هێشتنەوەی كوردستان لەناو بەندیخانەی عێراقدا لە پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانەوە بۆ سەپاندنی پێكەوەژیانی زۆرەملێ
January 8, 2018
وتار و بیروڕا
هۆكاری پشت دروستبوون و ئاراستەكردنی ئەم پرسیارە، بەشێكی رەنگدانەوەی ئاڵۆزییەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان بوو، ئەمەش بەو مانایەی ئەو تاقمەی كە بوونە هۆكاری دروستبوونی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنەوەی نیوەی خاكی كوردستان لەلایەن هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، دەیانویست ئەوە بە خەڵك بڵێن ئەگەر وتووێژ و رێككەوتنی ئێمە لەگەڵ حكومەتی عەبادی بە خیانەت وەسف بكرێت، ئایا ئامادەباشی بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ نوری مالیكی و حزبەكەی هەمان شت نییە؟ ئایا جیاوازییەك لە نێوان نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی بوونی هەیە؟ دیارە وەڵامی سادەی دڵسۆزانەی خەڵك و، هەروەها ئەوانەشی بەمەبەست دەیانویست خیانەتی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بشارنەوە، ئەوە بوو كە (هیچ جیاوازییەك لەنێوان عەبادی و مالكیدا نییە و هەردووكیان وەك یەكن).
ئەم وتارە كە هەوڵدەدات تۆزێك قووڵتر لە هۆكاری پشت ئەو پرسیارە رۆبچێت، لەو وەڵامە زیاتری پێ نییە و بێگومان نەك هەر جیاوازی لە نێوان حەیدەر عەبادی و مالكیدا نییە، بەڵكو جیاوازی لە نێوان مالیكی و عەبادی و تەواوی سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی شیعەو تەواوی فەرماندە میلیشیایەكانی حەشدی شەعبی بۆ تێڕوانینیان بەرامبەر كورد و كوردستان و مافە دەستوورییەكانی نییە و هەموویان لەم بازنەیەدا یەك بیركردنەوە و یەك تێڕوانینیان بەرامبەر بە كورد و كوردستان و مافە دەستوورییەكانی هەیە، ئەم قەناعەتەش نزیكەی 10 ساڵە لای سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بەگشتی و شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی بەتایبەتی بۆتە ئەو هەقیقەتەی كە مومكین نییە جارێكی دیكە كوردو كوردستان ببنەوە بە شێك لە رژێمێكی دیكتاتۆری، یان حكومەتێكی سەنتڕاڵیی بەهێز كە لە بەغداوە بڕیارەكانیان ئاراستەی كوردستان بكەن و بنووسن: (قررنا مایلی)، هەر ئەم قەناعەتەش بووە بناخەی گەڕانەوە بۆ رای گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەروەك چۆن لە 25ی ئەیلوولی 2017 ئەنجامدرا و بە رێژەی نزیكەی 93% گەلی كوردستان بە بەڵێ دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا.
ئەم رووداوانە كە زۆر دوورنین و لەیادەوەری هەمووماندا زیندوون، وەڵامێكی پڕ بەپێستن بۆ ئەو پرسیارەی كە دەڵێت: ئایا جیاوازی لە نێوان حەیدەر عەبادی و نوری مالكیدا هەیە؟ بێگومان رووداوەكان دەڵێن: دوای ئەوەی نوری مالیكی لەسەرەتای ساڵی 2012 بە تەواوەتی بەرەو سیاسەتی شیعەگەرایی و دیكتاتۆری هەنگاوی هەڵگرت، سەرۆك بارزانی لە نەورۆزی هەمان ساڵدا بە جیهانی راگەیاند، (ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری گەلی كوردستان و ئەوەش دوابڕیاری سیاسیی كوردستان دەبێت)، بەڵام لەبەر ئەوەی ساڵی 2012 ساڵی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بوو، هەروەها ئۆباماش مەبەستی بوو خولێكی دیكەی هەڵبژاردن بباتەوە، بۆیە ئەم پرسە نەبووە جێگەی بایەخ و سەرنجی ئیدارەی یەكەمی ئۆباما و مایەوە بۆ ئیدارەی دووەمی ئۆباما، لەگەڵ دەستپێكی ئیدارەی دووەمی ئۆباما لە 20ی كانوونی دووەمی 2013 ، عێراق چووە بارودۆخێكی پاشاگەردانیی ئەوتۆ كە هیچ یەكێك لە دامەزراوەكانی كاری نەدەكرد، هەروەها لە سووریاش دڕندایەتی رژێمی ئەسەد گەیشتبووە ئەو ئاستەی كە چەكی كیمیایی دژی هاووڵاتیانی خۆی بەكار بهێنێت، بۆیە ئیدارەی دووەمی ئۆباما بە ئاستێك سەری لێتێكچووبوو كە كارگەیشتە ئەوەی رۆبەرت فۆرد بەرپرسی سیاسەتی ئەمریكا بۆ سووریا دەست لەكار بكێشێتەوە، لە عێراقیشدا بەهۆی خوپیشاندانەكانی سوننە و بەهێزبوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەی لقی عێراق و نەبوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، ئەمە وایكردبوو كە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراقیش دوچاری سڕبوونێكی گەورە ببێتەوە، ئەم سەرسامی و سڕبوونە درێژەی هەبوو هەتا لە سەرەتای ساڵی 2014 رێكخراوی قاعیدەی لقی عێراق ناوی خۆی گۆڕی بۆ (داعش) لە حوزەیرانی 2014 موسڵی داگیركردو خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند. ئەوجا ئیدارەی ئەمریكا گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە هۆكاری سەرەكی بۆ هەموو ئەو كارەسات و نەهامەتییە و دروستبوونی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) سیاسەتی هەڵەی شیعەگەرایی و دیكتاتۆریەتی نوری مالیكی بووە، بەمەش مەرجی سەرەكیی ئەمریكا بۆ هاوكاری عێراق گرێدرایەوە بە رێگرتن لەوەی نوری مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمە وێڕای ئەوەی مالیكی هەڵبژاردنەكانی نیسانی 2014شی بردبۆەوە.
لە كابینەكەی حەیدەر عەبادی و لەمیانەی شەڕی دژی داعشدا، پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و بەغدا، وەرچەرخانێكی گەورەی لەسەر ئاستی حكومەتی ناوەندی بەغدا و مامەڵەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەسەردا هات، گرنگترینیان لەم بوارانە بوو:
1- حكوومەتی عێراق بەفەرمی دانی نا بە دەستووریبوونی دەرهێنانی نەوت و هەناردەكردنی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەروەها بۆرییە نەوتییەكانی كوردستانی بۆ گەیاندنی نەوت بە بەندەری جیهانی توركی، بە فەرمی ناساند و رازی بوو كە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كوردستان بە رێگەی بۆرییەكانی كوردستان هەناردە بكرێت.
2- بۆ رێككەوتن لەسەر پشكی بودجەی كوردستان لە بودجەی عێراقدا، یاسای بودجەی حكومەتی عێراق بۆ ساڵی 2015 بەو جۆرە داڕێژدرابوو، ئەگەر هەر لایەك پابەند نەبێت بەو پابەندبوونانەی دەكەوێتە سەرشانی، ئەوا لایەنی بەرامبەر بۆی هەیە یاساكە جێبەجێ نەكات.
3- سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، حكومەتی عێراق رازی بوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق بناسێت و رێگر نەبێت لە پڕچەككردنی بە مەرجێك چەكەكان لە رێگەی بەغداوە بدرێت بە پێشمەرگە.
4- لەسەر ئاستی رێككەوتنی سەربازیی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، حكومەتی عێراق نەك هەر ئامادە بوو رێككەوتنی هاوبەش بكات، بەڵكو رێككەوتنی هاوبەشیشی لە ساڵی 2016 ئیمزا كرد بۆ ئازادكردنەوەی شاری موسڵ.
5- هەر لەساڵی 2015 و لەمیانەی سەردانی شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی بۆ كۆشكی سپی، شاندەكە راشكاوانە لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و تەواوی ستافی ئیدارەكە باسیان لەسەربەخۆیی كوردستان كردبوو، بەڵام ئەم بڕیارە گرێدرابوو بە كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعشەوە.
6- لە حوزەیرانی 2017 كاتێك ئازادكردنەوەی شاری موسڵ و رووخانی خەلافەتەكەی داعش راگەیەنرا، سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بە مافی خۆی زانی كە بەروارێك بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دابنێت، ئەوە بوو رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 دەستنیشان كرا.
هەموو ئەم گۆڕانكارییانە لە پەیوەندی نێوان كوردستان و بەغدا كە لەماوەی كۆتایی 2014 سەرەتای ئەیلوولی 2017 هاتبوونەئاراوە، جێگەی رەزامەندی حكومەتی عێراق و تەواوی كۆمەڵگە نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی دژی داعش بوون، بەڵام كە خەلافەتەكەی داعش رووخێنراو پاشماوەی داعش بەرەو كۆتاییهاتنی تەواو دەچوو، برێت ماكۆرگ نێردراوی سەرۆك ئۆباما بۆ شەڕی دژی داعش، كە بەهۆی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەوە لە ئیدارەی سەرۆك ترامپ-یشدا لە پۆستەكەی خۆی مابووەوە، خیانەتی لە كوردستان كرد و دژایەتی خۆی بۆ ریفراندۆمی كوردستان راگەیاند، ئەم دژایەتییەش بە رادەیەك بوو، وەك ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا تیشكی سەوزی دابێتە حكومەتی عەبادی و توركیا و ئێران بۆ ئەوەی گەلەكۆمەكێ لە كوردستان بكەن و حكومەتی كوردستان بڕووخێنن. لەمەش زیاتر بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵك، ماكگۆرك زەمینەی بۆ تاقمە خۆفرۆشەكەی 16ی ئۆكتۆبەر رەخساند بۆ ئەوەی لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رێكبكەون و فەرمانی كشانەوە بە پێشمەرگە بدەن، بۆ ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق بە بێ شەڕكردن كوردستان داگیربكەنەوە. بەمەش جارێكی دیكە ، كوردستانیان خستەوە ناو بەندیخانەی عێراقەوە.
لێرەوە دەكرێت بڵێین: نوری مالیكی لە ساڵی 2009 هەوڵیدا بە رێگەی بەكارهێنانی هێزی دیجلە خانەقین و كەركووك داگیربكاتەوە، بەڵام بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی و ناوبژیوانی ئەمریكا، ئەو كات مالیكی نەیتوانی ئەوەی ئەمجارە عەبادی جێبەجێی كرد، ئەو جێبەجێی بكات، بۆیە جیاوازی نێوان عەبادی و مالیكی، یان هەر كەسێكی دیكەی عەرەب (بە سوننە و شیعەوە) كە لە ئایندەدا ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوەیە كە دەبێت بەردەوام لە ژێر چاودێری و گوشاری هێزێكی گەورەی وەك ئەمریكادا بێت، ئەگەر ئەو چاودێری و گوشارە نەما، ئەوا هەر كەسێك ببێتە دەسەڵاتداری یەكەم لە عێراقدا و ناوی هەرچییەك بێت، بۆ كورد و كوردستان هەر ناوی (سەدام و مالیكی و عەبادی)یە.