لە قەیرانەوە بۆ... گەشەپێدان!

لە قەیرانەوە  بۆ... گەشەپێدان!
پێویست ناکات باسی قەیرانەکان بکەین، هەموومان لەناویاندا کوڵاوین؛ گرنگ لێیانەوە دەرچین، گرنگتریش- گۆڕینی ڕەوتەکەیە بەرەو گەشەپێدان.
گەشەپێدان ئامانجی هەموو دەسەڵاتێکی «نیشتمانی»یە، هەنگاوەکانی بەو ئاڕاستەیە دەبن کە هەستپێکراو و بە ڕیزبەندییەکی خوازراو لە لایەن خەڵکەوە ڕێکخرابن. ئەو دەسەڵاتە «نیشتمانی»- یە کە تێگەیشتنێکی تەواوی هەیە بۆ خواست و پێداویستییەکانی جەماوەر و بە کردەنی هەوڵی دابینکردنیان دەدات.
گەشەپێدان بریتییە لە پڕۆسەی پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی خەڵک بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە: ماددی [ئابووری، نیشتەجێکردن، ڕێگاوبان...] و مەعنەوی [پەروەردە، کولتوور، کەسایەتی، ڕۆشنبیری...]. گەشەپێدان بەم ڕەهەندە زۆر و هەرە گرنگانەوە پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و گەلێک سەختە، بۆیە پێویستە لە سایەی پڵان و پڕۆژەیەکی زانستیانەی کارامەدا بەڕیوەبچێ و تیایدا، لەپاڵ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی میللەتانی جیهان، جێپەنجەکانی کەسانی پسپۆر و شارەزایانی لێهاتوو دیار و بەرچاوبن.
گرنگە هەنگاوەکان کردەنی و هەستپێکراو بن، چونکە لە کۆمەڵگایەکی ئاستی هوشیاریی کۆمەڵایەتیی نزمدا، ئەندامانی درک بە هەموو جۆرە هەوڵێکی گەشەپێدان و چاکسازیی ناکەن – [هەستکردن ڕەهەندی مەعریفیی هەیە1]؛ بەلایانەوە تەنیا ئەوانەی پەیوەستن بە بوارەکانی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیانەوە گرنگ و یەکەمینن - ئەوەش ئەرکی دەسەڵات قورستر دەکات.
دەسەڵات، هەر دەسەڵاتێک، سەربە ئایدیۆلۆگیایەکە – با ئەو ئایدیۆلۆگیایە ڵێل و ناڕوونیش بێ [کەسێک و گڕوپێک و کۆمەڵگایەک نییە بێ ئایدیۆلۆگیا، هەرنەبێ کولتوور ئەو دەورە دەبێنێ2]؛ لە هەر ئایدیۆلۆگیایەکیشدا ڕەهەندی گەشەپێدان هەیە- با ئەو ڕەهەندە پلەی یەکەمینیشی نەبێت، بەڵام گەشەپێدان لە ئایدیۆلۆگیای دەسەڵاتێکی «نیشتمانی»دا پێگەی سەرەکیی هەیە. دەسەڵاتی نیشتمانیی هاوچەرخ دەبێ خاوەن ئایدیۆلۆگیایەک بێت لەسەر بنەمای زانستی داڕێژرابێ و هەنگاوەکانی بۆ گەشەپێدن تەواو زانستیانە بن...
بنەما زانستییەکانیش، بۆ هەر ئایدیۆلۆگیا و پڕۆگڕام و پڕۆژەیەک، لە پێداویستیی بوارەکانی ژیانی کۆمەلایەتییەوە سەرچاوە دەگرن؛ واتە زانست تەنیا بۆ زانست نییە، زانست بۆ ژیان و بۆ دابینکردنی پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانی ئەندامانی کۆمەڵگایە [بۆ نموونە، زانستی «دەریاوانی» ئیمڕۆکە بۆ کورد پێداویستییەکی ئەوتۆ لەخۆ ناگرێ].
گەشەپێدان دەبێ پڕۆژەیەکی گشتگیر و شێوەی پڕۆسەیەکی بەردەوامی هەبێ؛ مەبەستیش لە «گشتگیر»- واتە هەردوو بوارەکانی ماددی و مەعنەوی بگرێتەوە، بەجۆرێک هاوسەنگی دابێنی لە نیوان هەردوو ئەم بوارەدا. لێرەدا، کەواتە، گەشەپێدان دەبێ ڕەهەندی کولتووریی هەبێ؛ نە هەرئەوە، بگرە لە هەلومەرجی تێکشکان و قەیراناویدا، دەسەڵات دەبێ گەشەدان بە لایەنی مەعنەویی پێشبخات، بۆ هاندانی ئەندامانی کۆمەڵ لە کارکردنیان تا بەرهەم و داهێنان بەدەسبێنن – کۆمەڵیش وەکو تاکەکەس پێویستی بە فێرکردن و ڕاهێنانی بەردەوامە.
لەم ڕوانگەیەوە، لە ڕەوشی کۆمەڵایەتیی قەیراناویی کۆمەڵگای کوردیدا، دبێ کاربکرێ لەسەر تێخزاندنی چەندین بەهای نوێ بۆ ناو کولتوورەوە، بەمەشەوە گۆڕینی کەسایەتیی تاک لە حاڵەتی پاسیڤەوە بۆ ئەکتیڤ و بەشداریی چالاکانەی لە بەرهەمهێنانی ماددیدا.
کولتووری کوردی، کە ئایدیۆلۆگیای سستێمە کۆمەلایەتییەکەیە، لێوانلێوە لە بەهای «کۆنی» کاریگەری بەدەر لە پێداویستییەکانی سەردەمی ئێستای تاکی کورد– لەمانە: نێر و مێ، گەورە و بچووکی، خزمایەتی، دۆستایەتی، توندڕەویی ئایینی، خیڵەکی، ناوچەگەرێتی، ئاغایەتی، ملکەچی، مشەخۆری... مانەوەی ئەمانە و کاریگەرییان، واتە زاڵبوونی ئایدیۆلۆگیای کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئایدیۆلۆگیایەکی سیاسی و زانستی؛ لە ئارادا نەبوونی ئەمەی دواییش، ڕەوشە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکەی بە چەقبەستوویی ڕاگرتووە.
کولتوور دیاردەیەکی زیندوو و دینامیکییە؛ ڕاستە تۆکمە و چەقبەستووە، بەڵام قابیلی گٶڕانیشە. دینامۆی ئەو گۆڕانەش پێداویستییەکانی خەڵکە- هەتا ئەو خەڵکە پێویستی بەو بەهایەنەی سەرەوە هەبێ، کولتوور وەک خۆیی دەمێنێتەوە. جا، لێرەدایە دەوری دەسەڵات و ئایدیۆلۆگیای زانستی.
دەسەڵات دەبێ ئەوەندە هوشیاربێ کە درک بە پێداویستییەکانی سەردەمی ئێستا بکات و بزانێ کامانەن ئەو بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی کاتیان بەسەرچووە، میکانیزمی گونجاو دابێنێ بۆ چەقاندنی بەهای نوێ لەنێو خەڵکدا؛ بۆ ئەمەش دەسەڵاتی کوردی کەرەستە و ئامێری پێویستی لەبەردەست دان- یاسا، پارە، هێز، حیزبی جەماوەری... دەمینێتەوە ئازایەتی و ئیڕادەی بڕیاردان بۆ ئەم هەنگاوە ستراتیجییە چارەنوسازە.
کامانەن پێداویستییەکانی سەردەم و چ بەهایەکیان لە پشتە؟
ئەگەر بسەلمێنین کە ئێمە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین، ئەو سەدەیەی تەنانەت جیهانگیریشی تێپەڕاند Post- Globalization))، ئەوا پێویستمان بە چەندین بەهای باو لە دنیای مۆدێرن هەیە کە چیتر ناکرێ، بە بیانووی جۆراوجۆر، پشتگوێیان بخەین.
گەلێک لەو بەها کوردەواریانەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردن – وەکو خزمایەتی، دۆستایەتی، ئیمانداری و... ناڵێین لە کۆمەڵگای مۆدێرندا نەماوون، بەڵام لەوێ ئەمانە پلەی یەکەمینیان لەدەستداوە؛ خەڵک لە ژیانی ڕۆژانە، لە کارکردن و پەیوەندییەکانیاندا پەنا بۆ ئەم بەهایانە نابەن، لەکاتێکدا ئێمە سەرلەبەری ژیانی ڕۆژانەمان بەمانەوە گرێدراوە. لەوێ تاکایەتی Individualism بەرقەرارە، لای خۆشمان ژیانی کۆمەڵی کە تیایدا تاکەکەس ئەوپەڕی پەراوێزخراوە.
پێداویستیی هەرەگرنگی سەردەمی ئێستای کۆمەڵگای کوردی بریتییە لە دابینکردنی بەهای «تاکایەتی» و چەسپاندنی لەنێو سستێمی پەروەردەدا، تیایدا جەخت بکرێ لەسەر «تاک و کۆمەڵ « نەک « تاک لەنێو کۆمەڵ «دا؛ لە پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیشدا Socialization تاکەکەس بکرێ بە چەق و تەواو سەربەخۆ نەک پاشکۆی ژیانی خێزانی (کوڕ و کچی کێیە؟، زاوا و خەزوور و خەسووی کێیە...)– لەمەشدا دەسەڵات دەبێ بەرپرسبێ لە ڕەوشی نێو خێزان... ئایا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هیچ ڕووپێوێکی ئەنجامداوە سەبارەت بە ڕەوشی نێو خێزانەکان (بە هەژار و دەوڵەمەندیانەوە)، لە ڕووی پەروەردە و تەبایی و پەیوەندییەکانەوە؟ ئەگەر ئەمە کراوە، چ هەنگاوێکی ناوە بۆ چارەسەری گرفتە خێزانییەکان و، بەگشتیش، بۆ گرفتە کۆمەڵایەتییەکان؟ ئایا بابەتی بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، لەلایەن ئەم وەزارەتەوە، بەهەند وەرگیراوە؟
بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانەی سەرەوە، وەزاەرتی ناوبراو، پێویستی بە بەهرەی هەرهەموو کۆمەڵناسان دەبێ کە ساڵانە بە لێشاو لە زانکۆ دەردەچن و شوێنێک نییە بیانگرێتەخۆ.
لە سستێمی پەروەردەی فەرمیشدا، دەبێ قوتابی فێربکری بەهای خۆی بزانێ، نەک پەراوێزخستن، لێدان و سووکایەتی پێکردن- دەوری قوتابخانە لە دروستکردنی «کەسایەتیی» قوتابی گەلێ گرنگترە لەو بابەتانەی کە تیایدا دەخوێندرێن؛ ئەو بابەتانەی بە زمانێکی کرچ و کاڵ، پڕاوپڕی هەڵەی زمانەوانی و زانستی دانراون کە ڵیحاڵیبوونیان بۆ مامۆستاش ئەستەمە... تەنانەت بابەتی زانستیی هەڵەش دانراون لەنێو سستێمی خوێندندا- وانەی ئایین دەبی بکرێ بە بابەتی «ئایین ناسی» نەک فێرکردنی ئایینێکی دیاریکراو؛ زمانی عەرەبی نابێ بەو ئاڵۆزییەوەی بۆ قوتابی دابنرێ - هەندێ وڵاتانی عەرەبی فێرکردنی زمانی عەرەبییان زۆر سادە و ئاسانکردووە – تەنانەت بابەتی «اعراب» یش لادراوە. ئینجا قوتابخانەی تایبەت بۆ منداڵی خواپێداوان – دەورێکی یەکجار خراپ دەبێنێ لە لێکترازانی چینایەتی لە کۆمەڵگای کوردیدا- مانەوەی ئەم جۆرە قوتابخانەیە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئایدیۆلۆگیای دەسەڵاتداران و ئەمە دژ بە پڕەنسیپەکانی دادی کۆمەڵایەتییە، نیەت و پڵانیان بۆ گەشەپێدان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بەڵام بۆ هەموو ئەمەش مامۆستای «ڕاستەقینە» پێویستە، مامۆستای بێ گرفتی بژێوی، ڕاهێنراو و ئامادەکراو بۆ ئەو ئەرکە نێشتمانییە ستراتیجییە( لە وڵاتانی پێشکەوتوو مامۆستا بەرزترین مووچە وەردەگرێ !). بۆ دەسەڵاتی هەر سستێمێکی سیاسی شەرم و نەنگییە «مامۆستایانی پریڤات» بکەونە گیانی داهاتی کەس و کاری قوتابیانەوە.
لە پڕۆسەی گەشەپێداندا دەزگای پەروەردە ڕۆڵی هەرەگرنگ و کاریگەری دەبێ، ئەگەر گەشەپێدان لە پڵانی دەسەڵاتدا هەبێ. بەڵام دەسەڵات لە کۆمەڵگای ئێمەدا، تاکو ئێستا، وەکو دەزگایەکی حزبیی « لابەلا» مامەڵەی لەگەڵ پەروەردەدا کردووە و هەمیشە کەسانی حزبیی ناپسپۆری بە وەزیر و بەرپرس داناوون. دواتر چۆن دەبێ؟... دەمێنێتەوە سەر ئەوەی دەسەڵات چ هەڵوێستێکی دەبێ بەرامبەر بە گەشەپێدان.
بەهای کارکردن... یەکێکە لەو بەهایانەی لە ئەنجامی سیاسەتی بێ پڵانی دەسەڵاتدا تەواو پێشێلکراوە؛ بەشینەوەی پارە و پۆست و ئیمتیازی بێ بەرامبەر خەڵکەکەی لە کارکردن خاوکردۆتەوە و کردوونی بە مشەخۆر؛ بۆ کار و پێداویستییەکانیان هەمیشە پەنادەبەن بۆ بەهاکانیتری وەک: خزمایەتی، دۆستایەتی، حیزبایەتی، ناوچەگەرێتی... بایەخ نەدان و کزکردنی پێشەی سەرەکیی کوردستان، کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، ڕەوشەکەی گەیاندە ئەوەی کە، لەپاڵ لەدەستدانی بوارێکی فراوانی کارکردندا، خۆراکی سادەی ڕۆژانەشمان لە دەرەوە هاوردەبکەین.
لێرە قسە لەسەر کارکردنی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنە، نەک تەعینکردن، مووچە وەرگرتن و پاڵکەوتن- واتە بێکاریی دەمامکدراو. بەڵگەی هەرە زەقی ئەوەی کە دەسەڵات لایەنی مەعنەویی پشتگوێ خستووە و پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی پێشێلکردوون – خانەنشینان و کەم ئەندامانیشی خستوونەتە نێو سستێمی پاشکەوتەوە و مووچەکانیان هەمیشە دوادەخات.
هەر لە ڕووی مەعنەوییەوە، لەو بەرەی شەڕی سەخت و دژوارەی (بە درێژایی زێتر لە هەزار کیلۆمەتر) لەگەڵ داعشدا، ڕۆژانە جەنازە دەهاتنەوە، ژن و کچ بە دیل دەبران و ئەتک دەکران - خەڵکەکە مێشێکی مێوان نەبوو، سەیران و ئاهەنگ و شایلۆغان دنیایان تەنیبوو؛ کەسێک، دەسەڵاتێک نەبوو ئاڕاستەیان بکات، فێریان بکات چۆن پاڵپشت و پشتگیری مەعنەویی بەرەی جەنگ بن – لەم حاڵەتانەدا دەسەڵات هەمیشە باری نائاسایی ڕادەگەینێ.
ئێستاکە نەوت بووە بە تاقە سەرچاوەی داهات، بەڵام پێش ئەوەش دەسەڵاتی کوردی «ئیمپراتۆریانە» ڕەفتاری دەکرد، بێباکانە پارەی بەسەر کەسان و سێکتەران دەبەشییەوە و ئەوەی زۆر بەسەرەوە دیاربوو کە ڕەهایانە ڕووی لە بوارە ماددییەکانە (عەقارات، جادە و ڕێگاوبان...) و پەیی بە لایەنی مەعنەویی نابات. لەکاتێکدا ئێمە لە قۆناغی ڕزگاریی نەتەوەیی داین و پێویستمان بە دروستکردنی مرۆی سەردەمە کە لە ئاست پێداویستییەکانی کاتی ئێستای نەتەوەکەماندا بێ – ئەوەش پێش هەموو شتێک بە چاکسازی لە بواری پەروەردەدا دەبێ... ئەم بوارەش وەکو «بەرەی جەنگ» وایە و، بۆ گەشەپێدانی، تەرخانکردنی بەشی هەرەزۆری داهات و تواناکانی پێویستە؛ لە ستراتیجیای گەشەپێداندا داهاتەکان بە پڵانێکی تۆکمە ٣- ٥ ساڵی یەکەم بۆ پەروەردە دابنرێن[٣- ٥ ساڵی دواتر بۆ کشتوکاڵی، ئینجا تەندروستی..هتد]- ئەمەش واتە بووژاندنەوەی سێکتەرەکە و ڕەخساندنی بوار بۆ کاریگەریی نواندن لەسەر کەسایەتیی قوتابی؛ کە ئەو مرۆڤە دروستبوو، ئەوا خۆی گەلێک لەو کارانە ئەنجام دەدات کە ئێستا دەسەڵات پێیانەوە «سەرقاڵە»- بەردەرگا و شەقام پیس ناکات، خاوێنی دەپارێزێ و باخچە دادەچێنێ، دەست بە کارەباوە دەگرێ، ئاو بە فیڕۆ نادات، ڕێگا ناگرێ، لێخوڕینی ئەخلاقانە دەبێ و ماشینەکەی بۆ پەڕینەوەی پیادە ڕادەگرێ و... گۆڕستانی مردووەکانی دەکات بە گوڵزار !!!.
تا ئەو جۆرە مرۆڤە هوشیارە بەرجەستە دەبێ، دەسەڵات دەبێ ئاستی هوشیاریی خۆی بسەلمێنێ، پەلە لە پڕۆسەی چاکسازیدا بکات، ئاستێک لە دادی کۆمەڵایەتی دابێنێ و هەرنەبێ کار بەو یاسایانە بکات کە ماوەیەکی درێژە خەواندوونی- نرخ و بەهای یاسا لە جێبەجێکردنی دایە. کۆمەڵگای کوردی نوقمی پێشێلکاریی بووە... مرۆی سەردەم و بەهای نوێ چارەسەرە.
پەراوێز:
١) د. ڕەشاد میران؛ «سۆسیۆلۆگیای مەعریفە». هەولێر ٢٠١٧ ل٦٥- ٧٠
٢) د. ڕەشاد میران؛ «مەعریفە و کولتوور و ئایدیۆلۆگیا». گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی،٢١/٢٠١٧


Top