کوڕى خاک

کوڕى خاک

کە گوێى لە فاتیحاى کۆتایی بوو، ئیتر دونیا کش و مات بوو، بێدەنگ. ئەوە بۆ ئەو نامۆ نەبوو، گەلێک جار هەر خۆى و لەناوخاکدا بەوشێوەیە ڕاکشابوو و ئەستێرەى ژماردبوون.
ئینکیر و مونکیر هاتن، سەریان لەوە سوڕما کە ئەو هیچ نەپەشۆکا و نەدەترسا.
ئینکیریان دەستى بەپرسیارکرد و ووتى:
- تۆ کێى و کوڕى کێى؟
ئەو بەو پرسیارە بیرى چوەوە بۆ ئەو سەرى ژیانى، بیرى نەدەهات، بەڵام لەدایکى بیستبوو، کە بەرەبەیانێکى زوو لەناو دێراوێکدا لەدایک ببوو، چونکە هیچى وانەبوو تێیەوەپێچێت، بۆیە خۆڵاوى ببوو. پاشان بیرى کەوتەوە، کە بەمنداڵى هەمیشە یارى بەخۆڵ دەکرد، خۆڵى دەخوارد، خۆشترین یارى ئەو، فلیقە پێکردنى قوڕە خەستەکەى گۆماوى بەرماڵان بوو.
دواتر چەند بیرى کردەوە، سەیرى کرد هەر خەریکى خاک بووە، گڵ و ئاو و کا ى تێکەڵ دەکرد، وازى لێ دەهێنان تا بەسەر یەکتریدا دەترشان، ئەوسا بەقاچى ڕووت دەکەوتە ناوى و دەیشێلا، هەر دەیشێلا، لەو کاتانەشدا هەر سەرى لەبەرخۆى دەنا و تەماشاى قوڕەکەى دەکرد، چۆن خەست دەبێتەوە! چەند پەیت دەبێتەوە، تا وەک هەویرى لێ دەهات، ئەوسا دەیکردە خشت خشت، یەکێک و دووان و دە و سەد. لەبەر هەتاو هەڵیدەخستن و رۆژانە دەستى پێدا دەهێنان، تا بزانێت کەى تەواو ووشک و پتەو دەبن. ئەوساش وەک کۆرپە لەباوەشى دەکردن و دەیخستنە سەر یەک، هەر بەخاک و قوڕ لێکى گرێ دەدان، دیوار و خانووى لێ دروست دەکردن.
کە بەدەشت و دەردا دەڕۆیشت، هەمیشە سەیرى خاکى دەکرد، خاک ببووە خولیا و مەراقى، هەمیشە بەدواى خاکێک، کە بۆ خشت و دیوارى پتەو دەست بدات، دەگەڕا. شوێن گڵنجانى باشى دەدۆزیەوە، دەیزانى خۆڵى چ گڵنجانێک قوڕى باشى لێ دەشێلرێت.
ئەو هەمیشە لەگەڵ خاکدا ژیابوو، بۆیە لەخاک نەدەترسا، بەپێخواسى بەڕێگادا دەڕۆیشت، بەڵکو چێژى لەخاک و بەرد و قوڕ و لیتەکەى ژێر پێی وەردەگرت. خۆى لەقوڕاو و لیتاوى سەرڕێگاى لانەدەدا، قوڕى سەر دەست و پێ و شەڕواڵەکەى نەدەشتەوە، لەمنداڵیەوە چێژى لەوە دەبینى، کە لەبەر خۆرەتاودا، بۆ خۆخافڵاندن، قوڕە ووشکەى دەپرواند و دەیتەکاند. هاوینانیش لەسەر زەوى ڕادەکشاو سەیرى ئاسمان و ئەستێرەکانى دەکرد، لەو ساتانەشدا هەر یارى بە خاک و خۆڵى ژێر دەستى دەکرد، وەک ئەوەى بیەوێ دڵنیابێت کە خاک ماوە، هێشتا لەسەر خاکە.
هەروا بیرى هێناو برد، بیرى کەوتەوە کە دوا پیشەشى هەر پەیوەست بوو بەخاکەوە، لەدووتوێى خاکدا دەژیا، هەمیشە باوەشى بەخۆڵ و گڵى بەردەمیدا کردبوو، ئەو ساتانەشى لەبێدەنگى و چاوەڕوانیدا بوو، سەیرى توێ توێى خاکە هەڵکەنراوەکەى بەردەمی دەکرد. زۆر جار دیقەتى لە ڕەگى گیاکان دەدا، کە لەخاک ڕووت ببونەوە، هێندەى خۆش دەوویستن دیسانەوە بەتف قوڕى بۆ دەگرتنەوە و تێى هەڵدەسون، تا بەگەرماى هاوین یان کزەباى ساردى ئەو پێدەشتە کاکى بەکاکیە ووشک نەبن. هەمیشە لەناو خاکدا بوو، یارى بەخاک دەکرد و سەیرى خاکى دەکرد تا ئەوەى عاشقى خاک ببوو.
بەرەبەیانى ئەو رۆژەى بیرکەوتەوە، چۆن لەگەڵ ئەوانى تردا ڕاپەڕین و باوەشیان بەخاکەکەى بەردەمیاندا کرد، توند توند لەئامێزیان گرتبوو، یەکتریان دەپاراست، تا لەهێکڕاوە سەرى تاسا و کەوتە باوەشى خاکەوە و چاوى تاریک بوو، بەفاتیحاکە هۆشى هاتەوە بەر، تومەز بۆ ئەبەد ئاوێزانى خاک ببوو، ئیتر ئەو ساتە بوو کە ئینکیر و مونکیر هاتن. نەیزانى چۆن وەڵامیان بداتەوە و بڵی من کێم، ئەو تەنها خاکى بینیبوو و لەگەڵیدا ژیابوو، بۆیە تەنها ئەوەى زانى بڵێت:
- کوڕى خاکم.
مونکیر بەسەرسوڕمانەوە ڕووى لە ئینکیر کردو ووتى: ئەوە دەبێتە چى؟
ئینکیر ووتى: بنووسە پێشمەرگەیە.
مونکیر زۆر وورد و بەدیقەتەوە نووسى: (پ ێ ش م ە ر گ ە) یە.
خەریک بوو پرسیارى ترى لێ بکات، بەڵام ئینکیر شارەزاتر بوو، بۆیە پێى ووت:
- پرسیارى تر مەکە، ئەوەندە بەسە، ئەوانە زۆر پیرۆزن، لەئاست ئێمەدا نین، بگرە پیرۆزتریشن، پرسیاریان لەسەر نیە.
ئیتر ئەویش ڕاکشایەوە ، بۆ هەمیشە دەستى بەتوانەوە لەخاکدا کرد .
Top