ریفراندۆمی كوردستان دواین بزمار بوو.. لە تابوونی سایكس – پیكۆ درا
September 30, 2017
وتار و بیروڕا
هەڵوەستەكردن لەسەر ئەم تاتیتڵەی CNN و خوێندنەوەی دەرهاویشتەكانی ئەم پرۆسەیە كە ئیرادەی خەڵكی كوردستان پیشانی جیهانیدا، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ئەم كەناڵە وەك گەیاندنی زانیاریەك بۆ رای گشتی جیهانی ئەو تایتڵەی هەڵبژاردووە و دەیەوێت بە هەموو جیهان بڵێت: ئیرادەی خەڵكی كوردستان تەحدای جیهانی كرد و جیهانیش هیچ رێگەیەكی لەبەردەمدا نیە بێجگە لەوەی كە دەبێت ئەو تەحدایە قبوڵ بكات). ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بەرجەستەكردنی ئەو بنەمایانەیە كە خودی ریكخراوی گشتی لەسەر دامەزراوە ، گەلی كوردستانیش بە پشت بەستن بە بنەما و بڕیارەكانی ئەو ریكخراوە پرۆسەی ریفراندۆمی ئەنجامداوە.
هەڵوێستی تەواوی دەوڵەتانی جیهان بێجگە لە ( عێراق و توركیا و ئێران) بە تێگرای 15 ئەندامەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشیەوە ، ریزگرتنە لە خواست و ئیرادەی خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی 5 ئەندامە هەمیشەیەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش ( بەریتانیا، ئەمریكا، فەرەنسا، رووسیا، چین) كە ئیعجابی خۆیان بەرامبەر ئەو ئاستە بەرزەی بەشداریكردن لە پرۆسەكە و ئاستی زۆر بەرزی بەڵێی خەڵكی كوردستان نەشاردۆتەوە و راگەیاندووە رێز لەو ئیرادەیە دەگرن، بەڵام لە هەمانكاتیشدا هەموویان جەخت لەوە دەكەنەوە كە نابێت ئەم ئاكامە هەرەشە لە یەكپارچەیی عێراق بكات. ئەمەش لەترسی ئەوەیە كە لە دایكبوونی دەوڵەتی كوردستان تەنیا پرسێك نیە پەیوەندی بە گۆرانكاری جوگرافی لەناو نەخشەی سیاسی عێراقدا رووبدات، بەڵكو ئەمە وەرچەرخانێكە كە كۆتایی بە سیستمە كۆنەكەی جیهان دەهێنێت و زەمینە بۆ لەدایكبوونی سیستمێكی تازەی جیهان خۆش دەكات، كە سەرلەنوێ پێناسەی تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و رۆژهەڵاتی ناوەراست دەكاتەوە. لەمەش زیاتر وەرچەرخانێكە كە بەهاوشێوەی پرۆسەی گلاسنۆستی گۆرباچۆن سەیر دەكرێت، هەروەك چۆن گۆرباچۆف بە گلاسنۆست سەرقاپی ئەو مەنجەڵی هەڵمەپەستەی كێشەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشانی هەڵدایەوە و پاشان نەیتوانی سەرقاپەكە دابنێتەوە و بەرووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان كۆتایی هات ، بەهەمان شێوە ئێستا جیهان پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بە هەڵدانەوەی سەرقاپی مەنجەڵە هەڵمپەستەكەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەزانێت و، زۆر باشیش دەزانن جارێكی دیكە ناتوانن سەرقاپی ئەو مەنجەڵە دابنێنەوە كە كێشەكانی 100 سایكس- پیكۆ لەناوەوە دەیكوڵێنێت. بۆیە چۆن گلاسنۆستەكەی گۆرباچۆڤ بزمارێك بوو لە تابووتی سۆڤیەتی پێشاندرا، بەهەمان شێوە ئەم ریفراندۆمەی كوردستان دواین بزمار بوو كە لەتابووتی سایكس پیكۆ درا.