ئاسوودەبوون لە سایەی سستەمێکی «داخراو»دا!

ئاسوودەبوون لە سایەی سستەمێکی «داخراو»دا!
ژیان بریتی نییە تەنیا لە لایەنی ماددی: سروشت، سامان، موڵکایەتیی زەوی و ئامێر و کەلوپەل؛ ڕاستە ئەمانە چوارچێوە بۆ جۆر و شێوازی ژیان دادەڕێژن، کاریگەریی ئاستەنگەکان ناهێڵن یان کەمدەکەنەوە و، بگرە، باڵادەستیی مرۆڤ فەراهەم دەکەن- ئەمانە بنەمای گرنگن بۆ ژیان، زۆریش گرنگن... بۆیە مرۆڤ هەمیشە سەرقاڵە بە دابینکردنیان.
بەڵام بایەخدارتر لەمە بواری ناماددییە، لایەنی ڕۆحیی مرۆڤە کە فەیلەسوفی نەمساوی کاڕل پۆپەر ناویناوە «جیهانی سێیەم»- ئەو جیهانەی لەناو گیانلەبەران تەنیا مرۆڤ هەیەتی [جیهانی یەکەم- سروشت و ئادهمیزاد خۆی وهكو بهشێك له سروشت... جیهانی دووەم- کاریگەریی جیهانی یەکەم بەسەر سایکۆلۆگیای مرۆڤەوە]*؛ بۆیەش پۆپەر پێی دەڵێ «جیهان»، چونکە بوارێکی تابڵێی فراوانە، سەرلەبەری ژیان و لایەنی مەعنەویی مرۆڤ دەگرێتەوە. ئەگەر سەرنج بدەین، لە کۆمەڵگادا ئایین ڕەهایانە کار لەسەر ئەم جیهانە دەکات، چونکە ئاسوودەیی ڕۆحی مرۆڤ لەخۆوە فەراهەم نابێ و سایکۆلۆگیاشی سەقامگیر نابێ، ئەگەر دەزگایەکی بەهێز و بەتوانا سەرپەرشتیی نەکات... ئەرکی سەرەکیی دەزگای ئایینی لەوە دایە سایکۆلۆگیای مرۆڤ ملکەچ و ڕۆحەکەی ئاسوودە بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە کێڵگەیەکی قۆرغکراوی ئایین نییە بەتەنیا، بەڵکو هەر فیکر و عەقیدەیەک، هەر ئایدیۆلۆگیایەک: زانستی- فەلسەفی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری دەتوانێ، بگرە پێویستە بخزێتە ناو ئەم جیهانەوە، بۆ ئەوەی بچەسپێ، بڵاوبێتەوە و سەرکەوێ.
لایەنی ڕۆحیی مرۆڤ ئاوێنەیەکی ڕوونی ئاستی هوشیارییەتی؛ هەرچەندی هوشیاریی تاکەکەسێک ئاست بەرز بێت- جا هوشیارییەکەی ئایینی، عیلمانی، نەتەوەیی... بێت، ئەوا لایەنی رٶحییەکەی بەو ڕادەیە «ئاسوودەیە». مەبەستیش لە ئاسوودەیی، لێرەدا، خۆگونجاندن و تێگەیشتنە لە ژینگە و دەوروبەر؛ ئەو کەسە ئاسووودەیە کە بەپێی مەعریفەکەی (ئایینی، فەلسەفی، زانستی...) تێگەیشتنی تەواوی هەیە بۆ ئەو ڕەوشەی تیایدا دەژی؛ بەڵام، دەبێ ئەوەش بلێین کە ئاسوودەبوون هەمیشە هاومانای ڕازیبوون نییە، دە هەر ژیان بە سروشت بواری ڕازیبوونی تەواو بە مرۆڤ نادات- هەمیشە لەیەکێک یان چەند بابەتێکدا کەموکوڕی و، تەنانەت، قەیرانیش سەرهەڵدەدەن و ئەو کەسە پێیانەوە سەرقاڵ و ناڕەحەت دەبێ. ئەوەش واتە مرۆی هوشیار لە چوارچێوە گشتییەکەی ژیاندا ئاسوودەیە، سەبارەت بە وردەکارییەکانیشی ناڕازی.
ئاسوودەیی مرۆی هوشیار لە چییەوە دێ؟
پێش هەموو شتێک، ئەوە مەعریفەیە هوشیاریی مرۆڤ دروست دەکات؛ بە گوتەیەکیتر، بڕ و جۆری مەعریفەیە (ئایینی، گەلەکی، فەلسەفی، زانستی) ئاستی هوشیاری دادەڕێژێ. کەسێکی دیندار کە مەعریفەی ئایینیی قووڵی هەیە، هوشیارییەکەی بە پلەی یەکەم، بێگومان، ئایینی دەبێ؛ ئەم لە ڕوانگەیەکی ئایینییەوە خۆی و دەوروبەرەکەی وێنادەکات- بیرکردنەوە، ڕەفتار و هەڵوێستەکانی سیمای ئایینییان بەسەرەوە دیار و ئاشکرایە. بەهەمان شێوەش هەڵگرانی جۆرەکانیتری مەعریفە. لێرەشدا، دەبێ فۆکس بخرێتە سەر «بڕی» ئەو مەعریفەیە؛ چونکە خەڵکی وا زۆرن کە لە سەر جۆرێک لە مەعریفە حسێب دەکرێن «گوایە پسپۆرن!»، کەچی ئاستی هوشیارییان ئەوە ناسەلمێنێ.
بڕی مەعریفەی مرۆی هوشیار دەبێ بە ڕادەیەک بێ کە بەهۆیەوە بتوانێ لێکدانەوە و شرۆڤەی ژیان و دەوروبەر و ڕووداوەکانی بکات بە شێوەیەک، هەرنەبێ، تارمایی ئاستێکی «باشی» هزر و لۆگیکی پسپۆرییەکەی پێوە دیاربێ.
مرۆی هوشیاری تێرمەعریفە و تێگەیشتوو لە بنەماکانی ژیان، هەرگیز تووشی سەرسوڕمان نابێ- ئەم ئاسوودەیە و، بگرە، پێشبینیی گەلێ شتیش دەکات... ڕەنگە لە هەموو پێشبینییەکانیدا واقیع نەپێکی، ئەوەش بە حوکمی پەیوەندیی دیالێکتیکانەی نێوان دووانە چەمکی فەلسەفیی «زەڕووڕەت و ڕێکەوت» دا- ڵۆگیک ئاشنایە بە «یاساکانی» زەڕووڕەت و مرۆی هوشیار بۆچوونەکانی لەسەر دادەڕێژێ، بەڵام ڕێکەوت (صدفة) پێشبینیی ناکرێ و زۆر جار ڕەوتی زەڕووڕەت و پڕۆسەکانی دەگۆڕێ؛ جا، ئەوە ڕێکەوتە کە لەنێو قەوارەی یاساکانی زەڕووڕەتدا هەمەڕەنگی(تنوع) دادێنێ. [ لە ڕاستیشدا، ئەگەر ئەم هەمەڕەنگییە نەبوایە هەموو بوار و لایەنەکانی سروشت و ژیان ڕوون و ئاشکرا دەبوون، ئەوساکە ژیان گەلێ ئاسان و ڕاستەڕێ دەبوو؛ بۆیە ڕێکەوت تەواوکەری زەڕووڕەتە و بەشێکە لێی جیانابێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، مرۆی هوشیار لە بۆچوونەکانیدا هەمیشە بوار بۆ ڕێکەوت دەهێلێتەوە].
کەواتە، هوشیاری لەسەر بنەمای مەعریفە (بڕ و جۆرەکەی) دروست دەبێ و هەر ئەویشە ئاسوودەیی بۆ مرۆڤ فەراهەم دەکات.
لەم گۆشەنیگایەوە، ئەم بۆچوونە بەسەر تەواوی سستەمی کۆمەڵایەتیشەوە جێبەجێ دەبێ؛ چونکە ئەوە مرۆڤەکانن، بەپێی هوشیارییان، دەزگاکانی سستەمەکە (دەسەڵات، ئایینی، کۆمەڵایەتی، کولتووری...) بەڕێوەدەبەن. جا، هەر خەوش و کەموکوڕییەک لە چالاکی و دەور و کاریگەرییەکانی ئەم دەزگایانەدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی هوشیاریی کارمەندەکان.
کولتوور بە هەردوو لایەنییەوە، ماددی و مەعنەوی، شێوازی ژیان لە کۆمەڵگادا دەڕەخسێنێ و خۆشی بەرهەمی ئەزموونی مێژوویی و پێداویستییەکانی سەردەمی ئێستاکەیە. ئەگەر سەرنج بدەین، بۆ نموونە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، گاپی نێوان ئەزموونی مێژوویی و پێداویستییەکانی مرۆی ئیمڕۆ تا دێ فراوانتر دەبێ؛ دەتوانین ئەمە لە زۆر وردەکاریدا بەدیی بکەین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەڵێین کە ژیانی کۆمەڵیی «مێژوویی» و تاکگەرایی سەردەم لەبەردەم یەکدیی وەستاوون... ژیانی تاکگەرایی مرۆی کورد، وەکو پێداویستییەکی چەرخی ئێستا، وردە وردە لە زیادبوون دایە؛ ئەوەش پەیوەستە بە پەرەسەندنی ئاستی هوشیاریی تاکەوە – سستەمی کۆمەڵایەتی، لە کۆمەڵگای کوردیدا، ئەگەرچی لە زۆر بواردا سیمای داخراوەیی هەر ماوە، بەڵام بە ڕادەیەکیش کرانەوەی ڕەخساندووە بەسەر دنیا و دەروبەر کە بەهۆیەوە مرۆی کورد گەیشتووە بە ئاستێک هەست بە بایەخی تاکەکەسیی خۆی بکات و تاکگەرایانە ڕەفتار و هەڵسوکەوت بکات. نموونەیەکی سادەی ئەمە، پێکهێنانی خێزانی بچووکە- جاران خێزان نەک هەر لەڕووی ژمارەی ئەندامانییەوە گەورە بوو، بەڵکو هەر لەنێو قەوارەی بنەماڵە (ماڵی گەورە) دا دەمایەوە و بۆ تاکەکەسیش جگە لە ژیانی کۆمەڵی چیتر نەدەمایەوە.
کەواتە، دەتوانین کولتوور بە شێوازێکیتریش دابەش بکەین بۆ توخمی کولتووریی کۆن و نوێ کە ئەندامانی کۆمەڵ لە نێوان بەرداشی ئەم دوو جۆر توخمە کولتوورییانەدا گیریان خواردووە و ئەم بارە، لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بەڕادەیەکی زۆر داماوی و سەرلێ شێواویی بۆ داهێناوون. لەم ڕووەوە، دەتوانین سەرنج بدەین کە لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا ڕووبەڕووی چەندین دیاردەی ناکۆک و، تەنانەت، دژ بە یەکیش دەبینەوە- پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی هێشتا بەهێزی لە چەشنی: خزمایەتی، بنەماڵەیی، خێڵەتی و ناوچەگەری؛ هەروەها دەوری کاریگەری فیکری دینی و دەزگایەکی ئایینیی بەتوانا- هاوتەریب لەگەڵ تەکنۆلۆگیای پێشکەوتوو و فەراهەمبوونی ژیانێکی سەردەمییانە (هەرنەبێ بۆ بەشێکی ئەو خەڵکە) وەکو: خێزانی بچووک، خانوو و ئەپارتمان، مۆبایل، کۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، ئۆتۆمۆبیل، فڕۆکەخانە و سەفەرکردن، زێدەبوونی دەرفەتی خوێندن، وەبەرهێنان و بازرگانییەکی چالاک و جۆرەها کەلوپەلی مۆدێرن... هەموو ئەمە ڕەوشێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی ناهاوسەنگ (ناهاڕمۆنیی) خولقاندووە لە کۆمەڵگای کوردیدا کە، بێگومان، ڕەنگدانەوەی خۆیی هەیە لەسەر تاکەکەس و کەسایەتییەکەی، بەلای کەمەوە، ناسەقامگیر دەردەچێ. ئەمە هەمووی، بێ لە بارودۆخی (سیاسی- ئابووری- جەنگی) سەخت و ئاڵۆزی کە باڵی بەسەر کوردستانی باشووردا کێشاوە و خەڵکی ئەم دەڤەرەی تا ئەوپەڕی هەراسانکردووە.
جا، لە ڕەوشێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی لەم چەشنەدا، مرۆی کورد دەبێ چ جۆرە هوشیارییەکی بۆ دروستبێ، سستەمی کۆمەڵایەتی و دەزگاکانی کام و چەند مەعریفەی بۆ دەڕەخسێنن؟..
ئەوە سستەمی کۆمەلایەتی و دەزگاکانیەتی لە کۆمەڵگادا ژیان بەڕێوەدەبەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە دەزگای دەسەڵاتی سیاسی کە، وەکو لە کۆمەڵگای ئێمەدا، هەموو بوارەکانی حوکمڕانی و دەسەڵاتی قۆرغکردووە و تاکە کاندیدە بۆ هەر دەستوبردێک لە پێناو هێورکردنەوە و باشترکردنی ڕەوشەکە.
چاکسازیی هەرە پێوست و بایەخدار، لە ژیانی ئەندامانی کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو، دەبێت لە بوارەکانی کولتوور و پەروەردەدا بێت– ئەوەی لەماوەی چارەگە سەدەیەکدا لەلایەن ئێمەوە نەکرا؛ ئەم چاکسازییەش بە مەبەستی داهێنانی گۆڕانکاری لە بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا... پێش هەموو شتێکیش بەهێزکردنی بەهاکانی: ئینتیما و دڵسۆزی، یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی، کارکردن و هاوکاری، لێبووردەیی و لەخۆبووردن، پەیڕەوکردن و ڕێزگرتن لە یاسا و...
ئەوەش، بەپەلە و بۆ ئیمڕۆکە، تەنیا بە پیادەکردن و پەیڕەوکردنی ئەم بەهایانە لە ژیانی ڕۆژانەی هەستپێکراودا لەلایەن خوودی بەرپرس و دەسەڵات بەدەستانەوە بە ئەنجام دەگا و کاریگەریی بەرچاوی دەبێ. لە بواری ستراتیجیش، بۆ نەوەکانی دواتر، چاکسازی لە پەروەردەدا و تیایدا لە پاڵ مکۆربوون لەسەر چەقاندنی ئەم بەهایانەی سەرەوە لە هزر و دەروونی نەوەی نوێدا – بێگومان بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی مامۆستا و گەڕاندنەوەی ڕێز و «بەها «ی مامۆستایەتی، پڕۆسەی پەروەردەکردن و پێگەیاندن دەباتە ئاستێکی گەلێ باشتر؛ با هەر نەبێ بۆ نەوەی تازەپێگەیشتوو، بە بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیارییان، «ئاسوودەیی» فەراهەم بکەین... بۆ ئەمەش چاوخشاندنێک بە ئەزموونی وڵاتان – کۆریا و یابان – بێ سوود نابێ.
ئەرکی سەرەکی و هەرەگرنگی دەسەڵات، بەتایبەتی، لە هەلومەرجی وادا- پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پتەوکردنی ئاسایشی کۆمەڵگایە... کۆمەڵبوونەکانی خەڵک لە ڕەوش و کەشوهەوایەکی ئاسایی و سەقامگیر و بێ دڵەراوکێ دەتوانن ئاشتییانە بەیەکەوە بژین، دەنا ناکۆکی و ئاژاوە و بەڕەڵایی و چەندین دیاردە و ڕووداوی دیکەی نەخوازراو ژیانی کۆمەڵایەتی سەختتر و هەراسان دەکەن و هەڕەشە دەکەوێتە سەر خوودی دەسەڵاتی سیاسیشەوە.
ئەمە ئەرکی سەرەکیی دەسەڵاتە لە هەر کۆمەڵگایەکدا، کەچی لە کۆمەڵگای ئێمەدا و بەو ڕەوشەوە کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، دەبێتە ئەرکێک گەلێ گرنگتر لە تەنیا دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە.


* كارل بوبر (اسطورة الاطار) – ترجمه د. یمنی الخوری. عالم المعرفه،292، 2003، ص10

Top