بارزانی و ئیرادەی سەربەخۆیی كوردستان
December 11, 2017
وتار و بیروڕا
هەرچەندە دوژمنانی گەلی كورد، سەرۆك و ئەندامانی ئەو خانەوادانەیان، چ لە شەڕدا بووبێ، یان پاش یەخسیركردن، یان بە خیانەتی دەوروبەریان شەهید كردوون، بەڵام نەیانتوانیوە ئیرادەی سەربەخۆییخوازیی نیشتمانیی كورد بشكێنن، یان مەحفی بكەنەوە. بە پێچەوانەوە، هەمیشە وەكو ژیلەمۆ لەژێر جەستەی شەهیدان و داروپەردووی گوندە خاپووركراوەكان و یادی هەمیشە زیندووی ئەو رابەر و سەركردانەدا ماوە و لە پاش ماوەیەكی كەم گەشاوەتەوە و لە لایەكی ترەوە و لەناو خانەوادە و بنەماڵەیەكی ترەوە، سەركردەیەك سەریهەڵداوە و ئەو سەقامگیرییە وەهمییەی شڵەقاندۆتەوە كە دوژمنان وایان زانیوە بەدەستیان هێناوە.
ئەم ململانێیە تەنیا بە سەربەخۆیی كوردستان كۆتایی دێ و ئینجا قۆناغی سەركردایەتیكردنی دامەزراندنی دەوڵەت و پێكهێنانی دامەزراوەكانی و ئاوەدانكردنەوەی وڵات و گەشەكردنی سستەمی سیاسی و مەدەنییەت و ئابووری دەست پێدەكات.
تا ئەم ململانێیە مابێ، خەون و ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی هەر دەمێنێ و، خەون و هەوڵ و پیلانی دوژمنانی گەلی كوردستانیش بۆ لەناوبردنی ئیرادەی سەربەخۆییخوازی گەلی كوردستان دەمێنێ. یەكێك لەو هەوڵانەش لەناوبردنی ئەو ماڵباتانەیە كە سەركردایەتی رابوونی كوردایەتی دەكەن و جۆشدەری ئیرادەی سەربەخۆییخوازین.
بابەتێك كە جێی سەرنجە لەم رووەوە، ئەوەیە كە دوژمنانی كوردستان، بەشێك لەم خەونەیان، تا رادەیەك بۆ هاتۆتەدی، بەتایبەتی لەوەدا كە هەندێك لەو ماڵباتانە، نەسڵیان لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا نەماوە، یان ئەگەر مابێتیش، لە سەركردایەتیكردندا نین، یان وەكو كەسایەتی رێزلێگیراو ناو و شوهرەتیان لەناو كوردایەتیدا هەیە. تەنیا ماڵباتی بارزانی نەبێ كە وا زیاتر لە سەد ساڵە لە لووتكەی رابەرایەتیكردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیدایە و سەرەڕای كوشتن و لەسێدارەدان و دوورخستنەوەی زۆرەملێی سەرۆكەكانی ئەو ماڵباتە و ئەنفالكردنی هەزاران هەزار بارزانی و چەندینجار وێرانكردنی گوندی بارزان و گوندەكانی ئەو دەڤەرە كە عەشیرەتەكانی بەشێكن لە پێكهاتەی فیدراسیۆنی عەشیرەتەكان، بەڵام تا هەنووكەش ئەم ماڵباتە لە لووتكەی رابەرایەتی نەهێنراوەتە خوارەوە، یان توانرابێ بۆ ماوەیەكی كاتییش بێ، ئەم رۆڵەی لێ بسێنرێتەوە و پەراوێز بخرێ.
بۆچی؟!
چونكە، ماڵباتی بارزانی، تەنیا تەشكیلییەكی تەقلیدی عەشیرەت نییە، وەكو ئەوەی لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا هەیە و لەسەر بنەمای بەرەباب و خوێن دامەزرابێ، بەڵكو ماڵباتی بارزانی دامەزراوەیەكی سیاسی، ئابووری، كولتووریی، ئایینی، سەربازیی _ ئەمنییە كە لە شێوازی پەیكەری دەوڵەتدا لەناو خودی خۆیدا رێكخراوە و بەو شێوازەش رابەرایەتی بزووتنەوەكە دەكات و پەیوەندی لەگەڵ یار و نەیاریدا دەكات.
هەر ئەمەیشە وای كردووە، بە قوتابخانە، یان مەرجەع، یان راناوی جۆراوجۆر لەناو بزووتنەوەی كوردایەتیدا ناوزەد بكرێ. هاوكات وای كردووە كە هەتا هەنووكە، كۆی هەوڵ و پیلانەكانی دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستان بۆ ئەوە بێ ئەم رۆڵە لەم ماڵباتە وەرگرنەوە. سەركردە دیارەكانی لەناو ببەن، یان درز بخەنە ناو ریزەكانی ئەم دامەزراوەیەوە و لەناوەوە كرمۆڵی بكەن.
لەماوەی زیاتر لە سەد ساڵی رابردوودا، ستراتیژی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئیعلامیی دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستان لە هەر چوارپارچەكەی كوردستان، تاك تاك بووبێ، یان بە هاوپەیمانێتی نێوانیان، زۆرجاریش بە هاوكاریی زلهێزەكانی دنیا، چ ئەمریكا و چ سۆڤێتی جاران و بەتایبەتی بەریتانیا، هەر ئەمە بووە كە لەناوبردنی ئەم ماڵباتە، لەناوبردنی كوردایەتی و خەونی سەربەخۆیی كوردان دەبێ. شكاندنی ئیرادەی ئەم ماڵباتە، شكاندنی ئیرادەی كوردایەتی و سەربەخۆیی دەبێ. بۆ بەدیهێنانی ئەم ستراتیژە، هەمیشە لەناو كۆمەڵگەی كوردیشدا نۆكەر و دەستكێش و خائینیان دروست كردووە و لە بواری سەربازیی و حزباتیكردن و ئیعلام و پڕوپاگەندەدا بەكاریان هێناون. وەلێ هەر نەیانتانیوە ئەو ئامانجە بەدی بهێنن، لە هەموو قۆناغێكدا خۆیان و نۆكەرەكانیان شكستیان خواردووە و تەنانەت ناچاریش بوون بێنەوە بەر دەرگای ئەم دامەزراوەیە بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ.
لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا، دەیان نموونەی دیكەی هەوڵی دوژمنان هەر لەم رێچكەیەدا هەن. بە قەدەری خۆشیان نموونەی شكست و تێكشكان هەیە. بەڵام ماڵباتی بارزانی هێندەی ئەو نموونانەی شكستخواردنی نەیارەكانیان، نموونەی بەردەوامی و سەركەوتنیان لە رابەرایەتیكردنی بزووتنەوەی نیشتمانیی گەلی كوردستاندا هەیە، تا دەگات بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كە بە ئیمتیازەوە، سەرۆك مسعود بارزانی ئەندازیاریەتی و رابەرایەتی كرد.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی كە لە هەموو ناوچە و دەڤەرەكانی خاكی كوردستانی باشووردا ئەنجام درا و كوردانی هەر سێ پارچەكەی تری كوردستانیشی خرۆشاند و بە شێوازی جۆراوجۆر پاڵپشتییان كرد، گورزێكی جەرگبڕ بوو لە هەموو نەیارانی سەربەخۆیی كوردستان درا و كۆی هاوكێشەكانی ئەوان و ناوەندە دەستڕۆیشتووەكان و دەستكێشە ناوخۆییەكانی هەڵگێڕ و وەرگێڕ كردووە و ماوەیەكی دەوێ تا رێكی دەخەنەوە. بێگومان بۆ رێكخستنەوەی ئەو هاوكێشانە، دەبێ دوو كار، هەر بە ناچاری بكەن. یەكەمیان داننانە بە سەربەخۆیی كوردستان و رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا، یان بە جیابوونەوەی یەكجاری و دانانی بنەماكانی پەیوەندی هاوسێیەتی باش. یان كۆنفیدڕاڵی نێوان دوو دەوڵەتی خودان سەروەریی. دووەم كاریش ئەوەیە كە بۆ جێبەجێكردنی كاری یەكەم هەر دەبێ دان بە رابەرایەتی ماڵباتی بارزانی و شەخسی مەسعود بارزانی-دا بنێن و بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی ئەو رێچكانەی دەیانباتەوە سەر كاری یەكەم، بێنەوە سەر مێز لە بەرامبەر بارزانی.
لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەكی رابردوو، هەموو جموجووڵە سیاسی و عەسكەری و ئەمنییەكانی دوژمنانی سەربەخۆیی و نۆكەرەكانیان هەر بەم دەرەنجامە گەیشتۆتەوە. گەلەكۆمەكییەكەی ئێستاشیان هەر بەوە دەگاتەوە.