دوای 72 سەعاتەكەی عەبادی چی روودەدات؟
September 28, 2017
وتار و بیروڕا
دەركەوت حەیدەر عەبادیش هەر وەك حەنان فەتلاوی بیردەكاتەوە
پێش ئەوەی حەیدەر عەبادی بچێتە پەرلەمانی عێراق و بەوشێوە هیستریاییە دژی كوردستان هەرەشە و گورەشە بكات، حەنان فەتلاوی نامەیەكی بۆ ناردووە و هەموو ئەو بریارانەی لە خۆی گرتووە كە ئەمرۆ عەبادی دەریی كردن، ئەمەش مانای ئەوەیە عەبادی دەریخست، لۆژیك و ئاقڵانیەتی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق ، لۆژیك و ئەقڵی حەنان فەتلاوی تێنەپەراندووە و هەروەك ئەو بیر دەكاتەوە.
هەموو هیوا و ئومێدی ئەمریكا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەسەر حەیدەر عەبادی ئەوەبوو كە بیركردنەوەی ئەم پیاوە لە كاراكتەرە شیعەكانی وەك مالیكی و فەتلاوی جیاوازە و نایەوێت سەرۆكایەتی حكومەتێكی مەزهەبگەرایی شیعە بكات، بەڵام ئەمرۆ دەریخست ئەویش هەر وەك ئەوان بیر دەكاتەوە.
حەیدەر عەبادی بۆ جێبەجێكردنی هەرەشەكانی 72 كاتژمێر مۆڵەتی بە كوردستان داوە، ئەمەش واتە دەبێت كوردستان تەسلیمی بەغدا بێت، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەگەر حەیدەر عەبادی لەماوەی 72 كاتژمێری داهاتوو بە هۆش خۆی نەیەتەوە و لەم هەڕەشە و گورەشانە پەشێمان نەبێتەوە، چی روودەدات؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چاودێران پێیان وایە، وەڵامی كوردستان بۆ هەرەشەكانی عەبادی لەماوەی 72 كاتژمێری داهاتوو بانگەوازی ئاشتیانە دەبێت بۆ دیالۆگ و دانوستاندنی راستەوخۆ و چارەسەری كێشەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانە ، بەڵام ئەگەر عەبادی هەر سور بێت لەسەر ملهوری، ئەوا كوردستان سەربەخۆیی رادەگەیەنێت و، ئەگەر لەبەرامبەر ئەم بریارەی كوردستان كاردانەوەی ناماقووڵانەی هەبێت ، ئەوا چۆن سەدام حوسێن لە ژێر خێمەیەك لە سەفوان دانی بەسەروەریی كوەێت دا ناو پاشان پەشێمانی دادی نەدا، دەبێت حەیدەر عەبادیش وەك فەرماندەی سوپا شكستخواردووەكەی عێراق لە ژێر خێمەیەكدا ئیعتراف بەسەربەخۆیی كوردستان بكات و ئیمزا لەسەر دۆراندنەكەی خۆی بكات.