ئەو كاتانەی كوردبوون و كوردستانیبوونمان لێ وون دەبێت و بیری لێ ناكەینەوە

ئەو كاتانەی كوردبوون و كوردستانیبوونمان لێ وون دەبێت و بیری لێ ناكەینەوە
فرانسیس فۆكۆیاما دەڵێت لە وڵاتێكدا جیاوازی لە نێوان بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تایبەتی بەرپرسەكان بوونی نەبێت، ئەوا ناتوانین پێناسەی گەندەڵی بكەین و كەسیش بە گەندەڵ تۆمەتبار بكەین، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت گەندەڵی دەستنیشان بكەین ، ئەوا پێش هەموو شت دەبێت بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تایبەتی بەرپرسەكان لەیەكتری جیابكەینەوە و هەر كاتێك بەرژەوەندی گشتی كرا بە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی ،ئەوا ئەو كاتە دەتوانین گەندەڵی دەست نیشان بكەین.
هەر لەسەر ئەم بنەمایە ، ئەگەر لەوڵاتێكدا جیاوازی لەنێوان بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی نەبێت، ئەوا ناتوانین پێناسەی رەفتاری نا نیشتمانی یان ( خیانەت) بكەین، بۆیە ئەگەر بمانەوێت رەفتاری نانیشتمانی دەست نیشان بكەین، ئەوا دەبێت پێش هەموو شت ، بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی لیكجیابكەینەوە ، ئەوا لەم حاڵەتەشدا ئەگەر بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی كرا بە قوربانی بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی، ئەوا ئەو كات دەتوانین رەفتاری نانیشتمانی یان خیانەت دەست نیشان بكەین.
محەمەد ئەرەگۆن بیرمەندی گەورەی فەرەنسی بەرەگەز جەزائیری لە كتێبی ( فیكری ئیسلامی و خوێندنەوەیەكی زانستیانە) جەخت لەسەر ئەقڵی عەقیدی دەكاتەوە كە چۆن ئەم ئەقڵە هەندێك بواری خستۆتە دەرەوەی بیكردنەوە ( اللامفكر فیە) ، قەدەغەی كردووە كە موسڵمانان بیریان لێ بكاتەوە، هەربۆیە دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی لەبری ئەوەی مەعریفە بەرهەم بهێنن بۆ خۆشگوزەرانی گەلەكانیان، ئەوا بە شێوەیەكی دامەزراوەیی جەهل بەرهەم دەهێنێن و ئەو جەهلەش لەلایەن دەسەڵات و كۆمەڵگەوە پیرۆز دەكرێت ، ئەمەش بۆتە گەورەترین بەبەربەست كە دەستپێكردنی قۆناخی رۆشنگەری لە كۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی جۆرێك لە مەحاڵبوون بە خۆیەوە ببیینت.
ئەگەر لەسەر ئەم میتۆدەی ئەرەگون ، خوێندنەوەیەكی زانستی بۆ فیكری كوردبوون و كوردستانیبوون لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بكەین، ئەوا ئێمەش هەمان گرفت رووبەروومان دەبێتەوە و ، دەبینین كە ئەقڵی حزبی بە هەمان شێوەی ئەقڵی عەقیدی ئیسلامی، كۆمەڵێك بواری گرنگی بۆ تێگەیشتن لە كورد و بوون و كوردستانیبوون ، خستۆتە دەرەوەی بیركردنەوە یاخود بە ئایدلۆژیایەكی حزبی دایانپۆشیووە و ناتوانرێت ئازادانە بیری لی بكرێتەوە و خوێندنەوەی رەخنەگرانەی زانستی لەسەر بكرێت. ئەمەش راشكاوانە ئەو مانایەی هەیە كە چەمكی كوردبوون و كوردستانیبوون بۆتە ئەو چەمكانەی كە نەتوانراوە وەك خۆی بیریان لێ بكرێتەوە. بەمەش چەمكی حزب لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا ئەقڵی كورد و كوردستانیەكانی كردووە بە ئەقڵێكی بەردین ( العقڵ المتحجر) ، ئەم ئەقڵە بەردینەش وەك میلتۆن روكێش زانای بەناوبانگی سۆسیۆلوژی و سایكۆلۆژی پۆلەندی و ئەمریكی پێناسەی كردووە بریتە لەو حاڵەتەی كە ( مرۆڤ توانای ئەوەی نامێنێت ئامێری فیكری و ئەقڵی خۆی بگۆرێت كاتێك مەرجە بابەتیەكان داوای لێدەكەن ، هەروەها توانای ئەوەی نامێنت كە بتوانیت سەرلەنوێ لە بازنەیەكدا خۆی ریكبخاتەوە كە بتوانێت چەندین چارەسەر بۆ كێشەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بتوانینت بەشێوەیەكی چالاكانە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات). بیگومان لای رۆكێش ناوەرۆكی ئایدلۆژیایەكە گرنگ نیە بەوەی ئایا ئایدلۆژیایەكی ئاینیی یە یان فەلسەفی یاخود ئایدلۆژیای هاوچەرخە، بەڵكو ئەوەی گرنگە گرێدانەوەی كردەیی ئەقلیەتی دۆگماییە بە ئایدلۆژیەتێكی دیاریكراوەوە. هەر بۆیە ئەگەر بە میتۆدی رۆكێش خوێندنەوەیەك بۆ چەمكی حزبی سیاسی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بكەین ، ئەوا دەبین حزبە سیاسیەكان بە جیاوازی ئایدۆلۆژیەتی سیاسیان بەشێوەیەكی زۆر توند بە ئەقڵیەتی دۆگمایی حزبی گرێدراون و توانای ئەوەیان نەماوە كە شێوازی بیركردنەوە و ئەقڵیەتی سیاسیان بگۆرن لەو كاتەی كە مەرجە بابەتیەكانی باردۆخی كوردستان داوایان لێدەكات.
لە ئێستادا كە بەهۆی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ، كوردبوون و كوردستانیبوونمان كەوتۆتە بەردەم هەرەشەیەكی جدی ، ئەوا لەبری ئەوەی ئەم كارەساتە گەورەیە (حزبیبوون) بگۆرێت بۆ كوردبوون و كوردستانبیوون، ئەوا وەك دەبینین كوردبوون و كوردستانیبوون كەوتۆتە ژێر چەمك و ئەقڵیەتی حزبایەتی و بیری لێ ناكرێتەوە ، ئەم حاڵەتە كە بەرهەمهێنانی جەهلی سیاسییە لەلایەن حزبەكانەوە، رۆژانە ئەو جەهلە سیاسیە لە میدیاكان و كەناڵە ئاسمانیەكانەوە پیرۆز دەكرێت و هەوڵدەدەن یەكتری پێ ناشرین بكەن و ، لەمەش خراپتر ئیرادەی خەڵكی كوردستانیان بەجۆرێك شەكەت و ماندوو كردووە كە نەتوانێت بیر لەو كارەساتە گەورەیە بكاتەوە و رێگە چارەیەك بۆ تێپەراندنی بدۆزرێتەوە
Top