كۆدی بێدەنگیەكەی بارزانی لە رۆژووگرتنەكەی گاندی دەچێت

كۆدی بێدەنگیەكەی بارزانی لە رۆژووگرتنەكەی گاندی دەچێت
كۆدی بێدەنگیی مەهاتما گاندی هەڵوێستێك بوو بەرامبەر ئەو كەس و لایەنانەی كە لە پەیامی ئاشتیخوازانەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی تێنەدەگەیشتن، هەر بۆیە كۆدی بێدەنگیی گاندی پەیامێك بوو تەنیا بە تێگەیشتن لە پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئازادی گەلی هیندستان دەكرایەوە، كۆدی بێدەنگیی ئێستای سەرۆك بارزانی-یش، هەڵوێستێكە بەرامبەر هەموو ئەوانەی لە مانای ئازادی رادەربڕین و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و لێبووردەیی و ئازادیی گەلی كورستان تێناگەن، یان خۆیان لێ كەڕ كردووە. لەم چوارچێوەیەدا كۆدی بێدەنگیی بارزانی .. بەشێكی لەو سیاسەتە ئەقڵانییە رەنگی داوەتەوە كە ئێستا نێچیرڤان بارزانی لەسەرئاستی ناوخۆی كوردستان و عێراق و دەوڵەتانی ئیقلیمی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پیادەی دەكات، بەشێكی دیكەشی بواردانە بە دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ ئەوەی ماسكی رووی خۆیان هەڵماڵن و رووی راستەقینەی خۆیان پیشانی جیهان بدەن. بەشی هەرە گرنگی كۆدی بێدەنگییەكەشی كە تەنیا گەلی كوردستان تێدەگات، پەیامێكە بۆ عێراق و دەوڵەتانی ئیقلیمی و تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر هەموو لایەكتان بەرژەوەندییەكانتان لەگەڵ دەوڵەتێكی دیكتاتۆری و مەزهەبگەرای وەك ئێستای عێراق یەك بگرێتەوە، ئەوا گەلی كوردستان نە دەبێتە پاشكۆی دەوڵەتێكی دیكتاتۆری و مەزهەبگەرا، نە قبووڵیشی دەكات، دەشزانێت لە كاتی گونجاودا چۆن وەڵامی دەداتەوە و مامەڵەی لەگەڵ دەكات، ئەوساش وەك چەندین جاری دیكەش بارزانی گوتوویەتی: (چی دەبێت، با ببێت.)
Top