هەڵبژاردنی پێشوەختە.. میكانیزمێكی گونجاو بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی لە كوردستاندا

هەڵبژاردنی پێشوەختە.. میكانیزمێكی گونجاو بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی لە كوردستاندا
داواكاری ئەمجارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی كوردستاندا، لە هەمان داواكاری بەرەی كوردستانی ساڵی 1991 دەچێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداری و سیاسیەی كە حكومەتی بەعس بەمەبەست لە كوردستان دروستی كردبوو، ئەوكات ئامانجی بەرەی كوردستانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ، بۆ ئەوە نەبوو كام لایەنی سیاسی دەنگی زیاتر دێنێت، بەڵكو ئامانجی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بۆ ئەوەبوو ، كوردستان تواناو ئیرادەی خۆی پیشانی جیهان بدات بەوەی دەتوانێت دامەزراوە شەرعیەكانی خۆی ( پەرلەمان و حكومەت ) بە شێوازێكی دیموكراتیانە لە بنەرەتەوە بونیاد بنێت و ، پاشانیش ئەو دامەزراوە شەرعیانە ( پەرلەمان و حكومەت) لەبری حزبە سیاسیەكان لەو ناوچەیەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بریاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش ناویان لێ نابوو ( ناوچەی ئارام یان دژە فڕین) نوێنەرایەتی گەلی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەوربەر بكات.
بۆ ئێستای پەرلەمان و حكومەتی كوردستانیش، بێگومان ئاشكرایە كە ئامانجی سەرەكی پەنابردنی حكومەتی حەیدەر عەبادی بۆ دووبارە داگیركردنەوەی بەشێكی زۆری كوردستان بەزەبری هێز و حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، دووبارە هەمان ئامانج و مەبەستی حكومەتی بەعس و سەدامی هەبوو بۆ ئەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە شەرعیەكانی لەبەر یەك هەڵبوەشێنێت.
حكومەتی بەعس و سەدام ، دوای ئەوەی لەشەڕی دەربەندی كۆڕێ تیكشكان و چەند دەبابەیەكی T62ی بە تێكشاوی بەجێهێشت و، پاشتریش كە دانوستاندنەكانی بەرەی كوردستانی لەگەڵ بەعس شكستی هێنا، راستەوخۆ دامەزراوەكانی لە كوردستان پاشەكشە پێكرد ، ئەمەش بەو هیوایەی كوردستان نەتوانێت رێگە چارەیەك بدۆزێتەوە و خۆی خۆی بەرێوە بەرێت، بەڵام حكومەتەكەی عەبادی پەندی لە رژێمی بەعس و سەدام وەرنەگرت و ، دوای ئەوەی هێزەكانی عێراق و حەشدی لە هەردوو بەرەی شەڕی پردێ و سحێلا لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكان و چەندین دەبابەی ئابرامز (Abrams Tank) و هامەر و هامفیان بە تێكشكاوی بەجێهێشت و ، دوای ئەوەیش ئامادەنەبوون كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەدیالۆگ و دانوستاندن لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا چارەسەر بكات، هەوڵێكی دیكەیان خستە گەڕ بۆ سڕینەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ئەویش بەكار هێنانی هەندێك لایەنی سیاسی ناوخۆی كوردستان بوو، بۆ ئەوەی بانگێشە بۆ ( حكومەتی كاتی یان حكومەتی رزگاری نیشتمانی بكەن) ، پاش ئەوەی ئەم هەوڵەشیان شكستی هێنان، بە هەماهەنگی و رێككەوتن لەگەڵ عەبادی هەردوو حزبی ( گۆران و كۆمەڵی ئیسلامی ) وەزیرەكانیان لەحكومەت دەستیان لەكار كێشایەوە و ، وەك پاداشتێكیش بۆ ئەم كارەیان لە چەند رۆژی رابردوو بە شاندێكی حزبی سەردانی بەغدایان كردوو لەلایەن حەیدەر عەبادیشەوە پێشوازیان لێكرا. بەڵام لەمەشیاندا ، چۆن پیلانە سەربازییەكەی عەبادی بۆ رووخاندنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەسەردەستی پێشمەرگە لە پردێ و سیحێلا تیكشكێنرا، بە هەمان شێوە پیلانە سیاسیەكەشی كە بەوەكالەت ( گۆران و كۆمەڵی ئیسلامی) بەنیازن بۆی جێبەجێ بكەن، ئەمەشیان بە داواكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیسان شكستی هێناو، لەمەش زیاتر پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندایە و پشتگیری هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە داوای كردووە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كوردستان ئەنجامبدرێت.
لە باردۆخی ئێستای كوردستاندا كە باردۆخێكی سەخت وئاڵۆز و قەیراناوی سیاسی و ئابورییە، خەریكە رۆژ لەدوای رۆژ بەشێوەیەكی خۆرسكانە، جەمسەری نیشتمانی بۆ پشتگیری لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان روو لەزیادبوونێكی بەرچاو دەكات و، لەبەرامبەردا جەمسەری دژ بە كیانی سیاسیی كوردستان و هاوپەیمان لەگەڵ حكومەتی عەبادی ، زیاتر بەرەو گۆشەگیری دەچن و خەڵكی كوردستان وەك پێشان بە قسە باق و بریقەكانیان فریو ناخۆن، لەمەش زیاتر لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستانیشدا ، بەتایبەتی لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا ، ئەو ژینگە لەبارەی ئاژاوە و تێكدانی كۆبوونەوەكان ، بەرەو كۆتایی دەچێت و فراكسیۆنەكان رێگە نادەن ، چەند پەرلەمانتارێكی هەرزەكار لەم باردۆخە قورسەدا یاری بە چارەنووسی گەلی كوردستان بكەن، هەروەها خەریكە بە تەواوەتی هەڵوێستی جەمسەری نیشمانی بۆ خەڵكی كوردستان روون دەبێتەوە و ، لەوە تێدەگەن كە داواكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەوەی پێشوەختە ، بۆ گێرانەوەی دەسەڵاتە بۆ گەلی كوردستان ، نەك وەك جەمسەری نانیشتمانی دەیانەوێت لەمیانەی چەند سەفقەیەكەوە ئیرادەی گەلی كوردستان تەسلیمی بەغدا و حكومەتی عەبادی بكەنەوە.
لە ئێستاوە ئاراستەی رووداوەكان بەرەو ئەوە دەچن ، كە ئەوانەشی خۆیان بەشێك بوون لە خیانەتی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و ، لەسەرەتاوە بە شان و باڵی حەشدی شەعبیان هەڵدەگووت و ، خەڵكیان فریودەدا بەوەی كەركوك و ناوچە دابراوەكانی دیكەی كوردستان ئارامەوە و بگەرێنەوە، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە حكومەتی عەبادی هیچ حسابێكیان بۆ ناكات و ، لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستانیش بەرەو ریسوابوونی تەواو دەچن، بۆیە قسەكانیان 180 پلە گۆرانكاری بەسەردا هاتووە و ، بەشێكیان هەرەشە لە حكومەتی عەبادی دەكەن بەوەی گوایە دەتوانن كەركوك بەزەبری هێز ئازاد بكەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی حكومەتی عەبادی دەزانێت ، خەڵكانێك خۆیان بفرۆشن بۆ ئەوەی كەركوكێكی ئازاد كراو دووبارە داگیربكرێتەوە ، ئەوا ئەو جوامێرە نابن بتوانن جارێكی دیكە رووبەرووی ئەو ملیشیایانەی حەشدی شیعە ببنەوە كە خۆیان چاوساغی و پێش لەشكریان بۆ كردوون.
هەروەها بەشێكی دیكەیان كە رۆژانە دەیانگووت : ( كەركوك ئارامە و هیچ پێشلكاریەك نیە)، ئەوا ئەم بەشەشیان جارێكی دیكە هەر خۆیان بانگێشە بۆ ئەوە دەكەن كە حكومەتی عەبادی دووبارە دەستی كردۆتەوە بە تەعریب كردنی كەركوك و داوا دەكەن خەڵكی كەركوك خۆپیشاندان بكەن، بەڵام ئەوان خۆشیان باش دەزانن كە خەڵكی كەركوك نەك هەر وەڵامی ئەو خۆفرۆشانە ناداتەوە بەڵكو ئەوانە لەدیدی كەركوكیاندا هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی نیە كە رۆژانە كەرامەتی خەڵكی كەركوك دەشكێنن و برینداری دەكەن.
بۆیە ئەمانەش كەوتوونە ئەوەی جارێكی دیكە حزبە سیاسیەكانی كوردستان وەڵامیان بدەنەوە، بەڵام وەك بەرێزان مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی هەرێمی كوردستان و د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری هەڵبژێراو و دوورخراوەی كەركوك ، لە دوو دیمانەی تەلەفزیۆنی جیاوازدا جەختیان لەسەر كردەوە، كەركوك بە شارێكی داگیركراو دەزانن و ئەمری واقیعی سەپاندنی هێزی سەربازی رەتدەكەنەوە و ئەوانەشی كە بوونە هۆكاری كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و خیانەتی نیشتمانیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی كەركوك و تەواوی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەو باردۆخەی بەسەردا بێت، دەبێت لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە دادگایی بكرێن و ئەو خیانەتە پەردەپۆش نەكرێت.
لەم واقیعە سیاسیەی ئێستای كوردستاندا، راستە باردۆخەكە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری لە قەیرانێكی گەورەدایە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت، كە نەتەوە ئازادەكان لەناو شەوەزەنگی قەیران و نائومیدیدا پەنجەرەی ئومێد دەكەنەوە و ئیرادەی خێر دژی ئیرادەی شەڕ بەرهەم دەهێنێت، مێژووی كارەسات و ئەو قەیرانانەی بە دریژای سەد ساڵی رابردوو بەسەر گەلی كوردستان هاتوون، بەردەوام لە ناو قۆناخە سەخت و قەیراناوییەكاندا توانای ئەوەی هەبووە ، پەنجەرەی ئومێد بەرووی نەتەوەكەیدا بكاتەوە، ئێستاش كە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەپەرلەمانی كوردستان كردووە ، رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات، ئامانج لێی ئەوەیە كە پەنجەرەیەكی ئومێد بەرووی كوردستاندا بكرێتەوە و ، جارێكی دیكە سەرلەنوێ دامەزراوە شەرعیەكانی كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژیەتێكی نیشتمانی خۆی پێناسە بكاتەوە و بە پشتیوانیەكی بەهێزی ناوخۆییەوە ، نوێنەرایەتی گەلی كوردستان بكات و، بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنتەوە كە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بە حكومەتەكانی عێراق( ئەوجا ئەو حكومەتە حكومەتی بەعس سەدام بێت یان شیعەی عەبادی) تێكناشكێنرێت و ئەوانەشی خۆیان كردۆتە پاشكۆی عەبادی، چارەنووسیان لە پاشكۆكانی سەدام و بەعس باشتر نابێت.
Top