هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتووی عێراق بۆ كوردستان چ مانایەكی هەیە؟

هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتووی عێراق بۆ كوردستان چ مانایەكی هەیە؟
بەپێی پۆڵینكردنەكانی فریدم هاوس، بێجگە لە شێوازی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، چەند شێوازێكی دیكەی حوكمڕانی هەن كە هەڵبژاردنیان تێدا ئەنجام دەرێت لەوانە:
1- دیموكراتی هەڵبژاردن - Electoral Democracy
2- ململانێی نێوان خۆسەپێنەكان - Authoritarian Competitive
بێگومان بەپێی پۆڵینكردنەكانی فریدەم هاوس مۆدێلی حوكمڕانیی ئێرانی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی چۆن كۆماری چینی میللی سیستمی كۆمۆنیستی پیادە دەكات و پەیوەندی بە دیموكراتییەوە نییە، بەهەمان شێوە ئێرانیش سیستمی ویلایەتی فەقیهـ پیادە دەكات و پەیوەندی بە دیموكراتییەوە نییە، بۆیە ئەگەر بەپێی پێوەرەكانی فریدەم هاوس بۆ شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق بگەڕێین، ئەوا هەڵبژاردنەكانی عێراقیش شێوازێكی تایبەتی وەردەگرێت كە هەتا ئێستا لە هیچ دەوڵەتێك لەم جیهانە پیادە نەكراوەو دەكرێت ناوی بنێین: )ململانێی نێوان كۆمەڵێك حزبی مەزهەبگەرا – (Theocracy Competitive، جیاوازی ئەم سیستمە تازەیەی عێراق لەگەڵ ئەو سیستمی هەڵبژاردنەی لە كۆماری ئیسلامیی ئێران پیادە دەكرێت، ئەوەیە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران (ململانێی نێوان كاندیدە سیۆكراسیەكان ) ئەوجا چ بۆ سەرۆك كۆمار بێت، یان بۆ كاندیدی پەرلەمان، یەك بازنەیە و هەمووشیان خۆیان بە ملكەچی سیستمەكە دەزانن، بەڵام لە عێراقدا، بازنەی ململانێی نێوان كاندیدە سیۆكراتەكانی شیعە، تەنیا بەشێكی عێراق دەگرێتەوە و بازنەی دیكەش هەیە كە بڕوایان بەو سیستمە نییە كە شیعە هەوڵی بۆ دەدات و بەشداری هەڵبژاردنەكانیش دەكەن، بەڵام ئامانجیان لەململانێكە ئەوەیە كە سیستمێك بەسەر تەواوی ئەوانی دیكەشدا بسەپێنن.
كەواتە ئەو شێوازە تازەیەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق پیشانی جیهانی دەدات، شێوازێكە بۆ كوشتن، یان مردنی دیموكراتی لە عێراق و گۆڕینی سیمای حكومەتێكی مەدەنییە بۆ حكومەتێكی سیۆكراسی. هەموو لایەنە سیاسیەكانی شیعەی عێراقیش ئەم راستیەیان نەشاردۆتەوە. گەورەترین جیاوازی لە نێوان ئەو لایەنە سیاسییە شیعانەی دەیانەوێت سیستمی ولایەتی فقیهی ئێرانی كۆپی بكەنەوە و ئەوانەشی لە بانگیەەكانیان رەتی دەكەنەوە، تەنیا ئەوەندەیە كە بڵێن ئەو سیستمە مەزهەبگەرایەی لە عێراقدا دادەمەزرێت، نموونەیەكی تازەیە و جیاوازە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە ململانێكە لە نێوان دوو شێوازی جیاوازی حكومەتی سیۆكراسییە، نەك جیاوازییەكە لەنێوان حكومەتێكی مەدەنی و ئەوی دیكە سیۆكراسی بێت. هەروەك چۆن ئێستا ئەم دیاردەیە بەتەواوەتی لەناو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەبینرێت، بەشێكیان راشكاوانە عەلی خامەنەئی بە مەرجەعی خۆیان دەزانن و بەشێكیشیان عەلی سیستانی، بەڵام سەرەنجام پێناسەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، وەك هێزێكی مەزهەبگەرای ملكەچ بۆ مەرجەعییەت كارەكانی دەكات، نەك وەك هێزێكی دەوڵەتی.
كەواتە ئەگەر ئەمە ئەو ژینگە سیاسییە بێت كە هەڵبژاردنەكانی عێراقی تێدا بەڕێوە دەچێت، ئایا بەشداریی كوردستان لەم هەڵبژاردنە چی دەگەیەنێت؟ دیارە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لق و پۆپی زۆری لێ دەبێتەوە، بەڵام واقیعەكە بەوجۆرەیە كە هەرێمی كوردستان وەك لیستێكی یەكگرتووی بەهێز بەشداری ئەم هەڵبژاردنانە ناكات و حزبە سیاسییەكان هەریەكەیان بە لیستی جیاواز بەشداری دەكەن، ئەمەش زیانێكی زۆر لە پێگەی كوردستان و ژمارەی كورسییەكانی دەدات. بەڵام لەلایەكی دیكەش سەنگ و پێگەی ئەو لایەنە سیاسییەش لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەدیار دەخات، كە ئێستا شانی داوەتە بەر ئەم بارودۆخە قورسە و بەرگری لەمانەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكات.
لێرەوە دەكرێت هەڵوەستەیەك لەسەر هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، بەو حیسابەی بە تەنیا نزیكەی نیوەی كورسییەكانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەدەست دەهێنێت، ئاراستەی سیاسەتی كوردستان بەرامبەر بەغدا و بەپێچەوانەوەشە دیاری دەكات.
كەواتە دەكرێت ئاراستەی پرسیارەكان روو لە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین و بپرسین: ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان بە چ ئامانجێك بەشداری ئەم هەڵبژاردنانە دەكات؟ یان ئایا هیچ هیوایەكی بەوە هەیە ئەم هەڵبژاردنانە بارودۆخێكی وا دروست بكات كە حكومەتێكی باشتر لەوەی ئێستا هەیە لە عێراقدا دابمەزرێت؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارانە هەڵوێستی پێشتری پارتی دیموكراتی كوردستان و رۆڵی دیاری پارتی لە پڕۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلوولی 2017 دەیداتەوە، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕی بەوە بوایە كە بە هەڵبژاردن، یان بە رێگە چارەی ئاشتییانە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەكرێن و عێراق دەبێتە دەوڵەتێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی، ئەوا هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجام نەدەدا، بەڵام كاتێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم پەیامە راشكاوانەی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان تێنەگەیشت و دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولی 2017 تیشكی سەوزیان بۆ بەغدا هەڵكرد بۆ ئەوەی بە هاوكاری لەگەڵ سوپای پاسداران كوردستان داگیربكاتەوە، هەڵوێستەكەی كوردستان بەوجۆرە وەرگیرا بەوەی گوایە بەغدا ئامادەیە عێراق بكاتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دەستوور جێبەجێ بكات و ئەوە كوردستانە كە فیدڕاڵییەت رەتدەكاتەوە، ئەوا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەركی خۆی دەزانێت جارێكی دیكە پەیامی خۆی ئاراستەی جیهان بكاتەوە و پێیان بڵێت: دووبارە بونیادنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای فیدڕاڵی و دیموكراتی لە دوای ساڵی 2003 نەك هەر تەنیا خواستی خەڵكی كوردستان بووە، بەڵكو بۆ ئەوەی عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و لە دیكتاتۆریەت رزگاری ببێت، كوردستان بەشێك بووە لە هاوپەیمانیی پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، لە ئێستاشدا كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت و عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بمێنێتەوە، ئەوا ئەمجارەشیان پارتی دیموكراتی كوردستان هاوشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەكانی خۆی دەخاتە پاڵ ئەو هەوڵانە بۆ ئەوەی هەموو جیهان زۆر باش لەو پەیامە تێبگەن، كە ئەقڵییەتی حوكمڕانیی عەرەبی شیعەی عێراق، نە بڕوایان بە دیموكراتی و نە بڕوایان بە فیدڕاڵی هەیە، بەپێچەوانەوە ئەوان خۆیان دەیانەوێت رەگ و ریشەی فیدڕاڵی و دیموكراتی لە عێراق هەڵبكێشن و سیستمێكی سیۆكراتیی شیعەگەرا دابمەزرێنن.
خاڵی گرنگ بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان، پشتگیریی نێودەوڵەتییە بۆ مانەوەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسیی یەكگرتوو، ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییە بۆ شەرعییەتی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، دەستی شیعەی عێراقی كورت كردۆتەوە كە بە رێگەی هەڵبژاردن گرەو لەسەر گۆڕینی قەوارەی سیاسیی كوردستان بكەنەوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەشداری لە هەڵبژاردنی عێراق دەكات، سەركردایەتی ئەو رەوتە دەكات كە بەرگری لە مانەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی دەكات، ئەوجا ئەگەر ئەم فراكسیۆنە و ئەوانەشی دوای هەڵبژاردن لەگەڵی دەبنە هاوپەیمان، نوێنەرایەتی هەموو كورسییەكانی كوردستانیش لەپەرلەمانی عێراق نەكەن، بەڵام كە هاتە سەر پەیوەندیی نێوان هەرێم و عێراق، تەنیا ئەو رەوتە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەكات و لایەنەكانی دیكە هەتا ئەگەر لەگەڵ بەغداش بە جۆرێكی دیكە رێكبكەون، ئەوا وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی سیاسەتی عێراقی و سیاسەتی نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.
كەواتە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو لایەنە نیشتمانپەروەرانەش كە دوای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ لیستی پارتی بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لەناو پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی دەكەن، هێندەی ئامانجیان ئەوەیە نوێنەرایەتی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی بە چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان بكەن، هێندە ئامانجیان ئەوە نییە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا چەند پۆستێك وەربگرن.
دیارە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەم رەوتەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و حكومەتی بەغدا لەوە تێگەیشتووە، بێجگە لەپارتی و هاوپەیمانەكانی، هیچ لایەكی دیكە بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دانی پێدا نانرێت، بۆیە ئەویش كاتی خۆی لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانەی ناو كوردستان بەفیڕۆ نادات كە لەسەر حیسابی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان سازشی گەورە بۆ حكومەتی بەغدا دەكەن.
ئەم هەڵبژاردنەی عێراق بۆ كوردستان تەنیا یەك مانای هەیە، ئەو مانەیەش ئەوەیە، ئایا دوای هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتوو، حكومەتێك لە بەغدا پێكدێت كە وەڵامی داواكاری هەموو پێكهاتەكانی عێراق و گوشارە نێودەوڵەتییەكان بداتەوە؟ بێگومان هەموو بەڵگەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی بە دیموكراتی و فیدڕاڵی لە عێراقدا دەهێنێت، دوای ئەوەش ئەگەر كوردستان هەر هەنگاوێك هەڵبگرێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت چاو بە هەڵوێستی ئێستایدا بخشێنێتەوە، پێدەچێت هەر ئەمەش ئامانجی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق.
Top