هیچ كۆمەڵگەیەك یان دەوڵەتێك هەژار نییە ئەگەر حزبی هاوردە و پۆپۆلیستی بوونی نەبێت
January 24, 2018
وتار و بیروڕا
لێرەوە ئەگەر هەندێك لە بازنەی شرۆڤەكاری تێوری بێنەدەری و لەبەر رۆشنایی ئەزموونە سەركەوتووەكان پرۆسەی حوكمڕانیی سەركەوتوو زیاتر خوێنەر تیكەڵاوی ئامانجی ئەم باسە بكەین، ئەوا ئەو پرسیارەی لێرەدا پێویستە بورووژێنرێت، ئەوەیە: ئایا سیما و تایبەتمەندیی حوكمڕانییە سەركەوتووەكانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا وەك (كۆریای باشوور و تایوان و سەنگافورا و ژاپۆن) و، (ئیماراتی عەرەبی) لە كەنداو و هەروەها (دەوڵەتی بوتسوانا؟) لە باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقیا و دەوڵەتی (چیلی) لە ئەمریكای لاتین چین؟ بێگومان خاڵی هاوبەشی تێكرای ئەم حوكمڕانییە سەركەوتووانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەقامگیری سیاسی بوونی هەبووە و حزبی سیاسی نەبۆتە هۆكاری ئەوەی سەقامگیری سیاسی و حوكمڕانی دروست ببێت، هەر بۆ نموونە ئەگەر سەیری ئەزموونە سەركەوتووەكانی رۆژهەڵاتی ئاسیا بكەین، دەبین لە هەر چوار وڵاتی (تایوان و كۆریای باشوور و سانگافورا و ژاپۆن) یەك حزبی سیاسی، سیاسەتی حوكمڕانی دروستكردووە و هەر خۆیشی جێبەجێی كردووە، لە ئیماراتی عەرەبی هەر حزبی سیاسی بوونی نییە، لە هەردوو وڵاتی بتسوانا و چیلیش، راستە حزبی سیاسی بوونی هەبووە، بەڵام دیاردەی حزبی پۆپۆلیستی بە هاوشێوەی دەوڵەتی پیرۆ بوونی نییە.
ئەم ئەزموونە سەركەوتووانەی شوێنە جیاجیاكانی جیهان ئەوەمان پێدەڵێن، كە سیاسەتی حوكمڕانیی سەركەوتوو پەیوەندی بە پێشكەوتن و دواكەوتوویی كۆمەڵگەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەو بناخە سیاسییەوە هەیە كە سیاسەتی حوكمڕانی لەسەر دروست دەكرێت، لەوانەیە لەم چوارچێوەیەدا بەراوردی توركیای نێوان ساڵانی 1992- 2002 لەگەڵ توركیای ماوەی ساڵانی 200-2015، نموونەیەكی زیندوو و نزیكی بەردەست بێت، توركیا لەماوەی ساڵانی 1992-2002، دەوڵەتێك بوو كە ناسەقامگیری حوكمڕانی هەبوو، حزبەكان حكومەتیان پێكدەهێنا و دوای ماوەیەك هاوپەیمانییەكانیان هەڵدەوەشاندەوە و بەمەش دەبوو حكومەتێكی دیكە پێك بهێندرێتەوە، بۆیە سیاسەتی حوكمڕانی نەیدەتوانی كاربكات، ئاكامەكەشی ئەوە بوو، رۆژ لەدوای رۆژ باری ئابووری خراپتر دەبوو، نرخی دراوەكەشی (لیرە) دەهاتەخوارەوە، هۆكاری هەموو نەهامەتییەكانی توركیا ئەوە بوو كە حزبە سیاسییەكانی توركیا نەیاندەهێشت لەو وڵاتە حوكمڕانی بكرێت، بەڵام كاتێك لەساڵی 2002 ئاك پارتی هاتە دەسەڵات و سیستمی حزبایەتی ئەو وڵاتەی گۆڕی، ئەوا توركیا نەك هەر توانی سیاسەتێكی سەركەوتووی حوكمڕانی دابڕێژێت، بەڵكو ئابووریی توركیا بە ئاستێك بووژایەوە گەیشتە ئەوەی توركیا ببێتە ئەندامی گرووپی 20، واتە یەكێك لە 20 دەوڵەتە دەوڵەمەندەكەی جیهان، ئەوەی ئەم وەرچەرخانەی لە توركیا دروست كرد، پەیوەندی بە ئاستی پێشكەوتن، یان دواكەوتنی توركیا نەبوو، بەڵكو پەیوەندی بەوە هەبوو كە ئاك پارتی سیستمی حزبایەتی لە توركیا گۆڕی و توانی سیاسەتێكی ئەوتۆی حوكمڕانی دابڕێژێت كە حزبەكانی دیكە نەتوانن ئاستەنگی بۆ دروست بكەن. بەڵام ئێستا كە ئاك پارتی كە هەمان حزبە لەتوركیا و شێوازی سیاسەتكردنی خۆی گۆڕیوە و تەنیا ئامانجی بۆتە بردنەوەی سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئەوا خۆدی ئاك پارتی بۆتە حزبێكی پۆپۆلیستی و خۆی بۆتە هۆكاری ئەوەی هەموو دەستكەوتەكانی رابردووی لەدەست بدات.
لەم چوارچێوەیەدا لەوانەیە كۆماری رووسیای فیدڕاڵیش لەسەردەمی فلادیمیر پۆتین، بە هەڵسەنگاندێك دوور لەو پێوەرە لیبڕاڵییەكانی رۆژئاوا، نموونەیەكی دیكەی حوكمڕانیی سەركەوتوو بێت لە رووسیای دوای یەڵسن، دەبینین ئەو كاتەی پۆتین بە سەرۆكی رووسیا هەڵبژێدرا، ئابوریی رووسیا لە چ ئاستێكدا بوو، لەماوەی حوكمڕانیی پۆتیندا گەشەی رووسیا گەیشتۆتە كوێ؟ رووسیا لەسەردەمی یەڵسن دەوڵەتێك بوو لە هەندێك رووەوە وەك دەوڵەتێكی فاشیل لەقەڵەم دەدرا، بەڵام رووسیای ئێستای سەردەمی پۆتین، خەریكە شكۆی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان بۆ رووسیا فیدڕاڵی وەك سۆپەرپاوەرێك دەگێڕێتەوە، لەمەش زیاتر ئەمریكا هەتا ئێستاش بانگەشەی ئەوە دەكات كە سەكردایەتیی جیهان دەكات، بەڵام هەموو جیهان دەڵێت، ئاراستەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 2016 و فاكتەری سەرەكی بۆ دۆڕاندنی هیلاری كلیتۆن دەستتێوەردانەكانی رووسیا بووە، لەمەش زیاتر كاتێك هاتنە ناوەوەی رووسیا بۆ سووریا یەكلاكردنەوەی كێشەی سووریا بەو شێوەیەی رووسیا مەبەستی بوو، ئێستا رۆژئاوا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە خۆیان بڵێن، ئێستا رۆژئاوا رۆڵێكی ئەوتۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە و ئەوەی رووسیا پێی كرا، رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پێی نەكرا، بێگومان هەموو هۆكارەكانی سەركەوتنی رووسیا لەهەموو بوارەكانی حوكمڕانی و گێڕانەوەی شكۆ بۆ رووسیای فیدڕاڵی، هۆكارەكەی ئەوە بوو فلادیمیر پۆتین توانی سیستمی حزبایەتی ئەو وڵاتە بگۆڕێت و خۆی و حزبەكەی سیاسەتێكی حوكمڕانی دروست بكەن و جێبەجێی بكەن و سەركەوتووش بوون.
لەسەر بنەمای ئەزموونە سەركەوتووەكانی جیهان، دەكرێت راشكاوانە لەسەر سیاسەتی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان هەڵوەستە بكەین و پاشان ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا فاكتەرەكانی باش هەڵنەسووڕانی سیاسەتی حوكمڕانی لە كوردستاندا دەبێت چی بێت؟ بێگومان فاكتەری هەرە سەرەكی بۆ سەرنەكەوتنی سیاسەتی حوكمڕانی لە كوردستاندا ئەوەیە، هەر لەگەڵ یەكەمین هەڵبژاردنی كوردستان لە ساڵی 1992 و پاشان دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت، حزبە سیاسییەكان نەیانهێشتووە، بناخەیەكی پتەو بۆ سیاسەتی حوكمڕانی لە كوردستاندا دروست ببێت، هەروەها سیاسەتی تەسكی حزبایەتی بواری ئەوەی نەداوە، حزبێكی سیاسی دوای ئەوەی هەڵبژاردنەكان دەباتەوە، سیاسەتی حوكمڕانی خۆی پیادە بكات، ئەوجا ئەگەر سەركەوتوو بێت ئەوە هەر بە بناخەیەك بۆ سیاسەتی حوكمڕانی هەژمار دەكرێت، ئەگەر سەركەوتووش نەبوایە، ئەوا لە میانەی دەستاو دەستكردنی دەسەڵات و لە میانەی پیادەكردنی سیاسەتێكی حوكمڕانی، ئەزموونێكی باش بۆ ژێرخانی حوكمڕانی لە كوردستاندا دروست دەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەماوەی 1992- 2005، شەڕی دەسەڵات ژینگەیەكی ئەوتۆی دروست كرد كە ئەسڵەن هەڵبژاردن نەكرێت، بۆیە سیاسەتی حوكمڕانی ئەزموونی دیموكراتی كوردستانیش دوچاری ئاستەنگی گەورە بووە، لەدوای ساڵی 2005یشەوە، كە پارتی و یەكێتی لەمیانەی رێككەوتنی ستراتیژی توانییان پرسی دەسەڵات یەكلایی بكەنەوە، ئەوا لەماوەی 2005-2009، كوردستان نەك هەر توانی هەنگاوی زۆر گەورە لەبواری پەرەپێدان و گەشانەوەی ئابووری هەڵبگرێت، بەڵكو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاتێك باسی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، پێیاندەگوت: «عێراقەكەی دیكە – The Other Iraq»، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكانی 2009 و دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان وەك بزووتنەوەیەكی پۆپۆلیستی، پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستان دوچاری ئاستەنگ و بەڵای خۆی هات و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی هەر دوولایەنی (پارتی و یەكێتی) كە بەرپرسیار بوون سیاسەتی حوكمڕانی بپارێزن و سنوورێك بۆ دیاردەی پۆپۆلیستیی بزووتنەوەی گۆڕان دابنێن، لەژێر پەردەی رێزگرتن لە دیموكراتی و فرەحزبی خەمساردییان كرد، تا كار گەیشتە ئەوەی لە 2011 و هاوكات لەگەڵ راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی، داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان وەك دیاردەیەكی پۆپۆلیستی لە كوردستاندا، بووە هۆكاری ئەوەی ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستان وەك ئەزموونێكی سەركەوتووی ساڵانی 2005-2009 لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر نەكرێت، لەمەش خراپتر كە حكومەتی كوردستان نەیتوانی سنوورێك بۆ دیاردەی پۆپۆلیستی دابنێت، حزب و لایەنە سیاسیەكانی دیكەش لاسایی هەمان رەوتیان كردەوە و بەمەش سیاسەتی پۆپۆلیستی جێگەی سیاسەتی بەشێوەیەكی گشتی لە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان گرتەوە، بەمەش رۆژ لەدوای رۆژ سیاسەتی حوكمڕانی لە كوردستان بەرەو ناسەقامگیری هەنگاوی هەڵگرت، تا گەیشتۆتە ئەوەی ئەمرۆ دەبینین كە بە ئاشكرا نەك هەر شەڕی دەسەڵات دەكرێت، بەڵكو بە پشت بە ستن بە حكومەتی بەغدا شەڕی هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
لە ئێستادا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردووە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كوردستان بكرێت، حزبە پۆپۆلیستییەكان دەیانەوێت بە بیانووی جیاواز ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست بكەن، بەو ئامانجەی كە سیاسەتی ناسەقامگیری بۆ حوكمڕانی لە كوردستاندا، زۆنگاوێكی باشە بۆ گەشەی ئەوان و زیانگەیاندن بە شكۆی حكومەتی كوردستان، ئەوا ئەگەر لە حاڵەتێكدا بواری ئەوەش نەبوو كە پەرلەمان بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، ئەوا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ گوێدانە ئەوەی ئەو حزبە پۆپۆلیستیان چی دەكەن، یان چی دەڵێن، سیاسەتێكی بەهێزی حوكمڕانی پیادە بكات، ئەگەر ئەو لایەنە پۆپۆلیستیانەش هەوڵیاندا ژینگەی سەقامگیری كوردستان بشێوێنن، ئەوا دەبێت حكومەت بە هێزی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بكات و چاوپۆشییان لەسەر نەكات.