ئیشكالیەتی چەمكی (حزب) لەناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا

ئیشكالیەتی چەمكی (حزب) لەناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا
جوانترین پێناسە لای بەڕێز مسعود بارزانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە (پارتی نائومێدی گۆڕی بۆ ئومێدو هەستانەوە)، بەڵام لەمە گرنگتر و جوانتر ئەوەیە لە ئێستای دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر كە خەریكە جۆرێك لە نائومێدی دووبارە دروست دەبێتەوە، ئەو پێناسە رووبەڕووی پرسیارێكی جددی بكەینەوە و بپرسین: ئایا چۆن بە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، نائومێدی گۆڕا بە ئومێدو هەستانەوە؟ ئایا ئەگەر لە ئێستادا بەهەمان شێوەی مستەفا بارزانی لەساڵی 1946 بیر بكەینەوە، دەتوانین نائومێدی بگۆڕین بۆ ئومێدو هەستانەوەو كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر تێپەڕێنین؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە خوێندنەوەیەكی سۆسیۆلۆژییانەی مێژوو هەیە، ئەمەش بەو مانایەی چۆن بەدامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گرێی دۆگمایی ئەقڵی بەردینی حزبی كرایەوەو چۆن ئەو توانایە دروست بووەوە كە خەڵكی كوردستان بەتەواوی بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژیەتی سیاسی جیاوازیانەوە لە بازنەیەكی نیشتمانیدا دووبارە پێناسەی كوردبوون و كوردستانیبوونی كردۆتەوە.
كەواتە ئەگەر لەناو ئەو ژینگەی سۆسیۆلۆژی چلەكانی سەدەی رابردوو پێناسەی پارتی وەك حزب بكەین، ئەوا خۆمان تووشی ئیشكالیەتێكی گەورە لەگەڵ چەمكی حزب دەكەین، هەر بۆیە لەناو سۆسیۆلۆژیای كۆمەڵگەی كوردستاندا، لەسەرەتای دامەزراندی پارتییەوە هەتا ئێستا، چەمكی پارتی نەبۆتە مورادیف بۆ چەمكی حزب، بەڵكو چەمكی پارتی هەموو كات وەك بازنەیەكی نیشتمانی بۆ ئاشتكردنەوەی دژ و جیاوازییە سیاسییەكان و دووبارە پێناسەكردنەوەی كوردبوون و كوردستانیبوون بەكارهاتووە، تەنانەت لە زمانی عەرەبیشدا كە دەنووسرێت: (البارتی) ئیدی پێویست نییە بنووسرێت: (الحزب الدیمقراطي الكردستاني). ئەمەش مانای ئەوەیە چەمكی (پارتی) پێناسەیەكی گەورەتری لەو حزبانە هەبووە كە لە چلەكانی سەدەی رابردوو و ئەوانەشی ئێستا بوونیان هەیە، دیارە بۆ تێگەیشتنیش لەو جیاوازییەی نێوان چەمكی پارتی و چەمكی حزبی سیاسی، پێویستمان بەوەیە چەمكەكان لەسێبەری بیرلێنەكردنەوە بگوازینەوە بۆ بەردەم رووناكیی دووبارە بیركردنەوە، لەمەش زیاتر دەبێت چەمكی (پارتی) ئامێرێك بێت بۆ نەشتەرگەری لە سۆسیۆلۆژیای مێژوودا، بۆ ئەوەی مانا و ئامانجی چەمكی (پارتی) وەك خۆی دووبارە پێناسە بكاتەوەو، ئەو پرسیارە لە مێژوو بكەین، ئایا مستەفا بارزانی (پارتی) دامەزراند بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك حزب و ناو و ناوبانگ دەربكات و ببێتە سەرۆك و سەركردە، یان مستەفا بارزانی پێش ئەوەی پارتی دابمەزرێنێت نەك هەر سەرۆك، بەڵكو رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان بووە بۆ پێناسەكردنەوەی كوردبوون و كوردستانیبوون و هەنگاوهەڵگرتن بۆ شۆڕش و سەربەخۆیی كوردستان؟ بێگومان لەناو فەزای سۆسیۆلۆژی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان راشكاوانە ئەو راستییانە دەردەكەون كە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی چەمكی (پارتی) بەو ئاستە گەورە كرد كە نوێنەرایەتی نەتەوەو نیشتمانێك بكات، نەك بەپێچەوانەوە.
ئەم باكگراوەندە مێژووییە، یاخود گەڕانەوە بۆ ناو سۆسیۆلۆژیای مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان، بۆ پیاهەڵدانی حزبێك، یان تانەدان لە حزبێكی دیكە نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە فیكری مستەفا بارزانی-دا رەشماڵی پارتی نەك لە حزبێك گەورەترە، بەڵكو خودی چەمكی پارتی، بازنەیەكی نیشتمانییەو هەموو حزب و بیروبۆچوونە جیاوازەكان كۆدەكاتەوە، هەتا هەموو حزبەكان و خەڵكانی بێلایەن و كەسایەتییە نیشتمانیەكان پێكەوە پێناسەی كوردبوون و كوردستانیبوون بكەنەوە، راشكاوانەتر لەم چوارچێوەیەدا مانای چەمكی (پارتی) بۆ ئێستا، واتە دووبارە دروستكردنەوەی بازنەیەكی نیشتمانی، فراوانتر لەبەرەی كوردستانی لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، بێجگە لە حزبە سیاسییەكان خەڵكی بێلایەن و كەسایەتییە دیار و ئەكادیمی و پیاوانی ئایینیش كۆبكاتەوە و سەرلەنوێ پێناسەی كوردبوون و كوردستانیبوون بكاتەوە، جیاواز لەبەرەی كوردستانی كە حزبەكان خاوەنی مافی ڤیتۆ بوون، ئەوا دەبێت ئەمجارەیان خودی ئەو بازنە نیشتمانییە ڤیتۆ دیاری بكات بۆ هەموو حزب و تاقم و گروپ و تەنانەت كەسێكیش كە نەتوانێت لە ترسی ئەو ڤیتۆ نیشتمانییە، رەفتاری نانیشتمانی، یان خیانەتی نیشتمانی ئەنجام بداتەوە.
بەڕێز مسعود بارزانی، پێش هەموو شت بە سیفەتی ئەوەی قوتابی و پەروەردەی فیكری مستەفا بارزانی-یە و هەروەها بە سیفەتی ئەوەی ئێستا رەمز و كارێزمای ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانە و تەنیا ئامانجیشی ئەوەیە كە (نائومێدی بگۆڕێت بۆ ئومێد و هەستانەوە و تێپەڕاندنی كارەساتەكان) ئەوا دەبێت لە ئێستادا (مستەفا بارزانی)ی سەدەی بیست و یەكەم بێت و بە هەمان میتۆدی مستەفا بارزانی بازنەیەكی نیشتمانیی گەورە و فراوان لە كۆی حزبە سیاسییەكان و نوێنەرانی خەڵكی كوردستان دروست بكاتەوە بۆ ئەوەی لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە لەناو شەوەزەنگی نائومێدیدا رێگەی رووناكیی ئومێد و تێپەڕاندنی ئەو كارەساتە بكاتەوە.
Top