێت بەڵام هێشتا سیستمە تازەكە نەیتوانیووە لە دایك بێت)، ئەوا دروستبوونی هاوپەیمانی بۆ پشتیوانی بەریتانیا لەدژی بەكارهێنانی گازی ژەهراوی نۆڤۆچۆك لەلایەن رووسیاوە لەناو بەریتانیادا و هەروەها دروستبوونی هاوپەیمانی بۆ پشتیوانی ئەمریكا لە دژی بەكارهێنانی گازی كلۆر لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە ، سەرەتای لەدایكبوونی سیتمێكی دیكەی جیهانی یە، بەڵام ئەم سیستمە جیاواز دەبێت لە( سیستمی لیبرالی نێودەوڵەتی ) كە لەدوای شەڕی دووەمی جیهان لەلایەن ئەمریكا و دەوڵەتانی رۆژئاواوە دامەزرێنرا، هەروەها جیاوازیش دەبێت لەو سیستمە جیهانیەی كە جۆرج بوشی باوك بەناوی ( سیستمی نوێی جیهانی) رایگەیاند.
دیارە رووسیا لەدوای ئەنجامدانی هێرشەكەی ( ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا) بۆسەر رژێمی ئەسەد،داوای كردووە بەپەلە ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر پێشلكردنی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی كۆبوونەوە بكات و ئیدانەی هێرشەكەی ئەو سێ وڵاتە بكەن، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە هەر لەم خولەی ئێستای ئەنجوومەنی ئاسایشدا، لە كۆی ئەو 15 دەوڵەتەی ئەندامن ، بەشی زۆریان ئەو دەوڵەتانەن كە پشتگیری ئەو هێرشە دەكەن، ئەمەش راشكاوانە لە كۆبوونەوەكانی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی ئاسایش رەنگدانەوەی هەبووە و كاتێك نوێنەرانی ( فەرەنسا و ئەمریكا و بەریتانیا) ئامادەنەبوون گوێ لە قسەكانی بەشار جەعفەری نوێنەری رژێمی ئەسەد بگرن و، نوێنەری چەندین دەوڵەتی دیكەش وەك پشتیوانی بۆ هەڵوێستی ئەوان لە كۆبوونەوەكە چوونەدەرەوە و ئامادەنەبوون گوێ بۆ قسەكانی رژێمی ئەسەد بگرن، هەروەها ئەو سێ دەوڵەتە ، هەرسێكیان مافی ڤیتۆیان هەیە و ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت هیچ بڕیارێك لەدژیان دەربكات، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەمجارەیان كاردانەوەی رووسیا داواكردنی كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشە، لەسەر ئەمە چەند بۆچوونی جیاواز هەیە:
1- لەوانەیە لەبەر چاونەگرتن یان بایەخ دانەنان بۆ ڤیتۆی ئەمجارەی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و دروستبوونی هاوپەیمانیەكی فرانتر لە ناتۆ بۆ تەحدا كردنی ڤیتۆی رووسیا ، لەمەزندەی كرملین گەورەتر بووبێت و ، لەوانەیە رووسیا پشتگیری و پشتیوانیە دپلۆماتیەكەی 20 دەوڵەت بۆ بەریتانیای ، بە گەورەترین كاردانەوەی رۆژئاوا بەرامبەر رووسیا لە قەڵەم دابێت و ، لەسەر ئەوە گرەوی كردبێت كە هەرگیز لەناو ( ناتۆیەكی لەبەر یەكهەڵوەشاو ، یەكێتیەكی ئەورپا لەرزۆك، ئیدارەیەكی نەگونجاوی وەك ئیدارەی ترەمپ، فەرەنسایەكی ناوەندی تیرۆری ئیسلامی سیاسی) هاوپەیمانیەكی لەو ئاستە دروست نابێت كە لەرووی سەربازی و سیاسی و ستراتیژی و دپلۆماتیەوە ، تەحدای رووسیا بكەن و هیچ ئیعتوبارێك بۆ ڤیتۆكەی دانەنێن، بەپێی ئەم بۆچوونە رووسیا هەوڵدەدات لە چوارچێوەی ئەو یاسا نێودەوڵەتیانەی كە خۆی پێش هەموان پێشیلی كردووە ، ئیعتوبار بۆ خۆی بگێرێتەوە و سەركۆنەی هێرشەكە بكەن.
2- رووسیا لەدوای ساڵی 2005 ەوە بەراشكاوی ئەوەی راگەیاندووە كە سیستمی جیهانی ئەوەی ئەو ناوی لێناوە ( پاكس ئەمریكانە - Pax- Americana) كۆتایی هاتووە و دەبێت جیهان ئەمری واقیعی ( فرەجەمسەری) قبوڵ بكات، بەپێی ئەم بۆچوونە رووسیا دەیەوێت وەك جێگرەوەی ( یەكێتی سۆڤیەتی پێشان) لەناو ئەنجوومەنی ئاسایش مامەڵە بكات و مامەڵەی لەگەڵ بكرێت ، ئەمەش بەو مانایەی ئەوەی رووسیا بە دروستی زانی، دەبێت وەك بەشێك لە ( سیستمی نێودەوڵەتی) مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و سیاسەت و ستراتیژیەتی رووسیا ، وەك سیتمێكی جیهانی قبوڵ بكرێت، دیارە رووسیا لە چەندین هەنگاودا وەك ( لكاندنی كریما بەرووسیاوە لە 2014) ، ( دەستێوەردانی راستەخۆی لەشەڕی سوریا بۆ مانەوەی رژێمی ئەسەد لە 2015) ، ( دەستێوەردانەكانی لە هەڵبژاردنەكانی 2016ی ئەمریكا و 2017ی فەرەنسا) ، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ( رووسیا توانی سەركەوتنی شەڕی دژی داعش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش وەربگرێتەوە و خۆی و ئێران بكاتە براوەی سەرەكی شەڕی دژی داعش) ، سەركەتوو بووە و، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، ئەگەر رووسیا وەك خۆی دەڵێت : جێگرەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشانە، ئایا بەكردەیی رووسیا گەیشتۆتەوە ئەو ئاستەی سۆڤیەتی پێشان كە بتوانێت لە هەموو روویەكەوە سەركردایەتی جەمسەرێكی جیهان بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەم یەكدوو مانگەی پێش كردنەوەی موندیالی 2018 دەیداتەوە، ئەمەش بەو مانایەی ئایا رووسیا دەتوانێت لەم یەكدوو مانگەدا لاسەنگی خۆی لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتی راستبكاتەوە و هاوشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری چارەسەركردنی كێشەی سوریا بكات، یان وەك یەكێتی سۆڤیەتی پێشان لەسەر مانەوەی لە ئەفغانستان پێدادەگرێت ، كە ئۆلۆمپیادی مۆسكۆی 1980 ی كرد بەسەرەتایەك بۆ هەڵاوسانێكی گەورەی ئابوری ئەوتۆ ، كاتێك گۆرباچۆف هەوڵیدا راستی بكاتەوە بەڵام یەكێتی سۆڤیەت لەبەریەكهەڵوەشا.