غرووری شیعە و عەبادی ..لەناو داوی جاڵجاڵۆكەیی دەستووری عێراقدا
November 13, 2017
وتار و بیروڕا
دیارە ئەم بەراوردە كۆمەڵێك وەڵامی فرەڕەهەند لەخۆی كۆدەكاتەوە و پرسەكە تەنیا ئەوەندە نییە كە عەبادی بە لووتبەرزی و غرووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵكو لایەنێكی كە زۆر راشكاوانە هەستی پێدەكرێت ئەوەیە كە عەبادی ناتوانێت بچێتە ژێر باری جێبەجێكردنی دەستووری عێراقەوە، بۆیە دەیەوێت بە بیانووی جۆراوجۆر دەستپێكردنەوەی وتووێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دوابخات، بەڵام لایەنی مەترسیداری ئەم بەراوردە كە قسەكانی حوسێن دەهقانە و عەبادی بە باش و بە خراپ خۆی لێ بێدەنگ كردووە، ئەوەیە كە ئەوەی حوسێن دەهقانی وەزیری بەرگری ئێران بەرامبەر بە عێراق و پێكهاتەی عەرەبی سوننە دەیڵێت، لای عەبادی راستی و دانپێدانراوە و ئەویش هەمان ئامانجی هەیە، سەبارەت بە كوردستانیش كە دەهقان لە چوارچێوەی عێراقدا ئاماژەی پێنەكردووە، ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە لەلای دەسەڵاتدارانی ئێران لە دوای داگیركردنەوەی كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردووە و ئیدی شتێك نەماوە ناوی كوردستان بێت لە عێراقدا. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم خەونی حوشترە كە عێراق دەكاتە بەشێك لە ئیمپراتۆریەتی فارسی بۆ ئێران دەچێتە سەر، هەتا بۆ عەبادی و دەسەڵاتدارەكانی دیكەی شیعەی عێراق بچێتە سەر؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە سەبارەت بە عەرەبی سوننەی عێراق كە دەهقان پێیان دەڵێت عەرەبی بیابان، دەبێت وڵاتانی عەرەبی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیدەنەوە، سەبارەت بە كوردستانیش دەبێت بەپلەی یەكەم ئیرادەی خەڵك و حزبەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بیداتەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ئەو پەردەیە هەڵبماڵدرێت كە ئێستا عەبادی نوێنەرایەتی شیعەی پێدەكات و هەروەها عەبادیش بخرێتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورس بۆ جێبەجێكردنی دەستوور بۆ ئەوەی نییەت و ئامانجی ئێران و شیعەی عەرەبی عێراق بۆ جیهان باشتر ئاشكرا بێت.
ئەوەی هەتا ئێستا بە جۆرێك لە جۆرەكان رووی عەبادی هەڵماڵیوە لەسەر ئاستی میدیای عەرەبی و جیهانی، ئەوەیە كە ئەو هێزەی هێرشی كردۆتە سەر كەركووك و داگیری كردۆتەوە، نەك راستەوخۆ بە فەرمانی عەبادی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق جووڵەی پێكراوە، بەڵكو راستەوخۆ دوای رێككەوتنی قاسم سولەیمانی لەگەڵ هەندێك لەوانەی خیانەتیان لە بەرگریكردن لە كەركووك كرد، فەرمان دراوە بە میلیشیا پرۆئێرانییەكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی كەركووك داگیر بكەنەوە.
عەبدولڕەحمان راشدی سەرنووسەری پێشتری رۆژنامەی شەرقولئەوسەت و نووسەری دیاری عەرەب، سەبارەت بە هەنگاوە دوژمنكاری و فراوانخوازییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە وتارێكیدا راشكاوانە ئەو راستیەی خستۆتەڕوو كە چۆن بە فەرمانی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران كەركووك داگیر كراوە، بۆیە ئەو نووسەرە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە داگیركردنەوەی كەركووك لەلایەن میلیشیا پرۆئێرانییەكانی حەشدی شەعبییەوە، ناكرێت وەك پرسێكی ناوخۆی عێراقی سەیر بكرێت، بەڵكو دەبێت وەك هەنگاوێكی دیكەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتی بخوێندرێتەوە.
ئەم گۆڕانكارییانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە بە شێوەیەك لە شێوەكان عەبادی كەوتۆتە ناو داوی جاڵجاڵۆكەیی جێبەجێكردنی دەستووری عێراقەوە، لەبەر ئەوەی عەبادی بە پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریكا، دەستووری كردە چەكێك بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی خۆی، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا پێویستە پابەندبوونی بە تەواوی دەستوورەكەوە بسەلمێنێت، ئەوەش تاقیكردنەوەیەكە بۆ ئەوەی عەبادی بە سەركەوتوویی لێی دەربچێت، خۆ ئەگەر عەبادی نەتوانێت پابەندبوونی خۆی بە دەستوورەكەوە بسەلمێنێت، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێكی دیكەی لەبەرامبەر دەگرێتە بەر و بەو ئاسانییە بۆی ناچێتەسەر. عەبادی لەم مەترسییەش تێگەیشتووە، كە نە دەتوانێت دەستوورەكە وەك خۆی جێبەجێ بكات، نە دەشتوانێت خۆی لە جێبەجیكردنی دەستوورەكەش بدزێتەوە، یان خۆی لە دەستوورەكە یاخی بكات، بۆ ئەمەش وەك رۆژی شەمەی رابردوو لە میانی قسەكانیدا ئاماژەی پێكرد: (بۆ دەستپێكردنی وتووێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستمان بە لایەنی سێیەم نییە)، عەبادی لەم قسانەی مەبەستی ئەوەیە كە وەك لایەنی براوەی شەڕ دەستوورەكە تەفسیر بكات و دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام ئەوەی فەرامۆش كردووە كە دەستووری عێراق لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای كۆمپرۆمایز و سازانی نیشتمانی نووسراوە بۆ ئەوەی هیچ پێكهاتەیەكی عێراق بەرامبەر پێكهاتەیەكی دیكەی عێراقی خۆی بە براوە نەزانێت، هەروەها ئەم دەستوورە بەو جۆرە نووسراوەتەوە كە زۆرینە نەتوانێت خۆی بەسەر كەمینەدا بسەپێنێت، لەمەش زیاتر ئەم دەستوورە بەو جۆرە داڕێژدراوە كە هیچ پێكهاتەیەك نەتوانێت بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەم دەستوورە هەموار بكات و، ئەگەر ئەم دەستوورە پێویستی بە هەمواركردنەوە هەبێت، دەبێت دوو لەسەر سێی 3 پارێزگا رەتی نەكاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە نە عەرەبی شیعە بە تەنیا و نە بە هاوپەیمانی عەرەبی شیعەو سوننەش پێكەوە، ئەم دەستوورە لەدژی خواستەكانی گەلی كوردستان هەموار ناكرێتەوە، هەر بۆیە كاتێك عەبادی ناچار دەبێت مل بدات بۆ دانوستاندن لە چوارچێوەی ئەم دەستوورە، ئەوا ئەم دانوستاندنە تەنیا دانوستاندن نابێت لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا، بەڵكو چاودێری نێودەوڵەتیش بوونی دەبێت و هاوكاری هەردوولا دەبن بۆ تەفسیر و چۆنیەتی جێبەجێكردنی بەندەكانی ئەو دەستوورە.
لەئێستادا و پاش ئەوەی سیناریۆی جێبەجێكردنی دەستووری ئیتیحادی كە ببووە چەكێك بە دەستی حكومەتی عەبادییەوە، لەلایەن سیاسەتی لۆژیكانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەكەی پێچەوانە كرایەوە، ئێستا هاوكێشەیەكی جیاواز لەو هاوكێشەیەی شیعەو عەبادی ئومێدیان بۆ دەخواست هاتۆتەكایەوە كە عەبادی دەخاتە گۆشەیەكەوە كە نەتوانێت بە ئاسانی لێی دەرباز بێت، بەڵام خاڵی بەهێزی عەبادی لەناو ئەم هاوكێشە تازەیەدا كە دەیەوێت خۆی پێ رزگار بكات، یاریكردنە بە كات لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و درێژەدانە بەو سزا ئاسمانی و ئابوورییانەی بە سەر هەرێمی كوردستاندا سەپاندوویەتی، عەبادی بەنیازە لەمیانەی درێژەدانی بە سیاسەتی سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی خەڵك و حزبە سیاسییەكان بۆ پشتگیری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان شكست پێبهێنێت، بەڵام هەر خودی عەبادی لەمیانەی پێداگیریكردنی لەسەر توندكردنی گوشارەكانی لەسەر كوردستان و مامەڵەی خراپ و تائیفەگەریی شۆڤێنییانەی لە ناوچەكانی كەركووك و دوزخورماتوو، هەروەها هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوەی پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق و ئیهانەكردنی خەڵكی كوردستان لەژێر ناوی ناردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەو لایەنەشی كە تا دوێنی دژایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، ئەمڕۆ ئەوانیش پردی تەحەمولیان لەبەرامبەر رەفتارە نامرۆڤایەتییەكانی عەبادی رووخاوە و ئەوەی عەبادی هەنگاوی بۆ هەڵدەگرێت، وەك بەزاندنی هێڵی سوور پێناسەی دەكەن و بە شكاندنی ئیرادە و كەرامەتی خەڵكی كوردستان لە قەڵەمی دەدەن.
كەواتە ئەم واقیعە ئەوەمان پێدەڵێت كە عەبادی و دەسەڵاتدارانی شیعە لە بەغدا بە جۆرێك داخ و قینی دڵی خۆیان بەرامبەر كوردستان هەڵڕشتووە، كە زەحمەتە هیچ كوردو كوردستانییەك بتوانێت وەك سەرۆك وەزیرانێكی نیشتمانی سەیری بكات، یان حكومەتەكەی عەبادی وەك حكومەتێكی ئیتحادی و نیشتمانی سەیر بكات، لەمەش خراپتر ئەم رەفتارانەی عەبادی هیچ بوارێكی بۆ ئەوە نەهێشتۆتەوە كە بتوانرێت كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور و بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێن، بۆیە ئەم حاڵەتە لەسەر هەموو لایەكی فەرز دەكات كە ئەو راستییانە بكاتە بنەما، كە نییەت و ئامانجی حكومەتی عێراق بەرامبەر كوردستان، نییەت و ئامانجێكی تائیفی و شۆڤێنییانەیە و دژی تەواوی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانە و تەنیا رێگەیەكیش كە بتوانرێت بەپەرچی ئەم سیاسەتە تائیفی و شۆڤێنییەی عەبادی و شیعەی عێراقی پێبدرێتەوە، ئەوەیە هەموو گەلی كوردستان یەكدەنگ و یەكڕیز پشتگیری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی عەبادی ناچار بێت، ملبدات بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكات و دەبێت لەوەش دڵنیابین هەر هێندەی عەبادی ناچار كرا كە بێتە سەر مێزی دانوستاندن لەسەر بنەمای دەستوور، خودی دەستوورەكە دەبێتە ئەو داوە جاڵجاڵۆكەییەی كە نە بە ئاسانی عەبادی لێی دەرباز دەبێت، نە میلیشیا و لایەنە پرۆئێرانییەكانی شیعە چیدیكە بواری ئەوەیان پێدەدرێت لە ژێر سەقفی دەستووردا تەراتێنی تائیفی بكەن و پیلانی ترسناك دژی كوردستان دابڕێژن.