كه ته لؤنيا گشتپرسى ئه نجامدا
October 3, 2017
وتار و بیروڕا
حەماسەتی دانیشتوانی وكەتەلۆنیا بۆ بەشداری لەو ڕیفراندۆمەدا بێ وێنەبوو، چونكە دەنگدەران چەند كاتژمێرێك پێش كردنەوەی بنكەكانی دەنگدان ئامادەو چاوەڕوان بوون.
لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی مەدرید زۆر بەتوندی دژی ئەو پڕۆسەیەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا، كاتێك ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە ڕاگەیاندرا، ئەوان هیچ كاردانەوەیەكی توندیان نەبوو، بەڵكو داوای دانوستاندن وتووێژیان كرد بێ ئەوەی هیچ هەڕەشەو گوڕەشەیەك بكەن و ئابڵوقەو گەمارۆدان بخاتەسەر كەتەلۆنیا یان سنوور بەرامبەریان دابخات، چونكە ئەوان وەك وڵاتێكی دیموكراتی، لەو ڕاستییە دەگەن كە كاتێك زۆرینەی گەل بڕیارێك دەدات دەبێت بەچاوی ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ و بەشێوەیەكی ئاشتیانە كێشەكان چارەسەربكرێت ئەمەش بەپێچەوانەی كاردانەوەی توندی حكومەتی عێراق بوو بەرامبەر بە گشتپرسی هەرێمی كوردستان كە یەكسەر بە ئابلۆقەو فڕۆكەخانە داخستن دەستیپێكرد و هەوڵی گرتنی سنوورەكان بە كۆمەكی دەرەكی ئەنجام بدات.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كلتوورە دیموكراتیەی لە ڕۆژئاوا پیادە دەكرێ و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگوێ دەخرێ.
چونكە ئەوەتا حەیدەر عەبادی پاش گشتپرسی مەرج بۆ دانوستاندن لەگەڵ هەرێمدا دادەنێت و دەڵێ دەبێ ئەنجامی ئەو گشتپرسییە لەغو بكرێ كە لەسەدا نەوەدو دووی دانیشتوانی هەرێم، بە بەڵێ دەنگی بۆ داوە كە ئەمەش پێشێلكردنی ئاشكرای دیموكراتییە كە لەم وڵاتە نایانەوێ پیادە بكرێت.
ئەگەرچی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و كەتەلۆنیا لەگەڵ حكوومەتەكانیان بەراوردی ناكرێ و ئەو زوڵم و زۆر و كیمیاباران و ئەنفالەی كە بەسەر دانیشتوانی هەرێم هێنراوە نموونەی زۆر كەمە لە جیهاندا لای ئەوان بەو جۆرە نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەلی كەتەلۆنی داوای جیابوونەوە و سەربەخۆیی دەكات.
گەر حكومەتی عێراقی دەیەوێت دانوستاندن لەگەڵ هەرێمدا بكات ئەوا نابێ مەرجی پێشەكی هەبێت و لە داخوازی زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانی هەرێم تێنەگات.
گەلەكەمان پیرۆزباییەكی گەرم لە گەلی كەتەلۆنیا دەكات و داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەین.