جاريكى ديكه هه وڵى ته عريب ده درێت
November 5, 2017
وتار و بیروڕا
ئەگەر هەندێك جار و لە هەندێك قۆناغدا ئەم مەسەلەیە هێور بووبێتەوە ئەوا بە گوڕوتینێكی نوێوە دەستی پێكردۆتەوە تا لە زەمانی ڕژێمی سەددامدا گەیشتە لوتكە كە ئامانج لێی نەتەنیا گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە بووە، بەڵكو هەوڵی چۆڵكردنی هەموو هەرێمی كوردستانی دەداو بۆ ئەم مەبەستەش بەرنامەیەكی سەرتاسەری داڕشتبوو و بەپەلە جێبەجێی دەكرد ئەمەش بەچۆڵكردنی ناوچە سنوورییەكان بە پاساوی بارودۆخی ئەمنی تاكو ئەوەی شارۆچكەكانی یەك لەدوای یەك چۆڵ و تەخت دەكرد و نیازی واشبوو شارە گەورەكانیش بەو دەردەبەرێ كە بە تیاچوونی خۆی و ڕژێمەكەی ئەو پلانە گلاوە سەری نەگرت.
دوای ڕووخانی ڕژێم هیوا دەخوازرا كە ئەو زوڵم و زۆرەی دەرهەق بە گەلەكەمان دەكرا، چارەسەر بكرێ و بۆ ئەم مەبەستەش مادەی(58) لەیاسای ئیدارەی كاتی دەوڵەتی عێراق و لەمەودواش ماددەی(140) لە دەستووردا داڕێژێرا كە ببێتە ئالیەتێك بۆ چارەسەری یەكجارەكی ئەو ناوچانە.
بەڵام بەداخەوە دوای چواردە ساڵ لە چاوەڕوانی نە كار بەو ماددەیەكرا و نە چارەسەرێكی گونجاویش بۆ ئەو ناوچانە پێشكەش كرا، ئەمەش هەر ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ كە ئەوانەی لە بەغدا كاربەدەست بوون بەهەمان عەقڵیەتی ڕژێمەكانی پێشوو هەڵسوكەوتیان لەگەڵ ئەو ناوچانە دەكردو نەیاندەویست ئەو كێشەیە چارەسەربێت و دەیان لەمپەریان لەبەردەم ئەو مادەیەدا دادەنا كە بەرپرسانی جێبەجێكردنی ئەو مادەیە بەشانازییەوە دەیان ووت كە ئەوان ڕێگربوون و نەیانهێشتوون ئەو مادەیە جێبەجێبكرێ.
هەر بۆیەش كاتێك حكوومەتی بەغدا بە پاساوی ڕیفراندۆم ئەو هەلەی بۆ ڕەخساو ئەو ناوچانەی داگیری كردو یەكسەر سیاسەتی تەعریبی زۆر بە توندوتیژی تێدا پەیڕەوكرد و لەماوەی چەند ڕۆژێكدا بەهەزاران كوردی رەسەنی ئەو ناوچانەی بەزەبری هێز دەربەدەركرد و هەموو سیمایەكی كورد بوونی ئەو ناوچانەی -بە خەیاڵی خۆی- سڕیەوە، هەر لە گۆڕینی ناوی شەقامەكان و داگرتنی ئاڵای كوردستان و شكاندنی پەیكەر و دڕاندنی وێنەی شەهیدان كە لە شەڕی دژی داعشدا شەهید بوون تا دەگاتە روخاندنی بارەگاو ماڵی هاووڵاتیان.
بەڵام ڕاستیەك هەیە دەبێ ڕژێم لە بەغدا بیزانێ كەوا نزیك لە سەدەیەك ئەو هەوڵە دەدرێ و هەر شكستی دەهێنی بۆیە ئەم هەوڵەش كە لە كەركووك و شارەدێی جەبارەو دەوروبەری دەدرێ و زەوی بەپەلە بەسەر عەرەبدا دابەش دەكرێ ئەویش هەر كاتی دەبێت و سەركەوتوو نابێت.