قاسم سولەیمانی بۆ ئەمریكای سەلماند هەر كەسێك سەرۆك وەزیرانی عێراق بێت ئەندامێكی سوپای پاسدارانە
October 30, 2017
وتار و بیروڕا
لەساڵی 2010 باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا پێداگیری لەسەر ئەوەكرد كە نابێت ئەیاد عەلاوی وەك براوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق ببێتە سەرۆك وەزیران و كاندیدی پەسەندكراوی ئەمریكا بۆ ئەو پۆستە نوری مالیكی بوو، بۆ ئەمەش قاسمی سولەیمانی نەك هەر دژایەتی نەكرد، بەڵكو كارئاسانی زیاتری بۆ كردو گوشاری خستە سەر موقتەدا سەدر و تەیاری سەدری كردە بەشێك لەو هاوپەیمانییەی كە نوری مالیكی دەبوو بە كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014 دیسان باراك ئۆباما پێداگیری لەسەر ئەوە كرد، ئەگەر نوری مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوا ئەمریكا هیچ هاوكارییەكی سەربازی پێشكەشی عێراق ناكات لە شەڕی دژی تیرۆردا، ئەمجارەشیان قاسم سولەیمانی نەك هەر دژایەتی ئەمریكای نەكرد، بەڵكو گوشاری خستە سەر مالیكی كە واز لە پۆستی سەرۆك وەزیران بێنێت و لە جێگەی ئەو حەیدەر عەبادی ببێتە ئەو كاندیدە پەسندەی كە ئەمریكا داوای دەكات.
ئەمریكا لەماوەی سێ ساڵی رابردوو كاری زۆری لەسەر ئەوە كردووە بەوەی حەیدەر عەبادی دەوڵەتمەدارێكی سەربەخۆیە و نەبۆتە پاشكۆ و وەكیلی سوپای پاسداران و ئەو كەسەیە كە دەتوانێت نفووز و باڵادەستیی ئەمریكا لە عێراقدا سنووردار بكات، هەر بۆیە ئەمریكا بۆ ئەوەی پێگەی عەبادی بە بەهێزی بمێنێتەوە و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بباتەوە و خولێكی دیكەش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە، زۆر بە توندی پشتگیری عەبادی كردو دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان وەستایەوە، لەمەش زیاتر دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەمریكا بە جۆرێك هەڵوێستی خۆی دژی ریفراندۆم و ئاكامەكەی پیشاندا كە زۆر لە پسپۆڕان بەو جۆرە ئەو هەڵوێستەیان خویندەوە كە ئەوە هەڵكردنی تیشكی سەوزە لەلایەن ئەمریكاوە بۆ عەبادی بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك سزای كوردستان بدات، بەڵام ئەم پشتگیرییەی ئەمریكا بۆ عەبادی نەبووە هۆكاری ئەوەی عەبادی خۆی بتوانێت هێز بەرامبەر كوردستان بجووڵێنێت، بەڵكو ئەوە قاسمی سولەیمانی بوو پیلانی هێرشكردنە سەر كوردستانی داڕشت و فەرمانی بە عەبادی كرد هێز بجووڵێنێت، لەمەش خراپتر دوای ئەوەی بە فەرمانی قاسمی سولەیمانی، عەبادی هێزی حەشدی شەعبی بەرامبەر كوردستان جووڵاند و كەركووكی داگیركردەوەو پاشانیش تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بە پێچەوانەی دەستووری عێراق داگیركردەوە، ئەمجارەیان سەرۆك ترەمپ زۆر راشكاوانە رایگەیاند كە ئەمریكا لەم شەڕەدا بێلایەن دەبێت و لایەنگیری كوردستان و عێراق ناكات. ئەم گۆڕانكارییانەش واتە سەركەوتنە سەربازییەكانی پیلانەكەی قاسم سولەیمانی و هەڵوێستی ئیدارە و سەرۆكی ئەمریكا بۆ پشتگیری حەیدەر عەبادی، بە جۆرێك حەیدەر عەبادییان تووشی غرووری و سەرخۆشی كردووە كە راشكاوانە بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بڵێت: «دەبێت داوای لێبووردن بكەیت، كاتێك داوا دەكەیت هێزەكانی حەشدی شەعبی تەسریح بكرێن و تێكەڵی ژیانی مەدەنی بكرێتەوە، هەروەها كاتێك داوا دەكەیت پاسدار و راوێژكارە سەربازییەكانی ئێران لە عێراق بكشێنەوە.» ئەم پەیامەی عەبادی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای كردووە، پەیامی عەبادی نییە بۆ ئەمریكا، بەڵكو ئەمە لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە پێی راگەیەنراوە كە بەوجۆرە بەرامبەر ئەمریكا هەڵوێست دەرببڕێت، بەدیوێكی دیكەدا قاسم سولەیمانی دەیەوێت پەیامەكەی خۆی ئەمجارەیان بە عەبادیدا بۆ تیلرسۆن و ترەمپ بنێرێت و پیان دەڵێت: ئێوە داواتان كرد مالیكی لە جێگەی خۆی بمێنێتەوە، پشتگیریمان كردن، پاشان داواتان كرد مالیكی بگۆڕێت بۆ عەبادی هەر پشتگیریمان كرد، ئێستا ئەوەتا راست و راست پێتان دەڵێن، سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی بێت، یان حەیدەر عەبادی، یاخود هەر كەسێكی دیكە، ئەندامێكی هێزی قودسی سوپای پاسدارانە و قاسم سولەیمانی ئاراستەی دەكات، ئەوجا دەیگۆڕن پشتگیریتان دەكەین، دەیهێڵنەوە، هەر پشتگیریتان دەكەین، چونكە بۆ سوپای پاسداران هیچ جیاوازیەكی نییە و هەر كەسێكی دیكەش پەسند بكەن بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەر ئەندامێكی هێزەكانی قودس دەبێت.
پێدەچێت دوای ئەم پەیامەی قاسمی سولەیمانی كە لە رێگەی عەبادییەوە ئاراستەی ئیدارەی ترەمپ كراوە، ئێستا ریكس تیلێرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باش تێگەیشتبێت و دەزانێت كە حەیدەر عەبادی بێجگە لە سەربازێكی بەر دەستی قاسم سولەیمانی هەرگیز سەرۆك وەزیرانی ئەو عێراقە نابێت كە ئەمریكا دەیەوێت هاوپەیمانێكی بەهێزی بێت، هەر بۆیە ئێستا ئیدارەی ئەمریكی بە گشتی و ریكس تیلرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە جۆرێك زمانی خۆیان لەگەڵ عەبادی گۆڕیوەو خەریكە ئەوەی پێ رادەگەیەنن ئەگەر وەك وتەبێژی قاسمی سولەیمانی و سوپای پاسداران لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكی قسە دەكەیت، ئەوا ئەمریكاش وەك سوپای پاسداران مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عێراقی دەكات و ئەگەر دەتەوێت وەك حكومەتی عێراق مامەڵەت لەگەڵ بكەین، ئەوا دەبێت بیسەلمێنی كە حكومەتی عێراق هاوپەیمانی ئەمریكا و دژی نفووز و باڵادەستیی ئێرانە لە عێراقدا.
ئەو پسپۆڕ و توێژەرانەی كار لەسەر نفووز و باڵادەستیی ئێران لە عێراقدا دەكەن، راشكاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق پێگەو دەسەڵاتی لە عێراقدا لەو ئاستەدا نییە كە بتوانێت رووبەڕووی نفووز و باڵادەستیی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی و رۆڵی كاریگەریی هێزی قودس لە عێراقدا ببێتەوە، هەر بۆیە هاوكات لەگەڵ ئەو پەیامانەی هێزەكانی قودس لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە بە ئەمریكا دەدرێت، لە هەمانكاتدا فەرماندەكانی حەشدی شەعبییش وەك هادی عامری و قەیس غەزەعلی و ئەوانی دیكەش پەیامی توندتر بۆ ئەمریكا دەنێرن و راشكاوانە دەڵێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەو ئاستەدا نییە كە بتوانێت پێناسەی حەشدی شەعبی بكات، لەمەش زیاتر هەر ئەو سەركردانەی حەشدی شەعبی بە جۆرێك بەرامبەر عەبادی قسە دەكەن كە بواری ئەوەیان بۆ نەهێشتۆتەوە كە نمایشێكی دیپلۆماتیش بكات، بۆیە راشكاوانە پێی دەڵێن، ئەو سەركەوتنانەی لە هێزەكانی حەشدی شەعبی دژی كوردستان بەدەستیهناوە، رۆڵی سەرەكی بۆ قاسم سولەیمانی دەگەڕێتەوە، نەك حەیدەر عەبادی، بە دیوێكی دیكەدا بە ئەمریكا دەڵێن، حەیدەر عەبادی ئەو سەركردە بەهێزە نییە كە تۆ پشتت پێ بەستووە، بەڵكو بێجگە لە پاسدارێك لە بەر دەستی قاسم سولەیمانیدا شتێكی دیكە نییە. واتە ئەوەی بە كردەوە حوكمڕانی عێراق دەكات و فەرمان بە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكات كە دەتوانێت هێز بجووڵێنێت، ئەویش تەنیا (حاجی قاسمی سولەیمانی)یە.