پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم قۆناخێكی هەستیار و بڕیارێكی میژوویی یەكلایكەرەوەدا

پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم قۆناخێكی هەستیار و بڕیارێكی میژوویی یەكلایكەرەوەدا
دەست لەكاركێشانەوەی یوسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەو راستییەی لێدەخوێنرێتەوە كە چیدیكە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا ئەو ژینگە ئاڵۆز و پڕ رق و كینەیە دروست نابێتەوە كە پێشتر بە پشتیوانیی هەردوو فراكسیۆنی گۆڕان و كۆمەڵ، تەپڵی شەڕ و ئاژاوەیان لەناو تەلاری پەرلەمانی كوردستاندا دەكوتی. ئەم قەناعەتە لەدوای 1ی نۆڤمبەری 2017 لای یوسف محەمەد دروست بوو، كاتێك رابوون مەعروفی پەرلەمانتاری گۆڕان هەوڵیدا بەبێ هۆ ئاژاوەیەك لەناو پەرلەمان دروست بكات و جارێكی دیكە پەرلەمان بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆكایەتی یوسف محەمەد، بەڵام ئەمجارەیان نەك هەر لەناو پەرلەماندا لێی قبوڵ نەكرا و بەرپەرچدرایەوە، لەهەمانكاتدا خەڵكی كوردستان لێی راپەرین و شاربەدەریان كرد، بۆیە ئەمە ئاماژەیەكی گرنگ بوو بۆ یوسف محەمەدیش، بەوەی ئەگەر بەنیازە بەهەمان شێوازی ئاژاوەگێڕیی پێشوو بیەوێت سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكاتەوە، ئەوا خەڵكی كوردستان لێی قبوڵ ناكات و شاربەدەری دەكەنەوە.
پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئەوەی خۆی چەندین كێشەی هەیە، بەڵام لەدوای ئەكتیڤكردنەوەی لە 15ی ئەیلوولی 2017 ەوە، توانیویەتی كۆمەڵێك بڕیار و یاسای گرنگ دەربكات، كە یەكەمیان بڕیاری پشتگیركردن بوو لە پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستاندا، ئەم بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان بووە هۆكاری ئەوەی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیشەوە كە پشتگیریی ریفراندۆمی كوردستان بكەن، لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریشەوە، لەگەڵ كێشمە كێش و تێڕوانینی جیاواز لەناو پەرلەماندا هەیە، بەڵام دیسان توانی بە یاسایەك بۆ ماوەی دوو وەرز تەمەنی پەرلەمان درێژبكاتەوە و ئەم یاسایەش بەپێی بارودۆخی كوردستان بواری ئەوەی هەیە چاوی پێدابخشێنرێتەوە، ئەوجا ئەو چاو پێداخشاندنەوەیە بۆ ئەوە بێت ئەو ماوەیە كورتبكرێتەوە بۆ یەك وەرز، یان خوانەخواستە بارودۆخی كوردستان لە ئێستا ئاڵۆزتر بێت و ناچار بێت جارێكی دیكە دوای ئەو دوو وەرزە تەمەنی پەرلەمان درێژ بكاتەوە.
لایەنێكی دیكە، هەماهەنگی و پێكەوە كاركردنی نێوان پەرلەمان وحكومەتی هەرێمی كوردستانە، وەك ئێستا دەیبینین هاوكاری و هەماهەنگییەكی گەورە لەنێوان هەردوولا هەیە، هەم سەرۆكایەتیی حكومەت چەند جارێك سەردانی پەرلەمانی كردووە هەمیش سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەردانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كردووە و پێكەوە دیالۆگیان كردووە بۆ پرسەكانی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، هەروەها حكومەت پرۆژەیەكی چاكسازی پێشكەشی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی یاسای پێویست بۆ چاكسازی لە بوارەكانی كارگێڕی، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، چاكسازی لە لیستی خانەنشینانی ناشایستە و بواری داهاتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، ئەمانە هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانە لەنێوان حكومەت و پەرلەمان لابران كە پێشتر نەدەتوانرا حكومەت و پەرلەمان بەو شێوەیە هاریكاری و هەماهەنگی لەگەڵ یەكتری بكەن.
لەئێستادا و دوای دەست لەكاركێشانەوەی یوسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمان، ئەركی گرنگ و سەرەكی پەرلەمان ئەوەیە كە جارێكی دیكە و سەرلەنوێ، دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرێتەوە، ئەم كارەش لەگەڵ ئەوەی پێویستی بە سازانی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەگشتی و هەر سێ لایەنی (پارتی و یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی) هەیە، بەڵام پێدەچێت، ئەم سێ لایەنە وەك سێ لایەنی سەرەكی، هاوهەڵوێست بن لەسەر پاراستنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان و لەوە تیگەیشتوون وێرای هەموو ئەو كەموكوڕییانەی لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، بەڵام پرسەكە هاتە سەر ئەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بكەوێتە مەترسییەوە، ئەوا دەبێت بەهەر نرخێك بێت ئەو كیانە سیاسیە بپارێزرێت، بۆیە لە تێڕوانینەوە، لەگەڵ ئەوەی لەوانەیە لە تێروانینی (پارتی و یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی) دا، جیاوازیەكی زۆریش هەبێت، بەڵام دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، پێدەچێت سازانی سیاسی لەنێوان ئەم سێ لایەنە زۆر قورس نەبێت و لەسەر میكانیزمێكی تازە رێكبكەون .
سەرۆكایەتیی تازەی پەرلەمان، دەكەوێتە بەردەم قۆناخێكی هەستیار، یەكەمیان ئەوەیە كە یاسای پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە چاكسازیەی حكومەت دەربكات كە بۆ پەرلەمانی ناردووە، سەبارەت بە دەركردنی ئەو یاسا پێویستانە، پێدەچێت پەرلەمان ئاستەنگی ئەوتۆی نەیەتە پێش، لەبەر ئەوەی پرۆژە چاكسازییەكەی حكومەت، كورتكراوە و چڕكراوەی سەرجەم پرۆژە چاكسازییەكانی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانە، بۆیە مەزندە دەكرێت یاسا پێویستەكان بە ئاسانی تێپەڕببن، بەڵام ئەركێكی دیكەی پەرلەمان كە ئەمیشیان دیسان وەڵامدانەوەی داوایەكی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە داوای كردووە پەرلەمان بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، ئەمەیان وەك د.جەعفەر ئیمنێكی لە دیمانەیەكدا پێی راگەیاندین، لەوانەیە كارێكی قورستر بێت، لەبەر ئەوەی بڕیاردان لەسەر رۆژێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بە دوو قۆناخ دەكرێت.، قۆناخی یەكەم پێویستی بە سازانێكی سیاسییە بۆ ئەوەی تەمەنی درێژكردنەوەی پەرلەمان لە دوو وەرزەوە كورتبكرێتەوە بۆ یەك وەرز، پاشان حكومەت و پەرلەمان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن كۆدەبنەوە رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری دەكەن، بێگومان ئاشكرایە هەنگاوی دووەمیان زیاتر رۆتینیە و ئاستەنگی نایەتە بەردەم، بەڵام هەنگاوی یەكەمیان كە دروستكردنی سازانی سیاسییە، ئەوەیان لەوانە قورس بێت و ئاسان نەبێت.
بۆ بارودۆخی سیاسیی كوردستان ئەوە هیچ گومانێك هەڵناگرێت كە دروستبوونی سازانی سیاسی لەناو پەرلەماندا لەسەر پرسێكی لەو جۆرە كە ئامانج لێی ئەنجامدانی پێشوەختە، كارێكی ئاسان نابێت و، لەوانەیە زۆر لایەنی سیاسی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە بەرژەوەندیی حزبەكەی نەزانێت، بەڵام بەشێك لە پسپۆران و چاودێرانی بارودۆخی سیاسی كوردستان لەگەڵ ئەوەدان، بارودۆخەكە چەند قورس بێت، بەڵام دیسان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخە تێپەڕێنن لە بارودۆخی ئێستای كوردستان باشترە كە بەشێك لە حزبە سیاسییەكان ململانێی سیاسییان گەیاندۆتە ئاستێكی هێندە نزم و خۆفرۆشی كە ئامادەن بچن هاوپەیمانی لەگەڵ حكومەتی عەبادی بكەن بۆ ئەوەی كیانی سیاسی لەناو بەرن.
هەست كردن، بەمەترسیی رەفتاری بەشێك لە حزبە سیاسییەكان بەم ئاستە نانیشتمانییە، لەسەر ئەو لایەنە سیاسییانەی فەرز دەكات، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی حزبی، یان بەبێ گوێدانە ئەوەی لەم هەڵبژادنە كورسییەكانیان كەم یان زیاد دەكات، بڕیارێكی مێژوویی یەكلاییكەرەوە بدەن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ببێتەوە بە خاوەنی پشتیوانییەكی سیاسیی بەهێزی ناوخۆی كوردستان و هەروەها بوونی شەرعییەتێكی زیاتر لە روانگەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. ئەم دوو ئامانجەش كە كوردستان لە هەڕەشە و پیلانە ناوخۆیی و دەرەكییەكان رزگار دەكات، لەوە گەورەترە كە حزبێك لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا دوو كورسیی زیاتر یان دوو كورسیی كەمتر بێنێت.
Top