به يه كگرتوويى ده توانين ئه م قؤناغه ش تێپه رێنين
November 7, 2017
وتار و بیروڕا
ڕەشكردنی سیمای حكوومەتی هەرێم بە بەردەوامی لەلایەن هەندێك لەو پەرلەمانتارە كوردانەوە بە ئاستێك بوو كە نەك هەر لەنێو پەرلەمان هەڵوێستی دژی خۆی لە پەرلەمان نیشان دەدا، بەڵكو ئێوارانیش لە كەناڵە عەرەبیەكانی بەغدا زیاتر نەك تەنها بۆ ئەندامانی پەرلەمانی بەغدا، بەڵكو ئەو ناتەباییەیان نیشانی هەموو خەڵكی عێراق دەداو پێشنیاریان دەخستە بەردەم حكومەت كە چۆن بتوانێت دژایەتی هەرێم، بەڵكو چۆن دەست بەسەر سامان و داهاتدا بگرێ و چۆن بتوانێت پێگەی هەرێم بەرامبەر حكومەت لاوازبكات كە بەداخەوە لە هەندێ لەو ئامۆژگاری و پێشنیارانەی ئەوان بۆ بەغدا سەركەوتوو بوون و حكومەت كتومت دژی هەرێم جێبەجێی دەكردن كە بەبڕینی موچەو بودجەی هەرێم دەستپێكرد و ئیدی بەردەوام بوو.
لە بەرامبەریشدا فراكسیۆنە عەرەبیەكانی نێو پەرلەمان كە لە ململانێیەكی تائیفی زۆر سەختدابوون كە مەسەلە دەگەیشتە سەر كورد و مافە دەستوورییەكانی، هەموو پێكەوە یەكدەنگ دەبوون و وەك یەك كوتلە خۆیان دەنواند و پشتگیری بڕیارەكانی حكومەتی خۆیان دەكرد.
فراكسیۆنە شیعە و سوننە و مەزهەبی و عەلمانییەكان كە لە هیچ پرسێكدا هاوڕاو هاوهەڵوێست نەبوون لەپرسی كوردا هەموو جیاوازییەكانی خۆیان لەبیر دەبردەوە و بەرامبەرمان وەك پۆڵا سەنگەریان دەگرت.
ئێستا دوای ڕیفراندۆمی 9/25 دژایەتی نێو پەرلەمان بەرامبەر هەرێم تا دێ زیاتر پەرەدەستێنێ و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بڕیاری تازە دەردەچێت كە هەموو مەبەست لێی نەهێشتنی دەسكەوتەكانی هەرێمە لەماوەی ئەم 14 ساڵەدا، ئەوەتا لە ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2018دا تەنانەت ناوی هەرێمی كوردستانیش وەك هەرێمێكی فیدراڵ نابات باس لە بودجەی پارێزگاكانی(شیمال) دەكات. تازە هەندێك پەرلەمانتاری كورد مەترسیەكانی خۆیان دەردەخەن و دەڵێن ئەم بڕیارانە نا دەستووری و تەنانەت شۆڤێنیە.
ئێستا ئەو هەڵوێستە چەوتەی خۆیان دێتەوە پێش چاو كە چۆن هەڵوێستیان لە هەرێم دەگرت و پشتیوانی بەغدایان دەكرد و دەنگیان بە حەشدی شەعبی دەدا كە ئێستا لەو ناوچانەی داگیری كردوون تەنانەت زمانی كوردیش قەدەغە دەكات.
بەهەرحاڵ ئێستاش كات ماوە گەر هەموو فراكسیۆنەكان بەیەكگرتوویی و وەكو یەك پێكهاتە كار بكەن بۆ گێڕانەوەی بەغدا بۆ حوكمی دەستوور و وتووێژی ئاشتیانە، دەنا هیچ هیوایەكی دیكە لە ئارادا نییەو پەشیمانی لەمەودواش بە دەردی كەس ناخوات.