ئەجیندای وتووێژی كوردستان و عێراق.. تەنیا پرسی سەربەخۆییە

ئەجیندای وتووێژی كوردستان و عێراق.. تەنیا پرسی سەربەخۆییە
(( ئەگەر ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێز لە ئاكامی دەنگدانی رۆژی 25 ئەیلوول نەگرن كە تیایدا گەلی كوردستان بەرێژەی 93% دەنگی بۆ سەربەخۆیی داوە، ئەوا عێراق دەبێتە كۆمارێكی ئیسلامی دیكەی شیعە و دەبێتە بەڵا بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست و پەرتكردنی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و رۆژئاواو هەروەها دۆراندنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعشدا))
***
لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، عەرەبی شیعە بڕوای بە دەوڵەتداریی مەدەنی نەبووەو لە چاوەڕوانی هاتنی (ئیمام مەهدی)دا بوون و، دەسەڵاتی دەوڵەتداری بۆ كەمینەی عەرەبی سوننە رەتكردۆتەوە، بەڵام لە حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە و لەژێر كاریگەریی فیكری (ویلایەتی فەقیهی) كە ئایەتوڵا خومەینی رێبەرایەتی دەكرد، هەندێك حزبی سیاسی شیعەی عەرەب دامەزراون كە هەوڵیان بۆ ئەوە بووە لە دژی رژێمی سەدام حوسێن خەبات بكەن، بەڵام لەناوچەكانی خۆیان كاریگەرییان نەبووە، هەر بۆیە كاتێك ناچار بوون رووبكەنە خەباتی چەكداری، لە بری ئەوەی لە ناوچەكانی خۆیانەوە شۆڕش بەرپا بكەن، روویان كردۆتە كوردستان و لە ناوچەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا خەباتی چەكدارییان كردووە.
لەدوای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی و دەستپێكردنی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، خەباتی عەرەبی شیعە دژی رژێمی سەدام حوسێن فراوان بوو، بەڵام ئەم فراوانبوونە كاریگەریی ئەو حزبە سیاسییە شیعانە نەبوو كە دروست ببوون، بەڵكو بەهۆی ئەو شەڕەوە بوو كە ژمارەیەكی ئیجگار زۆری سەربازی شیعەی عێراق بەدیلی كەوتنە دەستی سوپای ئێران و پاشان كۆماری ئیسلامی ئازادی كردن و وەك ئۆپۆزسیۆن دژی رژێمی سەدام حوسێن رێكیخستن، بەڵام وێڕای ئەم هەموو پشتگیرییەش لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق، كەچی نەیانتوانی لە ناوچەكانی خۆیان كاریگەری دروست بكەن و بوونیان هەبێت، هەربۆیە زۆربەی زۆری سیاسەتمەدارانی عەرەبی شیعەی عێراق، تەنیا نموونەیەكی دەوڵەتداری، كە شارەزاییان لەسەری هەبێت و بیانەوێت لاسایی بكەنەوە، نموونەی دەوڵەتداریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، دیارە ئەم نموونەیەش لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە دەوڵەت بخرێتە خزمەتی مەزهەبی شیعەوەو لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە دەوڵەتییەكان بونیاد بنرێتەوە، پاشانیش لە رێگەی دامەزراندنی سوپایەكەوە هاوشانی سوپای نیزامیی وڵات كە لە ئێران بە سوپای پاسداران ناو دەبرێت، دەست بگیرێت بەسەر پرۆسەی سیاسیی وڵات و تەواوی جومگە گرنگەكانی دەوڵەتدا.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە لە ساڵی 2003 ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراق و رووخانی رژێمی سەدام حوسێن-ی كردە ستراتیژیەتی ئیدارەكەی، لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو زەمینەیەی لە ساڵی 1979 بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی لە ئێران بوونی هەبوو،ئەو كات واتە لە 2003 هەمان زەمینە بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی شیعە لە عێراقدا بوونی نەبووە، هەربۆیە ئەمریكا بۆ بونیادنانەوەی عێراق دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن پشتی بەست بە چەند سیاسەتمەدارێكی شیعەی عەلمانی، یان ئەوانەی بڕوایان بە دەوڵەتی مەدەنی هەبوو، نەك دەوڵەتی ئیسلامی. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دوای تەوابوونی ماوەی دەسەڵاتی پۆل بریمەر-ی حاكمی مەدەنیی عێراق و دامەزراندنی حكومەتی كاتیی عێراق لە چوارچێوەی یاسای كاتی بۆ دەوڵەتی عێراق، د. ئەیاد عەلاوی كرایە سەرۆك وەزیران بەو حیسابەی لەماوەی ساڵێكدا زەمینەیەك بڕەخسێت بۆ ئەوەی لە یەكەم هەڵبژاردنی ئازاد لە عێراقدا، بەرەو دەوڵەتێكی مەدەنی هەنگاو هەڵبگیرێت، بەڵام ئاكامی یەكەمین هەڵبژاردن دەریخست كە عەرەبی شیعەی عێراق دەنگیان بەو لایەنە سیاسییانە داوە كە حزبی ئیسلامیی شیعەن و ئامانجیشیان دامەزراندنی كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لەماوەی ساڵانی 2005 – 2011 كە ئەمریكا زیاتر لە 130 هەزار سەربازی لەسەر خاكی عێراق هەبوو، هەر چۆنێك بوو توانی رێگە لە وەرچەرخانی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ئێران لە عێراقدا بگرێت، بەڵام كە ئەمریكا لە كۆتایی 2011 هێزەكانی لە عێراق كێشایەوە و جڵەو بۆ نوری مالیكی شل كرا بۆ ئەوەی نموونەیەكی حوكمڕانی لە دەوڵەتێكی مەدەنیمان پیشان بدات، ئەوا هەر لە مانگی یەكەمی ساڵی 2012، نوری مالیكی هەموو بنەماكانی دەوڵەتێكی مەدەنی لە عێراقدا گۆڕی بۆ دەوڵەتێك بە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەمەش زیاتر بە هاوشێوەی بنەماكانی كۆماری ئیسلامی، تەواوی دەوڵەتی عێراقی خستە خزمەتی مەزهەبی شیعە و باڵادەستیی شیعە لە عێراقدا.
ئەم ئاراستەیەی شێوازی حوكمڕانی نوری مالیكی لە ماوەی ساڵانی 2011-2014 كە ئامانج لێی ئەوە بوو یەكەمجار چاوی كوردستان بە بڕینی بودجە و مووچە بشكێنێت، لە هەمانكاتدا ئامانجی دووەمی ئەوە بوو كە هەموو سەركردەكانی عەرەبی سوننەی عێراق لەژێر پەردەی تیرۆردا تەسفیە و پاشانیش جەماوەرەكەی دەستەمۆ بكات، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوە بوو كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش سەریهەڵدا، دوای ئەوەش موسڵ داگیركرا و خەلافەتی ئیسلامی داعش راگەیەندرا ، ئیدی ئیدارەی ئۆباما ، بەتەواوەتی گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیی داعش، هەموویان دەرهاویشتەی سیاسەتی هەڵەی حوكمڕانیی نوری مالیكی بووە. هەربۆیە كەوتنی موسڵیشی وەك شەڕی ناوخۆی نێوان عەرەبی شیعە و سونە لە قەڵەمدا.
ئەمریكا زۆر هەوڵیدا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر بنەمای دەوڵەتێكی مەدەنی ریكبخاتەوە، بەڵام لەدوای راگەیاندنی ئاكامەكانی ریفراندۆم كە گەلی كوردستان بەریژەی 93% دەنگی بۆ سەربەخۆیی داوە، دەركەوت عێراق نەك هەر ئومێدی ئەوەی لێ ناكرێت بگۆرێت بۆ دەوڵەتێكی مەدەنی، بەڵكو كۆپیەكی زۆر خراپی كۆمارێكی ئیسلامی مەزهەبگەرایی شیعەیە، فاكتەرێكی زۆر ترسناكە بۆ ناسەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ، ئاستەنگێكی گەورەیە لەبەردەم هاریكاری نێوان هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
ئەو غرورییە شێتیەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوو حەیدەر عەبادی لە دژی كوردستانی عێراق قسەی پێدەكات و ، پێویستی بەوەیە لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش سنورێكی بۆ دابنرێت، ئەگەر نا چۆن سیاسەتی ناواقیعیانەی ئیدارەكانی پێشووی ئەمریكا لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بووە هۆكاری ئەوەی كۆماری ئیسلامی بگاتە ئەو ئاستەی كە ئێستا بۆتە بەڵا بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا، ئەوا ئەگەر عێراق لغاوگیر نەكرێت و لەشوێنی خۆی رانەگیرێت، ئەوا مەترسیەكە دوو هێندەی لێدێت و پاشان بە هیچ جۆرێك لغاو گیر ناكرێت.
شیعەی عێراق بەهەڵە لە ئاكامەكانی شەڕی دژی داعش حاڵیبوون و خۆیان بە جۆرە دەبینن كە براوەی شەرەكەن و كوردستان وەك دەسكەوتی ئەو شەرە سەیر دەكەن و دەیانەوێت وەك غەنیمەی شەڕەكە مامەڵەی لەگەڵ بكەن، ئەم تێروانیەش لە قسەكانی حەیدەر عەبادی و سەركردەكانی شیعە راشكاوانە دیارە كە پێمان دەڵێن، ئەگەر كوردستان بەشێك نەبوایە لە عێراق، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی سەربازی پێشكەشی پێشمەرگە نەدەكرد، لە وەڵامی ئەم قسە ئاست نزمانە، تەنیا ئەو دیكۆمێنتانە دەخەینەوە بەرچاویان، ئەگەر هەڵەی داعش نەبوایە كە هێرشی كردە سەر كوردستان، ئەوا لە چاوی جیهاندا خەلافەتە ئیسلامییەكەی ئەبوبەكر بەغدادی و كۆمارە ئیسلامییەكەی نوری مالیكی وەك یەك سەیر دەكران .
، لەمەش زیاتر مەرجەعییەتی شیعەی عێراق باش دەزانێت لە سەرەتای داگیركردنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیی داعش، چۆن كۆمارە ئیسلامییەكەی مالیكی هەموو شیعە و تەنانەت بەغداشی خستە مەترسییەوە و بەناچاری مەرجەعییەت فەتوای (نەفیر عام)ی بۆ شیعە دەركرد لەچوارچێوەی حەشدی شەعبی-دا، بۆیە عەرەبی شیعەی عێراق ئەگەر لەبەر هیچ شتێكی دی سوپاسگوزاری كوردستان نەبوایە، دەبوو لەبەر ئەوەی كوردستان بووە دەروازیەك بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، سوپاسگوزاری كوردستان بونایە نەك هەرەشەی سەربازی و گەمارۆی ئابورییان لێ بكردینایە.
ئەم باكگراوەندە بۆ ئەوە بوو كە دوو خاڵی گرنگ بخەینە روو:
1. دوای كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش، ئەمریكا بەتەواوەتی گەیشتە قەناعەت هیچ جیاوازیەكی لەنێوان خەلافەتە ئیسلامییەكەی ئەبوبەكر بەغدادی و كۆمارە ئیسلامییەكەی نوری مالیكی نەكردو تەینا تەماشای كوشتوبڕی نێوانیانی دەركرد.
2. دوای ئەوەی داعش هێرشی كردە سەر كوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دروست بوو، ئیدارەی سەرۆك ئۆباما مەرجی یەكەمی ئەوە بوو، كە نوری مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دوور بخرێتەوە و لایەنی كوردستانی بكاتەوە شەریكی راستەقینە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بەڵام ژینگەی سیاسیی عەرەبی شیعە بە هۆی باڵادەستی و نفووزی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لەوە دەرچووبوو كە هێزێكی دەرەكی بتوانێت لە دوورە و بەبێ بوونی نفووزێكی گەورەی سەربازی لەسەر زەوی، جارێكی دیكە پرۆسەی سیاسی رێكبخاتەوە، ئەمەش وایكرد حكومەتی عەبادی وەك حكومەتێكی لاواز ببێتە نوێنەری عێراق لەسەر ئاستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لەسەر ئەرزی واقیعیش حەشدی شەعبی دەسەڵاتداری سەرەكی بێت.
ئەگەر سەرنج لەم دووخاڵە بدەین، ئەوا دەگەینە ئەو ئاكامەی كە ئیدارەی ئۆباما زۆر بە باشی نەخۆشییەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراقی دیاریكردووە كە بریتین لە:
ئەگەر عێراق تەسلیمی عەرەبی شیعەی عێراق بكرێت، ئەوا كۆمارێكی ئیسلامی بەرهەم دەهێنێت و دەرهاویشتەی ئەم كۆمارە ئیسلامییەش دەبێتە هۆی پشتگیریكردنی عەرەبی سوننە لە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراقدا.
ئەگەر هەوڵێك هەبێت بۆ ئەوەی بە هەر نرخێك بێت كە پرۆسەی سیاسیی عێراق رێكبخاتەوە، ئەوا ئەم هەوڵە پێویستی بەوەیە هێزیكی ئەمریكا كە ژمارەكەی لە 150 هەزار كەمتر نەبێت لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق بوونی هەبێت و عێراق لە رووی سەربازییەوە ئەمریكا بەڕێوەی بەرێت، ئەمەش بۆ ستراتیژیەتی ئەوكاتی ئۆباما و ئێستای سەرۆك ترەمپ كارێكی مەحاڵە و ناتوانرێت ئەو هێزە لە عێراقدا بوونی هەبێت. بەڵام لەبەرامبەردا ئێران لەو ژمارەیە زیاتر هێزی بەشێوەی هێزی وەكیل لە عێراقدا هەیە كە ئەویش هێزەكانی حەشدی شەعبی-یە.
هەموو ئەوانەی لەسەر دۆسێی دووبارە رێكخستنەوەی عێراقی دوای داعش كاردەكەن و راپۆرتیان بۆ ئیدارەی ترەمپ ئامادە كردووە، زۆر باش لە كێشەكانی عێراقی عەرەبی لە ژێر حوكمڕانیی شیعە تێگەیشتوون و دەزانن، خاڵی لاوازی ئەمریكا لە عێراقدا ئەوەیە كە لە عێراقی عەرەبیدا، هێزی زەمینی ئەمریكا بوونی نییە، هەروەها هیچ هێزێكی زەمینیش لەناو عەرەبی شیعەی عێراقدا هاوپەیمانێكی پشت پێ بەستراوی ئەمریكا نین، بۆیە پێشنیاری هەموویان ئەوەیە كە دەبێت ئەمریكا هێزێكی دیاریكراوی لە عێراقدا هەبێت بۆ ئەوەی رۆڵی ئاشتیپارێز لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ببینێت، هەتا پرۆسەی سیاسی لە عێراقی عەرەبی رێكدەخرێتەوە و پاشان پەیوەندی داهاتووی نێوان كوردستان و عێراق دیاری دەكرێت.
ئەگەر بە وردی سەرنج لەسەر ئەم خاڵانە بدەین كە بوونە هۆكارێكی بەڵگەنەویستی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە سەربەخۆیی كوردستان نەك هەر تەنیا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دژبەر نییە، بەڵكو لەگەڵ ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشیش كێشە دروست ناكات، لە كاتێكدا ئەوان پێش 25ی ئەیلوول داوایان لێدەكردین راستەوخۆ دەست بە وتووێژ لەگەڵ بەغدا بكەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی داهاتووی عێراق و كوردستان بە دیالۆگ دیاری بكرێت، كوردستان وەك رێزگرتنێك لەم داوا نێودەوڵەتییە لە پێش 25ی ئەیلوول شاندی خۆی ناردە بەغداو ئێستاش كە دوای 25ی ئەیلوولە هەر لەسەر ئەو ئاراستەیە بەردەوام دەبێت، بەڵام یەك نەگۆڕ لە سیاسەتی كوردستاندا هەیە، ئەویش ئەوەیە تەنیا دۆسێی بۆ گفتوگۆ لە گەڵ عێراقدا بریتییە لە دانوستاندن لەگەڵ عێراق وەك دوو دراوسێی باش لەگەڵ یەكتریدا، بێجگە لەم دۆسێیە لەهەر چوارچێوەیەكدا دیالۆگ و دانوستاندن بكرێت، هیچ ئاكامێكی نابێت و ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش خۆیان پێش هەر لایەكی دیكە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر بیانەوێت ئەزموونی كۆماری ئیسلامی لە عێراقدا دووبارە نەبێتەوە، دەبێت كوردستان سەربەخۆ بێت، بۆ ئەوەی عەرەبی شیعەی عێراق لەژێر پەردەی قەومی عەرەبیدا ئەم سیاسەتە بەسەر هەموو لایەكدا نەسەپێنن.
Top