كوردستان و عێراق .. لەناو سیاسەتی مینی- ترەمپدا

كوردستان و عێراق .. لەناو سیاسەتی مینی- ترەمپدا
مایك پۆمپیۆ كە لە ئێستاوە پێی دەڵێن (ترەمپی بچووك یان مینی ترەمپ) لەگەڵ دەستنیشانكردنی لەلایەن ترەمپەوە، بۆچوونەكان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و كۆماری ئیسلامی ئێران وەك یەكەم كاردانەوەی بەرامبەر بە دانانی پەمپێۆ بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەوە بووە كە پەمپێو پێشتر بۆچوونەكان لە بارەگای CIA لە لانگلی ( مەبەست ئەو شوێنەیە كە بارەگای CIAی لێیە) دەشاردەوە و ئێستا بە ئاشكرا لە فوگی بۆتوم (مەبەست ئەو شوێنەیە كە وەزارەتی دەرەوەی لێیە) ئاشكرایان دەكات، ئەم كاردانەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە دوژمنی سەرسەختی ئێرانە و هەروەها بە تەواوەتی دژی رێككەوتنی ئەتۆمییە كە ساڵی 2015 و لەسەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا ئیمزاكراوە بە رێككەوتنی (5+1) ناسراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەو سەردەمە كۆتایی هات كە ستافی سیاسەت دروستكەری ئەمریكا بە دۆست و نەیارەكانی ئەمریكایان دەگوت: «سیاسەتی ئەمریكا ئەو سیاسەتەیە كە دامەزراوەكان دروستی دەكەن، نەك قسە ئیستفزازییەكانی سەرۆك.» هەربۆیە لە كۆتایی مانگی مارتەوە كە تیلرسۆن پێش ئەوەی كۆنگرێس بە فەرمی پۆمپیۆ وەك وەزیری دەرەوەی تازەی ئەمریكا پەسەند بكات، ئەو وەزارەتی دەرەوە بەجێدەهێڵێت و دەسەڵاتەكانی دەگوازێتەوە بۆ بریكارەكەی، ئەوا سەرەتاكانی گۆڕانكاریی جددی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەست پێدەكات و، چاوەڕێی ئەوە دەكەین، ئاخۆ قەیس غەزەعەلی فەرماندەی میلیشیا وەكیلەكانی حەشدی شەعبی دەتوانێت بە مینی ترەمپیش بڵێت: دەبێت پرسیار بكەین، ئایا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەمژەیە، یان خۆی گەمژە دەكات، كاتێك داوا دەكات میلیشیا وەكیلەكانی حەشدی شەعبی عێراق بەجێ بهێڵن.
بەپێی ئەو شرۆڤە و بۆچوونانەی هەتا ئێستا بۆ ئەم ئاڵۆگۆڕە لەوەزاەتی دەرەوەی ئەمریكا كراوە و چاوەڕێی دەكرێت، هەر دوو پۆستی وەزارەتی بەرگری و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییش بگرێتەوە، ئەوا مانای ئەوەیە لە كۆتایی مانگی مارتەوە، چەند گۆڕانكارییەكی گرنگ لە هەیكەلەی ستافی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و كۆتاییهاتنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئۆباما روودەدەن، لەوانە:
1- بریت ماككۆرگ كە نوێنەری سەرۆك ئۆباما بوو بۆ شەڕی دژی داعش و ریكس تیلرسۆن لەهەمان پۆستدا هێشتبوویەوە بە بیانووی ئەوەی شەڕی داعش كۆتایی نەهاتووە، چیدیكە مینی ترەمپ رێگە نادات، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی نوێنەری سەرۆك ترەمپ بێت و درێژە بە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما لە پاراستنی یەكپارچەیی عێراق و زەمینە خۆشكردن بۆ كۆماری ئیسلامی عێراقی شیعەگەرا بدات.
2- درێژە پێدانی سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما لەلایەن ریكس تیلرسۆنەوە بووە هۆكاری ئەوەی سەركەوتنی شەڕی دژی داعش لە عێراقدا ببێتە دیارییەكی بەلاش بۆ كۆماری ئیسلامی و لە توركیاشدا بوو بە سەركەوتنی رووسیا و ئێران و توركیاش بە ناچاری پشتی لە ناتۆ كرد و بووە هاوپەیمانی رووسیا و ئێران لە كۆبوونەوەكانی سۆچی و ئەستانەدا. لەمەش خراپتر سەركەوتنی شەڕی دژی داعش بووە مەترسییەك بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل، كە ترەمپ ئەوەی نەشاردۆتەوە ئاسایشی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك ئاسایشی ئەمریكا سەیر دەكرێت، بۆیە لەمەشیاندا مینی ترەمپ دەبێتە گۆچانی دەستی ترەمپ و ئەوەی ترەمپ داوای دەكات، ئەو لەسەر ئەو بنەمایە رەنگڕێژی سیاسەتی دەرەوە دەكات، وەك ئێرانیش لەوەسفی پۆمپیو ئاماژەی پێكردووە، پلان و نەخشەكانی CIA دەگوازێتەوە بۆ ناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئەم گواستنەوەیەش پێویستی بە ستافێكی تازەیە كە وەك ترەمپ بیر بكەنەوە، نەك درێژە بە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما بدەن.
3- هێڵە گشتییەكانی ئەو سیاسەتە پرۆپۆزەڵەی بۆ ئیدارەی ترەمپ ئامادەكراوە و لەماوەی ساڵی رابردوو كاری پێنەكراوە، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هەنگاوی یەكەمی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەبێت لەوەوە دەست پێبكات كە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا هەست بكەن بەهێزن بەرامبەر نەیارەكانی خۆیان و نەیارەكانی ئەمریكا، بەڵام درێژە پێدانی سیاسەتی ئۆباما نەك هەر وایكردووە، دوو هاوپەیمانی گرنگی ئەمریكا وەك (كوردستان و سعودیە) لەناو هاوكێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەست بە شكست بكەن، بەڵكو بۆتە هۆكاری ئەوەی كێشەی (سعودیە و كوردستان) زیاتر لەگەڵ هاوپەیمانەكانی دیكەی ئەمریكا بێت، بۆ نموونە كێشەی سەرەكیی سعودیە لەگەڵ دوو هاوپەیمانی دیكەی ئەمریكایە كە (قەتەر و توركیا)ن، هەروەها كێشەی سەرەكیی كوردستانیش لەگەڵ دوو هاوپەیمانی دیكەی ئەمریكایە كە بریتین لە (توركیا و حكومەتەكەی عەبادی)، هەر بۆیە كاری سەرەكی و سەرەتایی مینی ترەمپ دەبێت ئەوە بێت كە جۆرێك لە ئاشتی و پێكەوەژیان لە نێوان (دۆست و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا) لەناوچەكە دروست ببێتەوە، هەروەها دەبێت هاوپەیمانەكانی ئەمریكا هەریەكەیان هێزێك بن بۆ ئەوی دیكەیان، نەك هاوپەیمانەكانی ئەمریكا یەك پشتی ئەوی دیكە بشكێنێت و سەرەنجامیش دوژمن و نەیارەكانی ئەمریكا بەهێزتر بن.
4- مامەڵەی خراپی ستافە كۆنەكەی ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017، پێچەوانەی ئەو سیاسەتە پێشنیاركراوانەیە كە بۆ ئیدارەی ئەمریكا دوای ئیدارەی ئۆباما ئامادەكراون، لەو سیاسەتە پێشنیاركراوانەدا بەمجۆرە باسی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق كراوە:
ا- لە رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق لە قۆناخی پۆست داعشدا، ئەمریكا بایەخ بە رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە دەدات و هەرێمی كورستان تێكەڵاوی ئەو پرۆسەیە ناكات، پاش ئەوەی پرۆسەی سیاسی لەنێوان عەرەبی شیعە و سوننە رێكدەخرێتەوە، ئەوجا بە میكانیزمێكی گونجاو پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق رێكدەخرێتەوە، بەڵام درێژەدان بە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما و ئاستەنگ دروستكردن بۆ سیاسەتی تازەی ئیدارەی ترەمپ، بووە هۆكاری ئەوەی كە باشترین دۆستی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە ( كوردستانە) بكرێتە قوربانی و بخرێتەوە ژێر ركێفی حوكمڕانی شیعەگەرایی عێراقەوە.
ب- لەو سیاسەتە پێشنیاركراوانەدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەگەر كوردستان تێكەڵی رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق نەكرێتەوە، ئەوا عەرەبی شیعە و سوننە باشتر و ئاسانتر رێكدەكەون، هەروەها لەبەر ئەوەی هەردوولایان عەرەبن، ئەوا دەتوانرێت كۆمەڵگەیەكی هۆموجینی ئەوتۆ دروست بكرێت كە بتوانرێت پرۆسەی سیاسی تێدا رێكبخرێتەوە و لەژێر كاریگەری كۆماری ئیسلامی بهێنرێنە دەرەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم سیاسەتە سەر نەگرێت، هەڵەی درێژدەدان بە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما، عێراقی پۆست داعشی كردە دیاری بۆ ئێران و رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی بوونی نەما.
ئەگەر لەسەرینی ئەم دوو خاڵە گرنگەوە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیاری ریفراندۆمی كوردستان بكەین، ئەوا دەبینین بڕیاری ریفراندۆم نەك هەر بڕیارێكی دروست بووە بۆ دیاریكردنی ئایندەی كوردستان، بەڵكو بڕیارێك بووە بۆ دووبارە گێڕانەوەی شكۆی سیاسەتی ئەمریكا و دووبارە رێكخستنەوەی عێراق لە قۆناخی پۆست داعش و ریگرتن بووە لەوەی سیاسەتی مەزهەبگەرایی دیكتاتۆری لە عێراقدا دروست بێت.
لە قۆناخی داهاتوودا و كاتێك مینی ترەمپ ( پۆمپیۆ) بە فەرمی دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەولەوییەتی كارەكانی دەبێتە ئەوەی چۆن جارێكی دیكە هاوپەیمان و دۆستەكانی ئەمریكا بەهێز بكاتەوە و چۆن هاوپەیمان و دۆستەكانی ئەمریكا بكاتەوە بە پشت و پەنای یەكتری و هێزێك لەبەرامبەر نەیارانی ئەمریكادا، لەسەر ئەم بنەمایە ئەوا ئەو عێراقەی ئێستا حەیدەر عەبادی حوكمڕانی دەكات و گرەوی گەورەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ئەوە بوو لە هەڵبژاردنی ئایاری داهاتوو دەربچێتەوە و هەر ئەو سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق بێت، ئەوا لەبەرامبەر مینی ترەمپ، خۆی رووبەڕووی ئەو پرسیارە دەكاتەوە، ئایا عێراق هاوپەیمان و شەریكی راستەقینەی ئەمریكایە، یان لەژێر ئینتیدابی دەوڵەتی ئێراندایە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە كە هەر دەبێت حكومەتی بەغدا بە راستگۆیی وەڵامی ترەمپ و مینی ترەمپ بداتەوە، زۆر بنەمای سەرەكی لە سیاسەتی عێراقیدا دەگۆڕێت و پرۆسەی سیاسیش لە عێراقدا ئاراستەیەكی دیكە دەگرێت، بەڵام بە هەر شێوازێكی ئەرێنی، یان نەرێنی حكومەتی بەغدا وەڵامی سیاسەتی تازەی ئەمریكا بەرامبەر عێراق بداتەوە، ئەوا پێگەی سیاسی و ستراتیژیی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت، یان دەبێت عێراق ببێتە ئەو عێراقەی كە ئەمریكا زیاتر لە 3 ترلیۆن دۆلار و زیاتر لە 5000 سەربازی لە پێناودا كردووە بە قوربانی و بەدەیان هەزار برینداری لە پێناودا داوە، ئەمەش واتە ببێتەوە بەو عێراقەی كە لە ساڵی 2005 لەسەر بنەمای سازان و پێكەوەژیان دەستووری بۆ دانراوە، یاخود دەبێت كوردستان لەدەستی ئەو حكومەتە شیعەی مەزهەبگەرایە رزگار بكرێت، كە نەك ئاشتی و سەقامگیریی كوردستان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵكو ئاشتی و سەقامگیریی تەواوی ناوچەكەش دەخاتە مەترسییەوە، هەروەك چۆن لەدوای داگیركردنەوەی كوردستانەوە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 وە بۆتە ئەو پردەی هیلالی شیعی تەواوكردووە و تاران و باشووری لوبنانی پێكەوە بەستۆتەوە.
Top