ئیرادەی گەلی كوردستان پۆڵایینە .. گرەو لەسەر شكاندنی ناكرێت پێكەنینێك بۆ ئەو ئەقڵانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم دەكەن

ئیرادەی گەلی كوردستان پۆڵایینە .. گرەو لەسەر شكاندنی ناكرێت پێكەنینێك بۆ ئەو ئەقڵانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم دەكەن
بەرێز مسرور بارزانی لە دیمانەكەیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رووداو جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان ئێستا لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراقەوە داگیركراوە و ناكرێت ئەو واقیعە قبوڵ بكرێت، هەروەها سەبارەت بە پارێزگاری كەركوكیش دیسان ئاماژەی بەوەكرد، كە لای كورد نەجمەدین كەریم پارێزگاری هەڵبژێردراوی كەركوكە و هەر ئەویش هەتا ئێستا شەرعییەتی پارێزگاری ئەو شارەی هەیە.
ئەم قسانەی مسرور بارزانی بە شێوەیەك لە شێوەكان لە نەخشە ریگەیەك دەچێت بۆ كۆتاییهێنان بەداگیركاری و چارەسەركردنی كێشەكان و گێڕانەوەی واقیعەكان بۆ پێش كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، لە خوێندنەوەی بن دێڕی ئەم قسانەش هەست بەوە دەكرێت، كە ئەم قسانە لەگەڵ ئەوەی بە شێوەیەكی راستەوخۆ پەیامێكن بۆ حكومەتی عێراق ، بەوەی كوردستان بە شەڕ بێت یان بە دیالۆگ و دانوستاندنی ئاشتیانە بێت، ئەو واقیعە قبوڵ ناكات و دەبێت كۆتایی بێت، لە هەمانكاتیشدا پەیامێكە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریكا كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە عێراقی راگەیاندووە كە داگیركردنەوەی ئەو ناوچانە هیچ شتێك لە واقیعی ئەوە ناگۆڕێت كە ئەو ناوچانە ، ناوچەی كێشە لەسەرن و دەبێت لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوری عێراقدا چارەسەربكرێن و لەهەمانكاتیشدا هەتا ئەو ماددەیە بە تەواوەتی جێبەجێ دەكرێت ئەوا دەبێت بە هاوبەشی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە چاودێریی ئەمریكا بەڕێوە ببرێن.
پێدەچێت هەتا ئێستاش حكومەتی بەغدا خۆش خەیاڵی ئەوە بێت كە دەتوانێت بە یاریكردن بەكات یان بە درێژەدان بە گەمارۆی ئابووری یاریكردن بە هەستی فەرمانبەرانی كوردستان و درێژەدان بە مووچە بڕینیان، دەتوانن ئەمری واقیعی داگیركاری بەسەر كەركوك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان فەرز كردووە، بەڵام ئەوەی لەبیر خۆی بردۆتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك وەڵامدانەوەیەك و رێزگرتنێك لە داواكارییە نێودەوڵەتییەكان كە داوا دەكەن كێشەكانی نێوان كوردستان و بەغدا بە دیالۆگ و دانوستاندن لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكەن، جۆرێك لە نەرمی نواندنی هەڵبژاردووە، پێدەچێ بەغدا ئەو تەفسیرەی بۆ هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردبێت كە ئەوە لەلاوازییەوەو ناچاربووە ئەمری واقیعی سەربازی و داگیركاری قبوڵ بكات.
ئەوجا بۆ ئەوەی حكومەتی بەغدا و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق لەو خۆش خەیاڵییە بە ئاگابێنینەوە ، جێگەی خۆیەتی راشكاوانە ئەوەیان پێ بڵێین، ئێمە كاتێك چووینە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بە (بەڵێ) دەنگمان بۆ سەربەخۆیی كوردستاندا، نەك هەر مووچە و بودجەی ئێوەمان رەتكردەوە بەڵكو تەواوی پرۆسەی سیاسیی عێراقیشمان رەتكردەوە و لە میانەی (بەڵێ) كانمانەوە پێمان گوتن ، مووچە و بودجە و پرۆسەی سیاسی پیرۆزی خۆتان بێت و ئێمە بڕیارمانداوە خۆمان دەتوانین وڵاتی خۆمان بەڕێوەبەرین و كاروباری خۆمان دابین بكەین.
حكومەتی بەغدا كە ماوەی 3 مانگی تەواوە ، كوردستانی كردۆتە ئۆردوگایەكی زۆرە ملێی گەمارۆدراو ، دەیەوێت بە جیهان بڵێت ، ئەمەیە ئەو دەوڵەتە فیدرالیەی كە تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای دەكات و پشتگیری لێدەكات، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا لەسەردەمی شۆڕشی تەكنەلوژیای چوارەمدا كە جیهان نەك هەر بۆتە گوندێكی بچووك بەڵكو بۆتە ماڵێكی بچووك، تاچەند ئەقڵی عەبادی دەتوانێت خۆڵ لە چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان بكات؟ یان بیەوێت بەناوی جێبەجێكردنی دەستووری عێراقەوە هەموو كوردستان وەك ئۆردوگایەكی زۆرە ملێ گەمارۆ بدات؟ گریمان ، ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وەك سەردەمانی شەڕی سارد چاوی خۆی كوێر بكات لەئاستی ئەم دیمەنانە و گوێی خۆی كەڕ بكات لە ئاستی ئەو رەفتارە دژە مرۆڤایەتیانەی كە حكومەتی عەبادی دژی خەڵكی كوردستان دەیكات، ئایا سەركردایەتی سیاسی كوردستان بێدەنگ دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و بڕیارە بوێرانە و یەكلاكەرەوەكانی سەرۆك مسعود بارزانی دەیداتەوە، بۆیە ئەگەر حكومەتی عەبادی ئاگای لەوە نەبێت كە وا خەریكە جامی غەزەب و تووڕەیی كوردستان پڕدەبێت و لێی دەڕژێت، ئەوا كاتێك بە هۆش خۆی دێتەوە، كە سەركردایەتیی سیاسی كوردستان ئەمجارەش ئەوەی بڕیارەی (چی دەبێت با ببێت) ، هەروەك چۆن لە 3ی ئابی 2014 لەدژی تیرۆریستانی داعش ، بڕیاری كوردستان یان نەمان درا و پاشانیش هەموو جیهان بینی كە چۆن بەرپەرچی تیرۆریستانی داعش درایەوە.
لای گەلی كوردستان و سەركردایەتییە سیاسییەكەی هەر لایەنێكی سیاسی هەوڵی ئەوە بدات یان بیەوێت هەوڵ بۆ ئەوە بدات كە ئیرادە و كەرامەتی كورد و كوردستان تێكبشكێنێت، هەر ناوێكی هەبێت بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان هەر (داعشە) و هەروەك داعشیش بڕیاری لەبەرامبەر دەدرێت و هەروەك ئەویش شەڕی لەگەڵ دەكرێت و بەخوێنی رۆڵەكانی خاكی كوردستانی لێ پاك دەكرێتەوە، ئەوەی بۆ ئێستا گونجاوە و پێویستە غروریی حكومەتەكەی عەبادیی پێ بشكێنرێت، بەبیر هێنانەوەی غروریی سەدام حوسێنە كە لەدوای كۆتاییهاتنی شەڕی عێراق - ئێران دەیویست بەو سوپایەی شەڕی 8 ساڵەی عێراق – ئێرانی پێبردبۆەوە، بە هەمان شێوە ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بشكێنت و بە حسابی خۆی كۆتایی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بهێنێت، سەدام حوسێن لە ساڵی 1988 لە خۆش خەیاڵی ئەو سەركەوتنە سەربازییانەوە، لە خواكورك رووبەڕووی بڕیاری سەرۆك بارزانی و ئیرادەی لەبن نەهاتووی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووەو لوتی شكا، بەڵام ئەو لوت شكانە بەس نەبوو بۆ ئەوەی سەدام حوسێن بە تەواوەتی بەهۆش خۆی بێتەوە، بۆیە ئەو غرورییە وای كرد كوێت داگیربكات و پاشان بینیمان چی بەسەر هات. پێدەچێت حەیدەر عەبادی بە هەمان غرور و خۆش خەیاڵیی سەدام حوسێنەوە، ئێستا سەیری هەرێمی كوردستان و ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات، بەڵام چۆن پێشتر لە پردێ و سحێلا لووتیان شكاندن، ئەوا لە هەر جووڵەیەكی سەربازی دیكەدا بە هەمان شێوە لووتیان دەشكێنرێتەوە.
كێشەی سیاسەتمەدار و حزبە شیعەكانی عێراق ئەوەیە، لەو ماوەیەی كە بەشێكیان ئۆپۆزسیۆن بوون دژی رژێمی سەدام حوسێن، بەدیلیان بۆ دوای رژێمی سەدام حوسێن، حكومەتێكی دیموكراتی و فیدرالی نەبووە، بەپێچەوانەوە و گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشتر لەو راستییە تێبگات كە لەوانەیە ئەقڵی سیاسەتمەدارانی شیعەی عێراق هەتا ئێستاش حكومەتێكی دیموكراتی و فیدرالی بە بەراوردكردن بە سیستمی ولایەتی فەقیه بە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، بە جۆرێك لە كەمی یان سووكایەتی بۆ بیروباوەڕی مەزهەبگەرایی خۆیان لە قەڵەمبدەن و ، بەوجۆرە بیر دەكەنەوە هەر كەسێك كۆماری ئیسلامی عێراقی لە چوارچێوەی سیستمی ولایەتی فەقیه قبوڵ نەبێت، ئەمە وەك ئەوەیە رێنماییەكانی وەلی فەقیه (جێنشینی ئیمامی مەهدی) رەتبكاتەوە بەمەش كافر و لادەر دەبێت، هەر بۆیە كە لە ئێستادا سەیری رەفتار و كارە دژە مرۆڤایەتییەكانی حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو و كەركوك دەكەین ، هەست دەكرێت بەكردەیی ئەوەمان پێدەڵێن كە باسكردنی دیموكراتی و فیدرالی كوفرێكە و دەبینە لادەر و مورتەد ئەگەر باسی بكەین.
لەم بازنەیەدا گرنگە ئیدی تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە هەتا ئێستا بە بیانووی رێزگرتن لە (عێراقێكی فیدرالی و دیموكراتی) بێدەنگییان بەرامبەر داگیركردنەوەی كوردستان و رەفتاری دژە مرۆڤایەتی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان پیشانداوە، بگەنە ئەو راستییەی كە ئەقڵییەتی سیاسەتمەدارانی شیعەی عێراق و لەسەرووی هەمووشیانەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، ناتوانن چەمكی(فیدرالی و دیموكراتی) قبوڵ بكەن و باوەڕە مەزهەبگەراییەكەیان ئەم دوو چەمكە بە دوو چەمكی كوفر و داهێنانی رۆژئاوا دەزانن و ئەوانەشی جەخت لەسەر چەسپاندنی فیدرالی و دیموكراتی بۆ عێراق دەكەنەوە بە پرۆ رۆژئاوا و لایەنگیری شەیتانی گەورە دادەنێن یان وەك ئەوەی لە كۆماری ئیسلامی ئێران وەك سووكایەتییەك بە (غرب زادەگی) ناویان دەبەن.
لێرەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمریكا كە خۆی بە خاوەنی عێراق دەزانێت و دەیەوێت عێراق وەك ناوچەی نفوزی خۆی بمێنێتەوە، دەبێت وردتر لەسەر سایكۆلۆژییەتی سیاسیی سیاسەتمەدارانی شیعە هەڵوەستە بكات، لەمەش زیاتر دەبێت بگەنە ئەو قەناعەتەی ئەو عێراقە فیدرالی و دیموكراتییەی ئەمریكا پشتگیری لێدەكات و لەسەر ئەو عێراقە تیشكی سەوزی دایە حەشدی شەعبی كوردستان داگیر بكاتەوە، دەبێت زۆر باش بزانێت، كە حەشدی شەعبی و چەكدارەكانی شیعە و سیاسەتمەدارانی شیعە، نەك هەر گاڵتەیان بەو (عێراقە فیدرالی و دیموكراتییە) دێت، بەڵكو سیستمی فیدرالی و دیموكراتی بە داهێنراوی ئەمریكا و رۆژئاوا دەزانن كە ئەوان بە شەیتانی گەورە ناوی دەبەن، بێگومان ئەمەشیان نەشاردۆتەوە كە چۆن حزبوڵای لوبنانی ئاڵای ئەمریكا رادەخەن و بەسەریدا دەڕۆن، بەهەمان شێوە و هەموو لایەكیش بینیویەتی كە حەشدی شەعبی شیعەی عێراقیش بە هەمان شێوە ، ئاڵای ئەمریكا رادەخەن و بەسەریدا دەڕۆن، هەروەها بینیمان فەرماندەكانی حەشدی شەعبی عێراق، چۆن وەڵامی داواكارییەكەی ریكس تیلێرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان دایەوە، كاتێك داوای لە حەیدەر عەبادی كرد كە ئەو میلیشیا وەكیلانەی ئێران لەناو حەشدی شەعبی هەن دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە.
ئێستا گەلی كوردستان لەبەردەم دووڕیانێكدایە، لەلایەك هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەر بۆ ئەوەی حكومەتەكەی عەبادی كە بە خۆی دەڵێت (حكومەتی ئیتحادی) رێز لەناوەكەی خۆی بگرێت و وەك حكومەتێكی فیدرالی دەستوور جێ بەجێ بكات و رێزی خۆی بگرێت، لەلایەكی دیكەوە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی جیهان بگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی ، ئەگەر حكومەتی عێراق بەراستی حكومەتێكی فیدرالی بوایە و رێزی لە دەستوور بگرتایە لەوانەیە لە ئێستادا كوردستان پەنای بۆ ریفراندۆم نەبردایە ، لەبەر ئەوەی بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدرالی ، بیرۆكەیەكی كوردستانی بووە و ئەوكات و ئێستاش عەرەبی عێراق بەشیعە و سوننە تێنەگەیشتوون و ناشیانەوێت لێی تێبگەن. هەر بۆیە ئەگەر حەیدەر عەبادی یاری بە سیستمی (فیدرالی و دیموكراتی لە عێراقدا) بكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش خەمساردانە چاوەڕێی ئەو بن ، ئایا حكومەتی عەبادی دەبێتە حكومەتی فیدرالی یان نە؟ ئەوا گەلی كوردستان ناچار دەبێت خۆی وەڵامی حكومەتی عەبادی بداتەوە و پێی بڵێت، ئەگەر دەتەوێت حكومەتێكی فیدرالی بیت، فەرموو ئەو دەستوورە جێ بەجێی بكە و ئەگەر دەتەوێت دیكتاتۆریش بێت، ئەوا كوردستان چۆن لەگەڵ دیكتاتۆرەكانی پێش تۆ مامەڵەی كردووە، ناچارە لەگەڵ حكومەتی ئێستای هەر بەو جۆرە مامەڵە بكات و بەو زمانە قسە بكات كە لێی تێدەگات، ئەوەشی بە هەر بیانوویەك گرەو لەسەر شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان دەكات، ئەوا لەبری ئەوەی ئیرادەی كوردستان بشكێنێت، ئەستۆی خۆی دەشكێت و لەبەردەم ئیرادەی گەلی كوردستاندا ورد دەبێت.
Top