بەشداری ئەمساڵی حكومەتی كوردستان لە كۆربەندی داڤۆس .. مانایەكی جیاوازی هەبوو
January 28, 2018
وتار و بیروڕا
چوونی شاندی حكومەتی كوردستان بە جیا و هاوشانی شاندی حكومەتی فیدرالی بۆ داڤۆس، ئاماژەیەكی ئەرێنی نیە بۆ نیەتی حكومەتی بەغدا ، بەو مانایەی ریز لە شەرعیەتی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی سیاسی دەستوری دەگرێت، بەڵكو ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە چیدیكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتیش رۆژئاوا لە حكومەتی بەغدای قبوڵ ناكەن كە رێز لە دەستوری عێراق نەگرێت و مافە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستان پێشیل بكات، بیگومان پێشتریش دەوڵەتانی ئەورپا لەسەر پێشیلكردنی مافە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستان و رێگرتنی حكومەتی بەغدا لەسەردانی وەزیران و نوێنەرانی دەوڵەتانی ئەورپی بۆ هەرێمی كوردستان ، بێدەنگ نەبوون و هەڵوێستی دپلۆماتی و پرۆتكۆلی زۆر توندیان بەرامبەر حكومەتی بەغدا پیشانداوە تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی وەزیران و نوێنەرانی هەندێك دەوڵەتی ئەورپی سەردانەكەیان بۆ عێراق هەڵوەشاندۆتەوە. هەربۆیە كە لەمیانەی ئەم كۆڕبەندە دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی حكومەتی كوردستان دەبینین، دیدارێكی تایبەت لە نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدرالی عێراق بەرێوە دەچێت، ئەمە پیشانی دەدات كە حەیدەر عەبادی گەیشتۆتە ئەو راستیەی كە دەبێت ئەمری واقیعی جێبەجێكردنی دەستوری عێراق وەك یەك سەفقە پێكەوە جێ بەجێ بكات بە جێبەجێكردنی ماددەی 140یشەوە تایبەت بە چارەسەكردنی كێشەی یەكلایكردنەوەی چارەنووسی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ، هەروەها پیشانی دەدات كە عەبادی و تارادەیەكی زۆر لایەنە سیاسیەكانی شیعەی عێراقیش كە بەنیازن بۆ 100 ساڵی دیكەش حكومرانی عێراق بكەن ، بیگومان بەشێوازەی خۆیان دەیانەوێت و مەبەستیانە، ئەوا لەم رووەشەوە گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی ئەگەر نەتوانن لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا رێز لە مافە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستان بگرن، ئەوا ئەو خەون و خەیاڵەی بۆ حكومرانی داهاتووی عێراق هەیانە، دەبێتە خەونی حوشتر و باردۆخەكەیان بەجۆرێك لێ تێكدەچێت كە ئاوات بۆ رابردوو بخوازن.
ئەقڵیەتی حكومرانی عەرەبی شیعەی عێراق كە لەماوەی نزیكەی 15 ساڵی رابردوو بۆ حكومرانی عێراق پیشانیانداوە، ئەو ئەقڵیەتە نیە كە بڕوایان بەوە بێت ، دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستور و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە بونیاد بنێنەوە، یان ئەو ئەقڵیەتە نیە كە هەوڵیان بۆ ئەوە بێت، ئەو زوڵمانەی پێشتر لە عەرەبی شیعە كراوە ، ئێستا ئەوان لە پێكهاتەكانی دیكەی عێراقی نەكەنەوە، بەپێچەوانەوە ، عەرەبی شیعەی عێراق لەسەر بنەمای ئەو ئەقڵیەتە مەزهەبگەراییە حكومرانی دەكات كە لەسەر حسابی پێشیلكردنی مافی پێكهاتەكانی دیكە بە تایبەتی ( كورد و عەرەبی سونە) ، گەرەنتی مانەوەی خۆی لە حكومرانیدا مسۆگەر بكات، بۆیە لە خوێندنەوەی ئەم ئەقڵیەتە مەزهەبگەراییە و بە گەرانەوە بۆ ئەزموونی رابردوو شاندە هاوبەشەكانی كوردستان و عێراق بۆ بەشداربوون لە كۆبوونەوەكانی دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش، كە ئەوكات بە بیانووی جۆراو جۆر ریگریان دەكرد لەوەی كوردستان بە هاوبەشیش لەگەڵ شاندی عێراق بەشداری ئەو كۆبووانە بێت، ئەوا ئەگەر ئێستاش بە خواستی خۆیان بوایە ، نەك هەر ریگریان لەوە دەكرد كە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جیا و هاوشانی حكومەتی بەغدا بەشداری كۆڕبەندی جیهانی داڤوس بكەن، بەڵكو هێندە غرور بووبن كە ریگەیان نەدەدا لە چوارشێوەی شاندێكی هاوبەشی حكومەتی عێراقیشدا كورد بەشداری ئەو كۆڕ و كۆڕبەندە نێودەوڵەتیانە بكات.
لایەنێكی دیكەی گرنگی پێشوازیكردن لە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەشداربوانی كۆڕبەندی جیهانی داڤوسەوە ، ئەوەیە كە وەك ئەو رۆژنامەنووسانەی رۆماڵی ئەم رووداوە جیهانیەكان كردووە و باس لەوە دەكەن ،كە جیا لەوەی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی حكومەتی كوردستان و شاندی حكومەتی بەغدا، دیدارو كۆبوونەوەی جیاواز بوون، بەڵام لە هەمانكاتدا پێشوازی پادشا و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی وڵاتانی بەشداربوو لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی زیاتر پرۆتۆكۆلی و گەرموگورتربووە بەبەرارود لە پێشوازی و دیدارەكانی شاندی حكومەتی عێراقە بەسەرۆكایەتی د.حەیدەر عەبادی.
ئەم تێبینیە كە جێگەی هەڵوەستە لەسەر كردنە و ناكرێت تەنیا وەك تێروانینێكی زیرەكانەی رۆژنامەنووسانە بەسەرماندا تێپەربێت، ئاماژەیەكی وورد و گرنگە بۆ سەرسامی وڵاتانی بەشدار بووی ئەو كۆڕبەندە جیهانیە، بە سیاسەت و ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو باردۆخە ئاڵۆز و ترسناكە كردووە و چۆن سەركەوتوانە ئەو پیلانە گەورەیەی هەڵوەشاندۆتەوە، هەروەها ئاماژەیەكی وورد و گرنگیشە دیسان بۆ بێزاری وڵاتانی بەشداربووی ئەو كۆڕبەندە جیهانیە لە سیاسەت و ستراتیژیەتی حكومەتەكەی عەبادی و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەپاندنی ئەو هەموو گەمارۆ نامرۆییەی كە لەسەر گەلی كوردستانی سەپاندووە، تەنیا لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان ، پێكەوەژیانی زۆرەملێی لەگەڵ عێراق رەتكردۆتەوە و داوای پێكەوە ژیانی ئارەزوومەندانەی لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیدرالی عێراقدا كردووە.