مینی ترەمپ.. وەزارەتی دەرەوە لە پاشماوەی ستاڤ و سیاسەتی ئۆباما پاكدەكاتەوە

مینی ترەمپ.. وەزارەتی دەرەوە لە پاشماوەی ستاڤ و سیاسەتی ئۆباما پاكدەكاتەوە
لەدوای سەرهەڵدانی داعش و كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە حوزەیرانی 2014، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ئاستێك گەیشتبووە بنبەست كە دیموكراتەكان پێش كۆمارییەكان گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی كە ئەو سیاسەتە نەك هەر ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات، بەڵكو بەردەوامبوون لەسەر ئەو سیاسەتە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە شكۆی ئەمریكا و رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان كۆتایی بێت، هەر بۆیە باراك ئۆباما لەمانگی ئابی 2014 و دوای ئەوەی داعش هێرشی كردە سەر كوردستان و پاش ئەوەی بینی هێزی پێشمەرگە ئەو هێزەیە كە لەسەر زەوی دەتوانێت داعش رابگرێت، ئەوە بوو سیاسەتی خۆی گۆڕی و پشتگیری خۆی بۆ شەڕی دژی داعش راگەیاند و لە 11ی ئەیلوولی 2014 و دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان (زممار و بەنداوی موسڵ)ی لە تیرۆریستانی داعش پاك كردەوە، ستراتیژیەتی (تێكشكان و لە ریشەهەڵكێشانی داعش)ی راگەیاند، لەمەش زیاتر باڵیۆز جیمس جێفری كە پێشتر باڵیۆزی ئیدارەی ئۆباما بوو لە بەغدا، سەبارەت بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی داعش، لە پەنێڵێكی ئامۆژگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك راشكاوانە ئەو پێشنیارەی خستەڕوو و گوتی: «ئەگەر بمانەوێت داعش لەسەر زەوی تێكبشكێنین، ئەوا دەبێت هێزێك بە هاوشێوەی هێزی پێشمەرگە لە سووریا و عێراق دروست بكەین و ناوچەكانی دیكەش لە داعش پاك بكرێنەوە)، بەڵام نە ئیدارەی ئەمریكی و نە دەوڵەتانی هاوپەیمانیی دژی داعش، نەیانتوانی نە لە عێراق و نە لە سووریاش هێزێكی هاوشێوەی پێشمەرگە دروست بكەن، ئەمەش بەو مانایەی هەم توانای ئەوەی هەبێت داعش تێكبشكێنێت و هەمیش ئەخلاقی سەربازی لەو ئاستەدا بێت كە فرەیی و پێكەوەژیان بپارێزێت، هەر بۆیە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما لەكۆتایی 2014 لەشەڕی دژی داعش بەهۆی هێزی پێشمەرگەوە لە عێراق وەك سیاسەتێكی سەركەوتوو لە قەڵەم درا، لە سووریاش رۆبەرت فۆرد هەڵسووڕێنەری سیاسەتی ئەمریكا لە سووریا لە ئیدارەی ئۆباما دەستی لەكاركێشایەوە و پاشانیش رووسیا هاتە ناو شەڕی سووریا و ئەمریكا لە هاوكێشەی شەڕی داعش لە سووریادا پەراوێزخرا، هەروەك چۆن ئێستاش هەر پەراوێزە.
لەساڵی 2016 و لەگەڵ دەستپێكی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و لەگەڵ ئەوەی تێكڕای راپرسییەكان ئاماژەیان بۆ ئەوە دەكرد (هیلاری كلینتۆن) هەڵبژاردن دەباتەوە و دەبێتە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا، بەڵام لەسەر ئاستی هەردوو حزبی (كۆماری و دیموكراتی) چەند لیژنەیەكی زۆر تایبەتمەند دروست بوون كە بە درێژایی ساڵی 2016 خەریكی داڕشتنی پرۆپۆزەڵێكی نوێ بوون بۆ سیاسەتی تازەی ئەمریكا بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش مانای ئەوەیە هەتا ئەگەر (هیلاری كلینتۆن) یش ببوایە بەسەرۆكی ئەمریكا، ئەوا نەیدەتوانی درێژە بە هەمان سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات.
بەڵام كاتێك سندوقەكانی دەنگدان (ترەمپ)ی هەڵبژارد بۆ سەرۆكی ئەمریكا، دیموكراتەكان تووشی شۆك بوون و بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ئەمریكادا، پارتی دیموكراتی پشتگیری ئەو خۆپیشاندانەی دەكرد كە دژی سندوقەكانی دەنگدان و دەرچوونی ترەمپ لە شەقامەكانی ئەمریكا بەڕێوە دەچوون، لەمەش زیاتر پارتی دیموكراتی هەموو هەوڵێكی خۆی خستە كار بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ سەركەوتوو نەبێت و ترەمپ ناچار بكەن لەماوەی كەمتر لە ساڵیكدا دەست لەكار بكێشێتەوە.
ترەمپ بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا رایگەیاندبوو كە بەڵێنی بە گەلی ئەمریكا دابوو، جێبەجێیان بكات، ستافێكی هەڵبژاردبوو كە هەر لەسەرەتای دەست بەكاربوونیەوە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەوە كە بەدەست لەكاركێشانەوەی (مایكل فلین) دەستی پێكردو لەجێگەی (ماكماستەر) دانرا، پاشانیش كاردانەوەكانی دەوڵەتانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەكانی دیكەی ئەمریكا، سەبارەت بەو میتۆدە تازەیەی سیاسەتی ترەمپ، وایكرد زەمنیەكی لەبار بۆ رووسیا دروست بێت و باشتر سوود لەو ناسەقامگیرییە وەربگرێت كە هاودژی نێوان ستافی سەرەكیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆك ترەمپ دروستی كردبوو.
دۆناڵد ترەمپ وەك لە كۆڕبەندی داڤوس لەسەرەتای 2018 رایگەیاند، لەماوەی ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتیەكەی زیاتر سەرقاڵی پرسە ناوخۆییەكانی ئەمریكا بووە، لە گوتارەكەشیدا شانازی بەوە دەكرد كە چۆن توانیویەتی لەماوەی ئەم ساڵەدا بناخەی ئەمریكایەكی تازە لەناوخۆدا دابڕێژێتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، ئەمریكا تەواو شكۆی هاتبووە خوارەوە و شەڕەدەنووكی نێوان دۆناڵد ترەمپ و كیم جۆنگ ئۆنی سەرۆكی كۆریای باشوور گەیشتبووە ئەوەی كامیان زووتر دەست بە دوگمەی چەكە ئەتۆمییەكاندا دەنێن، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیا بە تەواوەتی چووبووە بەرەی ئێران و رووسیا و بە رێگەی قەتەر هەڕەشەی لە عەرەبستانی سعودیە دەكرد، ئەنجومەنی هاریكاریی دەوڵەتانی كەنداو كە بە درێژایی سەدەی بیستەم هاوپەیمانی ئەمریكا بوون، بەهۆی ناكۆكیی نێوانیانەوە بە كردەیی لەبەریەك هەڵوەشابووەوە، لەمەش خراپتر، ئێران بە هاوكاری عێراق و سووریا، پشتێنەی هیلالی شیعی تەواو كردبوو و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی سەیدە زەینەب و فاتیمە بە هاوكاری میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی لە نزیك بەرزاییەكانی جۆلان لەناو سووریاوە و لە باشووری لوبنانەوە، ئیسرائیلیان خستبووە ژێر هەڕەشەی راستەوخۆوە، دیسان هەر بەهۆی هەڵەكانی سیاسەتی ئەمریكاوە، گەلەكۆمەكییەكی چەند قۆڵی لەلایەن بەغداو تاران و ئەنكەرە دژی كوردستان دروستكراو بەشێكی زۆری كوردستان داگیركرانەوە و چەندین جۆر گەمارۆی ئابووری و ئاسمانی بەسەردا سەپێندرا.
سەرۆك ترەمپ پێش ئەوەی 100 رۆژ لە پۆستەكەی تەواو بكات، بە موشەكبارانكردنی سووریا هەوڵیدا شێوازێكی تازەی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ناوچەكە پیشان بدات، هەروەها بەپشتگیریكردنی گەمارۆی چوارقۆڵی (سعودیە و ئیمارات و بەحرێن و میسر) لەسەر قەتەر، هەوڵیدا هاوپەیمانەكانی تێبگەیەنێت كە دەبێت خۆتان راست بكەنەوە، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانەی ترەمپ لەلایەن وەزیری دەرەوە و بەرگری و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئاستەنگی بۆ دروست دەكرا، لەبەرامبەریشدا هەر دەوڵەت و لایەنێك پشتی بە سیاسەتی ئەمریكا لەكێشەكاندا بەستبێت، وەك سعودیەی بەسەر دەهات كە هەر هەنگاوێكی هەڵدەگرت لەبەر ئەوەی ستافی دروستكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆك هاوڕا نەبوون، پاشان بە شكستی سعودیە كۆتایی دەهات، هەر لەم چوارچێوەیەشدا حكومەتی عێراق بە پشتگیری ئێران توانی هێرش بكاتە سەر كوردستان.
دۆناڵد ترەمپ لە كۆتایی ساڵی 2017 بە تەواوەتی گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی راست بكرێتەوە، بۆ ئەمەش بڕیاریدا كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئۆرشەلیمەوە بگوازێتەوە بۆ قودس، بەڵام وەك لەماوەی چەند مانگی رابردوو تێبینی كراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە كردەیی لە هەوڵی ئەوەدا بووە كە ئەم بڕیارەی ترەمپ پەك بخات و لە میدیاكانیشدا وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، بەردەوام ئەوەیان راگەیاندووە كە بڕیارەكەی ترەمپ، مانای گواستنەوەی دەستبەجێی باڵیۆزخانەكە نییە بۆ قودس، هەروەها سەبارەت بە مامەڵەكردنی ئەمریكاش لەگەڵ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران، هیچ جیاوازییەك لەنێوان بۆچوونی جۆن كیری وەزیری دەرەوەی سەردەمی باراك ئۆباما و ریكس تیلرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئیدارە ترەمپ نەبووە.
پسپۆڕان و توێژەرانی ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوەی سیاسی، لەدوای بڕیارەكەی ترەمپ بەدوورخستنەوەی تیلرسۆن، ئاماژە بەوە دەكەن، كە تیلرسۆن رێگر بووە لە گۆڕینی ستافی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و بەشی هەرە زۆری ستافی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هەمان ئەو ستافە بوون كە لەسەردەمی ئیدارەی ئۆباما، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایان بەڕێوە بردووە، هەربۆیەش دوای ئەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی تیلرسۆن درا، ستیف گولدشتاین یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا قسەی لەسەر بڕیارەكەی ترەمپ كردبوو، بۆیە راستەوخۆ ترەمپ فەرمانی كرد، ئەویش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەجێبهێڵێت، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، سەرۆك ترەمپ بە تەواوەتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە هەیكەلەی ستافی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێویستی بەسەرلەنوێ داڕشتنەوە هەیە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دووبارە پێویستی بە دروستكردنەوە هەیە، ئەو كەسەشی كە بۆ جێگرەوەی تیلرسۆن دەستنیشانی كردووە كە مایك پۆمپیۆی سەرۆكی دەزگای CIA وەك لەماوەی كاركردنی لەماوەی 14 مانگی رابردوو پیشانیداوە، بەهەمان شێوازی ترەمپ بیردەكاتەوە و هەر لەئێستاوە لە میدیاكانی جیهاندا ناوی لێنراوە (ترەمپی بچووك- Mini-Trump).
Top