مالکی هەلێکی زێڕینی بۆ هاتۆتە پێش ، بۆیە یارییەکی جوان دەکا . عەبادیش تا ئێستا باشی بۆ هاتووە ، کوردیش لەو نێوەندەدا بۆ هەڵبژاردنەکانی عیراق کارتێکی بەهێزی پێبڕاوە و مەحکومیشە بە مفاوەزات لەگەڵ بەغدا ، پێدەچێ دانوستانەکان زیاتر بە مەبەستی گۆڕینی رێڕەوی هەڵبژاردنەکان بێ نەک گێڕانەوەی ئیستحقاقاتی کوردستان بەر لە هەڵبژاردن ، عەبادی بەمەبەستی مانەوە لە دەسەڵات ، مالکیش بۆ گەڕانەوە دانوستان دەکەن. ئەمریکا لە پشتی عەبادی و ئێرانیش مالکی ، ململانێکە لە نێوان ئێران و ئەمریکایە ، ئەمریکا پێی وایە عەبادی (اضعف الایمان) ە و لەو باشتری دەست ناکەوێ ، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنیش سەربکەوێ ، گەرەکە کوردستان پشتی بگرێ ، بەڵام ئەو پشتیوانیە لە کوردستان مسۆگەر نیە ، چونکە بەرەی مالکی لە کوردستانیش کەم نیە ، کەواتە کوردستانیش فرسەتێکی بۆ هاتۆتە پێش ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن خۆیان رێکبخەنەوەو هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێ . مالکی بۆ گەڕانەوەی خۆی ، دەیەوێ هەموو دەنگی کورد مسۆگەر بکا ، کەچی عەبادی لە نەشوەی سەرکەوتن رزگاری نەبوەو دەیەوێ هێشتا ماڵی کورد وێرانتر بکا و هەموو کورد لە رێی دانوستانەوە بە لاوازییەوە بۆ خۆی رابکێشێ . وەک دەزانین هەردوو سەرکردەی عەرەبی شیعە ئازارێکی زۆری کوردستانیان داوە ، ئێستا ئەو دووانە هەڵبژاردەی بەهێزی سەرۆک حکومەتی داهاتووی عیراقن ، کورد چی بکا ؟ ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن بێ بەلای کام لەو دوو سەرکردەیەدا بچێ ..؟ ئەسڵ ئەوەیە کورد بە یەکگرتوویی لەگەڵ هیچیان رێک نەکەوێ ، چونکە ئەوانە دوو قەدی یەک رەگن ، بەڵام ئایا دەتوانێ ؟ من پێموایە کورد ناچارە سیاسەت بکا . ئەگەر کورد بتوانێ لە نێوان ئەو دوو سەرکردەیەدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی گەمەیەکی جوان بکا کە من گومانم هەیە ، ئەوە دەتوانێ ئەمریکاش بە جیدی بێنێتە سەر خەت و دەسکەوتی باشیش بۆ کوردستان بە دەست بێنێ۰ئاشکرایە ئەمریکا گرەو لەسەر عەبادی دەکا و لای خۆیشییەوە کوردی بۆ عەبادی زامن کردووە و هەر بەو شێوەیەش پەیامەکە بە عەبادی گەیشتووە کە کورد لە بەرەی ئەودایە ، بۆیە هێشتا لە بازنەی غرورو بێ منەتیدا رزگاری نەبوە ،بەڵام ئەگەر کورد پێچەوانەکە هەڵبژێرێ و بەڕێککەوتن پشتی مالکی بگرێ ، ئەوە عەبادی زۆر زەحمەتە دەربچێ و ئەمریکاش زەبرێکی گەورەی پێ دەکەوێ ، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە کوردستان هێشتا لە بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەربهێندرێ . بەڵام ئەگەر کورد بیەوێ پشتیوانی لە عەبادی بکا ئەوە دەبێ بە هاوکاری ئەمریکا مەرجی خۆی لەو پشتیوانییە بەسەر عەبادی داسەپێنێ، بەبێ ئەو مەرجانە ، هەڵەیەکی ستراتیژی دەکا و هیچیشی بۆ کوردستان دەست ناکەوێ . لەو دوو رێگایە زیاتر هیچ رێگەی دیکەمان لەبەر دەمدا نیە ئەگەر قەرار بێ بەشداری بکەین لە هەڵبژاردنەکانی عیراقدا ...