ئاكامی ریفراندۆم .. پردی پەرینەوەی كوردستان بۆ قۆناخێكی نوێ
October 7, 2017
وتار و بیروڕا
دیارە هەموو قۆناخێكی نوێ پێویستی یە بیركردنەوەی نوێ و دروستكردنی هەڵوێستی سیاسی گونجاو بە هاوشانی قۆناخەكە هەیە، گەلی كوردستان دەبێت ئەو راستیەی لا ئاشكرا بێت ، كە بەدەنگدانی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چ گێژەلووكە و بومەلەرزەیەكی لەسەر ئاستی ناوچەكە دروست كردووە، هەروەها دەزانن كە دەوڵەتانی ناوچەكە بەگشتی و عێراق و دراوسێكانی كوردستان، هەرگیز لەو بروایەدا نەبوون كە گەلی كوردستان بتوانێت لەئێستادا ئەم بڕیارە بوێرانەیە بدات و ریفراندۆم ئەنجامبدات، بە تایبەتی كە ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی داوایان دەكرد كە پرۆسەی ریفراندۆم دوابخرێت.
بەڵام دوا نەخستنی پرۆسەی ریفراندۆم لە لایەن سەركردایەتی سیاسی كوردستان و خەڵكی كوردستان لە روانگەیەوە نەبوو كە گەلی كوردستان دەیەوێت تەحدای تەواوی ئیرادەی ئیقلیمی و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بكات، بەڵكو سووربوونی گەلی كوردستان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم تاقیكردنەوەی ئاستی راستگۆیی جیهانی ئازاد بوو لەبەرامبەر ریزگرتنیان لە بنەماكانی دیموكراتی و مافی گەلان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، هەروەها تاقیكردنەوەی پاپەندبوونی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو لەسەر پیادەكردنی ئەو مافانەی لە میساقی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە، لە مافی گەلان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و دیاریكردنی مافی چارەنووس و هەموو دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئەو میساقەی نەتەوە یەكگرتووەكانی ئیمزا كردووە كە بریارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر دەركراوە. بەڵام وێرای هەموو ئەمانەش ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كەشێكی تازەی دروست كردوووە و گەلی كوردستانیش دەبێت لەگەڵ ئەو كەشە تازەیە مامەڵە بكات.
میژووی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان ، راستیەكی پیشانی هەموو جیهان و دەوڵەتانی ئیقلیمی داوە، بەوەی ئەو كاتەی كورد ناچار بووە پەنا بۆ شاخ و خەباتی چەكداری بەرێت، لە پێناوی ئەوە بووە شەڕ و غەدر كۆتایی بێت و زەمینەیەك دروست بێت بۆ ئەوەی بە دیالۆگ و رێگە چارەی ئاشتیانە كێشەكان چارەسەر بكرێن، هەر بۆیە پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش كە كۆرپە نازدارەكەی میژووی دوور و دریژی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی رزگاریخوازی كوردستانە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجامدراوە و ئامانجی ئەوەیە كە بە شێوەی دیالۆگ و ئاشتیانە مامەڵە لەگەڵ خواستی رەوای گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بكرێت.
بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان بە عێراقیشەوە بەهۆی ریفراندۆمەوە تووشی هەناسەسواری و هەڵچوونی لە رادەبەدەر بوون، ئەوا هەنگاوی یەكەمی گەلی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم واقیعە ئەوە وادەخوازێت، بەتوندی پێداگیری لەسەر ئەو دەسكەوتانە بكات كە ریفراندۆم بەدەستی هێناوە، لە هەمانكاتدا نەفس درێژ و هێمن بێت هەتا كەفوكوڵی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ دەنیشێتەوە و ئەو واقیعە تازەیە قبوڵ دەكەن، كە ئامانجی ریفراندۆمی كوردستان بۆ ئەوەیە شەڕ لە نێوان كورد و نەتەوەكانی دەورەبەری بۆ هەتا هەتایە كۆتایی بێت و ئاشتی و برایەتی و هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوان نەتەوەكان دروست بێت بۆ ئەوەی سەرقاڵی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكانی خۆمان بین، نەك ئەوەی هەشمانە بیدەین بە تەقەمەنی و ماڵی یەكتری پی كاوڵ بكەین، ئەوجا وەك پرۆفیسۆر ئیرك براون تۆژەری باڵای ئامۆژگای هۆدسن لە پەنێڵیدا بەپەندێكی ئەمریكی پێشنیاری هێمنی بۆ كوردستان دەكات و دەڵێت: (شۆربا بە گەرمی چێژ ناكرێت چاوەرێ بكەن هەتا سارد دەبێتەوە)، ئەوا ئێستا گەلی كوردستانیش دەبێت چاوەرێی بكات هەتا باردۆخەكە هیور دەبێتەوە، ئەوكات هەموو لایەك دەزانن بنەمای بریاردانی كوردستان بۆ ریفراندۆم ، بۆ بەدیهێنانی ئاشتیە نەك دروستكردنی ئاژاوەو شەڕ.