خیانەتی كشانەوەی كەركوك و مقاوەمەتی جوامێرانەی پردێ قۆناخێكی تازە بەرامبەر تەحددییەكان و تێپەراندنی كارەساتێكی گەورە
October 21, 2017
وتار و بیروڕا
ئەو خەڵكانەی خۆیان كردۆتە كڵاوسوری پێش لەشكری داگیركاران ، خۆیان ئەو شاهیدیە دەدەن كە ئەوان دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بوون، هەربۆیە ناكرێت و ناشێت ئەم خیانەتەی ئەمانە كردویانە ، بە خیانەتی ئەندامانی حزبێكی سیاسی یان نوێنەری حزبێكی سیاسی لە قەڵەم بدرێت.
لە میژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازیەكانی نەتەوەكانی دیكەی جیهانیشدا، زۆر جار روویداوە كە تاقمێك بەناوی حزبێكەوە سەنگەری مقاوەمەت و بەرگری نیشتمانی چۆڵ دەكەن و لەمەش زیاتر هەوڵدەدەن ئەم كارەیان وەك كارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی لەقەڵەمبدەن، بەڵام میژووی خەباتی شۆرشگێرانی ئازادی و سەربەخۆیی دەمێكە ئەو راستیەی سەلماندووە، ئەوانەی لە هێڵی گشتی بیركردنەوەی نەتەوە و نیشتمانی خۆیان لادەدەن، ئیدی لە چوارچێوەی حزب و لایەنی سیاسی و بەشێك لە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت، ئەم دیارەدە نەخوازراوە چۆن لە میژووی نەتەوەكانی جیهاندا رەتكراوەتەوە، بەهەمان شێوە لە میژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا رەتكراوەتەوە و ئەنجامدەرانی شەرمەزاری میژوو كراوە.
لایەنی ئەرێنی بۆ نەتەوەی خاوەن ئیرادە ئەوەیە، هەرگیز دوژمنانی نەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵك و گروپانە وەك نوێنەری نەتەوە ناكات و ئامادەنیە ریككەوتنی سیاسیان لەگەڵدا ئەنجامبدا، بەڵكو وەك ئامێرێك بۆ مەبەستێكی تایبەتی بەكاردەهێنرێت و كە كارەكەیان تەواو بوو، ئینجا پشتگوێ دەخرێن و بەرەزیلی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن.
ئەگەر سەرنج لە كشانەوەی كەركوك بدەین كە كۆنترای ئەم خیانەتە بە ریككەوتن ناوی دەبەن و گوایە زیاتر لە 30 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی ئیمزایان لەسەر كردووە و، بەشێك لەو رێككەوتنەش لەلایەن پەرلەمانتارێكی عێراقی بزووتنەوەی گۆرانەوە بڵاوكرایەوە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی ئەو رێككەوتنە لەلایەن هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان و تێكۆشەرانی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشەوە رەتكرایەوە، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق تەنیا 24 كاتژمێر دوای داگیركردنەوەی كەركوك و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنیدا، نەك هەر پابەندبوونی خۆی بەو ریككەوتنە رەتكردووە، بەڵكو بە ئاشكرا رایگەیاند كە ریككەوتنی لەوجۆرە لە نێوان حكومەتی عێراق و ئەو تاقم و گروپە نەكراوە كە بۆ بەرژەوەندی حەشدی شەعبی چاوساغیان بۆ گرتنەوەی كەركوك كردووە.
بەڵام لە میانەی قسەكانی نوری مالیكی كە بەشێوەیەكی ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی لە كوردستان پیشاندا، دەركەوت ئەم ریككەوتنە ئاشكرایە كە وەك دیكۆمێنت لەسەر شاشەی فرانس 24 بەرز دەكرێتەوە، لەگەڵ تۆری ملیشیاكانی حەشد شەعبی كە لەلایەن قاسمی سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانەوە سەرپەرشتی دەكرێن ئەنجامدراوە، ئەم ریككەوتنەش وەك بەڵێنی قەرزێك دراوە كە لە ئایندە پێیان دەدرێتەوە، راشكاوانەتر ئەم بەڵێنە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەكانی داهاتووی نیسانی 2018ی عێراق دراوە، بەو حسابەی ئەو هاوپەیمانیەی نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات كە هاوپەیمانیەكی پرۆ ئێرانیە هەڵبژاردنەكان دەبەنەوە، ئەمەش واتە ئەو كاتەی كە دەسەڵاتی حكومەتی داهاتووی عێراقیان كەوتە دەست بۆیان جێ بەجێ دەكەن، بەڵام ئامانجی سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودس لەوە فراوانترە كە قسەی لەگەڵ ئەو تاقمە پێكراوە و ئەو دەیەوێت لەم قۆناخە سیاسەت و ستراتیژیەتی سوپای پاسداران لە عێراقدا لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكا بۆ عێراق هاودژی دروست نەكات و ناسەقامگیری ئەتۆ نەیەتە ئاراوە كە هەرەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێران دروست بكات، هەربۆیە پسپۆران و چاودێرانی سیاسی بەوجۆرە مەزندە دەكەن كە سوپای پاسدارن و هێزی قودسی ئێرانی ئەگەر راستەوخۆش پشتگیری ئەو هاوپەیمانیە نەكەن كە عەبادی سەرۆكایەتی دەكات و مەزندە دەكرێت تەیاری سەدر و ئەیاد عەلاوی و عەمار حەكیم و چەند هێزێكی دیكەی شیعە لە خۆی بگرێت، ئەوا بەو ئاستەش دژایەتی ناكات كە گوشارێكی ئەوتۆ دروست بكات ، هاوپەیمانی ركابەری عەبادی بەسەرۆكایەتی مالیكی هەڵبژاردنەكان بباتەوە.
قاسمی سولەیمانی كە هەتا ئێستا چوار نەوەی تۆری ملیشیای وەكیلی لەناو شیعەی عێراقدا پەروەردە كردووە و گەیشتۆتە ئەو قۆناخەی ئێستا كە جیهادی شیعە لە عێراق و سوریا پیادە بكات، هێندەی ئامانجەكانی ئاسایشی نەتەوەی ئێران لە تەئمین كردنی پردی زەمینی نێوان باشوری لوبنان و تاران چركردۆتەوە، هێندە بایەخ بە پرسی هەڵبژاردنەكانی عێراق نادات و لای گرنگ نیە حەیدەر عەبادی دەبێتەوە بەسەرۆك وەزیران یاخود مالیكی یان هادی عامری، بۆیە هەر یەك لەوانە ببنەوە بە سەرۆك وەزیران ، ئەوەی گرنگە بۆ ستراتیژیەتی سوپای پاسداران ئەوەیە چاوپۆشی لە رۆڵی فراوانخوازی و باڵادەستی نفوزی ئێران بپۆشن ، بۆ ئەوەی عێراق بكاتە پردێك بۆ پەرینەوە بۆ شام و باشوری لوبنان و هەروەها بارەگاكانی حەشدی شەعبی بكاتە ناوەندی مەشق و راهێنانی تۆری ملیشیای دیكە كە ئێستا ئێران لە یەمەنەوە تا دەگاتە كەنداو سوریا و لوبنان لە هەموو كاتێكی دیكە زیاتر پێویستی پێیەتی. بۆیە ئەو رێككەوتنەی ئەو تاقمە لەگەڵ هێزی قودس و ملیشیاكانی عەسائبی ئەهلی هەق و كەتائیبی حزبوڵای مالیكی كردوویانە ، قەرزێكە پەیوەستە بە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقەوە و ، ئەوجا هەڵبژاردنی داهاتوو ئاكامەكەی هەر چۆنێك بێت، بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران وادەخوازێت كە ئەو قەرزە وەك ئەوەی ئیمزای لەسەر كراوە نەدرێتەوە و لەوانەیە ئەم تاقمەش چاوەرێی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە نەكەن، چونكە باش دەزانن، ئەوان نەك نوێنەری گەل و نەتەوە بەڵكو وەك نوێنەری تەنیا یەك حزبی سیاسی كوردستانیش مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.
بەڵام دیارە لە پشت ئەم رێككەوتنە ئاشكرایەوە ، كۆمەڵێك ئامانجی شاراوەی ئەو تاقمە و هێزی قودس و تۆری ملیشیاكانی حەشدی شەعبی پرۆ ئێرانی هەیە، ئەمەش لەو خاڵەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، ئەو رێككەوتنەی كە بە ئاشكرا ئیمزای لەسەر كراوە، ئەگەر ئامانجی دیكەی دوژمنانی كوردستانی لە پشتەوە نەبێت، بە ئاسانی جێ بەجێ ناكرێت، بۆیە خاڵی شاراوەی پشت ئەو ریككەوتنە ئاشكرایە ئەوەیە كە بەتەواوەتی یەكریزی نێوان گەلی كوردستان تیكبدرێت و زەمینە بۆ شەڕێكی ناوخۆیی خوێناوی و نەبڕاوە بێنە ئاراوە، ئەم ئامانجەش وا نەخشەی بۆ كێشراوە كە لەگەڵ پێشرەوی حەشدی شەعبی بۆ داگیكردنەوەی كەركوك ، پێكدادانی چەكداری لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان رووبدات و مەسەلەی داگیركردنەوەی كەركوك ببێتە شتێكی لاوەكی، بەڵام كاتێك بەرێز مسعود بارزانی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان ، لەوە تێگەیشت كە كشانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێ فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان بریاری لێدراوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەنجامدانی كودەتایە بەسەر فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستاندا، بەڵام لۆژیك و ئەزموون و دووربینی سەرۆك مسعود بارزانی، ئەمجارە بە پیشاندانی بێدەنگی و كۆكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەشێوەیەكی ئاقڵمەندانە ، لە بەهێزترین خاڵی داگیركەرانەوە ، ئەو پیلان و كودەتای پوچەڵكردەوە و سەرلەنوێ باردۆخەكەی ریكخستەوە و رێگەشی نەدا خیانەتی ئەو چەند كەسە وەك هەڵوێست و پێگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، هەربۆیە ئەم مامەڵە ئاقڵمەندایەی سەرۆك بووە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە چاوی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی جیهان بەرامبەر هەقیقەتی ئەم پیلان و خیانەتە رۆشن بكاتەوە و دووبارە سۆز و هەستی نێودەوڵەتی بۆ كێشەی نێوان كوردستان و عێراق دروست بكاتەوەو، بە گەلی كوردستانیشی راگەیاند كە لوولەی تفەنگی پێشمەرگە تەنیا روو لە دوژمنانی كوردستان دەكات و شەڕی خۆكوژی ناخۆی پێناكرێت كە دوژمنان پیلانیان بۆ دارشتووە و هیوای بۆ دەخوازن، ئەمەش لە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەر لە مقاوەمەتی جوامێرانەی پێشمەرگە دژی ملیشیاكانی حەشدی شەعبی لەپردێ كە هاتبوون ئیرادەی هێزی پێشمەرگە دوای خیانەتەكەی كەركوك تاقیبكەنەوە، بەڵام بە شكاندنی دەبابەی ئەبرامزی ئەمریكی و دەیان هامەر و زرێپۆش و سەدان كوژارو بریندان وەڵامدرانەوە پاشەكشەیان پێكرا.
شەڕی پردی تەنیا رووبەرووبوونەوەیەكی سەربازی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ملیشیاكانی حەشدی شەعبی نەبووە، بەڵكو ئەم شەڕە نەك هەر بەمانا سەربازیەكەی بەڵكو بەمانای سیاسی شەڕ، شەڕێك بوو كە وەرچەرخانی دروست كرد، راشكاوانە تر ئەم شەرە پیادەكردنی سیاسەتێكی نوێی كوردستان بوو بە رێگەی لوولەی تفەنگی پێشمەرگە، بەدیكۆمێنتكردنەوەی ئیرادەی بەڵیی 25ی ئەیلوول بوو كە چیدیكە گەلی كوردستان لەگەڵ ئەو ئەقڵیەتە تائیفی و شۆڤێنیەی بەغدا ناتوانێت بژی كە ئاستی دەوڵەتداری و حكومرانیان هەر ئەوەندەیە كە دەیانەوێت بەشێك لەگەلەكەی خۆیان بە پیلان و هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە سەركوت و ژینۆساید بكات.
حكومەتی ئێستای عێراق كە بەدەستی خیانەتی ناوخۆی كوردستان كەركوكی داگیركردۆتەوە ، گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی ئیرادەی گەلێكی ئازادیخواز بە زنجیری دەبابە تێكناشكێنرێت، بەڵام دەیەوێت خۆی وا پیشانبدات كە داگیركردنەوەی كەركوك واتە كۆتایهاتنی ئاكامی ریفراندۆم و راگەیاندنی یەكپارچەیی عێراق بۆ هەتاهەتایی، بەڵام خۆی لەوە بێ ئاگا دەكات كە لۆژیكی سەرۆكی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تەنگژەیەكی لەوجۆرە ، تەنیا بەرێوەبردنی تەنگژە نیە وەك ئەوەی لەزمانی سیاسەت پەنای بۆ دەبرێت بۆ ئەوەی خۆگونجاندنێك لەگەڵ ئەمری واقیعی زوڵم و غەدر دروست بكرێت، بەپێچەوانەوە مامەڵەی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەم تەنگژە گەورەیە ، وەرچەرخانی تەنگژەیەكە كە بەغەدر مافێكی رەوا و شەڕعی گەلێكی ئازادیخواز رەتدەكرێتەوە، هەوڵێكە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بگاتە ئەو قەناعەتەی كە ناچار بوونی گەلی كوردستان بۆ ئەوەی پەنا ریفراندۆم و سەربەخۆیی ببات، لەبەر ئەوە نیە كە كوردستان بەو دەستورە رازی نیە كە لە 2005 بە پلەی یەكەم بۆ ریكخستنەوەی عێراقی عەرەبی و پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق نوسراوەتەوە،بەڵكو ئەنجامدانی ریفراندۆم دەرهاویشتە و كاردانەوەی گەلی كوردستان بووە لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی شیعە كە ئێستا لە لوتكەی هەرەمی دەسەڵات و حكومرانی عێراقدان، خۆیان پابەند نەبوون بەو دەستورەی كە خۆیان دەنگیان لەسەر داوە، هەروەها ئەقڵیەتی تائیفەگەری شیعەیە كە نایانەوێت بەپێی ئەو دەستورە كێشەكان چارەسەر بكرێت و پەیوەندیەكی برایانە و ئارەزوومەندانە لەنێوان پێكهانە سەرەكیەكانی عێراقدا دروست بێتەوە.
لە ئێستادا كە تۆری ملیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بەئێران و سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرخۆشی بەحساب سەركەوتنێكن كە بە خیانەتی تاقمێك لە خۆمان بەدەستیان هێناوە، دەیانەوێت خۆیان وەك لایەنی براوەی شەڕێكی سەربازی پیشانبدەن، كە هەر خودی دەستوری عێراق ، پەنابردنی حكومەتی عێراق بۆ هێز بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی لەگەڵ كوردستان و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقیش ریسوا و مەحكوم دەكات، لەهەمانكاتدا بانگێشەش بۆ ئەوە دەكات كە دەبێت لەسەر بنەمای دەستور بە دیالۆگ كێشەكان لەگەڵ كوردستان چارەسەر بكات.
لە ئێستادا كە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی پشتگیری لە هەڵوێستی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەستور دیالۆگ و وتو وێژ لەنێوان هەردوولادا دەست پێبكاتەوە، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق دەیەوێت ئاستەنگ بۆ ئەم وتو وێژ و دیالۆگە دروست بكات، ئەمە مانای ئەوەیە حكومەتی عێراق باش لەو راستیە تێگەیشتووە، لۆژیك و دووربینی سەرۆك بارزانی بەجۆرێك ئەم كێشەیەی وەرچەرخاندووە كە نە حكومەتی عێراق دەتوانێت ئامانجە شاراوە داگیركاریەكانی بشارێتەوە ، نە ئەو تاقمەشی بە خیانەتی كشانەوە كودەتایان دژی ئیرادەی خەڵكی كوردستان ئەنجامدا دەتوانن یەكریزی و یەكهەڵوێستی گەلی كوردستان تێكبدەن و شەڕێكی ناوخۆیی و خوێناوی لە كوردستاندا دروست بكەن.
كەواتە شەڕی پردی بەمانا سیاسیەكەی جیا لەو سەركەوتنە سەربازییەی بەسەر حەشدی شەعبیدا بەدەستی هێنا، دوو ئامانجی گرنگی سیاسیشی بەدەست هێنا، كە یەكەمیان ئەوەیە سەركردایەتی سیاسی كوردستان وەك نوێنەری راستەقینەی خەڵكی كوردستان هەرگیز رێگە نادات كوردستان دابەش بكرێت و سازیش لەسەر یەك بستی خاكی كوردستان ناكات، لە هەمانكاتدا رێگەش نادات ئەوانەی خۆیان كردووە بەدار دەست و كڵاو سوری پێش لەشكری داگیركاری كوردستان ، یەكریز خەڵكی كوردستان تێكبدەن.