ئه ركى داهاتوومان
October 30, 2017
وتار و بیروڕا
ئێستا كە سەرۆكی هەرێم بەداوایەكی فەرمی داوا لە پەرلەمان دەكات كە ئیدی نایەوێ لەو پۆستەیدا بەردەوام بێت و یاسای بۆ بگۆڕدرێ و ماوەیەكی دیكەی وەك پێشنیاری بۆ كراوە كە لەو پۆستەیدا تا مانگی تەمموزی 2018 بەردەوام بێت، بمێنێتەوەو هەموو ئەوانەی ڕەتكردۆتەوە و داوا دەكات دەسەڵاتەكانی بدرێتە دەستگا بەرپرسەكانی تری هەرێم بۆ ئەوەی مومارەسەی ئەو دەسەڵاتانە بكات، كەچی هێشتا ئەوانە هەر ناڕازین و بەهیچ شتێك قایل نابن كە ئیدی كەس نازانێ ئەوانە چییان دەوێت؟
سەرۆكی هەرێم كاتێ ماوەی یاسایی خولی یەكەمی تەواوبوو بە فەرمی داوای كرد كە سەرۆكی نوێ بۆ هەرێم هەڵبژێردرێتەوە جا كە ئەوكات لەبەر شەڕی داعش ئەو مۆڵەتە نەڕەخسا ئەوا بەبێ خواستی بەڕێزیان ماوەكەی بۆ درێژكرایەوەو ئەویش وەك ئەركێكی نیشتمانی و وەك پێشمەرگەیەك شانی دایە بەر ئەو ئەركەو ئەركی بەرەنگاربوونەوەی داعشی خستە ئەستۆ و بەسەركەوتوانەش گەلەكەمان و گەلی عێراقیش لەو بەڵایە قوتار كرد.
بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراقی لە بڕی ئەو خوێن بەخشینەی كورد كە ڕشتی لەپێناو ناوچە كوردیەكانی دەرەوەی هەرێمدا كە خودی عێراق نەیدەتوانی داكۆكی لێ بكات ئەمڕۆ ئەوان بەهێرشی سەربازی دەیانەوێت تاكلایەنانە دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرن.
ئێستا ئیدی دەبێت ئەو لایەنانەی دوو ساڵە نەهاتوونەتە پەرلەمان لە عوقدەی سەرۆك و سەرۆكایەتی ڕزگاربن و ئەوە نەكەنە گرفت و شان بدەنە بەر قۆناغی داهاتوو كە یەكڕیزی و تەبایی هەموولایەكی دەوێت كە ڕاوەستانە بەرامبەر دوژمنان وەك گەلێك ئەمەش ئەركی داهاتوومانە.
گەلەكەمان نەهامەتی و هەوراز و نشێوی زۆری دیوەو ئەم گرفتەش تێدەپەڕێنێت.