عێراق لە سایەی دەسەڵاتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیدا لە دەوڵەتەوە وەرچەرخاوە بۆ تابوری پێنجەم بەدەستی ئێرانەوە

عێراق لە سایەی دەسەڵاتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیدا لە دەوڵەتەوە وەرچەرخاوە بۆ تابوری پێنجەم بەدەستی ئێرانەوە
لەساڵی 2007و دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆیان دەركەوت كە بینایەی باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراقدا، بۆتە بارەگای سەرەكیی هێزەكانی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بۆ دروستكردنی تۆڕی میلیشیای شیعە وەك وەكیلی سوپای پاسداران لە عێراقدا، ئەمریكا گەیشتە ئەو قەناعەتەی باڵیۆزی ئێران لە عێراقدا وەك ئەندامێكی هێزەكانی قودس رەفتار دەكات نەك دیپلۆماتێك كە نوێنەرایەتی وڵاتەكەی بكات، بۆیە داوای كرد دەبێت ئەو باڵیۆزە بگۆڕێت و یەكێكی دیكە جێگەی بگرێتەوە. لەسەر ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا، وەك نیكۆلاس هێرس توێژەری باڵای ئامۆژگای واشنتۆن لە توێژینەوەیەكیدا بە ناوونیشانی (تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانی ئێران) ئاماژەی پێكردووە، حاجی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران نامەیەكی بۆ ژەنەڕاڵ پەتریۆس فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ناردووە بە دەق بۆی نووسیوە: «ژەنەڕاڵ پەتریۆس، پێویستە ئەم راستییە لەمنەوە بیزانی، من قاسم سولەیمانیم بەرپرسی كۆنتڕۆڵكردنی سیاسەتی ئێرانم بۆ عێراق و لوبنان و غەزە و ئەفغانستان، داواتكردبوو كە باڵیۆزی ئێستای ئێران لە عێراقدا بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئەندامێكی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە، بەڵام ئەو كەسەشی كە جێگەی دەگرێتەوە، ئەویش هەر ئەندامی هێزەكانی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە.»
ئەم نامە راشكاوەی قاسم سولەیمانی بۆ ئەمریكییەكان، راشكاوانە ئەوە بۆ هەموو جیهان ئاشكرا دەكات كە باڵیۆزی ئێران لە عێراق كاری دیپلۆماتی ناكات، بەڵكو حاكمی مەدەنیی ئێرانە لە عێراقدا و ئاراستەی سیاسەتی ئێرانی لە عێراقدا پیادە دەكات، ئەمەش راشكاوانە لە میلیشیا پرۆ ئیرانییەكانی حەشدی شەعبی رەنگیداوەتەوە، هەر بۆ نموونە:
جەمال جەعفەر محەمەد عەلی ئال ئیبراهیم، كە ناوەكەی لەناو هێزی قودسی سوپای پاسداراندا گۆڕاوە بۆ (ئەبو مەهدی موهەندیس) و ئێستا بەرپرسی تەواوی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی-یە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ یەكێك لە تەلەفزیۆنەكانی ئێراندا راشكاوانە ئەوەی ئاشكراكردووەو گوتوویەتی: «من سەربازێكی بەردەستی حاجی قاسم سولەیمانیم.» ئەمەشیان مانای ئەوەیە تەواوی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لی عێراق بەو میلیشیایانەی راستەوخۆ پرۆ ئێرانین و ئەوانەشی لەژێر كاریگەریی مەرجەعییەتی سیستانی لە نەجەف خۆیان بە پرۆ ئێرانی نازانن، هەر هەموویان ئەو فەرمانانە جێبەجێ دەكەن كە حاجی قاسم سولەیمانی دەیداتە ئەبو مەهدی موهەندیسی بەردەستی، نەك ئەو فەرمانانەی لەچوارچێوەی یاسای حەشدی شەعبیدا لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەردەچن.
قەیس خەزەعەلی كە فەرماندەی هێزەكانی عەسائبی ئەهلی هەقە و ئێستا لە نەجەف پێشوازی لە شاندی ئەو باڵەی یەكێتی نیشتمانی دەكات كە رێكەوتنیان لەگەڵ قاسم سولەیمانی ئەنجامدابوو بۆ كشانەوە لە كەركووك، ئەم زاتە نەك هەر سەرۆكی میلیشیایەكی شیعەی عێراقی پرۆ ئێرانییە، بەڵكو خەزەعەلی یەكێكە لەو كەسانەی كە جیهادی شیعەیان بۆ پاراستنی مەزاری سەیدە زەینەب لە سوریا دەست پێكرد، هیچ بڕوایەكی بە سنوور و سەروەریی دەوڵەتێك نییە كە ناوی عێراقە، ئەمەش واتە چۆن جیهادی سەلەفی قیتالی لە چوارچێوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش سنووری لە نێوان سووریا و عێراق سڕیبووەوە و بڕوای پێی نەبوو، بەهەمان شێوە قەیس خەزەعەلی فەرماندەی عەسائبی ئەهلی هەق، ئەكرەم كەعبی فەرماندەی میلیشیاكانی حەرەكاتی كەتائبی حزبوڵای نوجەبا، عەلی یاسری فەرماندەی میلیشیاكانی سەرایای خۆراسانی، عەوەس خەفاجی فەرماندەی میلیشیاكانی ئەبو فەزڵی عەباس، هەر هەموویان چۆن چەكدارانی داعش لەنێوان موسڵ و رەقە هاتوچۆیان دەكرد، بە هەمانشێوە ئەمانیش لە نێوان دیمەشق و بەغدا هاتوچۆ دەكەن، ئەم میلیشیایانە كە هەفتەی رابردوو لەسەر فەرمانی قاسم سولەیمانی هێرشیان كردە سەر كەركووك، هەر هەموویان بە فەرمانی قاسم سولەیمانی پێشتر لە سووریا جیهادی شیعەیان لە دەوربەری دیمەشق كردووە بۆ پاراستنی شیعە و مەزارەكانی لەناو سووریادا. لە ئێستادا پێشوازی لە شاندی ئەو باڵەی یەكێتی دەكەن كە كەركووكی تەسلیم كردن، ئینجا لەمەش سەیرتر ئەوان لە بەردەمی مایكی راگەیاندنەكان باس لە یەكپارچەیی و سەروەریی عێراق دەكەن، كە خۆیان بڕوایان بە یەكپارچەیی و سەروەریی دەوڵەتی عێراق نییە.
رەگ و ریشەی نفووزی ئێرانی لەناو شیعەی عێراقدا بەرهەمی ئەم چەند ساڵەی دوای دروستبوونی حەشدی شەعبی نییە، بەڵكو كاریگەریی ئێران هەر لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوە دەستپێدەكات و فەرماندەكانی شیعەی لە ساڵانی هەشتاكانەوە پشتگیری ئەو بۆچوونەیان كردووە و بە پشتگیریی هێزی قودس لەناو سوپای پاسداراندا حەرەكەی مقاوەمەی ئیسلامییان دامەزراندووە، هەر ئەو فەرماندانەش دوای فەتواكەی عەلی سیستانی بە حەشدی شەعبی بۆ بەرگریكردن لە شیعە، بوونە بەشێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و بوونە راهێنەری میلیشیا تازەكان بە هاوكاری لەگەڵ راوێژكارانی سەربازی حزبوڵای لوبنانی بۆ ئامادەكرنیان لەشەڕی دژی داعشدا.
عێراق ناوچەیەكی یەكلاكەرەوەیە
بۆ باڵادەستیی نفووزی ئەمریكا و ئێران لە ناوچەكەدا
بەبێ عێراق پڕۆژەی پردی زەمینی، یان ئەوەی پێی دەگوترێت (هیلالی شیعی) بۆ پێكەوە گرێدانەوەی تاران بە بەغدا و دیمەشق و باشووری لوبنان و غەزەوە، هیچ بایەخ و مانایەكی نابێت، هەروەها بەبێ عێراق هەموو هەڕەشەو گوڕەشەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا بۆ پاشەكشەپێكردنی نفووز و باڵادەستیی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبنە بڵقی سەر ئاو و هیچ كاریگەرییەكیان نابێت.
ئێستا ئێران خۆی وەك براوەی شەڕی دژی داعش لە سووریا و عێراق نمایش دەكات، لە سووریا بە ئاشكرا خەریكی دامەزراندنی بنكەی زەمینی و ئاوییە و بەشێكی زۆری كارەكانی تەواو كردووە و مەترسیی راستەقینەی خستۆتە سەر سنوورەكانی ئیسرائیل و بۆتە پاڵپشتێكی گرنگی زەمینی بۆ حزبوڵا لە باشووری لوبنان، لە عێراقیشدا بە چاودێری و ئامادەبوونی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی قودسی سەر بە سوپای پاسداران تەواوی خەتی قەسری شیرین كە دێتە خانەقین و مەندەلی تا دەگاتە سنووری نێوان عێراق و سووریا لە باكووری رۆژئاوای موسڵ بە رێگەی تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانی هەر هەمووی كۆنتڕۆڵ كردووە و ئێستا هیچ لەمپەر و ئاستەنگێك لەبەردەم ئەو پرۆژەیە بوونی نەماوە كە ئێران وەك هیلالی شیعی، یان پردی زەمینی بانگەشەی بۆ دەكرد.
كوردستانی عێراق كە لە ماوەی شەڕی سێ ساڵەی دژی داعشدا، وەك بەشێك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەرەیەكی فراوانی شەڕی دژی داعش شەڕی دەكردو سەركەوتنی هێجگار گەورەی بە سەر تیرۆریستانی داعشدا بەدەست هێنابوو، خۆی نەكردبووە بەشێك لە پرۆژەی هیلالی شیعی ئێران، ئەمە نەك بەو مانایەی كە كوردستانی عێراق شەڕی لەدژی كۆماری ئیسلامی كوردستان راگەیاندووە، نەخێر بەو مانایە كوردستانی عێراق نەیدەویست خۆی بكاتە بەشێك لە پڕۆژەیەكی مەزهەبی كە سەرەنجام دەبێتە فاكتەری ناسەقامگیری لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام فەرماندەی هێزەكانی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە بیانووی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان و بۆ رێگرتن لە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان، بە سوودوەرگرتن لە هەستی شۆڤێنی قەومی عەرەبی و بە سوودوەرگرتن لە باڵێكی لاوازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانی لەناو حەشدی شەعبی كردە پاڵپشتی هێزەكانی عێراق و هێرشی كردە سەر كوردستان و كەركووك و بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی داگیر كردووە، بەمەش ئەو بەربەستەی لەبەردەمی پڕۆژەی هیلالی شیعی و پردی زەمینی بۆ بەستنەوەی غەزە و باشووری لوبنان بە ئێرانەوە كۆتایی پێهێنا.
لەبەرامبەردا ئیدارەی ئەمریكا بۆ پاشەكشەپێكردنی نفووزی ئێرانی گرەو لەسەر وەرگرتنەوەی تەواوی عێراق دەكات، ئەمەش بەو هێوایەی لە هەڵبژاردنەكانی نیسانی 2018 ئەو هاوپەیمانییە هەڵبژاردنەكە بباتەوە كە حەیدەر عەبادی و ئەیاد عەللاوی و موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم پێكەوە كۆدەكاتەوە.
ئەوانەی لە واشنتۆنەوە بەبێ بوونی شارەزایی مەیدانی لەسەر لاندسكێپی سیاسیی عێراق پشتگیری لەم سیناریۆیە دەكەن و دەیانەوێت هەتا نیسانی ساڵی 2018 پشتگیری لە حەیدەر عەبادی بكەن بۆ ئەوەی گرەوی هەڵبژاردنی داهاتوو بباتەوە، هەر لە ئێستاوە لەلایەن قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی قودسی سوپای پاسداران بەرنامەیەك ئامادەكراوە بۆ ئەوەی ئەم سیناریۆیەش وەك سیناریۆكەی ساڵی 2010 بە دووبارە دانانەوەی نوری مالیكی وەك كاندیدە پەسەندكراوەكەی ئەمریكا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق پێچەوانە دەكاتەوە، ئێران لە 2010 گوشارێكی زۆری خستە سەر قاسم سولەیمانی بۆ ئەوەی تەیاری سەدر بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانەی كە مالیكی دەكاتە كاندید بۆ سەرۆك وەزیران، بەڵام لەملاشەوە مەرجی لەسەر مالیكی دانابوو كە دەبێت پێش كۆتایی 2011 تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق بكشێتەوە، سەرەنجامیش وەك بینیمان لە بری ئەوەی مالیكی عێراق بكاتە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا، خۆی و حكومەتەكەی بوونە داردەستی ئێران لە عێراقدا، ئەمجارەش قاسمی سولەیمانی لەوە تێگەیشتووە كە ئەمریكا ئامادەیە چاو لە هەموو شتێكی ئێران و میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی شیعە بپۆشێت بۆ ئەوەی حەیدەر عەبادی هەڵبژاردن بباتەوەو ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەروەها لەوەش دڵنیایە كە ئەوا قاسم سولەیمانی پیلانی خۆی گۆڕیوە و لەهەوڵی ئەوەدایە كە پشتگیری لەم خواستەی ئەمریكا بكات و لاری نییە لەوەی حەیدەر عەبادی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، لەمەش زیاتر قاسم سولەیمانی دەزانێت كە سیستانی لەگەڵ سەپاندنی سیستمی ویلایەتی فەقیهـ نییە وەك كۆپییەكی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقدا، ئەوجا بۆ ئەوەی پیلانەكەی هاودژی لەگەڵ سیستانی دروست نەكات و نەبێتە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە گرووپە توندڕەوەكانی عەرەبی سوننە خۆیان كۆبكەنەوە و داعش زیندوو بكەنەوە، یان رێكخراوێكی دیكەی هاوشێوەی داعش دروست بكەن، ئەوا پیلانەكەی بەو جۆرەیە كە نەك هەر پشتگیری ئەو كاندیدە نەكات كە دەبێتە ركابەری سەرەكی حەیدەر عەبادی، لە هەمانكاتدا رێنمایی بۆ فەرماندەكانی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی ناو حەشدی شەعبیش ئەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زۆر كەمیان خۆیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراق كاندید بكەن، هەر بۆیە ئەگەر ئیدارەی ئەمریكا هەموو كارتەكانی خۆی بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی گرەو لەسەر ئەسپی عەبادی بكات بۆ ئەوەی بیكاتەوە بە سەرۆك وەزیران بەو حیسابەی عێراق دەكاتە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا و نفووز و باڵادەستیی ئێران لە عێراقدا پاشەكشە پێدەكات، ئەوا لە ئێستاوە ئێران بە رووكەشی بردنەوەی ئەو گرەوە پێشكەشی ئەمریكا دەكات، لە بنەڕەتیشدا دووبارە بوونەوەی عەبادی بە سەرۆك وەزیران دەكاتەوە بە كارتێكی دیكە بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی پرۆسەی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بخاتە خزمەتی بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
بەڵام ئەو دیپلۆمات و كۆنگریسمان و سیناتۆرانەی ئەمریكا كە لە رووی مەیدانییەوە لاندسكێپی سیاسیی عێراق دەخوێننەوە، زۆر باش هەست بەو راستییە دەكەن كە گرەوكردن لەسەر حەیدەر عەبادی بەو ئامانجەی كە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەمەش عێراق دەبێتە هاوپەیمانێكی نزیك و پشت پێ بەستووی ئەمریكا، ئەوا ئەمجارە بێجگە لە دووبارەكردنەوەی گرەوە دۆڕاوەكەی باراك ئۆباما لەسەر نوری مالیكی، شتێكی دیكەی لێ بەرهەم نایەت.
هەر بۆیە ئەم خەڵكە شارەزایانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە گوشار بخرێتە سەر ئیدارە و ستافی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئەوەی وردتر مامەڵە لەگەڵ دۆسێی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بەعێراق بكەن و، دڵ بەوە خۆش نەكەن بە تێكشكاندنی داعش لەموسڵ ئیدی هێزەكانی دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدڕاڵی و هێزەكانی ئاسایش و سوپای عێراق، دەتوانن سەقامگیری لە عێراقدا بپارێزن و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا رێكبخەنەوە، بەپێچەوانەوە بارودۆخی عێراق دوای تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنەوەی موسڵ، بە كردەیی تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانی ئێران و شەخسی قاسم سولەیمانی كردۆتە فاكتەری یەكلاكردنەوەی سیاسەتی شیعەگەرایی لە داهاتووی عێراقدا. لەهەمانكاتدا كاردانەوەی توند و هەڵەی ئەمریكا بەرامبەر بە ریفراندۆم و مامەڵەكردنی ئیدارەی ئەمریكا لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و میلیشیای پرۆ ئێرانی حەشدی بە هاوسەنگی، دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە دەستی ئێران كراوە تربێت بۆ ئەوەی زیاتر هەژموون و باڵادەستی خۆی لە عێراقدا فراوان بكات، نەك وەك ئەوەی سیاسەتی ئێستای ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق خەو بەوەوە دەبینێت كە ئەم ئاراستەیە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە پاشەكشە بە باڵادەستی و دەستڕۆیشتوویی نفووزی ئێرانی لە عێراقدا بكات.
بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو پیلانەی سوپای پاسداران و هێزەكانی قودس بە سەرۆكایەتی قاسم سولەیمانی كە دژی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا دایانڕشتووە، ئەو دیپلۆماتكار و سیناتۆر و كۆنگرێسمانانە رێنمایی ئەوە دەدەنە ئیدارەی ئەمریكا كە زۆر بە هوشیاری بەرامبەر داهاتووی عێراق هەنگاو هەڵبگرێت و وریابن نەكەونە ئەو تەڵەیەی سوپای پاسداران لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بۆ ئەمریكا ناویەتەوە، باشترین هەنگاویش بۆ دەستپێكردنی سیاسەتی پاشەكشەپێكردنی باڵادەستیی نفووزی ئێران لە عێراقدا، دەبێت لە پێداچوونەوە لەو سیاسەتەوە دەست پێبكات، كە زۆر بە توندی و بەهەڵە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی رەتكردەوە، ئەم سیاسەتە توند و هەڵەیە هەتا ئەگەر پیشاندانی پێداگیری ئەمریكاش بێت لەسەر مانەوەی یەكپارچەیی عێراق، بەڵام بە كردەیی لەلایەن حەیدەر عەبادی و قاسم سولەیمانی و توركیاوە بەو جۆرە تەفسیر كراوە، كە ئەمە پیشاندانی تیشكی سەوزە بۆ ئەوەی گەلەكۆمەكێ سەربازی بكەن و ئەزموونی هەرێمی كوردستان بڕووخێنن، ئەمە لەكاتێكدایە كوردستان و هێزی پێشمەرگە كۆڵەگەی سەرەكیی سەركەوتنەكانی شەڕی دژی داعشەو لە هەمانكاتدا مانەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، ئەوجا وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع، یان دەوڵەتی سەربەخۆ و كونفیدڕاڵی دیسان دەبێتە وێستگەی یەكەمی نەخشەڕێگەی سیاسەتی ئەمریكا بۆ پاشەكشەی نفووزی ئێرانی لە عێراق و هەروەها هەڵوەشانەوەی پڕۆژەی هیلالی شیعی، یان ئەو پردە زەمینییەی كە ئێستا دروست بووە و تاران بە بەغداو دیمەشق و حزبوڵا و حەماسەوە گرێدەداتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا ئێستا لیژنەكانی كۆنگرێس و سەناتی ئەمریكا سەقاڵی ئەوەن كە بەتەواوەتی ئەو بۆمبە تەوقیتكراوانەی ئێران لە میانەی تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانیەوە لە عێراقدا بۆ سیاسەتی ئەمریكا دروستیان كردووە، ئاشكرا بكەن و پاشان لە چوارچێوەی سیاسەتی سەركەوتوودا پووچەڵ بكرێنەوە.
بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هەموو ئەو توێژەر و پسپۆڕانەی لەسەر ئەو مەترسییانەی ئێران كاردەكەن كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستی كردوون، لەسەر یەك دوو خاڵی هاوبەش كۆكن، ئەو خاڵە هاوبەشانەش بریتین لە:
1. ئەو مەترسییەی سوپای پاسدارانی ئێران كە بۆتە هۆكاری ناسەقامگیری لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستادا، پڕۆژەیەكی درێژخایەنی هێزەكانی قودسە بە سەرۆكایەتی قاسم سولەیمانی و ماوەی زیاتر لە 36 ساڵە بەردەوام كاری بۆ كراوە و ئێستا گەیشتۆتە ئەوەی ئەم مەترسییە گەورەیە دروست بكات.
2. تۆری میلیشیا وەكیلەكانی ئێران، بەتەنیا مەشق و راهێنانی سەربازییان پێنەكراوە، بەڵكو لەگەڵ مەشق و راهێنانی سەربازی، خولی پەروەردەكردنی سیاسی و ئایدیۆلۆژییان بۆ كراوەتەوە و لەسەر بنەمای پابەندبوون بە سیستمی ولایەتی فەقیهـ پەروەردە كراون، پرسی فراوانخوازیی نفووز و دەسەڵاتی ئێران وەك ئەركێكی ئایینی سەیر دەكەن، هەروەك چۆن ئێستا لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبی پرسی رووبەڕووبوونەوە و شەڕی دژی داعشیان كردووە بە (بەرگری پیرۆز)، ئەمەش دەقاودەق لەگەڵ پرۆسەی جیهادی شیعە یەك دەگرێتەوە كە سەركردەی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی ناو حەشدی شەعبی لە سووریا دروستیان كردووە.
لێرەوە ئەگەر تەنیا ئەم دوو خاڵە گرنگە بكرێتە ئەو پڕۆژەیەی كە ئیدارەی ئەمریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناسەقامگیرییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، وەربگرین، ئەوا ئەم ستراتیژە تازەیەی ئەمریكا كە بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسییانەی سوپای پاسدارانی ئێران داڕێژراوە، پێویستی بەوەیە پێش هەموو شت پرۆسەیەكی درێژخایەن بێت و دوای ئەویش دەبێت هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بەهێز بكرێن و لەناو عێراقیشدا دەبێت بەو شێوەیە ئەمریكا سیاسەتی خۆی بەرامبەر كوردستان بە روون و راشكاوی دابڕێژێت و رایبگەیەنێت، دەبێت پێش هەموو شت كوردستانێكی بەهێز لەخۆی بگرێت كە بتوانێت لەو گەلەكۆمەكییە رزگاری بێت و ببێتە بەشێك لە هەڵوەشانەوەی ئەو ستراتیژەی كە هیلالی شیعی و پردی زەمینی بۆ گرێدانەوەی حەماس و حزبوڵا بە تارانەوە گرێدەداتەوە.
تۆڕی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكان
چۆن حەشدی شەعبییان كۆنتڕۆڵ كردووە؟
دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە رێبەرایەتی ئایەتوڵا خومەینی لە ساڵی 1979 لە ئێران و راگەیاندنی كۆماری ئیسلامی و بانگەشەكردن بۆ هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی ئێران، سوپای پاسداران ئەركی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەكان گرتە ئەستۆی خۆی، لە ناو سوپای پاسدارانیشدا هێزی قودس ئەركی جێبەجێكردنی پێ سپێردرا، ئەم ئەركە دوو ئامانج پێكەوە كۆدەكاتەوە، كە یەكەمیان بەكارهێنانی خەڵكی غەیرە ئێرانییە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها هەوڵدانە بۆ ئەوەی تەواوی ئەو وڵاتە بكاتە پاشكۆی خۆی كە تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانی خۆی تێدا دروست دەكات.
خاڵی دەستپێكردنی پڕۆژەی سوپای پاسداران بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی خومەینی بۆ بڵاوكردنەوەی شۆڕشی ئیسلامی، هەوڵدان بووە بۆ بەكارهێنانی شیعەی وڵاتانی دەوروبەر وەك ئۆپۆزسیۆنی چەكداری بۆ گەیشتنە دەسەڵات و رووبەڕووبونەوەی حكومەتەكانیان، هەر بۆیە لەگەڵ دەستپێكی شەڕی عێراق و ئێران و پشتگیریكردنی پەیامەكەی خومەینی لەلایەن سەركردە شیعەكانی عێراقەوە، هێزەكانی قودس حەرەكەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقیان دامەزراند، ئەم سەركردانەی ئێستا سەركردایەتی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی ناو حەشدی شەعبی دەكەن، بەشی زۆریان ئەو سەركردانەی ناو حەرەكەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقن كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو و لە میانەی شەڕی ئێران- عێراقدا، لەلایەن هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران پەروەردە كراون.
سەبارەت بەو ئەرك و فەرمانانەی كە هێزی قودس بۆ میلیشیا وەكیلەكانی دیاری دەكات، قاسم سولەیمانی بەچەند وشەیەك پێناسەی كردووە و دەڵێت: «بێجگە لە ئێران هیچ هێز و دەوڵەتێك ناتوانێت سەركردایەتی جیهانی ئیسلامی بكات، هەر بۆیە كۆماری ئیسلامی ئێران پشتگیریی هەموو شۆڕش و بزووتنەوە ئیسلامییەكان و چەكدارەكانیان دەكات و ئامادەیە شەڕ لە پێناویاندا بكات و بەرگریان لێ بكات.»
كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەسەرەتاوە دوچاری شەڕێك بوو لەگەڵ عێراقدا، خومەینی هەوڵیدا پشتگیرییەكی تەواو لە سوپای پاسداران بكات و بیكاتە هێزێكی گەورە بۆ بڵاوكردنەوەی فیكری هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەشی گرێدایەوە بە تێكشكاندنی رژێمی سەدام حوسێن و دامەزراندنی كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی ئێران لە عێراقدا، هەر ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی رژێمی سەدام حوسێن لە شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێراندا پشتیوانییەكی گەورەی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی بۆ دروست ببێت و بەشێوەیەك لە شێوەكان شەڕەكە بۆ بەرژەوەندیی رژێمی سەدام حوسێن كۆتایی هات، ئەم ئاكامە وای لە خومەینی كرد كە وەستانی شەڕەكەی لەگەڵ عێراق بە خواردنەوەی پەرداخێك ژەهری ناچاری وەسف بكات.
بەڵام ئەو پڕۆژەیەی كە سوپای پاسداران بە رێگەی هێزی قودس لەناو شیعەی عێراق بۆ ئەم ئامانجە دەستی پێكردبوو، بە كۆتاییهاتنی شەڕی عێراق - ئێران كۆتایی نەهات، بەڵكو ئەم پڕۆژەیە لەدوای شەڕی عێراق- ئێران و تا ساڵی 2003 كە رژێمی سەدام حوسێن رووخا، دریژەی هەبووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2003 – 2011 كە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بوونی هەبوو، ئێران بە تەواوەتی هەوڵیدا رەگ و ریشەی میلیشیا وەكیلەكانی لەناو سوپا و هێزەكانی ئاسایشی عێراقدا دابكوتێت. ئەم هەوڵانەی هێزەكانی قودسیش لەلای بەرپرسان و دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە شاراوە نەبوون، هەر بۆ نموونە رۆبەرت بێرد كارمەندی ئەوكاتی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا (CIA) لەدوای ساڵی 2003 ئیدارەی ئەمریكا لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە هەموو ئەو چەكدارانەی لەناو ریزەكانی حەرەكەی مقاوەمەی ئیسلامی سەر بە سوپای پاسداران بوون، جارێكی دیكە بوونەتەوە بە بەشێك لە هێزەكانی قودسی سەر بە قاسم سولەیمانی و لەلایەن حزبوڵای لوبنانییەوە مەشقیان پێدەكرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ عێراق و دژی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا شەڕ بكەن، ئامانجی سوپای پاسدارانیش لە گەڕانەوەی ئەم چەكدارانەی شیعە بۆ ئەوەیە تۆڕێك لە میلیشیای وەكیل بۆ ئێران دروست بكەن و نەوەیەكی نوێ بۆ شەڕی شیعە لە عێراقدا دژی بوونی ئەمریكا پەروەردە بكەن، شەرعییەتی دامەزراندنی تۆڕی ئەم میلیشیا وەكیلانەی ئێرانیش لە سەر بنەمای دژایەتیی ئەمریكا داڕێژراوە. ئەم هەوڵانەی
Top