بڕیارەكەی ترەمپ..جیاكردنەوەی هەڵوێستی ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە بەرامبەر پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین
December 11, 2017
وتار و بیروڕا
ئێستا كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناخی پۆست داعش تێدەپەڕێت و هەموو جیهان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئارامی و سەقامگیری بگەرێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند هەنگاوێكی گرنك هەن كە دەبێت دەوڵەتانی ناوچەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەی بیگرنەبەر كە بریتین لە:
1. لە ریشە هەڵكێشانی مەترسییەكانی رادیكاڵیزمی فیكری وەهابی بۆ ریشەكێشكردنی فیكری جیهادی سەلەفی قیتالی سوننە، ئەوجا بە حوكمی ئەوەی سەرچاوەی رادیكاڵیزمی فیكری وەهابی عەرەبستانی سعودیەیە، ئەوا لەساڵی 2015وە و لەدوای دەستبەكاربوونی شا سەلمان وەك پادشای سعودیە هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بوون كە سنوورێك بۆ مەترسییەكانی رادیكاڵیزمی وەهابی دابنرێت. سعودیە كە ئەندامێكی كارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش بووە، بەڵام لە ئێستادا كە محەمەد سەلمانی جێنشین دەسەڵاتی كردەیی تەواوی سعودیەی لەبەردەستە و شەڕی داعشیش بەرەو كۆتایی دەچێت، ئەوا هەوڵەكانی محەمەد بن سەلمان بۆ ئەوەیە چەمكی ئیسلام لە سعودیە بگێڕێتەوە بۆ حەفتاكانی سەدەی رابردوو، ئەمەش بەو مانایەی پێش دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سعودیە فیكری رادیكاڵیزمی وەهابی هەر بوونی هەبووە و كۆمەڵگەی سعودیەش وەك ئێستا داخراو نەبووە، هەروەها لەلایەكی دیكەوە لە هەوڵی ئەوەدایە گەندەڵی بنبڕبكات و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی سعودیە بكاتە دەوڵەتێكی هاوچەرخ و لە رادیكاڵیزم و توندڕەوی دوور بكەوێتەوە، ئەم هەوڵانەی محەمەد سەلمان، جیا لەوەی لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لێ دەكرێت، لەهەمانكاتدا بە سەرەتای بەهارێكی نوێ بۆ سعودیەش هەژمار بكرێت.
2. چارەسەركردنی كێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل لەچوارچێوەی دوو دەوڵەتدا و قودسیش دابەش بكرێت وەك دوو پایتەخت بۆ هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین. ئیسرائیل و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامیشەوە بەم چارەسەرە رازین و پشتگیری لێ دەكەن، بەڵام كێشەی سەرەكی كە بۆتە ئاستەنگ بۆ چارەسەرنەكردنی ئەم كێشەیە ئەوەیە كە دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین بەهۆی دەستتێوەردانی ئێرانەوە كە پشتگیری تەواوی باڵی سیاسی و سەربازیی بزووتنەوەی حەماس دەكات، ناتوانێت ئەو دەوڵەتە دابمەزرێنێت كە بتوانێت بە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل پێكەوە بژین، ئەمە پێمان دەڵێت: كێشەكە ئەوە نییە كە ئیسرائیل، یان ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەت ناكەن، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە ئایا دەبێت چەمك و پێناسەی ئەو دەوڵەتە چۆن بێت كە لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئاشتی و پشتگیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ فەلەستین دروست دەكرێت؟ ئایا دەبێت دەوڵەتی فەلەستین دەوڵەتێكی هاوچەرخ بێت و دان بەبوونی ئیسرائیلدا بنێت، یان دەوڵەتێكی پاشكۆی ئێران دەبێت و داوای سڕینەوەی وجوودی دەوڵەتی ئیسرائیل بكات؟ بێگومان جیهان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی هەتا حزبوڵڵای لوبنانی لە سنووری ئیسرائیل چەكی لێ دانەماڵدرێت و باڵی سەربازی و سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رێز لە دەسەڵاتەكانی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین نەگرێت و غەزە و رامەڵا یەك نەگرنەوە، ئەوا دروستبوونی ئەو دەوڵەتە هاوچەرخە بۆ فەلەستین مەحاڵەو پرۆسەی ئاشتیش لە جێگەی خۆی سڕدەبێت و وەك پرۆسەیەكی مردووی لێ دێت.
3. خاڵی هەرە گرنگ و هۆكار بۆ ناسەقامگیری و پاشاگەردانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هاوشانی رادیكاڵیزمی فیكری وەهابیی سوننە، رادیكاڵیزمی فیكری شیعیی ویلایەتی فیقهی-یشە، ئەوجا چۆن فیكری رادیكاڵیزمی وەهابی ئامانجی دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامییە لە تەواوی جیهانی ئیسلامیدا، بە هەمان ئایدیۆلۆژیەتی شیعیزمی ولایەتی فەقیهیش ئامانجی دامەزراندن و كۆپیكردنەوەی كۆماری ئیسلامی و سەركردایەتیكردنی تەواوی جیهانی ئیسلامییە. سەبارەت بە ریشەكێشكردنی رادیكاڵیزمی فیكری وەهابی، عەرەبستانی سعودیە نەك هەر وەڵامدانەوەی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵكو خۆی دەستی پێكردووە كە نابێت رەگ و ریشەی توندڕەویی فیكری وەهابی لە عەرەبستانی سعودیە بوونی بمێنێت، بەڵام لەبەرامبەردا كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە لە ریشەهەڵكێشانی رادیكاڵیزمی ئایدیۆلۆژیەتی شیعیزم بۆ دامەزراندنی سیستمی ولایەتی فەقیهی وەڵامدانەوەی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییەو، هەمان هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە دەكات و، دەیەوێت هەموو سەركەوتنەكانی شەڕی دژی داعش و لە ریشەهەڵكێشانی مەترسییەكانی رادیكاڵیزمی فیكری وەهابی بكرێتە خەڵات بۆ سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی و دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، هەمان مەترسییەكانی لە ژێر پەردەی بەرگری لە داگیركاری فەلەستین و قودس درێژە پێبدات.
4. سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكەی كە كۆپیكردنەوەی كۆماری ئیسلامە لەو وڵاتانەی كە میلیشیای شیعەی وەكیلی سوپای پاسدارانی لێ دروستكردووە، هەتا ئێستا پایتەختی هەر چوار دەوڵەتی (عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن)ـی كۆنتڕۆڵ كردووەو پاشاگەردانیشی لەناو دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین دروستكردووەو رامەڵڵا و غەزای لێك جیاكردۆتەوە، بوونی ئەم میلیشیایانە سیفەتی دەوڵەتی لە هەموو ئەو دەوڵەتانە سڕیوەتەوە و ئێستا بە ئاشكرا ئەو دەوڵەتانە ناتوانن وەڵامی خواست و داواكاری نێودەوڵەتی بدەنەوە كە داوایان لێكردوون، كۆتایی بە بوونی ئەو میلیشیا شیعانە بهێنن و ببنەوە بە دەوڵەتی هاوچەرخ.
ئەگەر سەرنجێكی ورد لەو خاڵانە بدەین، كە بوونەتە خواست و داواكاری تەواوی جیهان بۆ گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا بە ئاشكرا هەست بەو راستییە دەكەین لە كۆی چوار خاڵ، سێیان پەیوەندی بە عینادی و لاساری سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە كە هەرگیز نایەوێت هەڵوێستەكانی خۆی لەگەڵ هەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوتەریب بكات، بۆ ئەوەی تەواوی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێت و ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە.
لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەگەر سەرنج لە هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی بدەین، دەبینین هیچ دەوڵەتێك لەم جیهانەدا بوونی نییە كە دژایەتی ئەو چوار خاڵە بكات، بێجگە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو میلیشیا چەكدارنەی لە پایتەختەكانی (بەغدا و دیمەشق و بەیروت و سەنعا و غەزە) بوونیان هەیە.
كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بڕیارەكەی ترەمپ بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودسی رۆژئاوا و قسەكانی نیكی هالی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو گومانەی رەواندەوە كە بڕیارەكەی ترەمپ دژی پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بێت و، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە هەر پرۆسەیەكی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بكرێت، دەبێت بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بێت و لەمەش زیاتر ئاماژەی بەوە كرد، ئەمریكا ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پابەندە بە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیل.
دینس رۆس گەورە دیپلۆماتكاری ئەمریكا و توێژەری باڵا لە ئامۆژگای واشنتۆن لە وتارێكیدا سەبارەت بە شێوازی داڕشتنی بڕیارەكەی ترەمپ سەبارەت بە قودس، جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، وردەكاری بڕیارەكەی ترەمپ لەوەدایە كە دەڵێت گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس بۆ ئەو شوێنەی ئێستا بینایەی كەنێست و حكومەتی ئیسرائیلی لێیە لە قودسی رۆژئاوا، هەر بۆیە هەموو ئەو دەوڵەتانەی باڵیۆزخانەكانیان لە ئیسرائیلە، كاتێك سەردانی ئیسرائیل دەكەن، راستە باڵیۆزخانەكانیان لە تەلئەبیبە، بەڵام دەچنە قودسی رۆژئاوا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەندامانی كەنێست و حكومەتی ئیسرائیل كۆبوونەوە بكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو ئەو دەوڵەتانەی جیهان بە بەشێك لە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامییشەوە وەك (میسر و توركیا) هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ئەوەدا نییە كە قودسی رۆژئاوا پایتەختی ئیسرائیلە و وەك پایتەخت سەردانی قودسی رۆژئاوا دەكەن.
ئەگەر لەسەر ئەم بۆچوونەی دینیس رۆس، جارێكی دیكە هەڵوەستەیەك لەسەر كاردانەوە دژەكانی دەوڵەتانی جیهان بكەین، بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی باڵیۆزخانەیان لە ئیسرائیل هەیە، دەبینین لەبەرامبەر بڕیارەكەی ترەمپ، كێشەكە ئەوە نییە كە ئیسرائیل قودسی رۆژئاوای كردۆتە پایتەخت و ئەمان دان بەو پایتەختەدا نانێن، بەڵكو وەك گوشارێك بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، گواستنەوەی باڵیۆزخانەكانیان بۆ قودسی رۆژئاوا دواخستووە، بۆ ئەوەی قودس وەك شارێكی كێشە لەسەر لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانی ئاشتیدا، كێشەكەی چارەسەر بكرێت، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: بۆچی ئیدارەی ترەمپ بە هاوشێوەی هەموو ئەو دەوڵەتانەی دیكەی جیهان كە باڵیۆزخانەیان لە ئیسرائیل هەیە، چاوەڕێی ئەوەی نەكرد، پرۆسەی ئاشتی سەربكەوێت ئەوجا ئەو بڕیارە بدات؟ بەشی سەرەكیی وەڵامی ئەم پرسیارە خودی ترەمپ دەیداتەوە، بەوەی كۆنگرێس لە ساڵی 1995 ـەوە، واتە دوو ساڵ دوای رێككەوتنی ئۆسلۆی 1993 چارەسەری «دوو دەوڵەتی» بۆ كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل پێشنیار كردو ئەو یاسایەی دەركرد كە ئەمریكا دان بەوەدا دەنێت قودس پایتەختی ئیسرائیلە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەماوەی ئەم 22ساڵەدا چەندین سەرۆك وەك (بیل كلینتۆن و جۆرج دەبلیو بوش و باراك ئۆباما) گۆڕاون، هێشتا فەلەستین و ئیسرائیل لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئۆسلۆ نەیانتوانیوە بگەنە چارەسەرێكی ئاشتییانە، بۆیە بەشێك لە چاودێران و پسپۆڕان بەجۆرێكی دیكە شرۆڤەی بڕیارەكەی ترەمپ دەكەن و پێیانوایە لەبەر ئەوەی هاوكات لەگەڵ بڕیارەكەی ترەمپ، جەختكردنەوەی لەسەر بەردەوامی و سەرخستی پرۆسەی ئاشتی تێدایە و لە كۆبوونەوە بەپەلەكەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هەموو دەوڵەتان جەختیان لەسەر سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی كردەوە، ئەوا ئەم بڕیارەی ترەمپ كە نزیكەی ماوەی دوو ساڵی دەوێت، تا جێبەجێ دەكرێت، خۆی لە خۆیدا دەبێتە سەقفێكی زەمەنی بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین بكات، بۆ ئەوەی دەوڵەتێكی هاوچەرخ دابمەزرێنێت و لە هەمانكاتیشدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پاشەكشە پێكردنی نفووزی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رابگەیەنێت.